چین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-12-01:00:00 - کۆدی بابەت: 4405
چین

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی چین

وڵاتی چین (بە ئینگلیزی: China، بە عەرەبی: صين) ناوە فەرمییەکەی کۆماری گەلی چینە، یەکێکە لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و خاوەنی زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانە کە نزیک لە ملیار و نیوێک دەبن، وڵاتەکە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و حیزبی شیوعیی چینی حکوومەتی بەدەستە و بەڕێوەی دەبات بە تەنیا، چین لە ٢٢ هەرێم و پێنج ناوچەی نامەرکەزی و چوار ناوچەی مەرکەزی پێکهاتووە، کە پەکین و تیانجین و شەنگەهای و چۆنگ کینگـن، هەروەها دوو ناوچەی دەرەکیش کە هۆنگ کۆنگ و ماکاو ـن، پایتەختی وڵاتەکەش پەکینە.

زانیاری گشتی

ناو کۆماری چینی میلـلی
پایتەخت پەکین
زمانی فەرمی مەندرینی
دانیشتووان ١ ملیار و ٣٨٩ ملیۆن لە ساڵی ٢٠١٩
شێوازی حوکم کۆماری چینی مارکسی لینینی – بەڕێوبردنی خۆیی تاکڕەوی
سەرۆکی وڵات شی جینگ بینگ
سوپا سوپای چین
دامەزراندنی وڵات  ١/١٠/١٩٤٩
دراو یوان CNY
ژمارەی تەلەفۆنی فریاکەوتن
 ١١٩ (فریاکەوتنی شارستانی)
١١٠ (پۆلیس)
١٢٠ (فریاکەوتنی ئەمبۆڵانس)
کۆدی تەلەفۆنی وڵات  +٨٦

زانیاری زەوی وڵاتەکە

ڕووبەڕی وڵاتەکە ٩،٦ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و چوارەم گەورەترین وڵاتی جیهانە، و جوگرافیاکەشی لە دارستان و دەشتایی جەنگەڵی و بیابان پێکهاتووە، جیاوازی کەشوهەوا و شێوازی ناوچەکانی لە سنوورەکانی سیبیریا و مەغۆلستان و ڕووسیاوە بە ناوچەی سەرمای وشک دەست پێدەکات بەرەو باشوور بە ناوچە شێدارەکانی دراوسێی ڤێتنام و میانمار کۆتایی دێت.

ناوچەکانی ڕۆژئاواشی ناهەموارە و بە زنجیرەچیاکانی هیمالایا وڵاتەکە لەگەڵ ئاسیای ناوەڕاست و هیندستان جیادەکاتەوە، بەشی ڕۆژهەڵاتی باشوور ناوچەیەکی نزماییە و دەگاتە کەنارەکانی دەریای باشووری چین و لە ڕۆژهەڵاتەکەشی دەگاتە دەریای چینی ڕۆژهەڵات کە بەمەش دەبێتە دراوسێی تایوان و ژاپۆن و ئۆقیانووسی هێمن.

شارستانییەتی چینی کۆن

شارستانییەتی چینی کۆن یەکێکە لە کۆنترین شارستانییەتەکانی جیهان، مێژووی وڵاتەکە شایەتی دەوڵەتەکانی (شانگ، ژۆ، هان، شین، جین، سویی، تانگ، سۆنگ، لیاوو، مینگ، چینگ، و کۆماری چین) بووە، کۆنترین شارستانییەتی چین شارستانیەتی شیا بووە کە ٢١ سەدە پێش زایین هەبوون، بەڵام کۆنترین حکوومەتیان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٢١ ساڵ پێش زایین بەناوی کین، هەمیشەش حکوومەتداری بە شێوەی پشتاوپشت و پادشایی بووە تاوەکو ساڵی ١٩١١ کە بە دەستی ڕابەری حیزبی میلـلی چین (کۆمینتاگ) کۆماری چین دامەزرا.

دوای کۆمینتاگ

چین لە نیوەی سەدەی بیست تووشی جەنگی ناوخۆ و داگیرکاری ژاپۆنییەکان و جەنگی جیهانی دووەم بوویەوە، دواتریش کۆمۆنیستەکان لە ١/١٠/١٩٤٩ بە سەرکردایەتی ماو تسی تۆنگ حکوومەتیان ڕووخاند و شۆڕشی کۆمۆنیستی چینیان بەرپاکرد و براوەبوون و کۆماری چینیان گۆڕی بۆ کۆماری چینی میلـلی.

ماو تسی تۆنگ سەرەتا پەیوەندی خۆی لەگەڵ تەواوی وڵاتەکانی جیهان بە کۆتا هێنا و جەختی لەسەر کارکردن لەسەر فیکری گەلەکەی کردەوە، ئەوکاتیش گەلی چین هەریەک و بیروڕایەکی تایبەتی هەبوو دەربارەی کۆمۆنیزم، هەروەها لەو ماوەیەشدا بەگژداچوونێکی سنووری حەوت مانگە لە نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و چین ڕوویدا بەبێ ڕاگەیاندنی جەنگ لە ساڵی ١٩٦٩ هەتاوەکو کۆتایی سۆڤیەت بەردەوام بوو، ماو بە ویستی تاکڕەوی خۆی بەرنامەی ئابووری تایبەتی هەبوو بۆ چین کە ناسەرکەوتوو بوون و کارەساتیان خولقاند و بوونە هۆی دروستبوونی برسیەتی و مردنی ١٤ بۆ ٤٣ ملیۆن چینی، بەڵام لەدوای مەرگی ماو، ڕێبازی ماویزم کەم کەم بەرەو نەمان چوو و ئابووری چین لەسەر دەستی شیاوپینگ بەرەو ئابووریەکی کراوە هەنگاوی نا و لەوساوە چین بوو بە یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکانی ئابووری جیهان لە هەموو بوارەکانی پێداویستی مرۆڤ.

