ئابووری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-24-19:48:00 - کۆدی بابەت: 4809
ئابووری

ناوه‌ڕۆك

ئابووری

ئابووری (بە ئینگلیزی: Economy، بە عەرەبیاقتصاد) لە ڕاستیدا دانانی پێناسەیەک لە ئابووری کە هەمووان پەسەندی بکەن کارێکی زۆر دژوارە، ئابووری توێژینەوەیە لەسەر سەرقاڵی و ژیانی ئاسایی، ئەو بەشە لە کردەی کۆمەڵایەتی لێک دەداتەوە کە پەیوەندی بە گەیشتن بە ئاسانکاری و دابین کردنی هەل و مەرجی ماددی بۆ ژیانێکی ئاسوودە هەیە. ئابووری زانستێکە کە هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە ڕوانگەی پەیوەندی نێوان ئامانج و هەلومەرج و توانایی و ناتوانییەکانی مرۆڤ دەخاتە بەر لێکدانەوە و وردبوونەوە. هەروەها ئابووری زانستێکە کە دیاردەکان دەنرخێنێ و لێکیان دەداتەوە. بە گوێرەی ئەو پێناسانەی ئاماژەیان پێکرا دەتوانین بەم چەشنە ئابووری پێناسە بکەین، زانستی ئابووری هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو شتمەکانەی کە ڕادەیان کەمە و بە شێوە گەلی جۆراوجۆر کەڵکیان لێ وەردەگیرێ، بۆ گەیشتن بە دۆزێکی ڕەچاوکراو وەک زۆرترکردنی داهات، دەخاتە بەر لێکدانەوە.

لەڕووی كۆمەڵناسییەوە

لە بارەی کۆمەڵناسییەوە ئابووری بریتییە لە دامەزراوەیەک کە کاری ڕێکخستنی پرۆسەی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و بەکارهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە، هۆی ئەوەی کە کۆمەڵناسان ئابووری بە دامەزراوە دەزانن، ئەوەیە کە کاری ئەم بەشە وەکو دامەزراوە ڕەسمییەکانی تر تا ڕادەیەکی سەرنجڕاکێش پێش بینی دەکرێ. ئەمە بەو واتایە نییە کە ئابووری لەسەر ڕێبازی هێنانە دی ئاواتەکانی تاکەکاندا دەڕوا.

بەشەكانی ئابووری ناوخۆیی و دەرەكی

بەشی یەكەم

هەموو ئابوورییەکان (ناوخۆی و دەرەکی) لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتوون: سەرەتایی، دووەمین و سێیەمین، بەشی سەرەتایی ئابووری مەوادی خاو لە کانەکان دەردێنێ، ئەم بەشە بریتییە لە کشتوکاڵ، ماسی گری، هەڵینجانی کانەکان، جەنگەڵ و لێڕەوارەکان و ئاژەڵداری. هەرچەن ئەم بەشە لە وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتوودا زۆر بە نرخە، بەڵام گرنگترین بەشی ئابووری نییە، بۆ نموونە تەنیا پێنج لە سەدی هێزی کاری ئەمریکا لەم بەشەدا خەریکی چالاکین، کەچی لە وڵاتێلی وەکو کینیادا نزیک بە ٨٠٪ هێزی کاریان لەم بەشەدا کاردەکەن.

بەشی دووەم

بەشی دووەمی ئابووری، كەرەستە خاوەكان دەکاتە ئەو کەلوپەلەی خەڵک پێویستیان پێیە و زۆرتر ئەم بەشە کە وڵاتانی پیشەسازیدا کە خاوەن کارخانە گەلی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و ئاسن و کۆمپیوتەر و ...هتد، دێتە ئەنجام. ئەم بەشە کاریگەرییەکی زۆری بەسەر گەشەی ئابووری جیهاندا هەیە و چالاکی ئابووری نێوان وڵآتە جیاوازەکان دیاری دەکات.

بەشی سێیەم

لە بەشی سێیەمدا ئابووری کاری دابینکردنی خزمەتگوزارییە نەک کاڵای پێویست، ئەم شێوازە تایبەت بە وڵاتانی پیشەسازی زۆر پێشکەوتووە کە خەریکی بکات لە کۆمەڵگای پیشەسازی بۆ پاش پیشەسازین، ئەم شێوازە لە وڵاتی ئەمریکادا دیارە، نزیکەی ٦٠٪ی خەڵکی ئەمریکا لەم بوارەدا چالاکیان هەیە، ئەم کەرتە، کە کەرتی ئابووری خزمەتگوزاریشی پێدەڵێن، بریتییە لە بەڕێوەبردنی کار و باری ماڵی، زانیاری، گواستنەوە، ڕاگەیاندن، پەروەردە، وەرزش، بیمە، گەشتوگوزار و فرۆشیاری و گەلێ خزمەتگوزاری تر، بەڕای پۆرتێر ئەم بەشە نەک تەنیا لە وڵاتانی پیشەسازی زۆر پێشکەوتوودا خەریکی گەشەسەندنە، بەڵکو بە ڕاشکاوی پیشەی خزمەتگوزاری خەریکی بە جیهانی بوونە.


سەرچاوەکان



2992 بینین