خشۆکەکان

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-20-21:36:00 - کۆدی بابەت: 2449
خشۆکەکان

ناوه‌ڕۆك

ژیان لەسەر وشکانی 

یەکەم شت کە خشۆکەکان لە وشکاوەکیان جیادەکاتەوە پێستە وشکە ئەستوورەکەیەتی کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ون بوونی ئاو، وە هەروەها قاچە بەهێزەکانیەتی کە یارمەتی دەدات بە ئاسانی بڕوات. ئەمانیش هێلکە لەسەر وشکانی دادەنێن، زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە وشکانی بژین. دەیناسوڕەکان کە لە سەردەمە زۆر کۆنەکاندا ژیان و پاشان لەناوچوون سەر بە خشۆکەکان بوونە، وە ئەو تایبەتیانەی کە هەیانبووە هاوشێوە لەگەڵ خشۆکەکانی ئێستادا. نموونەی هەندێک لەو خشۆکەکانەی کە لەسەر وشکانی دەژین وەکو، تیمساح، کیسەڵی زەبەلاح، مار.

تایبەتییەکانی خشۆکەکان

خشۆکەکان بەڕادەیەکی زۆرباش گونجاون بۆ ژیانی وشکانی، بۆ نموونە هەموو خشۆکەکان، تەنانەت ئەوانەی لە ئاویشدا دەژین، دوو سییان هەیە بۆ هەناسەدان، وە هەروەها خشۆکەکان پێستێکی ئەستووریان هەیە، ئەوانیش لە خوێن ساردەکانن،  وە هێلکەکان لەسەر وشکانی دادەنێن.

١. پێستی ئەستوور

پێستی وشک و ئەستوور خۆگونجانێکی زۆر گرنگ پێکدێنێت بۆ ژیانی وشکانی، ئەم پێستە چینێک پێکدێنێت کە ناهێڵێت ئاو لە خانەکانەوە ببێت بە هەڵم، بە پێچەوانەی وشکاوەکییەکان، زۆربەی خشۆکەکان ناتوانن لە ڕێی پێستەوە هەناسە بدەن، زۆربەی خشۆکەکان وەک مار تەنها پشت بە دوو سییەکەیان دەبەستن بۆ بەدەستهێنانی ئۆکسجین، وە هەروەها پێستی مارەکان و خشۆکەکانی دیکە وشکە و بە پوولەکە داپۆشراوە.

٢. پلەی گەرمی لەش

زۆربەی خشۆکەکان لە خوێن ساردەکانن، وە توانای هێشتنەوەی پلەی گەرمیان نییە بە جێگیری، ئەوان چالاک دەبن لە کارێکدا پلەی گەرمی دەوروبەریان گەرم بێت و سست دەبن کە دەوروبەریان ساردبێ. زۆربەی خشۆکەکان لە ئاو و هەوایەکی مامناوەندیدا دەژین، وە ناتوانن لە ناوچە جەمسەرییە ساردەکاندا بژین. کە تیایدا شیردەر و باڵندەکان گەشە دەکەن.

٣. هێلکەی خشۆکەکان

خۆگونجانی زۆر گرنگ بۆ ژیانی وشکانی لە هێلکەدا دەردەکەوێ، وە ئەم هێلکەیە شلەیەکی تێدایە پێیدەڵێن ئەمینیۆن کە کۆرپەلەی خشۆکەکان و باڵندەکان و شیردەرەکان دەپارێزێت. هێلکەی خشۆکەکان توێکڵی هەیە، توێکڵ کۆرپەلە دەپارێزێ، و هێلکەکان لە وشک بوونەوە دەپارێزێ، خشۆکەکان هێلکەکانیان لە ژێر بەردەکان دادەنێن یان لە خاکدا، تەنانەت لە ژێر لمی بیابانیشدا

پێكهاتەی كۆرپەی خشۆك

پێکهاتەکانی کۆرپەلەی خشۆکەکان لە ناو هێلکەدا ئەمانەن:

توێکڵ: هێلکەکە دەپارێزێت لە زیان گەیاندن و وشک بوونەوە، توێکڵی هێلکە کونی بچووکی هەیە بوار بە تێپەڕبوونی ئۆکسجین دەدات بۆ کۆرپەلە گەشەکردووەکە، هەروەها بوار بە دوانۆئۆکسیدی کاربۆنیش دەدات بە هاتتنە دەرەوەی.

سپێنەی هێلکە: ئاو و پڕۆتین بۆ کۆرپەلە دابیندەکات. 

زەردێنە: خۆراک بۆ کۆرپەلە دابین دەکات.

ئەلەنتۆیس: پاشەڕۆکانی کۆرپەلە کۆدەکاتەوە وە هەروەها ئۆکسجین لە ڕێی کونەکانی توێکڵی هێلکە بۆ کورپەلە تێپەر دەکات،

• هەروەها تورەگەیەک پڕە لە شلەی ئەمنیۆنی (سەراو) دەوری کۆرپەلە دەدات و دەیپارێزێت.

٤. زۆربوونی خشۆکەکان

خشۆکەکان ئاسایی بە پیتێنی ناوەکی زۆر دەبن، پاش ئەوەی هێلکە دەپیتێنرێت لە ناو لەشی مێیەدا، بە دەوری هێلکەکەدا توێکڵ دروست دەبێت، پاشان مێیە هێلکە دادەنێت، زۆربەی خشۆکەکان هێلکەکانیان لە خاک یان لە لمدا دادەنێن، بەڵام هەندێک لە خشۆک هێلکە دانانێ، لەبری ئەمە کۆرپەلە پێکدێت و گەشە دەکات لەناو لەشی دایکەکە، و بێچووەکانی لە دایک دەبن، وە لە هەردوو بارەکەدا کۆرپەلەکە پێکدێت و گەشە دەکات بۆ خشۆکێکی زۆر بچووک، کەوەک پێگەییوێکی بچووک دەردەکەوێت، و خشۆکەکان بە شێوە گۆڕاندا تێپەڕ نابن.


سەرچاوەکان



3222 بینین