دەسەڵاتی چین

چین ئێستا گەورەترین هەناردەکەر و دووەمین هاوردەکەری جیهانە و دووەمین ئابووری گەورەی جیهانیە لەو کەرەستانەی کە خاو نین لە ناوخۆی وڵات، ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و ئۆپیک و هاوکاری شەنگەهای و گرووپی ٢٠ـە، هەروەها خاوەنی چەکی ئەتۆمی و یەکێک لە باشترین سووپاکانی جیهانە و دووەمین گەورەترین بودجەی سەربازی تەرخانکراو لەدوای ئەمریکا چینە، و لە بواری ئابووریش دەیەوێ ڕێگای ئاوریشمی مێژوویی دووبارە دروست بکاتەوە و دەست بەسەر بازرگانی تەواوی ئاسیا و وڵاتانی دیکەش بگرێت.

سیاسەتی چین

سیاسەتی چین بەپێی یاسا کۆمۆنیستییەکان داڕێژراوە کە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری دەکاتەوە هەمیشە، وڵاتێکی سیکۆلارە بەڵام ئازادی ئایین تێیدا بوونی نییە و ساڵانە خاوەن ئایینەکان بەتایبەت موسوڵمانان تووشی ئازارێکی زۆر دەبنەوە، و سانسۆرێکی زۆریش لەسەر خەڵکی هەیە لەلایەن حکوومەتەوە و خەڵکی ناتوانن سوود لە ئینتەرنێتی جیهانی ببینن و لەجێی ئەوە ئینتەرنێتی میلـلی بەکاردێنن.

هەروەها ماڵپەڕی ویکیپیدیا لە چین فیلتەر کراوە و خەڵکی ناتوانن ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە سیاسەتی خراپی چینەوە هەیە ببینن، دیپلۆماسیەتی چینیش زیاتر جەخت لەسەر ئابووری دەکاتەوە زۆرترین پەیوەندییەکانی ئابوورین و پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە نییە و بە سیاسەتی دەرەوەی دەوترێ (تەڵەی قەرز) کە مەبەست لێی ئەوەیە کاتێک چین قەرز بە وڵاتێک بدات لە نیەتی باش نییە و سوودی بۆ خۆی لێ وەردەگرێت.

زیندەوەرانی چین

ژینگەی چین خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە گیاندار و ڕووەکی جۆراوجۆرە، کە ٦٢٦٦ جۆر گیانداری جیاوازی تێدایە و ٢٤٠٤ـیان وشکاوەکی و ٣٨٦٢ جۆر ماسی تێدایە، کە زیاتر لە سەد جۆریان تەنیا لە چین هەن وەک:

  • پاندای گەورە
  • پڵنگی چینی
  • مەیمونی زێڕین
  • پەلەوەری گوێ قاوەیی
  • کرەینی سەر سوور
  • دۆلفینی ڕووباری سپی
  • تیمساحی ڕووباری یانگتسی

چین بە پاندای گەورە بەناوبانگە کە کێشەکەی دەگاتە ١٣٤ کیلۆ و لەسەر ڕووەکی خەیزەران (بامبۆ) دەژی، و تەنیا ١٠٠٠ دانەی لێماوە و کە چین پارێزگارییان لێدەکات. هەروەها زیاتر لە ٣٢ هەزار جۆر ڕووەکی تێدایە و ٣٠٠٠ ڕووەکی پزیشکی تێدایە.

ڤایرۆس و چین

وڵاتی چین بەهۆی خواردنی هەمەجۆر تێیدا وەک خواردنی مشک و دووپشک و مار و پشیلە و سەگ و پەنگۆلین و شەمشەمەکوێرە و خواردنە سەیرەکانی دیکە بووەتە هۆی دروستبوونی چەند ڤایرۆسێکی کوشەندەی جیهانی وەک ڤایرۆسی سارس و کۆرۆنا کە ئەوەی دووەمیان گیانی زیاتر لە دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار مرۆڤی سەندەوە و زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن کەسی لە تەواوی جیهانی تووش کرد.

شوێنەوارەکان

بەناوبانگترین شوێنەوارەکانی بریتیین لە دیواری مەزنی چین و سووپای قوڕین

ئاهەنگ و بۆنەکان

بە گشتی چوار بۆنەی سەرەکی هەن لە وڵاتی چین:

  • ڕۆژی سەری ساڵی نوێ
  • جەژنی بەهار
  • جەژنی کرێکاران: سێ ڕۆژی یەکەمی مانگی پێنج، و بەم بۆنەیەوە پشووە بۆ ماوەی یەک هەفتە.
  • جەژنی میلـلی: ڕۆژی یەکەمی مانگی ئۆکتۆبەر کە ئاهەنگی سەرکەوتنی شۆڕشی شیوعی ساڵی ١٩٤٩ و دامەزراندنی کۆماری چینی میلـلییە.


سەرچاوەکان

3729 بینین