مایکرۆسۆفت ویندۆس

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-12-18:57:00 - کۆدی بابەت: 5863
مایکرۆسۆفت ویندۆس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مایکرۆسۆفت ویندۆوس، کە زیاتر پێیدەوترێت ویندۆوس، بریتییە لە کۆمەڵە سیستمێکی کارپێکەر کە لەلایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەرهەمدەهێنرێت و دەفرۆشرێت، سیستمە کاراکانی ویندۆوس وەک (Windows NT) و (Windows IoT)، هەروەها ئەو سیستمانەی کە کاریان پێناکرێت و خزمەتگوزاریان ڕاگیراوە وەک (Windows 9x)، (Windows Mobile) و (Windows Phone).

لە 20ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1985 کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ژینگەیەکی کارپێکەر (operating environment)ـی بڵاوکردەوە بە ناوی ویندۆوس (Windows)، کە بریتیبوو لە ڕووکارێکی گرافیکی بۆ (MS-DOS)، پاش ئەمە مایکرۆسۆفت بەناوبانگبوو و زۆرترین بەکارهێنەری بۆخۆی ڕاکێشا، بەمەش پێشی سیستمی ماک ئۆ ئێسی کۆمپانیای ئەپڵی دایەوە کە لە ساڵی 1984 بڵاوکرایەوە.

کۆمپانیای ئەپڵ ئەم کارەی مایکرۆسۆفتی بە هەڵە و نادادپەوەرانە دادەنا بۆیە ئەم کێشەیە لە ساڵی 1993 لە دادگا بە بەرژەوەندی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت یەکلایی کرایەوە، لەسەر کۆمپیوتەر تایبەتەکان (PC) مایکرۆسۆفت ویندۆوس بە بەناوبانگترین سیستمەکان دادەنرێت لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهان، بەڵام لە ساڵی 2014 کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند کە زۆربەی کڕیارەکانی بەبۆنەی سیستمی ئەندرۆیدەوە لەدەستداوە، چونکە لەو ماوەدا گەشەسەندنێکی زۆر لە بازاڕی مۆبایلەکانی ئەندرۆیدا بینرا، هەرچەندە ئەم بەراوردە تا ڕادەیەک ناڕاستییە چونکە دوو سیستمەکە بۆ دوو پلاتفۆڕمی جیاواز دروستدەکرێن.

لە 7\11\2021ـدا تازەترین وەشانی سیستمی ویندۆوس بۆ کۆمپییوتەر و تابلێتەکان بریتییە لە ویندۆوس 10 وەشانی 21H1، هەروەها تازەترین وەشانی سیستمی ویندۆوس بۆ سێرڤەرەکان بریتییە لە ویندۆوس سێرڤەر وەشانی 20H2، هەروەها کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سیستمێکی تایبەتی هەیە کە لەسەر "ئێکس بۆکس" کاردەکات.

مێژووی وەشانەکان

وەشانەکانی سەرەتا

مێژووی ویندۆوس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1981، کاتێک کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەستیکرد بە کارکردن لەسەر پڕۆگرامێک بەناوی "بەڕێوبەری ڕووکار - Interface Manager" ئەم پڕۆگرامە لە ساڵی 1983 بڵاوکرایەوە، کە دەکەوێتە دوای بڵاوکردنەوەی پڕۆگرامی ئەپڵ لیزا (Apple Lisa) و پێش ماکنتۆش (Macintosh)، ویندۆوس 1.0 (Windows 1.0) لە تشرینی دووەمی ساڵی 1985 وەک ڕکابەرێکی سیستمی کارپێکەری ئەپڵ بڵاوکرایەوە، بەڵام کڕیارێکی ئەوتۆی نەبوو چونکە سیستمێکی تەواو نەبوو بەڵکوو درێژکراوەیەکی (MS-DOS) بوو، لەم سیستمەدا نەدەتوانرا پڕۆگرامەکان بخرێنە سەر یەکتر واتا گەر دوو پڕۆگرام لە یەک کاتدا کاری بکردایە دەبوایە لە تەنیشت یەکدا دابنرانایە.

ویندۆوس 2.0 لە مانگی کانوونی دووەم ساڵی 1987 بڵاوبوویەوە و لە وەشانەکەی پێش خۆی ناوبانگی زیاتر بوو، لەم وەشانەدا چەندین گۆڕانکاری کرابوو، کە دەتوانرا پڕۆگرامە کراوەکان (ویندۆ)ـکان لەسەر یەکتر ڕیزبکرێن، بەبۆنەی ئەم تایبەتمەندییەوە کۆمپانیای ئەپڵ داوای لەسەر کۆمپانیان میکرۆسۆفت تۆمارکرد، بەڵام لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت یەکلایی کرایەوە.

ویندۆوس 3 - Windows 3.x

ویندۆوس 3.0 لە ساڵی 1990 بڵاوکرایەوە، لەم وەشانەدا دیزاینی سیستمەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو بەبۆنەی میمۆری خەیاڵییەوە (virtual memory)، هەروەها پڕۆگرامەکان لەم سیستمەدا دەیانتوانی لە دۆخی پارێزراودا کاربکەن، بەمەش دەیانتوانی ڕامی زیاتر بەکاربهێنن، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لەم وەشانەدا هاوکێشە گرنگەکانی سیستمەکەی لە زمانی (C)ـەوە گۆڕی بۆ زمانی (Assembly)، ویندۆوس 3.0 یەکەمین بەرهەمی مایکرۆسۆفت ویندۆوس بوو کە توانی سەرکەوتنێکی جیهانی بەدەستبهێنێت، کە لە شەش مانگی سەرەتادا زیاتر لە 2 ملیۆن کۆپی لێ فرۆشرا.

