ئەڵمانیا

ئەڵمانیا

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-02-21:29:00 - کۆدی بابەت: 5110
ئەڵمانیا

ناوه‌ڕۆك

زانیاری گشتی لەسەر ئەڵمانیا

کۆماری ئەڵمانیای یەکگرتووی دیموکرات دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای کیشوەری ئەوروپا، ڕووبەرەکەی بریتییە لە 357,032کم دووجا کە دابەش دەبێت بەسەر ١٦ ویلایەتدا، ژمارەی دانیشتوانەکەی دەگاتە نزیکەی ٨١،٧ ملیۆن مرۆڤ، لە باکوورەوە دانیمارک و زەریای بەڵتیک و لە رۆژئاواشەوە هۆڵەندا و فەڕەنسا و بەلجیکا، لە باشوورەوە سویسرا و نەمسا، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە پۆڵەندا دەوریان داوە، پایتەختی ئەڵمانیا بەرلینە، و دراوی یۆرۆ بەکار دەهێنێت، ئەڵمانیا خاوەنی کەش و هەوایەکی وەرزیی هاوسەنگ و هەمەڕەنگییەکی سروشتی و جوگرافی جوانە و ڕەنگینییەکی کولتوری و شارستانی تێدا هەیە، ئەڵمانیا یەکێکە لە دەوڵەتانی ئەندام لە دامەزراوەی یەکێتی ئەوروپی، کە بە دەسەڵاتترین و بەهێزترینایە لەسەر ئاستی کیشوەرەکە، یەکێکە لە پێشکەوتووترین دەوڵەتانی جیهان و لە ڕیزی پێشەوەیە لە زانستەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای هاوچەرخ و تەکنەلۆژیا زیرەکەکان، بەرهەمە ئەڵمانییەکانیش جیهانیان داگیر کردووە لەبەر کوالێتیە بەرزەکەیان و باشیی دروستکردنیان.

ئاڵای ئەڵمانیا

ڕەنگ و مانای ئاڵای ئەڵمانیا، وە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم شێوەیە

ئاڵای ئەڵمانیا ئاڵایەکی سێ ڕەنگە کە بە شێوەیەکی ستونی ڕیز بوو، ڕەنگەکان بریتین لە ڕەش و سوور و زەردی ئاڵتونی، ئەم ڕەنگانە بە ڕەنگە نیشتیمانییەکانی مێژووی ئەڵمانیا دادەنرێن، ئەم شێوەیە بە ئاڵای فەرمی دەوڵەت دادەنرێت، چیرۆک و گێڕانەوە زۆرن لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردن و دانانی ئەم ڕەنگانە، بەناوبانگترینیان ئەمانەن:

  • ڕەنگە ڕەش و ڕەنگە زەردەکە:   زۆرێک لە مێژوونووسان وای بۆ دەچن کە سەرەتای ئەم دوو ڕەنگە دەگەڕێتەوە بۆ هێمای خانەدانەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیی پیرۆز، کە دواتر بوو بە شانشینی هابسبۆرگی نەمساوی، بە پاشایەتی ڕەش و ئاڵتونیش دەناسرا، هەروەها هەندێکی دیکە وای دەبینن کە ئەو دوو ڕەنگە دەگەڕێنەوە بۆ یەکێتی ئەڵمانی، کە بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەن بۆ لیبراڵیەت.
  • ڕەنگە سوورەکە:   ئاماژە بۆ رابیتەی هانزی دەکات کە زۆر لە شآرە بازرگانییەکانی باکووری ئەڵمانیا دەگرێتەوە.

هەروەها هەندێک مێژوونووس وای دەبینن کە ئەو سێ ڕەنگە ڕەنگی حیزبە دیموکراتی و ناوەندیی و کۆمارییەکانن، کە بریتین لە کۆمەڵی ئەو حیزبانەی کە لە کۆماری ڤایمەر دامەزران، سەرەڕای ئەو جیاوازییەی کە چیرۆکەکان هەیانە دەربارەی ئەو مانایانەی کە سێ ڕەنگەکەی ئاڵای ئەڵمانی هەڵیدەگرن، بەڵام بێگومان پەیوەندیان بە دیموکراتی و یەکێتی و ئازادیی ئەڵمانیا هەیە.

