دەربارەی پیرەمێردی شاعیر

له‌لایه‌ن: - مستەفا ساڵح کەریم - به‌روار: 2021-02-01-22:04:00 - کۆدی بابەت: 1878
دەربارەی پیرەمێردی شاعیر

ناوه‌ڕۆك

لەدایكبوون

پیرەمێرد، ناوی (تۆفیق مەحمود ھەمزە)یە، ئەم شاعیر و رۆژنامەنووسە مەزنە، لە ساڵی ١٨٦٧ی زاینی بەرامبەر بە ١٢٨٨ی کۆچی، لە شاری سلێمانی چاوی بە دنیا ھەڵھێناوە، لەو ڕۆژەدا ماڵی مەحمود ئاغای ھەمزاغای مەسرەف، خۆشی و بەشارەتێکی زۆری تێکەوت، گۆزەبانە دەبەخشرایەوە، مزگێنی ئەدراو زەردەخەنە لەسەر لێوی ئەو پیاوماقوڵانە دەنەخشا، کە پیرۆزباییان لە مەحمود ئاغا دەکرد، چونکە خوا کوڕێکی دابوویە، لەبەرئەوەی باوکی مەحمود ئاغا، واتا ھەمزاغای مەسرەف، سەرۆک وەزیران و لێپرسراوی کاروباری دارایی ئەحمەد پاشای دوامیری بابانییەکان بوو، لەبەرئەوە لەڕۆژی سیازدەیدا مەولودنامەیان خوێند و خواردن بۆ ھەژاران نێردراو بەرگ بۆ منداڵانی بێباوک کڕدراو مەلاش بانگی بەگوێی ئەم ساوایەدا داو ناونرا، (تۆفیق).

ژیانی

رۆژێک (تۆفیق)ی تەمەن ھەشت نۆ ساڵان، لەگەڵا مامۆستاکەیدا لەسەر شیعرێکی (حافز)ی شیرازیی تێکدەچن، چونکە پیرەمێرد خۆی بەخاوەن ماف دەزانێ، نایەوێت لەقسەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و داوای لێبوردن لەمامۆستاکەی بکات، ناچار حەسەن ئەفەندی مامی لەو حوجرەیە گواستییەوە و بردی بۆ حوجرەی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی، کە ئەیباتە ئەوێ‌، حەسەن ئەفەندیی ئەڵێ:  ''تۆفیق ئومێد ئەکەم دەم و نەفەسی ئەم زاتە پاکە بتکا بەشاعیرێکی وەکو من'' بەمەدا دەردەکەوێت کە حەسەن ئەفەندی مامیشی ھەر شاعیر بووە، ھەرچەندە بەداخەوە کە ئێمە ھەتا ئێستا ھیچ شیعرێکی ئەومان دەست نەکەوتووە. لەم حوجرەیەدا سەرەتایی بەھرەی شیعر وتنی تێدا دەرکەوت، خوویدایە خوێندنەوەی ئەدەبیات و شیعرو سەرگوزشتەی ئەدیبان و شاعیران، لەسەر دابونەریتی کوردەواریی و بەپێی ئەوەی کە لەبنەماڵەیەکی عەشایەردا چاوی ھەڵھێنابوو، ئارەزووی سوارچاکی و تفەنگچێتی پەیداکرد، شۆرەتی سوارچاکیی پیرەمێرد بەناوبانگ بوو، وەک مامۆستا سەجادی دەیگێڕێتەوە، لەشاخی ھەڕووتە، کە پیادە بە ئەستەم پێیدا سەردەکەوێت، ئەم بەتاو لەسەردا ئەسپی ھێناوەتە خوارەوە، بەسەر پردی قەشان و تەپادا بەغار پەڕیوەتەوە.

