بەرگەهەوای زەوی

له‌لایه‌ن: محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-17-20:55:00 - کۆدی بابەت: 4222
بەرگەهەوای زەوی

ناوه‌ڕۆك

تایبەتییەکانی بەرگەهەوا

بەرگەهەوای هەسارەی زەوی بریتییە لە چەند چینێكی گازەكان كە بە هەوا ناسراوە و دەوری هەسارەی زەوییان داوە و پێكهاتەیەكیان دروستكردووە كە پێیدەوترێت بەرگەهەوای هەسارە، كە بێجگە لە هەسارەی زەوی هەسارەكانی تریش ئەم بەرگەهەوایەیان هەیە، هەروەها هێزی كێشكردنی زەوی بەرگەهەوای بە جێگیری هێشتووەتەوە.

بەرگەهەوا یان زەپۆش تێکەڵێکە لەو گازانەی دەوری زەوی دەدەن، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیەکی باشیش ئۆکسجینی تێدایە کە پێویستە بۆ هەناسە هەروەها بەرگەهەوا دەتپارێزێت لە تیشکی خۆری زیانبەخش، بەرگە هەوا بە شێوەیەکی بەردەوام لە گۆڕاندایە، چونکە هەر مرۆڤێک کە هەناسە دەدات و هەر درەختێک کە دەچێنرێ و هەر کەشتیەکی ئاسمانی کە دەخولێتەوە کار لە پێکهاتەکانی بەرگەهەوا دەکات.

پێکهاتەی بەرگەهەوا

زۆربەی پێکهاتەکانی بەرگە هەوا بریتییە لە گازی نایترۆجین بە ڕێژەی ٧٨٪ بەڵام ڕێژەی ئۆکسجین لە پێکهاتەکانی بەرگە هەوادا دەگاتە لە ٢١٪، ئاویش لە بەرگەهەوادا هەیە و بە زۆریش بە شێوەی هەڵمی ئاوە، لەوانەشە بە شێوەی دڵۆپە ئاوی شل لەناو هەورەکاندا هەبێت یان ڕەق دەبن و لە شێوەی بەللوری بەفر و تەرزەدابن، هەر کاتێکیش باری هەوا بگۆڕێت ئەوا هەڵمی ئاویش دەگۆڕێت بۆ ئاوی شل یان ئاوی بەستوو کە بە شێوەی باران و کەوتنی بەفر و تەرزە دەبارن.

بەڵام بە گشتی بەرگەهەوای زەوی لە سێ جۆری سەرەكی گازەكان پێكدێت كە بریتین لە نایترۆجین و ئۆكسجین و ئارگۆن، هەڵمی ئاو بە نزیكەی %0.25 بەرگەهەوای زەوی پێكدەهێنێت، هەروەها چەند گازێكی تری لە بەرگەهەوادا هەیە كە بە سروشتی لە بەرگەهەوادا نین كە بریتین لە خۆڵ، تۆزی گڕكانی، ئەیرۆسۆڵەكان وەك كلۆراین (chlorine)، فلۆراین (fluorine)، هەروەها هەڵمی قوڕقوشم و تێكەڵەكانی گۆگرد وەك گۆگردیتی هایدرۆجین (hydrogen sulfide) و دوانە ئۆكسیدی گۆگرد (SO2).

ڕێژەی پێكهێنەرەكان

نایترۆجین: باوترین گازی هەوایە کە بەرهەم دێت لە کاتی شێبوونەوەی جەستەی ڕووەکەکان و گیانەوەرە مردووەکان و لە کاتی هەڵاوسانی گڕکانەکان. ڕێژەکەی ٧٨٪ـی هەوایە.

ئۆکسجین: دووەم زۆرترین گازە باوەکانی ناو هەوایە کە ڕووەکەکان و هەڵواسراوە ڕووەکیەکان بەرهەمی دێنن، ڕێژەکەی نزیكەی ٢١٪ـی هەوایە.

گازەکانی دیکە: ئەو ڕێژەی کە دەمێنێتەوە لە بەرگە هەوادا دەکاتە ١٪ پێک دێت لە ئارگۆن و دوانۆئۆکسیدی کاربۆن و هەڵمی ئاو و گازەکانی دیکە. 

گازەكانی بەرگەهەوای زەوی

ناو   هاوكێشەی كیمیایی ڕێژەی سەدی
نایترۆجین   N2   %78.084
ئۆكسجین   O2   %20.964
ئارگۆن   Ar   %0.9340
دوانە ئۆكسیدی كاربۆن CO2  %0.041500
نیۆن   Ne  %0.001818
هیلیۆم He %0.000524
میثان   CH4   %0.000187
كریپتۆن    Kr   %0.000114

چینەكانی بەرگەهەوای زەوی

كاری بەرگەهەوا

بەرگەهەوا هەڵدەستێت بە پاراستنی ژیانی ئەو زیندەوەرانەی كە لەسەری دەژین لە ڕێگەی دروستكردنی پەستان كە یارمەتی دروستبوونی ئاو دەدات لەسەر ڕووی زەوی، هەروەها هەڵمژینی ئەو تیشكە زیانبەخشانەی كە لە خۆرەوە دێن، هەروەها هەسارەی زەوی بە گەرمی دەهێڵێتەوە لەڕێگەی هێشتەوەی گەرمی كە دەبێتە هۆی ڕێكخستنی جیاوازی پلەی گەرمی لەنێوان شەو و ڕۆژدا.
بەرگەهەوای زەوی لە چەندین گازی جیاواز پێكدێت كە بریتین لە نایترۆجین، ئۆكسجین، ئارگۆن، دوانە ئۆكسیدی كاربۆن، هەروەها لەگەڵ هەڵمی ئاو، پێكهاتەی بەرگەهەوا و پلەی گەرمییەكەی و پەستانەكەی بەپێی بەرزی لەڕووی هەسارەكەوە دەگۆڕێت.