ئابووری ئەڵمانیا

دەوڵەتی ئەڵمانیا بە زەبەلاحێکی ئابووری دادەنرێت لە ناوەڕاستی ئەوروپادا، خاوەنی گەورەترین ئابووری خۆجێیە لە کیشوەرەکەدا، وە سێیەم گەورەترین دەوڵەتی بەرهەمهێنە لە جیهاندا، لە ساڵی ٢٠٠٢ـەوە پارەی فەرمی لە دەوڵەتدا کردووە بە یۆرۆ، بەرهەم و کاڵا ئەڵمانییەکان بوونەتە خاوەنی متمانەی هەمووان لەبەر ئەو کوالێتییە بەرزەی هەیەتی و ئەو وردەکارییەی لە دروستکردنیدا هەیە، ئەمە یارمەتیدەری بڵاوبوونەوە و زیادبوونی داواکاری بووە بۆ ئەم بەرهەمانە، دەوڵەتی ئەڵمانیا جەمسەری گەورە بازرگان و پیشەساز و وەبەرهێنەکانە و ساڵانە شارەکانی بە تایبەت پایتەختە ئابوورییەکەی کە فرانکفۆرتە ژمارەیەکی زۆر کۆنگرە و پێشانگای ئابووری لەخۆدەگرێت، هەروەها ئەم شآرە بانکی ناوەندی ئەوروپاش لەخۆدەگرێت، لە هەر بستێک لە خاکی ئەم وڵاتەدا دامەزراوە و بینای پیشەسازی بچووک و ناوەندی و گەورە بوونی هەیە، لە بەناوبانگترین بەرهەم و هەناردەکانی ئەم وڵاتە بریتین لە ئۆتۆمبێل و ماددە کیمیایی و ئامێرە کارەباییە سووک و قورسەکان و هیتر، ئەڵمانیا خاوەنی کەمترین ڕێژەی بێکارییە لە ئەوروپادا، بە ڕێژەیەک کە ناگاتە ٤،٧٪ لە کۆی گشتی دانیشتوان.
ئابووری ئەڵمانیا نموونەیەکی سەرکەوتوو و ئەزمونێکی بەناوبانگە، لەبەر ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابوورییە قورسانەی کە گەلی ئەڵمانی پێیدا تێپەڕ بووە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە و ئەو دابەشکردنەی کە وڵاتەکەی پارچە کرد، ئەڵمانەکان هەستانەوە و لەگەڵ خۆیاندا ئابووریەکەیان بەرز کردەوە لە ڕێگەی پلانی دامەزراوە و دەزگا پیشەسازییە ئابورییە بچووک و مامناوەندە پسپۆڕەکان، ئەمە بووە هۆی خێرابوونی چەرخی بەرهەمهێنان و جۆر و بڕی بەرهەمە ئەڵمانییەکان زیادی کرد، ئەڵمانەکان زۆر شانازی دەکەن بە پیشەسازییەکانیان و بەرهەمەکانیان بە پێوەری هێز و توانایان دادەنێن.

 

گەشتوگوزار لە ئەڵمانیادا

دەوڵەتی ئەڵمانیا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی زۆرترین گەشتیار بۆ خۆی ڕادەکێشێت، ئەمەش لەبەر ئەو هەمەچەشنەییەیە کە سروشتی سەوز و ناوچە مێژووییە گەورەکان و مۆزەخانە و کڵیسا و عومرەکردنە شارستانییە ڕێکخراوەی کە مێژوو و سروشت و پێشکەوتن و شارستانیی بە یەکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها ئەڵمانیا هەموو هۆکارەکانی خۆشگوزەرانی و پشوودان و سەلامەتی دابین دەکات، بە دەستپێکردن لە گواستنەوەی گشتییەوە، وەک شەمەندەفەری هەرزان و پاسی ئاسوودە و هوتێل و کافێ و خواردنگە و شانۆ و پارکە گەورە بڵاوەکان لە هەموو بەشەکانی وڵاتدا.
ساڵەنە ملیۆنان کەس سەردانی ئەڵمانیا دەکەن لە هەموو بەشەکانی جیهانەوە، خەڵک دێن بۆ تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی بەشەکانی ئەم وڵاتە جوانە بەناوبانگە، بۆ ئەو هێز و ڕێکخستن و سەرکەوتنەی کە لە زۆربەی بوارەکاندا هەیەتی، لە بەناوبانگترین ئەو شوێنە گەشتیاریانەی کە لە ئەڵمانیادا هەن، بریتییە لە کەنیسەی کۆڵن و پارکی ڕەش لە باشوور و دیواری بەرلین و قوبە گەورەکە و مۆزەخانەی بیرغامۆن لە بەرلین، هەروەها پارکی ئینگلیزی لە شآری میونخ، گەشت و گوزار لە ئەڵمانیادا بازدانێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، لەو کاتەوە کە پێشوازی لە جامی جیهانی کرد لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا، دوای ئەوەی هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد بە جوانیی شارەکانی و ڕێکخستنیان و دیزاینی یاریگا و باڵەخانەکانی.

