هاتنە خوارەوەی وێڵاش

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-06-13:51:00 - کۆدی بابەت: 5185
هاتنە خوارەوەی وێڵاش

ناوه‌ڕۆك

هاتنە خوارەوەی وێڵاش چییە؟

هاتنە خوارەوەی وێڵاش، یان هاتنی وێڵاش بۆ بەشی تەختایی منداڵدان، کاتێک دروست دەبێت کە لە مانگی کۆتایی دووگیانیدایت، وێڵاش بەشێکی یاخود هەموو ملی منداڵدان دادەخات، ئەم حاڵەتە لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەربوون پێش منداڵبوون.

وێڵاش لەماوەی دووگیانیدا لەناو منداڵداندا گەشە دەکات، ئەم ئەندامە کە لە شێوەی کیسەیەدایە، خۆراک و ئۆکسجینی پێویست دابین دەکات بۆ گەشەی کۆرپەلەکە و پیسیەکان لە خوێنی منداڵەکە دەکاتە دەرەوە، وێڵاش دوای لەدایکبوونی منداڵەکە دەیهێننە دەرەوه.

بەدرێژایی ماوەی دووگیانی لەگەڵ گەشە و کشانی منداڵداندا وێڵاش دەجوڵێت و شوێنەکەی دەگۆڕێت، بوونی وێڵاش لەبەشی تەختایی خوارەوەی منداڵدان لە مانگەکانی سەرەتای دووگیانیدا حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام بە بەرەوپێش چوون و کشانی منداڵدان، بە شێوەیەکی ئاسایی وێڵاش دەچێتە بەشی سەرەوەی منداڵدان، لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا ئیتر دەبێت وێڵاش لە بەشی سەرەوەی منداڵداندا جێگیر بووبێت، ئەم حاڵەتەش یارمەتی ملی منداڵدان و ڕێڕەوی منداڵدان دەدات کە ئامادە بێت بۆ منداڵبوون و کراوە بێت.
بەڵام ئەگەر وێڵاش لە بەشی تەختایی خوارەوەی منداڵداندا بێت، ملی منداڵدان بە تەواوی یان بەشێکی دادەپۆشێت، و ئەم حاڵەتەش ناو دەبرێت بە هاتنە خوارەوەی وێڵاش، ئەو ژنانەی کە گیرۆدەی ئەم حاڵەتەن پێویستیان بە پشوودانێکی تەواو هەیە.

نیشانەکانی هاتنە خوارەوەی وێڵاش چییە؟

نیشانەی سەرەکی ئەم حاڵەتە خوێنبەربوونی پچڕ پچڕ یان توندە لە دامێنەوە، بەهەرحاڵ ئەگەر ئەمە و ئەم نیشانانەی تری خوارەوەت هەبوو زوو پەیوەندی بکە بە پزیشکەوە.

١- گرژبوونی ماسولکەکانی سک یان ئازاری زۆر.

٢- ئەو خوێنبەربوونانەی کە زوو زوو دەست پێ دەکەن و کۆتاییان پێ دێت و دووبارە لە ڕۆژ یان هەفتەکانی داهاتوودا دێتەوە.

٣- خوێنبەربوونی دوای جوتبوون.

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی زیادبوون یان دروستبوونی ئەم حاڵەتە

١- منداڵەکە لەناو منداڵداندا حاڵەتێکی نائاسایی هەیە وەک منداڵی سوار (حاڵەتێکە کە تێیدا قاچی منداڵەکە لە خوارەوەیە خۆی دەبێت سەری لە خوارەوە بێت).

٢- پێشتر نەشتەرگەریت بۆ منداڵدانت کردبێت.

٣- نەشتەرگەری منداڵبوون، یان کورتاجکرن بۆ لابردنی پارچەکانی ناو منداڵدان.

٤- سکپڕی بە دوو منداڵەوە یان زیاتر. 

٥- بوونی پێشینەی لەبارچوون.

٦- گەورەی وێڵاش.

٧- شکڵ و حاڵەتی نائاسایی منداڵدان.

٨- بوونی منداڵێکی تر کە لەگەڵ ئەمدا ماوەیەکی زۆر کەمیان بەینە.

٩- بوونی حاڵەتی هاتنە خوارەوەی وێڵاش لە سکەکانی پێشووتردا.

١٠- تەمەنی دایکەکە سەرو ٣٥ ساڵی.

١١- بەکارهێنانی جگەرە و دووکەڵی تر.


سەرچاوەکان



4899 بینین