جەڵتەی دڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-12-17:15:00 - کۆدی بابەت: 3141
جەڵتەی دڵ

ناوه‌ڕۆك

جەڵتەی دڵ

بە پێی راگەیاندنی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە هەر ٥ چرکەیەکدا، لە جیهاندا کەسێک توشی جەڵتەی دڵ دەبێ، ساڵانە پتر لە یەک میلیۆن کەس لە ئەمریکا، زۆرتر لە ١٨٠ هەزار نەفەر لە بەریتانیا و نزیک لە ٢٥ هەزار کەس لە ئەڵمانیا توشی جەڵتەی دڵ دەبن، ٣٠  تا ٤٠ لە سەدی ئەم نەخۆشیانە لە یەک تا چوار هەفتەی سەرەتادا دەمرن.
جەڵتەی دڵ بە تایبەت پاش تەمەنی ٥٠ ساڵ زۆر باوە و بە پێی چوونە سەری تەمەن ڕێژەی مەترسی جەڵتەی دڵ زۆرتر دەبێ، جەڵتەی دڵ لە پیاوان ٣ جار زیاترە لە ژناندا، بە بەسترانی ڕەگی خوێنبەری کرۆنیری و نەگەیشتنی خوێن بە بەشێک لە ماسولەکەی دڵ کە دەبێتە هۆی مردنی تان و پۆی دیواری دڵ و جەڵتەی دڵ دەکوترێ، ئاکامی جەڵتەی دڵ بەپێی پانایی بێ بەش بوونی ماسولەکەی دڵ لە ئۆکسجین و ڕادەی تەنگەوەبوونەکانی خوێنبەری کرۆنێری جیاوازە، ئەگەر ڕەگی خوێنبەری سەرەکی دڵ بەسترابێ، بەشێکی گەورە لە ماسولکەی دڵ توشی ئازار دەبێ و ئەگەری ئەوە هەیە نەخۆش دوای چەند خولەکێک بمرێ، بەڵام ئەگەر ڕادەی کەمبوونەوەی خوێنبەر کەمتر بێ یان تەنیا خوێنبەرە بچووکەکان بگرێتەوە بەشێکی كەمتر لە ماسوولکەی دڵ زیان دەبینێ و ئیمکانی زیندوو مانەوەی نەخۆش زۆرترە. 

ئەستوور و ڕەقبوونی خوێنبەری کرۆنێری، کرژی خوێنبەری کرۆنێری (ئەم حاڵەتە زۆرتر لە خووگرتن بە کۆکاین یا ئآمفی تامین (amphetamine) روودەدا)
ئامبۆلی کرۆنێری (بۆ نموونە جیابونەوەی دەڵەمەی خوێن لە دیواری ڕەگەکان و ڕۆیشتنی بەرەو دڵ دەتوانێ ببێتە هۆی بەستنی خوێنبەری کرۆنێری)، هەوی خوێنبەری کرۆنێری (وەک ئاکامی نەخۆشی روماتیسمی جومگە -  rheumatoid arthritis).
بەرزبوونەوەی خەستی خوێن و پێکهاتنی دەڵەمەی خوێن.

نیشانەکانی جەڵتەی دڵ 

• ئێش .. ٦٠ تا ٦٥ لە سەدی نەخۆشەکان دوای کاری بەدەنی و لە کاتی پشووداندا توشی ژانی کتوپر لە پشت چەڵەمەی سینگ دەبن. ئەم ئێشە بۆ ماوەی پتر لە نیو کاتژمێر درێژە پەیدا دەکات و بە خواردنی نیترۆگلیسترین کۆتای پێ نایەت.
• ئێش دەتوانێ بەرەو نێوان دەفەی دوو شان، هەردوو دەست، مل، شەویلگەی خوارێ، پشت و گەدە تەشەنە بکات 
• دڵ تێکەڵ بوون 
• ڕشآنەوە 
• پشووسواری 
• دڵکوتە
• سەرەگێژە
• تا
• بێ هۆش بوون
• عارەقە و هەروەها دڵەڕاوكێ و ترس لە مردن، نیشانەکانی جەڵتەی دڵن.
٢٠٪ی ئەو کەسانەی توشی جەڵتەی دڵ دەبن هەست بە ئێش ناکەن بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، لە ١٥٪ نەخۆشەکاندا هیچ نیشانەیەک نابیندرێ. ئەم حاڵەتە لە ژناندا زۆرترە.

