گوڵی مێخەک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-07-09-20:45:00 - کۆدی بابەت: 5814
گوڵی مێخەک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی مێخەک (بە عەرەبی: زهرة القرنفل، بە ئینگلیزی: Dianthus، ناوی زانستی: Dianthus)، نشینگە بنەڕەتییەکەی بریتییە له کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا و نزیکەی زیاتر لە ٣٠٠ جۆری سەرەکی هەیە، لەگەڵ سەدان جۆری دوو ڕەگی جیاوازتر، ئەم گوڵە بۆ چاندن لە زۆرینەی باخچەکاندا گونجاوە کە دەتوانێت خۆی بگونجێنێت و بەناوبانگە بە بۆنە خۆشەکەی، هەروەها دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی پەپوولە و چۆلەکە و ئەو مێرووانەی دەبنە هۆی گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵەکان، جگە لە ئەمانەش ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی جیاوازی مێروویی و میکرۆبی دەبێتەوە و پێویستە چاودێری وردی بکرێت.

شێوە و پێکهاتەی

مێخەک گوڵێکی قەبارە مامناوەندە و لە قەد، ڕەگ، گەڵا و  گوڵ پێکهاتووە، گوڵێکی جوان دەگرێت و چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک سوور، سپی، پەمەیی یان مۆر، وەرزی گوڵگرتنی دەکەوێتە بەهار و هاوینەوە و گوڵەکەی پێکهاتووە لە پێنج پەڕە، کە خونچەکەی لە هەر جێگەیەکی ڕووەکەکەدا بکرێتەوه، ئەوا‌ دیمەنێکی جوان دروستدەکات و ماوەی مانەوەی گوڵەکەشی درێژخایەنە و هەموو وەرزی هاوین گوڵ دەگرێت. ‌

سوودەکانی

  • بەکاردێت وەک گوڵی بڕینەوە بۆ پێشکەشکردن، کە گوڵی مێخەک بۆ ماوەی دوو هەفتە بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام‌ دەبێت هەموو گەڵاکانی لا ببرێن و سێ ڕۆژ جارێک ئاوەکەی نوێبکرێتەوە.
  • دروستکردنی بۆن.
  • وەک دەرمانی کولتووری بەکاردێت بۆ چارەسەرکردن لە چەندین ناوچەی جیاوازدا.
  • دروستکردنی دەرمان بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن، بەتایبەتی لە کۆئەندامی میزدا بۆ لابردنی بەرد و کریستاڵ.
  • وەک دژە بەکتریا و دژە کرم سوودی لێوەردەگیرێت.
  • کەمکردنەوەی تا و خوێنبەربوون.
  • هاندانی ئارەقکردن و پێشخستنی سوڕی مانگانە.
  • بە کوڵاوی بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان و هەوکردنی پێست.
  • ئەو کەسانەی کە دەرمانی کولتووری دروستدەکەن گەڵا کۆنەکانی مێخەک بەکاردێنن بۆ دروستکردنی دەرمانی خاوێنکردنەوەی چاو.
  • هەندێک لە خەڵکی لە دروستکردنی خۆراکدا بەکاریدەهێنن.

شێوازی چاندن

کاتی چاندنی ئەم جۆرە گوڵە لە سەرەتای بەهاردایە، کە پێویستە به تۆو بچێنرێت پاشان بە تەنکی دابپۆشرێت و لە قوڵایی زۆردا نەبێت، چونکە تۆوەکەی بۆ چەکەرەکردن پێویستی به تیشکی خۆرە، یاخود دەکرێت لە پاییزیشدا بچێنرێت کە ڕەگێکی قووڵ دادەکوتێت، ئەگەر بە بنجیش بچێنرێت ئەوا پاش چاندنی کەمێک ئاوی پێبدرێت و چینێکی تەنک ماددەی خۆراکی وەک سەمادی بۆ زیادبکرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

مێخەک پێویستی بە ڕووناکی خۆری تەواو هەیە لە ڕۆژێکدا واتە نزیکەی شەش کاتژمێر، خاکەکەی هاوکێشبێت و هەواگۆڕکێی گونجاوی هەبێت، هەروەها بەباشی ئاو تێپەڕبکات چونکە کەڵەکەبوونی ئاو تووشی نەخۆشی دەکات، لە ناوچەی ئاووهەوای فێنکدا گەشەی باشتر دەکات، بەڵام لە ناوچە گەرمەکانیشدا دەژی، دوای جێگیربوونی هەر گوڵێکی مێخەک لە جێگەیەکدا و گەشەکردنی، دەبێت ئاوی کەمی پێبدرێت، تەنها لەوکاتانەدا کە بنجەکەی وشک دەبێتەوە و تینوی بێت.

لەماوەی وەرزی گەشەکردنیدا دەکرێت چەند جارێک خاکەکەی بەپیت بکرێت بەڵام بە جۆرێکی ماددەی خۆراکی هاوسەنگ، لەدوای کۆتایی هاتنی وەرزی گوڵگرتن باشترە کە قەدەکانی ببڕدرێت هەتاکوو لە هەمان وەرزدا بۆ دووەم جار گوڵبگرێتەوە، دواتر لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا دەکرێت واز لە گوڵەکە بهێنن هەتاکوو بە گۆڕانی کەشوهەوا بگۆڕێت، یاخود هەموو لق و بەشە سەوزەکانی ببڕنەوه وەک هەڵپاچینی درەختەکان و تەنها بنج و قەدە بەهێزەکانی بهێڵرێتەوە.


سەرچاوەکان



1714 بینین