لەسەرەتاوە لەمزگەوتەکەی باپیری کە ئێستاش ماوە (مزگەوتی ھەمزاغا)، کە نزیک ماڵی خۆیان بووە و لەنزیک باخێک بووە پێیان وتووە باخی پوورەبەگی، کە لەگەڕەکی گۆیژەیە و چاپخانەکەی پیرەمێرد لەنزیک ئەو مزگەوتەیە، لای مەلا مەحموود دەرسی عەرەبی دەخوێنێت، لە خوێندنی عەرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست ئەکا بەخوێندنی (سوتی)، بەدوای خوێندندا وەک ھەر فەقێیەکی ئەو سەردەمە لەشارو و جێگەی خۆی دووردەکەوێتەوە، بەپێی ئەو عادەتەی، کە لەکام مزگەوتدا مامۆستای چاک بووبێ‌ فەقێکان ڕوویان تێکردووە، وەکو چۆن مامۆستایانی ئێستا ھەریەکەی لەبوارێکدا شارەزایی پەیدادەکەن و وانە دەڵێنەوە، مامۆستایانی ئەوساش ھەر مەلایەی لەبوارێکی تایبەتدا  شارەزایی پەیدا دەکرد، پیرەمێردیش ھەروەکو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوتا و مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەرشوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، دەگاتە مزگەوتەکانی شاری (بانە) لەکوردستانی ئێران و ماوەیەک لەوێ‌ ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. بەڵام پێش ئەوەی تەواوی بکات، دەستی لەخوێندن ھەڵگرت و ڕوویکردە ژیانی ڕۆژانەی ئەم دنیایە. لەو سەردەمەشدا ھەرکەسێک خوێندنی مەلایەتی تەواو بکردایە و مەلایەتی بکردایە، ئەوە دەبوو بەمەلا، بەڵام گەر وازی لێبھێنایە پێیان دەوت (میرزا)، بەو پێیەی پیرەمێردیش وازی لەخوێندنەکەی ھێنا، بوو بە میرزا.

لە ئەیلولی ساڵی ١٨٨٢ی زاینیدا، واتە لەتەمەنی (١٥)ساڵیدا، دەبێت بەکاتبی نفوسی سلێمانی، زۆری پێناچێت دەکرێت بەکاتبی (زەبت) لە دادگای سلێمانی، لە حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٣دا بووە بەفەرمانبەری زەوی و زار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە، نزیکەی سێ ساڵا لەوێ‌ مایەوە، بە پێی نووسینەکانی پیرەمێرد بێت کە لە (ژیان) و (ژین) دا بڵاویکرددوونەتەوە، وادەردەکەوێت کە ئەو سەردەمە عەشقی شیعر لەدەروونیدابووە، خولیای شیعر کۆکردنەوە کەوتۆتە سەری، تا ئەو دەمە ھەر خەریکی لەبەرکردنی شیعری (نالی) بووە، بەڵام کە چۆتە ئەو ناوچەیە، شەیدای (مەولەوی) و (بێسارانی)یش بووە، بەھەموو دەشتی شارەزوردا گەڕاوە، کەشکۆڵی ڕەنگینی بۆخۆی پێکەوە ناوەو ھەرچی شیعرێکی دەسکەوتبێت یان بینیبێت یان بیستبێ، لە کەشکۆڵەکەیدا نووسیویەتیەوە، پاشان بوو بە سەرنووسەر (باشکاتب) لە دادگای چوارتا، لەتشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٩٥دا گوازرایەوە بۆ (کەربەلا) بەوەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی، بەڵام بڕیاریدا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بە یەکجاریی دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرێت، شێخ موستەفای نەقیب دڵخۆشی دایەوەو کردیی بە نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی، ژیانێکی باش و لەباری بۆ خوڵقاندووە.

