سیل

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-00:17:00 - کۆدی بابەت: 2017
سیل

ناوه‌ڕۆك

هەموو شتێک دەربارەی نەخۆشی سیل

نەخۆشی سیل، دەردەباریکەشی پێ دەگوترێت، بەهۆی بەکتریای مایکۆبەکتریان توبێرکولۆسیس (Mycobacterium tyberculosis) تووشی مرۆڤ دەبێت.
سیل زۆربەی کات تووشی سییەکان دەبێت، بەڵام دەتوانێت تووشی هەموو بەشەکانی دیکەی جەستە وەک گورچیلەکان، بڕبڕەی پشت، مێشک ببێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت زۆربەی جار کوشندەیە.

چۆن دەگوازرێتەوە؟

نەخۆشی سیل لە ڕێگەی دڵۆپەکانی هەواوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێكی دیکە دەگوازێتەوە، کاتێک کەسێکی توشبوو بە سیل دەپژمێت، دەکۆکێت، قسە دەکات و گۆرانی دەڵێت، کەسانی دەوروبەری لە ڕێگەی دڵۆپە هەواکانەوە لە دەمی دەردەچن تووشی نەخۆشییەکە دەبن.

چۆن ناگوازرێتەوە؟

  • لە ڕێگەی نانخواردن پێکەوە ناگوازرێتەوە.
  • بە تەوقەکردن ناگوازرێتەوە.
  • بە دەستلێدانی جلوبەرگ و نوێنەکان ناگوازرێتەوە.
  • بە ماچکردن ناگوازرێتەوە.

کێن ئەوانەی مەترسی تووشبوونیان هەیە؟

توشبوانی ڤایرۆسی ''HIV'' ئایدز، شەکرە، شێرپەنجە، و ئەوانەی دەرمانە نایاساییەکان بەکار دەهێنن، لەوانەن کە سیستمی بەرگریان لاوازە و مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی سیل زیاترە.

نیشانەکانی سیل

کۆکەیەکی وشک بۆ ماوەی ٣ هەفتە یان زیاتر، سنگ ئێشە، کۆکەیەک کە خوێنی لەگەڵ بێت، بێهێزی، دابەزینی کێش، نەمانی ئارەزووی خواردن، لەرز و تا و ئەرەقکردنەوە لە نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی سیلن.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی سیل

سیل لە ڕێگەی پشکنینی تایبەتی پێست، پشکنینی خوێن یان بە هەردووکیان دەستنیشان دەکرێت.

چارەسەری نەخۆشی سیل

سیلی شاراوە چارەسەردەکرێت تەنیا بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ کەسانی دیکە، یان بۆ  ئەوەی کەسەکە نەخۆشییەکەی لێ دەرنەکەوێت. بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان لێدەردەکەوێت و نیشانەکانیان هەیە، کۆرسێکی دەرمانی ٦ یان ٧ مانگی وەردەگرن و پێویستە کۆرسەکە تەواو بکەن و لە کاتی خۆیدا دەرمانەکان بە گوێرەی گوتەی پزیشک بخۆن، ئەگەر کەسێک کۆرسی دەرمانەکە تەواو نەکات، یان بە تەواوی دەرمانەکان نەخوات بەکتریاکە دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و ڕەنگە بەرگری دژی دەرمانەکان دروست بکات.

پێشگریکردن لە نەخۆشی سیل

پێکوتەی BCG، لە ساڵی ١٩٢١ـەوە بەرهەمهێنراو و بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشی سیل لە سەرانسەری جیهان بەکار دەهێنرێت.

سیلی شاراوە

هەموو ئەوانەی بەکتریاکەیان هەیە تووشی نەخۆشیی سیل نابن، ڕەنگە تووشی سیلی شاراوە ببن، ئەمەش چونکە کاتێک کەسێک تووشی بەکتریاکە دەبێت، سیستمی بەرگری جەستەی شەڕ لەگەڵ دەکات و ڕێگری لە گەشەکردنی دەکات، لەم حاڵەتەشدا توشبوو هیچ نیشانەیەکی نابێت و لەم بارەدا نەخۆشییەک بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە.

نەخۆشی سیلی ئاشکرا

ئەگەر کەسێک تووشی بەکتریای تووشکەری سیل بوو، سیستمی بەرگریشی توانای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەی نەبوو، ئیدی بەکتریاکە لە نێو جەستەیدا گەشەدەکات و تووشی نەخۆشییەکە دەکات، بەمەش نیشانەکانی لێدەردەکەون و لەمحاڵەتەدا نەخۆش توانای گواستنەوەی بەکتریاکە بۆ کەسانەی دیکە دەبێت.


سەرچاوەکان



2835 بینین