بەرگەهەوای هەسارەی زەوی چەندین گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە لە كاتی دروستبوونییەوە، بۆ نمونە ڕووداوی گەورەی ئۆكسان كە 2.4 ملیار ساڵ لەمەوپێش ڕوویداوە بوەتە هۆی زیادبوونی زۆر ڕێژەی ئۆكسجین كە وایلێكردووە بگات بەم ئاستەی ئێستا، هەروەها مرۆڤەكان هۆكارن بۆ گۆڕانی بەرگەهەوای زەوی بەبۆنەی بەبازرگانیبوونەوە، كە بووتە هۆی پیسبوونی ژینگە و هەروەها لاوازكردنی چینی ئۆزۆن.

كشی بەرگەهەوای زەوی بریتییە لە 5.15 x 1018 كیلۆگرام، تا لەڕووی زەوییەوە لە بەرزببیتەوە بەرگەهەوا تەنكتر دەبێت، تا ئێستە سنوورێكی دیاریكراو نییە كە بەرگەهەوای زەوی لە بۆشایی ئاسمان جیا بكاتەوە، لە 100 كیلۆمەتر لە زەوییەوە هێڵێك هەیە كە پێی دەوترێت هێڵی كارمان (Kármán line) كە وەك جیاكەرەوەی بەرگەهەوای زەوی و بۆشایی ئاسمان دادەنرێت.

پڕۆسەی لێكۆڵینەوە لە بەرگەهەوای زەوەی پێیدەوتێت زانستی بەرگەهەوا atmospheric science یاخود (aerology) هەروەها چەند بوارێكی تر هەن كە بریتین لە (climatology) و فیزیای بەرگەهەوا (atmospheric physics).

پەستانی هەوا و پلەی گەرمی

لەوانەیە بەلاتەوە سەیر بێت کە تۆ ڕۆژانە ستوونێکی هەوا هەڵدەگریت کە بەرزاییەکەی ٧٠٠ کمـە، ڕاستە هەوا زۆر قورس نییە بەڵام کێشەکەی زیاددەکات، بۆ نموونە لەسەر ئاستی ڕووی دەریا هەر سانتیمەتر دووجایەک لە ڕووبەری ڕوویەک دەکەوێتە ژێر باری کیلۆگرامێک هەوا بە نزیکەیی، هەڵگرتنی ئەو بڕە هەوایە لەسەر ئەو ڕووبەرە بچووکە وەکو هەڵگرتنی تۆپێکی بۆڵینی گەورە وایە لەسەر پەنجەت.

کەمبوونی پەستانی هەوا بە زیادبوونی بەرزی

کێشکردن وا دەکات بەرگە هەوا بە دەوری زەوییدا بەستراو بێت چونکە کێشکردن گەردە گازیەکانی بەرگەهەوا بەرەو ڕووی زەوی کێش دەکات و ئەمەش پەستانی هەوا دروست دەکات. پەستانی هەوا ئەو هێزەیە کە بە هۆیەوە گەردەکانی هەوا پەستانێک دەخاتە سەر یەکەی ڕووبەرەکانی ڕووی زەوی، گەورەترین پلەکانی پەستانی هەوای بەرز دەکەوێتە سەر ڕووی زەوی چونکە بڕی ئەو هەوایەی لەسەریەتی گەورەیە، هەرچەندە لە ڕووی زەوییەوە بەرزبیتەوە پەستان کەم دەبێتەوە چونکە گەردە گازییەکان لەسەرەوە کەمتر دەبنەوە، واتە هەرچەندە بەرزبوونەوە زیاد بکات (ماووەی ستوونی لە ئاستی ڕووی دەریا) ئەوا پاستانی هەوا کەم دەبێتەوە. هەتا لەسەر ڕووی زەوی نزیک بینەوە پەستانی هەوا زیاد دەکات.

پێکهاتەی زەپۆش کاردەکاتە سەر پلەی گەرمی هەوا

بە زیادبوونی بەرزایی پلەی گەرمی هەواش دەگۆڕێت، جیاوازیەکانی پلەی گەرمیش لە بنەڕەتدا لە ئەنجامی ڕێگەی مژینی تیشکی خۆر لە کاتی تێپەڕ بوونی بە ناو بەرگە هەوادا دێتە دی، هەندێک لە بەشەکانی بەرگە هەوا گەرمترن لەوانی دیکە چونکە ڕێژەیەکی زۆر لەو گازانەی تێدایە کە تیشکی خۆر دەمژن، بەڵام هەندێک لە بەشەکانی دیکەی بەرگە هەوا ساردترن چونکە ڕێژەیەکی کەمتر لەو گازانەیان تێدایە کە تیشکی خۆر دەمژن.


سەرچاوەکان

175 بینین