کرم

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-01-02-22:39:00 - کۆدی بابەت: 1047
کرم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کرم یاخود کرمی زەوی (بە ئینگلیزی: Worm، بە عەرەبی: دودة)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە و زیاتر لە ملیۆنێک جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکانی هەموو کیشوەرەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشی دەکەوێتە هەر خاکێکەوە کە کەمێک شێدار بێت تەنانەت هەندێکیان دەتوانن لەناو ئاودا بژین، شێوازی ژیانکردنی تاکەکان پێکەوەیە و کۆمەڵەی تایبەت بەخۆیان دروستدەکەن، هەروەها کرمەکان دەتوانن پەیوەندی بکەن بەیەکترییەوە بەناردنی لەرەلەر لەناو خاکدا وەک نامەیەک بۆ ئاگادارکردنەوەی یەکتری، هەروەها پێکەوە بڕیار دەدەن کە ئەگەر پێویست بکات کۆمەڵەکە کۆچبکات و بجووڵێت.

کرمەکان گیانەوەری کۆچەرین بەڵام لە ناوچەیەکەوە کۆچ ناکەن بۆ ناوچەیەکی جیاوازتر، بەڵکوو کۆچدەکەن بۆ قووڵایی هەمان جێگەی خۆیان کە دەکرێت بگەنە قوڵایی ٥-١٠ مەتر یاخود زیاتریش، هەروەها کۆمەڵەکان دەکرێت لە نزیکەی ١٠٠ ئەندام پێکهاتبێ کە پێکەوە دەمێننەوە لە وەرزی زستاندا بۆ ئەوەی ڕێژەی شێی پێویستیان هەبێت، هەندێک لە کرمەکان کاتێک لە باخچەکاندا هەن دەکرێت سوودبەخش بن بەڵام هەندێکی تریشیان زیانیان هەیە، بۆ نموونە ژمارەیەک لە کرمەکان هەڵگری مشەخۆر و بەکتریان، هەندێک لە خەڵکی ئارەزووی خواردنی کرمەکان دەکەن بەڵام ئەگەر نەکوڵێنرێت ئەوا دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی و ژەهراوی بوون بە بەکتریا.

شێوەی دەرەوەی

یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکان ئەوەیە کە کرمەکان چاویان نییە و جەستەیەکی درێژی لوولەییان هەیە، بە پێستێک دەورەدراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک سپی، قاوەیی، ڕەساسی یاخود پەمەیی، هەندێکیشیان بەتەواوەتی جەستەیان ڕوونە وەک شوشە و هیچ ڕەنگێکی نییە، کە خوێنی ناوەوەی جەستەیان دەبینرێت، پێستی کرم ماددەیەکی لینج دەردەدات کە هاوکاری دەکات بتوانێت بەسەر ڕووەکاندا سەرکەوێت، قەبارەی هەر کرمێک بەگوێرەی جۆرەکەی لە درێژی و کێشدا جیاوازە و دەگۆڕێت، زۆرینەی کرمەکان تەنها چەند سانتیمەترێک درێژن بەڵام درێژترین جۆریان دەگاتە نزیکەی ٥٥ مەتر، کە بە یەکێک لە درێژترین بوونەوەرەکانی سەر زەوی ناودەبرێت.

هەروەها لەبەر ئەوەی جەستەی هەموو کرمێک تەنیشتە هاویەکە بەئاسانی دەناسرێتەوە و لەگەڵ گیانەوەرەکانی تر جیادەکرێتەوە، لەبری هەستی بینین ئەم بوونەوەرە هەستەوەری وەرگری ڕووناکی هەیە، کە لە گۆڕانەکانی ڕووناکی و هاتنی تاریکی ئاگاداری دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاواز لە کرم هەیە خەڵکی باوەڕیان وایە کە ڕەنگ و شێوەی جیاوازیشی زۆرە، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە و هەموو کرمەکان هیچ ئێسکە پەیکەرێکی ناوەکی یاخود دەرەکییان نییە، هەروەها هەموویان بەهۆی جەستە ماسولکەییەکەیانەوە دەتوانن بجووڵێن، شێوەشی دەکرێت تەخت یاخود لوولەیی بێت هەندێکیشیان وەک گەڵاکان دەردەکەون.  

خۆراک

کرمەکان بوونەوەری هەموو شتخۆرن و ژەمە خۆراکی سەرەکییان بریتییە لە گیانەوەری مردوو، هەندێکیشیان دەتوانن بەکتریا و قەوزەی زیندوو بخۆن، جگە لە ئەمانەش جۆرێکی کرمەکان هەیە کە پێی دەوترێت کرمی سەر چەکوش دەتوانێت جۆرەکانی تری کرمی زەوی بخوات، هەروەها لەبەر ئەوەی کرم قەبارەیەکی بچووکی هەیە بەئاسانی دەبێت بە نێچیری زۆرینەی گیانەوەران وەک باڵندە، مەمکداری بچووک، وشکاوەکی، خشۆک و مێرووەکان، هەندێکیشیان لەلایەن مرۆڤەکانەوە ڕاودەکرێن و وەک ژەمی خۆراکی دەخورێن، هەرچەندە زۆرینەی جۆرەکانی بێ زیان دەردەکەون بەڵام هەندێکیان توانای پێوەدان و دەردانی ژەهریان هەیە کاتێک ڕاوچی لێیان نزیکدەبێتەوە.

زۆربوون

تاکەکانی کرم لە تەمەنی نێوان ٣٠-٦٠ ڕۆژیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، هەرچەندە کرمەکان نێرەموکن بەڵام بۆ زۆربوون پێویستیان بە هاوبەشێک هەیە، بۆ یەکگرتن پێویستە کرمەکان بەپێچەوانەی یەکترییەوە ڕیزببن، بەجۆرێک کە سەری یەکێکیان لە تەنیشت کلکی ئەوی تریان بێت، نێرینەکە تۆو دەردەدات و مێینەکەش لە کونەکانیدا هەڵیدەگرێت پاشان هێلکەکانی دەپیتێنیت.

ژمارەی هێلکەکانی لە نێوان ١-٢٠ دانە دەبێت، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکانیش ٢-٤ هەفتە دەخایەنێت، لەکاتی لەدایکبوونیاندا بێچووەکان ڕاستەوخۆ دەتوانن بچنە قووڵایی خاکەوە و هیچ لەگەڵ دایک و باوکیاندا نامێننەوە، سوڕی ژیانی ئەم بوونەوەرانە ٤-٨ ساڵ دەخایەنێت بەڵام لەبەر ئەوەی بوونەوەرێکی لاوازە و بەئاسانی ڕاودەکرێت زۆرینەیان تەمەنێکی درێژ ناکەن و کەمتر لەماوەی دیاریکراویان دەژین.

جۆرە سەرەکییەکان

ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاواز لە کرمەکان هەیە کە لە سێ کۆمەڵەی سەرەکیدا پۆلێنکراون، کۆمەڵەکان بریتین لە کرمی تەخت، کرمی بازنەیی لەگەڵ کرمی پارچە پارچەکراو، هەموو جۆرەکانی کرمەکان لە ژێر ئەم سێ کۆمەڵەدا دانراون، ئەمانەش نموونەی هەندێک لە جۆرەکانە:

  • کرمی سەر چەکوش
  • کرمی گامێش
  • کرمی دەزوولەیی
  • کرمی بازدەر
  • کرمی دەمبوس
  • کرمی مۆمی


سەرچاوەکان



2295 بینین