ورچ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-03-14:13:00 - کۆدی بابەت: 1023
ورچ

ناوه‌ڕۆك

ورچەکان

ورچ (بە ئینگلیزی: bear)، لە کۆمەڵەی مەمکدارە دڕندەکاندا پۆلێندەکرێن، نشینگەکانیان هەموو ناوچە جیاوازەکانی گۆی زەوی دەگرێتەوە لە ناوچەی هێڵی کەمەرەییەوە بۆ ناوچەی جەمسەرەکان واتە لە دارستان و کێڵگەکانیشدا دەژین، ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە کە لە خێزانی جیاوازدا پۆلێنکراون، بەڵام بەشێکی زۆریان لەناوچوون بە تەواوەتی یاخود مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەی ورچەکان لە زۆرینەی گۆشتخۆرەکان هێواشترن لە کاتی جووڵەکردندا بەڵام دەتوانن لە کاتژمێرێکدا ٥٠ کم ببڕن، ورچەکان لە باری ئاساییدا هێرش ناکەنە سەر مرۆڤەکان و بە شێوەیەکی سروشتی ترس و شەرمیان بەرامبەر مرۆڤەکان هەیە، تەنها لە ئەگەری هەستکردن بە مەترسی هێرش دەکەن وەک ئەوەی مرۆڤ ببێتە هاوبەشی خۆراکی یاخود ئازاری بێچووەکانی بدات، هەروەها باشتر وایە لە هەر ئەگەرێک کە ورچەکان دڕندەیی بنوێنن مرۆڤەکان سەیری چاویان نەکەن چونکە ئاژەڵە دڕندەکان سەیرکردنی ڕاستەوخۆی چاو بە واتای باش لێکنادەنەوە.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی ورچ قەبارەیەکی گەورەی هەیە و پتەوە و پەلەکانیشی هاوکاری جووڵە و وەستانێکی ناوەندی پێدەدەن، لە هەموو جۆرەکاندا قەبارەی نێرینەکان گەورەترە لە مێینەکان، کێشی ورچەکان لە نێوان ٣٠٠-٨٠٠ کگم دەبێت، هەموو جۆرەکانی تایبەتمەندن بە کلکە کورت و بچووکەکانیان، و هەستەکانی بۆنکردن و بیستنیان زۆر بەهێز و پەرەسەندوون، لە پەلەکانیدا پێنج پەنجەی هەیە و هەریەکەیان نینۆکی تیژ و درێژی پێوەیە، ئەم چڕنووکانە بۆ هەڵکۆڵین و سەرکەوتن بەسەر دارەکاندا و گرتنی شمەک و ئاژەڵ و بەرگریکردن بەکاردێنێت، فەرووەکەشی درێژ و پڕ و زبرە و ڕەنگەکەی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، لە نێوان ڕەش و سپی و قاوەیی و ڕەنگی کاڵدایە دەکرێت تەنها یەک ڕەنگ بێت و دەکرێت تێکەڵەی دووان لە ڕەنگەکان بێت، یاخود هەندێک جۆری ورچەکان هێما و نیشانەیان هەیە بە ڕووخسار و سنگییانەوە، ژمارەی ددانی ورچەکان بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت کە لە نێوان ٣٢-٤٢ دانەن، ددانەکانی بۆ ڕاوکردن بەکارناهێنێت هاوشێوەی پشیلە گەورەکان چونکە کەڵبەکانی کورتترن، تەنها بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی و وردکردنی خۆراک سوودی لێ دەبینێت، هەروەها باوەڕ وایە کە جۆرە جیاوازەکانی خێزانی ورچە ڕەشەکان توانای جیاکردنەوەی ڕەنگەکانیان هەیە.

خۆراک

ورچەکان لە کۆمەڵەی گۆشتخۆرەکاندان، لەهەمان کاتدا ڕووەکخۆر و گۆشتخۆریشن، بە گشتی خواردنی توو و تۆوەکانیان بۆ پەسەندە و بۆ گۆشتیش مەمکداری قەبارە بچووک ڕاودەکەن، هەندێکیشیان لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا ماسییەکان ڕاودەکەن و بە تایبەتی ماسی سەلمۆن، ورچ بۆ بەدەستهێنانی خۆراک مەودای دوور دەبڕێ و بە گشتی لە کاتی بەرەبەیان و زەردەپەڕدا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، کە لە ئەم کاتانەدا مرۆڤەکان لە ناوچەکەیەوە نزیک نین.