کەش و هەوای ئەڵمانیا

بە شێوەیەکی گشتی کەش و هەوا لە ئەڵمانیادا هاوسەنگە، بەڵام زۆر بە دەگمەن پلەی گەرمی بەرزبوونەوەی زۆر بەخۆوە دەبینێت لە کاتی هاویندا، یاخود بەستەڵەک و زوقمی زۆر ڕوونادات لە زستاندا، ئەم بارودۆخە لەگەڵ زۆری باران باریندا و دابەشبوونی بەسەر شوێنەکانی وڵاتدا بە شێوەیەکی باش بارودۆخێکی باشی دروست کردووە بۆ چاندن و کشتوکاڵ بۆ بەرهەمە جۆراوجۆرەکان، وەک هەموو ناوچەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، ئەڵمانیا تووشی گۆڕانی زۆر خێرای کەس و هەوا دەبێت کاتێک هەوا ڕۆژئاواییە هاوسەنگەکان کە لە زەریای ئەتڵەسییەوە دەگات بە بارستە هەواییە ساردەکان کە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە دێن.

پایتەخت (بەرلین)

شآری بەرلین بە پایتەختی فەرمی ئەڵمانیا دادەنرێت، ئەم شارە بە گەورەترین شآریش دادەنرێت لە ڕووی ڕووبەرەوە، بە جۆرێک ڕووبەرەکەی دەگاتە نزیکەی 891 کیلۆمەتر چوارگۆشە، هەروەها بە یەکێک لە چڕترین وڵاتەکانی یەکێتی ئەوروپی دادەنرێت بە شێوەیەکی گشتی، بە جۆرێک ڕێژەی دانیشتوانی گەیشتە زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٦ز ـدا.

مێژووی ئەڵمانیا

مێژووی ئەڵمانیا دەستپێدەکات لە لەدایکبوونی ئەوەی پێی دەوترێت نەتەوەی ئەڵمانی لە چاخە ڕۆمانییە کۆنەکاندا لە سەدەی هەشتەمی زایینی، ئەمە دریژ دەبێتەوە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیی پیرۆزدا بەردەوام دەبێت کە لە سەدەی نۆوە دێت تا ساڵی 1806ز. ئم ئیمپراتۆریەتە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە پێیان دەوترێت ئەڵمانیا و نەمسا و سویسرا و کۆمار چیک و سلۆڤینیا و زەوییە نزمەکان (هۆڵەندا)، و ڕۆژئاوای پۆڵەندا، هەروەها ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا و زۆربەی بەشەکانی باکووری ئیتاڵیا. دوای نیوەی سەدەی سەدەی پازدەهەم، زیاتر بە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیی پیرۆزی نەتەوەی ئەڵمانی دەناسرا.
لە نێوان ساڵەکانی 1815-1866 کۆنفیدراڵیەتی ئەڵمانی دروست بوو، پاشان ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانی (1871-1918) و پاشان کۆماری ڤایمار (1919-1033) قەڵەمڕەوی هیتلەری بەدوادا هات و دوای ئەوەش دامەزراندنی ئەڵمانیای نازی (1933-1945) کە ئەویش بە کۆتای هاتنی جەنگی جیهانی دووەم و دۆڕانی ئەڵمانیا کۆتای پێهات و زۆربەی ژێرخانە ئابوورییەکەی لەناوچوو. هەروەها جەنگ بووە هۆی دابەشبوونی ئەڵمانیا بۆ دوو سەربازگەی شیوعی سۆڤێتی و سەربازگەی ڕۆژئاوایی لیبڕاڵیی یەکگرتوو، ئیتر ئەڵمانیا پێکهاتبوو لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا یاخود کۆماری ئەڵمانیای یەکگرتوو، وە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات یاخود ئەڵمانیای دیموکراتی DDR. ئەم دابەشبوونە بەردەوام بوو هەتا ساڵی 1990 کاتێک کە دیواری بەرلین ڕووخا و دوای ئەوەش یەکێتی سۆڤێتی ڕووخا.

ئەڵمانیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم

کاریگەری جەنگی جیهانی دووەم لەسەر ئەڵمانیا زۆر گەورە بوو، بەپێی توێژینەوە نوێیەکان زیانەكانی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن کوژراو دادەنرێت تەنها لە بەرە سەربازییەکاندا، هەروەها سەدان هەزار یاخود ملیۆنان مرۆڤ گیانیان لەدەست داوە بەهۆی بۆردومان و ئاوارەکردنی کەمینەکان و زۆر کارەساتی دیکە کە لە جەنگدا ڕوویانداوە، کۆی گشتی قوربانییەکان بە نزیکەی 11%ـی کۆی گشتی ئەڵمانییەکان دادەنرا لەو ماوەیدا کە نزیکەی ٧.٥ ملیۆن مرۆڤ بوون.
هەروەها یەکەم دەرەنجامی جەنگی جیهانی دووەم دابەشبوونی ئەڵمانیا بوو بۆ ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا ناوی لێنرابوو کۆماری ئەڵمانیای دیموکراتی کە سەر بە سیستەمی شیوعی بوو، ڕۆژئاواش ناونرابوو بە کۆماری ئەڵمانیای یەکگرتوو کە سەر بە سیستەمی سەرمایەداری بوو، ئەم دابەشبوونە بەردەوام بوو هەتا ساڵی ١٩٩٠ز کە سیستەمی شیوعی ڕووخا لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتدا و لەگەڵ ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات یەکیان گرتەوە و دیواری بەرلین ڕووخێنرا.

هەستانەوەی ئەڵمانیا

کرداری دووبارە بنیاتنانەوەی ئەڵمانیا بە پڕۆژەی مارشاڵ دەستی پێکرد کە جەنەڕاڵی ئەمریکی، جۆرج مارشاڵ پلانی بۆ دانا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئەمریکا بە نزیکەی سیانزە ملیار دۆلاری ئەمریکی هاریکاری ئەوروپای کرد، واتە نزیکەی 130 ملیار دۆلاری ئێستا، ئەمە ژیانی کردەوە بە بەری ئەوروپادا بە شێوەیەکی گشتی و ژاپۆن و ئەڵمانیا بە شێوەیەکی تایبەت.
ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیە نەهێشتنی ئەو پلانە سۆڤیەتیانە بوو کە کۆمۆنیستیی لە ئەوروپادا بڵاو دەکردەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، لەبەرئەوەی هەژاری و برسێتی و قەیران لە دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەڵمانیادا بڵاو بوبوویەوە بە شێوەیەکی گشتی و لە ئەڵمانیادا بە تایبەتی، ئەمەش کەشێکی لەباری دروست کردبوو بۆ بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیستی لەو ناوچانەدا، هەروەها بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی ئەڵمانیا و ژاپۆنیش ئەم پڕۆژەیە ئەنجام دەدرا، بۆیە سەرمایەدارە ئەمریکەکان پشکی شێریان هەبوو لەو پڕۆژانەی کە لە ئەڵمانیا و ژاپۆندا دروست دەکران، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دروستکردنەوەی ئەڵمانیا بەشی بچووک بوو لە هاوکارییە ئەمریکییەکان بۆ دروستکردنەوەی ئەوروپا، هەروەها زۆری ئەو پارەیەی لە سەرف دەکرا لە ئەڵمانیادا هەر لە ڕێگەی باجەوە لە ئەڵمانەکان دەسەندرایەوە، سەرەڕای ئەوەش بەشێکی گەورەی ئەو بڕە پارە زۆرە لە وەبەرهێن و هاریکارییە بچووکەکانی بانکەکانەوە وەرگیرابوو.

ئەڵمانیا وردە وردە و بە هێواشی دەستی کرد بە بەهێز بوونەوە، ئیتر ئاستی ژیانی گەلی ئەڵمانی بەرز کردەوە و دەستی کرد بە هەناردە کردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوە، هەروەها ئاستەکانی بێکاری نزم کردەوە و بەرهەمی خۆراکی ناوخۆی زیاد کرد، هەروەها بازاڕی ڕەشیشی لاواز کرد، هۆکاری سەرەکیش بۆ هەستانەوەی گەلی ئەڵمانی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بریتی بوو لە شۆڕشی پیشەسازی کە لە ئەڵمانیادا ڕوویدا لە هەموو بوارەکان و بە تایبەتی لە بواری پیشەسازییە قورسەکاندا، ئەڵمانیا بەهۆی ئەم شۆڕشەوە سەرکردایەتی زۆر لە پیشەسازییە جیاوازەکان دەکات لەسەر ئاستی جیهاندا لە ئێستادا.


سەرچاوەکان

377 بینین