ژیانی لە تورکیا

لەبەرئەوەی (تۆفیق) لاوێکی زرنگ و زیرەک و بەڕەوشت بوو و خوێندەوارییەکەشی بەپێی ئەو سەردەمە باشبوو، لەتەک بنەماڵەی شێخانی سلێمانیدا پەیوەندییەکی پتەوی پەیداکرد، تاوایلێھات متمانەی زۆر شتیان پێکرد، خۆشیاندەویست، جێی بڕوایان بوو، بۆیە کاتێک لەساڵی ١٨٩٨ شێخ سەعیدی حەفید (باوکی شێخ مەحموودی نەمر) لەسەر بانگێشتی سوڵتان عبدولحەمید بانگکرا بۆ ئەستەمبوڵ، شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب ڕوویان لە تۆفیقی مەحموود ئاغا نا کە لەگەڵیان بچێت بۆ تورکیا، ئەمیش بەپێی ئەو نزیکی و پەیوەندییەی لەگەڵیاندا ھەیبوو، دەستی نەنا بەڕووی داواکەیانەوە، بەمجۆرە شێخ سەعید جگە لە شێخ مستەفای نەقیب، چەند کەسێکی ھەڵبژارد لەگەڵیاندابن، یەکێکیان تۆفیقی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەف بوو.
تۆفیق لەخزمەت شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب و شێخ مەحموودو دەستەو دایەرەیانا گەیشتە ئەستەمبوڵ، لەوێش بوونە میوانی بارەگای سوڵتان،  لەپاش ساڵێک لەگەل شێخ سەعید و شێخ مستەفا و گەلێ رۆشنبیر و پیاوانی بەناوبانگی سەفەرەکەیاندا دەچن بۆ (حەج)، تۆفیق دەبێت بەحاجی تۆفیق، کاتێک لەحەج دەبن وەفایی شاعیر و سەید ئەحمەدی خانەقای کەرکوک، دەبنە ھاوڕێی حاجی تۆفیق.

كارەكان و خوێندنی

بەمشێوەیە تۆفیقی مەحموود ئاغا، لەتەمەنی ٣٢ساڵیدا و لە ھەڕەتی لاویدا، بوو بەحاجی تۆفیق. بەھۆی زیرەکی و ھۆشیاریی خۆیەوە، حاجی تۆفیق زوو دەچووە دڵەوە، ئەمەیان لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە لەنووسین و داڕشتنی فارسیدا دەستێکی باڵای ھەبوو، لەبەرئەوە عزەت پاشای نووسەری دەرباری شەھریاری لەئەستەمبوڵ، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو نامەیەی کە ناسرەدینی شای ئێران بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی ناردبوو، داوا لە حاجی تۆفیق دەکات بە فارسیی وەڵامی سوڵتان بۆ شای ئێران بنووسێتەوە، وەڵامەکە ھێندە جوان دەبێت سەرنجی کاربەدەستانی دەرباری سوڵتان ڕادەکێشێت، بۆ پاداشتی ئەمە، لە ١٤ی ئەیلولی ١٨٩٩ ئیرادەی سوڵتانی بۆ دەردەچێ. دەبێتە ئەندام لە ئەنجومەنی باڵادا لە ئەستەمبوڵ، ھەروەھا پلەی بەگێتیشی ھەر لەو ماوەیەدا بەھۆی عزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ، لە کۆلێجی یاسا (کلیە الحقوق) وەردەگیرێت و بڕوانامەی حقوق وەردەگرێت.

لە تەموزی ١٩٠٥دا، بانگی مەشروتیەت دراو مەجالیسیان تێکچوو، ھەر بۆیە حاجی تۆفیق ھەتا ساڵی ١٩٠٨ لەئەستەمبوڵ بەکاری محامیەتی و گۆڤار و ڕۆژنامەوە خەریک بووە. لە ساڵی ١٩٠٧ (کۆمەڵەی کورد) بە نھێنی پێکھات بەسەرۆکایەتی (شێخ عەبدوڵقادری کوڕی شێخ عەبدوڵڵای شەمزینی) کە پیرەمێرد یەکێکبووە لە دامەزرێنەکانی ئەم کۆمەڵەیە. پاشان لەساڵی ١٩٠٨دا کە حیزبی (اتحات و ترقی) کەمالیستییەکان سوڵتان عبدولحەمیدیان لابرد، ئەو کۆمەڵەیە بەئاشکرا خۆی ناساندو پیرەمێردیش یەکێکبوو لە ئەندامەکانی.
ئینجا لە ١٧/٤/١٩١٨دا، کرا بە موتەسەڕیفی (ئەماسییە)، کە ئەمە دوا وەزیفەی بوو لە تورکیا، لەوکاتەدا خزمەکانی لەسلێمانییەوە دەستدەکەن بەنامەنووسین بۆی، بەتایبەتی موستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆ ناردووەو داوای گەڕانەوەیان لێکردووە کە بێتەوە بۆ کوردستان.