چارەسەری 

نەخۆش بە هەست کردنی ئەم نیشانانە دەبێ هەر چی زووتر پەیوەندی لەگەڵ دکتۆر یا بەشی فریاکەوتنی پزیشکی بگرێت، چارەسەرکردنی خێرای ئەم حاڵەتە دەتوانێ باشترین ئاکامی ساخی و سەلامەتی بە دواوەبێ.
ئەو کارانەی خوارەوە دەبێ بە خێرایی ئەنجام بدرێ:

  1. خواردنی ئاسپرین بۆ کەمکردنەوەی خەستی خوێن و پێشگیری لە پێکهاتنی زۆرتری دەڵەمەی خوێن.
  2. گەیاندنی ئۆکسجین لە رێگای لوتەوە.
  3. بەکارهێنانی نیتراتەکان وەک نیترۆگلیسرین بۆ کەم کردنەوەی ژان و گرژی (spasm) خوێنبەری کرۆنێری و گەیاندنی ئۆکسجینی زۆرتر بە دڵ.
  4. ئازارشکێنی بەهێز وەک مۆرفین (morphine sulphate) .
  5. دەوا وەک سترێپتوکیناز ( streptokinase ) بۆ لە ناوبردنی خوێنی دەڵەمە و کردنەوەی رێگای خوێنبەر.
  6. هێپارین (heparin) بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بۆ پێشگیری لە پێکهاتنی دەڵەمەی خوێن.
  7. کاپترۆپریل (captopril) بۆ کردنەوەی ڕەگی خوێنبەر و گەیاندنی خوێن بە دڵ، کەم کردنەوەی فشاری خوێن و هێنانە خوارێی ڕێژەی مردنی نەخۆش.
  8. کەڵک وەرگرتن لە دەوا لە گروپی بیتا بلوکر (وەکمێتۆپرۆڵوڵ (metoprolol) بۆ ‌هێنانە خوارەوەی پێوستی دڵ بە ئۆکسجین و هەروەها دەرمان بۆ ڕێکو پێک کردنی کاری دڵ.
  9. ئانژیۆپلاستی بۆ پێشگرتن لە بەسترانی تەنگی رەگی خوێنبەری کرۆنێری و لەناوبردنی دەڵەمەی خوێن، لە ڕێگای خوێنبەرێکی دەست یا لاڕان (گەڵ) کەتەترێکی بالۆن دار دەکرێتە نێو خوێنبەری کرۆنێر و بە باکردنی باڵۆنەکە ئەم رێگایە دەکرێتەوە.
  10. کەمکردنەوەی هەرچەشنە چالاکییەکی نەخۆش بە تایبەت لە ٢٤ کاتژمێری سەرەتادا.
  11. دەوای هێمن کەرەوە بۆ لە بەین بردنی سام و پەشێوی.

چەند پێشنیار

پیرەکان و ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵیان هەیە باشترە بە تەنیایی لە ماڵێک نەژین و هەمیشە لەگەڵ خزم و کەسەکانیان بژین تا لە کاتی نیازدا یارمەتی بدرێن، ئەوانەی کە بە تەنیایی دەژین، دراوسێیەكانیان سەبارەت بە خۆیان ئاگاداربکەن و لە کاتی مەترسی داوای یارمەتی لەوان بکەن. ژمارە تەلەفونی دکتۆر و بەشی فریاکەوتن لەبەر دەستی بێ تا لە کاتی هەست بە مەترسی جەڵتەی دڵ داوای یارمەتی بکرێ، یان لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی بەردەوامی دکتۆردا بن.

پێشگیری 

• گۆرانی شێوەی ژیانی نەخۆش و هەروەها ئەو کەسانەی کە نایانەوێ لە داهاتوودا تووشی نەخۆشی دڵ ببن دەتوانێ دەورێکی بەرچاو بۆ پاراستنی ساغ و سەلامەتی بگیرێ. لە بەر ئەمەش لە بەرچاو گرتنی ئەم شتانەی خوارەوە پێویستە:
• گرتنی ڕژێمێکی دروستی خواردن.
• جووڵان و هەڵسوران بە تایبەت وەرزش کردنی پێپسانەوە.
• کۆنترۆڵی قورسایی لەش.
• وەلانانی جگەرە.
• کۆنترۆڵی فشاری خوێن.
• کۆنترۆڵی سترێس.
• کۆنترۆڵی شەکری  خوێن.
• خواردنی حەپی هێنانە خوارەوەی کۆڵسترۆڵ.

 


سەرچاوەکان



2724 بینین