شێوەکانی ڕاگەیاندن

له‌لایه‌ن: - یاد نوره‌دین - به‌روار: 2021-05-19-13:55:00 - کۆدی بابەت: 5415
شێوەکانی ڕاگەیاندن

ناوه‌ڕۆك

ڕاگه‌یاندنی ئاماژه‌یی (غیر لفظی – ناگوته‌یی)

به‌كۆنترین شێوه‌كانی ڕاگه‌یاندنی مرۆیی داده‌نرێت، تیایدا نێره‌ر بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی هه‌یه‌تی بۆ وه‌رگر كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ و (امائات) به‌كارده‌هێنێت، مرۆڤی كۆن به‌ر له‌وه‌ی زمانی ئاخاوتن و نوسین بدۆزێته‌وه‌، ئه‌مجۆره‌ ڕاگه‌یاندنه‌ی به‌کارهێناوه‌، تا ئێتاش هه‌ندێكیان بۆ ڕاگه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ی هه‌ندێ واتا بۆ كه‌سانیتر ئاماژه‌ و هه‌ندێ جوڵه‌ی تایبه‌تی له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یاندا به‌كارده‌هێنن.

ڕاگه‌یاندنی گوته‌یی (لفظی)

ئه‌م شێوه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ پشت به‌ زمانی ئاخاوتن ده‌به‌ستێت، له‌ ڕێگه‌ی پێكهێنانی ڕسته‌ له‌ وشه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی سازدان و گه‌ڵاڵه‌ كردنی بیرۆكه‌یه‌ك و پاشان گواستنه‌وه‌ی بۆ وه‌رگر، ده‌توانین پێناسه‌ی زمان به‌مجۆره‌ بكه‌ین كه‌: سیسته‌كێكه‌ له‌ هێما و له‌ كاتی پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندندا په‌نای بۆ ده‌به‌ین)، زۆر پێویستیشە كه‌ نێره‌ر و وه‌رگر هه‌ردووكیان زمانی په‌یامه‌كه بزانن بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌كتر تێبگه‌ن، چونكه‌ پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندن ته‌نها له‌ ناردندا ناوه‌ستێت و كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكو پێویستی به‌ تێگه‌یشتن هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌ یه‌كچون و نزیكه‌ییه‌ك له‌ نێوان گه‌نجینه‌ی زمانه‌وانی هه‌ردوولا (نێره‌ر و وه‌رگر) دا هه‌بێت، بۆ ئەوه‌ی به‌ ئاسانی له‌یه‌كتر تێبگه‌ن.

ڕاگه‌یاندن بۆ نوسین

مه‌به‌ست له‌ ڕاگه‌یاندنی نوسراو، تێكڕای هۆیه‌ نوسراوه‌كانه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی په‌یام له‌ نێره‌ره‌وه‌ بۆ وه‌رگر به‌كارده‌هێنرێت، وه‌كو ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و نامه‌ و بڵاوكراوه‌ و ڕاپۆرت و یاداشت و هتد، ئه‌م شێوه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ پێویستی به‌ به‌ڵگه‌یه‌كی نووسراو هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانرێت له‌ كاتی پێویستیدا بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، به‌ڵام خه‌وشێكی هه‌یه‌ ئه‌ویش گرانییه‌كه‌یه‌تی له‌ ڕووی داراییه‌وه‌، چونكه‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان ته‌نها له‌ چوارچێوه‌یه‌كی به‌رسكدا بڵاو ده‌بنه‌وه‌، كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌شیان كاتێكی زۆر ده‌وێت، بۆ نمونه‌ پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان پێویستیان به‌ كاتێكی زۆر هه‌یه‌ بۆ گه‌یاندنیان به‌ خوێنه‌ر.

ڕاگه‌یاندنی ئه‌لكترۆنی

له‌ گرنگترین و دیارترین شێوه‌كانی ڕاگه‌یاندنی ئه‌لكترۆنی ئێزگه‌ و ته‌له‌فزیۆن و ته‌له‌فۆن و فاكس و ئینته‌رێته‌، ئه‌م ئامرازانه‌ش لایه‌نی باشیان له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌خێرایی و توانستێكی زۆره‌وه‌ په‌یامه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ شوێنی مه‌به‌ست، وێڕای دوباره‌ پیشاندانه‌وه و خستنه‌ڕوو و بینینه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن وه‌رگروه‌ هه‌ر كاتێك بیه‌وێت.‌


سەرچاوەکان



3240 بینین