بۆچی لە توركیا ماوەتەوە؟

پیرەمێرد ماوەی ٢٥ساڵا لە تورکیادا دەمێنێتەوە، پرسیارێک بەرەو ڕوومان بکرێت کە ئاخۆ بۆچی حاجی تۆفیق ئەمەندە ساڵە لە غەریبی مایەوە، بۆچی دوای گەڕانەوەی شێخ سەعیدی حەفید لەگەڵیا نەھاتۆتەوە بۆ کوردستان و لەوێ‌ مایەوە؟
لەوەڵامی ئەمجۆرە پرسیارانەدا وتراوە:

١-ئەم ئەدیبە مەزنە لەبەرئەوەی لە قوتابخانەی ڕەسمیدا نەیخوێندووە و لە حوجرە و مزگەوتەکانیشدا وەک لەمەوبەر زانیمان لە (سویتی)دا وازیھێنابوو، لەبەرئەوە کە گەیشتە ئەو وڵاتە، بۆی دەرکەوت کە ئەم لەچاو ئەدیبی ئەوێدا نیوە خوێندەوارە، بۆیە پڕبەدڵ ئارەزووی لەوەبووە کە ھەلێکی بۆ بڕەخسێ و بتوانێ‌ بخوێنێ و ئاسۆی بیری فراوان بکات. ئەوەبوو ئاواتەکەی ھێنایەدی، بەوەی توانی (حقوق) تەواو بکات و ببێتە پارێزەری ڕەسمی خاوەن بڕوانامەی باوەڕپێکراو، خۆی لەم رووەوە لە وەسێتنامەکەیدا دەڵێ: (بە نیوە خوێندەواری لەسلێمانی دەرچووم و خوێندنێکی بەرزم ھێنایەوە) ھەروەھا دان بەوەدا دەنێت کە زۆربەی رووناکبیرانمان سەرچاوەی رووناکبیرییان تورکیا بووە، کە وەک وتمان: ئەودەمە مەڵبەندی ڕووناکبیریی بووەو کەڵچەری ڕۆژئاوا یەکەمجار گەیشتۆتە ئەوێ‌، ئەمجا بەوڵاتانی تردا پەخشیداوەتەوە، حەوت ساڵ بەرلەوەی ئەم جیھانە بەجێبێلێ وتویەتی: (ئێمە زۆرمان لەئێوەوە پێگەیشتووە).
ئەمانە سەلماندنی ئەوەن کە مەبەستی بووە ببێتە خوێندەوارێکی چاک و شارەزای ھەمووجۆرە زانستێک بێ، دیارە ئەمانەش لەودەمەدا بۆکوردێکی وەک ئەو ھەر لەوێ‌ دەسگیر دەبوون.

٢-جگە لەخوێندن وەک شاعیرێکی ھەست ناسک، ئارەزووی لە تێکەڵبوونی رووناکبیران بوو، جا کە لەئەستەمبوڵ جێگیر بوو، ھەستی بەوەکرد شەپۆلی تازەگەری و نوێخوازی لەبەرھەمە ڕەنگینەکانی ئەدیبانی سەردەمی بوژانەوەدا ڕەنگی داوەتەوە و تازەترین ئەدەبی ئەوروپایی لەوێ‌ دەکرێت بەتورکی و لەبەردەست خوێنەراندایە، ھەتا ڕووناکبیرە عەرەبەکانیش روویانکردە ئەوێ‌، بەگشتی سەرچاوەی خوێندنەوەیان لەوێوە پێدەگەیشت، جا کە حاجی تۆفیقی خۆمان ئەم رووناکبیری و بوژانەوەو رووناکبیرییەی ھەستپێکرد، زۆر پێی شادومان بوو، بەتایبەتی کە بووە گوڵی کۆڕ و ئەنجومەنی ئەو ئەدیبە کوردیانەی کە لەوێ‌ بوون، سەڕەرای ئەدیبە تورکەکانیش.

