داماوی دڵ (heart failure)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-12-16:26:00 - کۆدی بابەت: 3138
داماوی دڵ (heart failure)

ناوه‌ڕۆك

داماوی دڵ (heart failure)

لە سەرەتادا بۆ تێگەشتنی باشتر لە میکانیزمی داماوی دڵ بە کورتی باسی پێكهاتەی دڵ و رۆیشتنی خوێن دەکەین، دڵ بە هۆی دیواری (septum) ناوەراستییەوە بە دوو بەشی ڕاست و چەپ دابەش دەکرێ، لە هەر بەشی دڵ دوو دیو (chamber) و دوو دەریچە (دەلاقە) هەیە، بە دیوەکانی سەرەوەی دڵ ئاترێوم (داڵان- atrium) و بە دیوەکانی خوارێ ڤەنتریکۆڵ (سکۆلە- ventricle) دەڵێن.
پاش هەر کوتانێکی دڵ، خوێن لە لای چەپی دڵەوە دەڕژێتە ناو گەورە دەماری "ئائۆرث" و لەویشەوە لە ڕێگای خوێنبەرەکانەوە (arteries) دەگاتە ئەندامەکانی تری لەش و ئۆکسجینیان پێ دەگەیەنێ.
خوێن پاش پێدانی ئۆکسجین بە ئەندامەکان و هەڵمژینی کاربۆن دی ئۆکسید بە یارمەتی خوێنهێنەرەکان (veins) بەرەو دڵ دەگرێتەوە و لە رێگای دوو گەورە خوێنهێنەری کەڤا (superior &inferior vena cava) دەڕژێتە ناو بەشی ڕاستی دڵ، پاش هەر کوتانێکی دڵ خوێنی لای ڕاستی دڵیش دەڕژێتە ناو خوێنبەری سیپلەک (pulmonary artery) و لەوێشەوە ڕەوانەی سییەکان و بەشی چەپی دڵ دەکرێ، خوێن لە کاتی تێپەربوونی لە سییەکان و پاش پێدانی کاربۆن دی ئۆکسید لەلایەن سییەکان و هەڵمژینی ئۆکسجین خاوێن دەبێتەوە، لە کاتی ئیسراحەتدا نزیک ٥ لیتر خوێن لە رێگای دڵەوە دەنێردرێت.
بە شوێن زۆربەی نەخۆشییەکانی درێژخایەنی دڵ، کاری پۆمپاژکردنی دڵ دەشێوێ و دڵ ناتوانێ خوێنی پێویست بۆ ئەندامەکان بنێرێ، بەم حاڵەتە داماوی دڵ دەکوترێ، لە داماوی دڵدا نیسبەتی خوێنی گەڕاوە بۆ دڵ زیاترە لە خوێنی پۆمپاژکراو. ئەمە دەبێتە هۆی پڕ خوێنی (congestion) ناو دڵ، و نەگەیشتنی خوێنی پێویست بە ئەندامەکانی تری لەش، و گەڕانەوەی خوێن لەلای چەپی دڵەوە بۆ خوێنهێنەری سیپەلک (pulmonary vein) .
پڕخوێنی و بەرزبوونەوەی فشاری ناو خوێنهێنەری سیپەلک دەبێتە هۆی چوونی بەشێک لە شلە ئاوی خوێن بۆ ناو سییەکان و ئاوسانی ئەوان (pulmonary edema) ئەم حاڵەتانە ئاکامی داماوی بەشی چەپی دڵە (left-sided heart failure) . تێکچوونی هێزی پۆمپاژکردنی بەشی ڕاستی دەبێتە هۆی پرخوێنی دیوەکانی بەشی ڕاستی دڵ و گەرانەوەی خوێن بە خوێنهێنەرەکان .
پر خوێنی و چوونە سەرێی فشاری ناو خوێنهێنەرەکان دەبێتە هۆی چوونی بەشێک لە شلە ئاوی خوێن بۆ ناو بافتی ئەندامەکان و ئاوسانی ئەوان. ئەم حاڵەتە لە ئاکامی داماویی بەشی ڕاستی دڵە (right-sided heart failure) .
داماویی دڵ نەخۆشییەکانی درێژ خایەنە و ئەمە بەو ماناییە کە بەرەبەرە کاری دڵ لاوازتر و خراپتر دەبێ، دڵ بۆ ئەوەی بتوانێ خوێنی پێویست بۆ ئەندامەکان بنێرێ توشی گۆڕانکاری وەک هەراوی دیوەکان (chamber) و ئەستوور بوونی ماسوولکە دەبێ، ئەم دوو حاڵەتە لە سەرەتادا دەبنە هۆی گرژبوونی بەهێزتری دڵ و ناردنی خوێنی پێویست بۆ ئەندامەکان، بەڵام لە ئاکامدا کاری دڵ لاوازتر و بێ هێزتری دەکەن.