یەکگرتن و زۆربوون

ورچەکان بە تەنها دەژین و کۆمەڵەیان نییە جگە لە دایکەکان نەبێت کە هەتا تەمەنێکی دیاریکراو لەگەڵ بێچووەکانیان دەمێننەوە یاخود ئەو کاتانەی کە ورچەکان پێکەوە کۆچدەکەن و بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن، واتە نێرینە و مێینەکان تەنها لە وەرزی زۆربووندا لە یەکدی نزیکدەبنەوە و ئەم ماوەیەش کورتخایەنە، ورچ بەوە ناسراوە کە بە ئاسانی بێچووی دەبێت و لە کاتی کرداری لەدایکبوونەکەی ئازار و سەختی زۆری نابێت، دوای یەکگرتن و تێپەڕاندنی ماوەی سکپڕی ورچە مێینەکان بە جارێک ١-٣ بێچوویان دەبێت، لە سەرەتای لەدایکبوونیان بێچووەکان نابینان و فەروو و ددانیشیان نییە، نزیکەی سێ ساڵ لەگەڵ دایکیان دەمێننەوە و بە درێژایی دوو وەرز شیری دایکیان دەخۆن، پاشان لە تەمەنی ٥-٧ ساڵی دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، دوای ئەوەی دەگەن بە قۆناغی پێگەیشتن بێچووە نێرینەکان ناوچەی دایکەکە جێدەهێڵن و بێچووە مێینەکانیش لە دایکەکە دوور دەکەونەوە بەڵام لە هەمان ناوچەدا دەمێننەوە، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ورچ لە نێوان ٢٥-٤٠ ساڵ دەبێت، بەڵام ئەو ورچانەی لە سروشتدا دەژین ئەگەری مردنیان زیاترە بە بەراورد بە ئەوانەی کە لە باخچە تایبەتەکاندا گرنگییان پێدەدرێت.

جۆرەکانی ورچ 

  • ورچی ڕەشی ئەمریکای باکوور: ئەم جۆرەی ورچ لە ئەمریکای باکوور بڵاوە و ڕەنگی لە نێوان ڕەش و قاوەیی و سپیدایە، ڕەنگەکانی ڕەش و قاوەیی باون بەڵام سپییەکان دەگمەنن و ئەم ورچە بۆ ژەمی خۆراکی بە گشتی ڕووەکەکان دەخوات.
  • ورچی قاوەیی: بە زۆری لە ئەمریکا و ئاسیا و ئەورووپا هەیە، قەبارەی ئەم ورچە بە گوێرەی ناوچەی جوگرافی و بڕی خۆراک دەگۆڕێت، لە ئالاسکا و ڕووسیا قەبارەی گەورەیە بەڵام لە شاخەکانی ئەورووپا بچووکترە.
  • ورچی جەمسەری: لە گەورەترین جۆری ورچەکانە، بە جۆرێک کە کێشی نێرینە پێگەیشتووەکان دەگاتە ٨٠٠ کگم، بەڵام مێینەکان بچووکترن و گەورەترین دانەیان کێشی دەگاتە ٤٠٠ کگم.
  • ورچی ڕەشی ئاسیا: هەروەها ناودەبرێت بە ورچی ڕەشی هیمالایا یان ورچی مانگ، ئەم جۆرە فەروویەکی ڕەشی درێژی هەیە و لە ناوچەی سنگی هێمایەکی سپی هاوشێوەی مانگی نوێی پێوەیە.
  • ورچی ئەندیانی: تەنها لە شاخی ئەندیانی ئەمریکای باشوور هەیە و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، هەروەها ئەم ورچە تایبەتمەندە بە هەبوونی نیشانەی بێجی یاخود کاڵ لەسەر ڕووخسار و سنگی.
  • ورچی پاندای گەورە: ورچێکی دەگمەنە و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، لە ئێستادا نشینگەکەی تەنها لە چینە و بەناوبانگە بە خۆشەویستییە زۆرەکەی بۆ درەختی حەیزەران.
  • ورچی تەمەڵ: بە گشتی لە ئاسیا دەژی و قژێکی درێژی هەیە، هەروەها لەسەر سنگی نیشانەیەکی هاوشێوەی پیتی U ی ئینگلیزی هەیە.
  • ورچی خۆر: یەکێکە لە بچووکترین جۆرەکانی ورچ، لەسەر سنگی نیشانەیەکی هاوشێوەی مانگی نوێی ڕەنگ زەرد هەیە و ناوچەی ناوەڕاستی ڕووخساریشی بەهەمان شێوە نیشانەیەکی گەورەی ڕەنگ زەردی پێوەیە.

 


سەرچاوەکان



4043 بینین