٣-پیرەکوردی ئەستەمبوڵ، جگە لە ھەوڵدانی بۆ خۆ ڕووناکبیرکردن و تەواوکردنی خوێندنی زانستگە، ھۆیەکی گشتگیریش ھەبوو کە وای لێبکات بمێنێتەوە، ئەویش ئەو سەرگەرمی و تێکۆشانەی بوو لەتەک ھاوڕێیانی خەباتیا بۆ ڕزگارکردنی کوردستان.
لەم سێ خاڵەدا بۆمان دەردەکەوێ کە چ ھۆیەکی گرنگ ھەبوون بۆ مانەوەی (پیرەمێرد) لەتورکیا. ئەگینا ھەموو کاتێک دڵی ھەر بۆ خاک و نشتیمانەکەی لێیداوەو ھەمیشە خەوی بەکوردستانەوە بینیوە.

حاجی تۆفیقێک کە زۆربەی تافی گەنجێتی و ھەرزەکاری لەتورکیادا رابواردووە، لەوێ ژنێکی ھەبوو، دوو منداڵی لێی ھەبوو، پاش ئەم ماوە دوورودرێژە، ئاگری نیشتمانی دایک ھەڵیگرت، سۆزی خۆشەویستی کوردستان و بەسەرھاتەکانی خستییە جموجۆڵ و سەر سەودای گەڕانەوە، وەکو چۆن نالی شاعیر ھەڵبەستە بەرزەکەی لەشامەوە ناردبوو بۆ سالم لە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی حاڵ و ئەحواڵی شاری سلێمانی لێبپرسێت و بۆی بنووسێت ئایا ماوەی گەڕانەوەی ھەیە بۆ کوردستان یاخود ئەبێ‌ تا دوا ھەناسەی ھەر ئاوارەو دەربەدەر بێت و لەوڵاتی بێگانەدا بژی، پیرەمێردیش بەوجۆرە دەستیکرد بەنامەنووسین و پرسیارکردن لە حاڵ و ئەحواڵی کوردستان، بەڵام ئەو ڕۆژانەی کە پیرەمێرد دەیویست بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، جیاوازییەکی زۆری ھەبوو لەگەڵا ئەو رۆژانەی نالی ھەڵبەستە بەرزەکەی ناردبوو بۆ سالم، کاتی نالی و سالم ئەو کاتەبوو کە کوردستان لەژێر باڵی دەسەڵاتی ڕەشی عوسمانییەکاندا دەیناڵاند، بەڵام سەردەمی گەڕانەوەی پیرەمێرد، سەرەتای جوڵانەوەی ھێزی نەتەوایەتی بوو، شێخ مەحموود ئاڵای شۆڕشگێری و داواکردنی مافی گەلەکەی ھەڵکردبوو، پیرەمێرد لەپرسینی حاڵ و ئەحواڵی ئەو سەردەمەی کوردستان، ئەم چەند دێڕەی خوارەوەی بۆ یەکێک لەخزمەکانی لەشاری سلێمانی کە موستەفا صائیبی خوشکەزایەتی، ناردووە.

بەرهەمەكانی پیرەمێرد

  • 1935 دوانزە سوارەی مەریوان.
  • 1942 مەحمود ئاغای شیوەكەڵ.
  • 1947 گاڵتە‌و گەپ
  • 1936 داستانی مەم‌و زین
  • پەندەكانی پیرەمێرد كە بریتییە لە(6448) پەند.
  • 1942 كەمانچە ژەن، وەرگێڕان لەتوركیەوە.
  • 1935 دیوانی مەولەوی لەدووبەرگدا چاپكرد.
  • بەناوی (ئەسڵ‌و رۆح) ئەسڵ بەرگی یەكەمی دیوانەكە بوو بەشێوەزاری هەورامی (رۆح) واتە (رۆحی مەولەوی) بەرگی دووەم بوو كە بریتی بوو لەو دەقە سۆرانیەی پیرەمێرد ئامادەی كردبوو.
  • ئەمە جگە لەساغكردنەوەی دیوانەكانی (بێسارانی‌و وەلی دیوانە)و دیوانی (مەولانا خالیدی نەقشە‌بەندیش)ی بەئەڵقە لەڕۆژنامەی ژیندا بڵاوكردۆتەوە.


    لە رۆژی 19/6/1950 لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



16707 بینین