هۆیەکانی داماوی دڵ 

• نەخۆشی خوێنبەری کرۆنێری 
• سەکتەی دڵ
• بەرزبوونەوەی فشاری خوێن
• ناسروشت بوونی دەربیچەکانی دڵ 
• نەخۆشی ماسوولکەی دڵ (cardiomyopathy)  
• هەوی ماسولکەی دڵ (myocarditis)
• نەخۆشی زگماکی دڵ 
• نەخۆشی سەختی سییەکان
• .نەخۆشی شەکرە
• کەم خوێنی 
• پرکاری تیرۆئید
• نارێکی لە لێدانی دڵ 
• نیشانەکانی داماوی دڵ
• تەنگە نەفسی (dyspnea) لە کاتی چالاکی، پشوودان و یا خەوتن 
• کۆخەت بەردەوام یان سیخەی سنگ (wheezing
• ماسینی (edema) لاقەکان، مەچەکی پێ و زگ
• ماندووبونی بەردەوام بە تایبەت لە کاتی پیاسە و هەر چەشنە کاری فیزیکی
• بێ ئیشتیایی
• دڵ تێکەڵهاتن
• سەرەگێژ و شێواوی (confusion) بە هۆی گۆڕینی رێژەی سۆدیۆمی خوێن 
• چوونە سەرێی کوتانی دڵ
• ئێشی سینگ

چارەسەرکردن

لە پلەی یەکەمدا پێشنیار دەکرێ نەخؤش شێوەی ژیانی خۆی بگۆرێ و خاڵەکانی خوارەوە بگرێتە بەرچاو:
• وەلانانی جگەرە
• وەلانانی ئەلکحول
• دابەزاندنی کێشی لەش
• کۆنترۆلی فشاری خوێن 
• کۆنترۆڵی چەوری خوێن
• کۆنترۆڵی شەکری خوێن
• کەم کردنەوەی سۆدیۆم (خوێ ) لە خۆراکی رۆژانە
• نەخواردنی کافاین
• دووری لە هەر چەشنە سترێس (قەلەقی)

دەوا و دەرمان

ئامانجی سەرەکی دەواو دەرمان، کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی و (symptoms) و هێنانە خوارەوەی ڕێژەی مردنی نەخۆشە، کارتێکردنی دەواکان بریتین لە ژیانەوە، پاراستنی کاری سروشتی دڵ و کەم کردنەوەی ماسینی سییەکان، بەم مەبەستە ئەم دەوایانە بە پێی هۆ، پلە و ڕادە، نیشانە و شێوانی ئاکاری (فۆنکسیونی) تایبەتی دڵ لە ژێر چاودێری تایبەتی دکتۆر بەکاربهێندرێن:
هیدراڵازین (hydralazine) و کاپتۆپریل (captopril) بۆ ئاوەڵاکردنی دەمارەکان، باشترکردنی ڕۆیشتنی خوێن و هێنانە خوارێی فشاری خوێن
میزئاوەر (diuretics) وەک فۆراسمێمید (furosemide) بۆ کەم کردنیی ماسینی سییەکان و لاق 
• گروپی گلۆکۆزیدەکانی دڵ وەک دیگۆکسین (digoxin) بۆ بەرزکردنی هێزی گرزبوونەوەی دڵ و ناردنی خوێن بۆ ئەندامەکان
• گروپی بێتا بلوکرەکان وەک ئاتەنۆڵۆڵ (atenolol) پرۆپرانۆڵۆل (propranolol).

ئەم دەوایانە هەتا ٢٧٪ ریسکی جەڵتەی دڵ دەهێننە خوارێ و لەو کەسانەی کە تووشی جەڵتەی دڵ دەبن ڕادەی مردن کەم دەکەنەوە.

نەشتەرگەری 

نەشتەرگەری شێوەیەکی ترە بۆ دەرمانی داماوی دڵ. جار و بار بۆ کەم کردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی و باشترکرنی ڕۆشتنی خوێن لە نەشتەرگەری (بای پەسی خوێنبەری کرۆنێری) (coronary artery bypass surgery) و یا ئانژیۆپلاستی (angioplasty) کەڵک وەردەگیرێ. ئەو کاتەی دڵ بە شێوەیەکی بەچاو کارایی پۆمپاژ کردنی خوێن لە دەست بدا، گۆرینی دڵ (heart transplant) دەتوانێ تەنیا ڕێگای ڕزگاری ژیانی نەخۆش بێت، بەڵام جار و بار نەخۆش دەبێ بە مانگ و سآڵ چاوەڕێی دەستکەوتنی دڵێکی شیاو بێ،


سەرچاوەکان



1009 بینین