ڕاوتەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-12-15:18:00 - کۆدی بابەت: 5290
ڕاوتەر

ناوه‌ڕۆك

ڕاوتەر چییە؟

ڕاوتەر ئامێرێكی نێتۆركینە كە بەكاردێت بۆ گواستنەوەی داتا لە شێوەی پاكێت (data packets) لەنێوان نێتۆركەكاندا، ڕاوتەر هەڵدەستێت بە ئاڕاستەكردنی داتاكان لە ئینتەرنێتدا، ئەو داتایانەی كە لە ناو ئینتەرنێتدا دەنێردرێن وەك وێب سایتەكان یان ئیمەیڵ پێیان دەوترێت پاكێت، زۆر جار پاكێت لە ڕاوتەرێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ ڕاوتەرێكی تر كە لە ناو نێتۆركێكی گەورەتردایە وەك (ئینتەرنێت) تا دەگات بە ئامانجەكەی كە لە زمانی نێتۆركینگدا پێی دەوترێت نۆد (node).
ڕاوتەر دەبەسترێت بە دوو نێتۆرك یان زیاترەوە، كە كاتێك پاكێتێكی بۆ دێت هەڵدەستێت بە خوێندنەوەی نێتورك ئەدرێسەكەی ئەو پاكێتە و دیاریكردنی شوێنی مەبەستی پاشان بە بەكارهێنانی ئەو زانیارییانەی كە لە خشتەی ڕاوتین (routing table)ـی ڕاوتەرەكەدا هەیە هەڵدەستێت بە ناردنی پاكێتەكە بۆ شوێنی مەبەست.
باوترین و دیارترین ڕاوتەرەكان بریتین لە ئەو ڕاوتەرانەی كە لە ماڵ و ئۆفیسەكاندا هەن، كە هەڵدەستن بە ئاڵۆگۆڕكردنی پاكێتەكان لە نێوان كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی خانوو یان ئۆفیسەكە لەگەڵ ئینتەرنێتدا.

جۆرەكانی ڕاوتەر

ڕاوتەری ناوەكی (Core router)

ئەم جۆرە ڕاوتەرانە زیاتر لەلایەن كۆمپانیای دابینكەری خزمەتگوزارییەوە بەكاردێن، وەك: (AT&T, Verizon, Vodafone)، هەروەها لە لایەن كۆمپانیاكانی دابینكەری كڵاود (cloud providers) وەك: (Google, Amazon, Microsoft)، ئەم جۆرە ڕاوتەرانە هەڵدەستن بە دابینكردنی زۆرترین خێرایی و (bandwidth) بۆ پێكەوەبەستنی ڕاوتەر و سویچی زیاتر.

ڕاوتەری قەراغەكان (Edge router)

ڕاوتەری قەراغەكان زیاتر پێیاندەوترێت ڕاوتەری دەرگایی (gateway router)، كە بریتییە لە دوورترین خاڵیی پەیوەندی نێتۆركەكان، ڕاوتەرە قەراغییەكان بەشێوەیەك دیزاین كراون كە بە چەند ڕاوتەرێكی ترەوە ببەسترێنەوە بۆ گەیاندنی داتا و زانیارییەكان بە بەكارهێنەران.
ئەم جۆرە ڕاوتەرانە زۆربەیان یەك پۆرتی جۆری ئیثەرنێتیان (Ethernet ports) هەیە بۆ بەستنەوە بە ئینتەرنێتەوە، و چەند پۆرتێكی تر بۆ بەستنەوەی ڕاوتەری تر.

ڕاوتەری دابەشكەر (Distribution router)

ڕاوتەری دابەشكەر، هەروەها پێیدەوترێت ڕاوتەری ناوەكی داتا و زانیاری لە ڕاوتەرە قەراغییەكانەوە وەردەگرێت لە ڕێگەی پەیوەندی وایەرییەوە و دواتر دەینێرێت بۆ بەكارهێنەران لەڕێگەی (وایفای)ـەوە، هەروەها ئەم ڕاوتەرانە پۆرتی فیزیكییان هەیە كە لە جۆری (Ethernet)، كە بەكاردێت بۆ بەستنەوەی بەكارهێنەر یان ڕاوتەری زیاتر.

ڕاوتەری وایەرلێس (Wireless router)

ڕاوتەری وایەرلێس بریتییە لە تێكەڵەیەك لە ڕاوتەری دابەشكەر و ڕاوتەری قەراغی، كە ئەم ڕاوتەرانە بڵوترینن لە ئۆفێس و ماڵەكاندا بۆ بەستنەوە و بەكارهێنانی ئینتەرنێت.

ڕاوتەری خەیاڵی (Virtual router)

ڕاوتەری خەیاڵی بریتییە لە پارچەیەك لە سۆفتوێر (پڕۆگرام) كە وا لە ڕاوتەرەكان دەكات لە كڵاودەكاندا بە شێوەی خەیاڵی خزمەتگوزاری دابین بكەن، ئەم ڕاوتەرانە بە باشترین دادەنرێت بۆ كار و كۆمپانیا گەورەكان چونكە تێچوویان كەمترە و هەروەها مامەڵەكردن لەگەڵی ئاسانترە چونكە خەیاڵییە و هاردوێری نییە.


سەرچاوەکان



2211 بینین