ویندۆوس 3.1 لە مانگی مارسی ساڵی 1992 بڵاوبوویەوە کە گۆڕانکاری لە ڕووکاری پڕۆگرامەکەدا کرابوو، پشتگیریکردنی ئەم سیستمە لە 31 کانوونی یەکەمی ساڵی 2001 ڕاگیرا.

ویندۆوس 3.2 لە ساڵی 1994 بڵاوکرایەوە، کە بریتیبوو لە وەشانێکی نوێکراوەی زمانی چینی وەشانی ویندۆوس 3.1، ئەم نوێکردنەوەی تەنها بۆ زمانی چینی بوو، کە تێیدا کێشەی نووسینی زمانەکە لە سیستمەکەدا چارەسەرکرابوو.

ویندۆوس 9 - Windows 9.x

دووەم گەورەترین وەشانی مایکرۆسۆفت ویندۆوس بریتیبوو لە ویندۆوس 95 کە لە 24ـی ئابی ساڵی 1995 بڵاوکرایەوە، تا ئێستاش سیستمەکە لەسەر (MS-DOS) کاردەکات، هەروەها لەم وەشانەدا سیستمەکە پشتگیری پڕۆگرامە 32 بتییەکانی دەکرد، ویندۆوس 95 یەکەم ویندۆوس بوو لەگەڵ سیستمەکە خۆیدا وێبگەڕی تێدابێت کە ناوی ئینتەرنێت ئێکسپلۆرەر بوو، پشتگیریکردنی ئەم وەشانە لە 31ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2001 ڕاگیرا.

پآس ویندۆوس 95، وەشانێکی تری ویندۆوس هات بە ناوی ویندۆوس 98 لە بەرواری 25ـی  حوزەیرانی 1998، لەم وەشانەدا چەندین تایبەتمەندی بۆ سیستمەکە زیادکرابوو، وەک پشتگیریکردنی دەرچەی USB، لەگەڵ وەشانێکی نوێی ئینتەرنێت ئێکسپلۆرەر بەناوی (Internet Explorer 5.0) هەروەها لەگەڵ پڕۆگرامی (Windows Media Player 6.2)، پشتگیریکردنی ئەم وەشانە لە 11ـی تەمموزی 2006 ڕاگیرا.

لە 14ـی ئەیلوولی 2000 کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ویندۆوس می (Windows Me) بڵاوکردەوە، کە کۆتا سیستمی ویندۆوس بوو کە لەسەر (MS-DOS) کاری دەکرد، ئەم وەشانە نوێیە چەندین گۆڕانکاری بەسەر سیستمەکەدا هێنابوو، وەک خێرا کارکردن و هەروەها لابردنی دۆخی ڕاستی (real mode)، هەروەها چەندین پڕۆگرامی میدیایی بۆ سیستمەکە زیادکردبوو وەک (Windows Media Player 7، Windows Movie Maker، Windows Image Acquisition)، بەڵام ئەم وەشانەی ویندۆوس ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بوویەوە کە گۆڤاری (PC World) ویندۆوس می بە خراپترین سیستمی مایکرۆسۆفت و چوارەم خراپترین بەرهەمی تەکنەلۆژی دانا.

ویندۆوس ئێن تی - Windows NT

یەکەمین وەشانی ویندۆوس ئێن تی بە ناوی ویندۆوس ئێن تی 3.1 بوو کە لە تەمموزی 1993 بڵاوکرایەوە، ئەم سیستمە وەشانی تایبەتی هەبوو بە وۆرکستەیشن و سێرڤەرەکان، Windows NT 3.5 لە ئەیلوولی 1994 بڵاوبوویەوە، پاش ئەم وەشانە Windows NT 3.51 لە مایسی 1996 بڵاوبوویەوە، دواتر Windows NT 4.0 لە حوزەیرانی 1996 بڵاوبوویەوەکە بریتیبوو لە دیزاینێکی نوێکراوەی ویندۆوس 95، لە 17 شوباتی 2000 کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ویندۆوس 2000 بڵاوکردەوە.

ویندۆوس ئێکس پی - Windows XP

وەشانی نوێی مایکرۆسۆفت بریتیبوو لە ویندۆوس ئێکس پی، کە لە 25ـی تشرینی یەکەمی 2001 بڵاوکرایەوە، ئەم وەشانە بە دوو شێوە بەردەست بوو، یەکەمیان جۆری (Home edition) کە بۆ کڕیارە ئاساییەکان بوو، هەروەها جۆری دووەم (Professional edition) کە بۆ کۆمپانیا و بازرگانەکان بوو، کۆمپانیاکە لە ساڵی 2003 ویندۆوس سێرڤەر 2003 ـی بڵاوکردەوە، پاشان لە ساڵی 2005 ویندۆوس سێرڤەر 2003 R2 ـی بڵاوکردەوە.

پشتگیریکردنی ویندۆوس ئێکس پی لە 14ـی نیسانی 2009 ڕاگیرا.

ویندۆوس ڤیستا - Windows Vista

پاش ماوەیەکی زۆر لە گەشەپێدان ویندۆوس ڤیستا لە 30ـی کانوونی دووەمی 2007 بڵاوکرایەوە، ئەم وەشانە چەندین گۆڕانکاری لەخۆگرتبوو، وەک ڕووکارێکی نوێ و چەندین گۆڕانکاری تەکنیکی و هەروەها بەهێزکردنی پارێزگاری (security) سیستمەکە، ئەم وەشانەی ویندۆوس چەندین ڕەخنەی لەدوای خۆی هێنا، وەک هێواشبوونەوەی سیستمەکە و دابەزینی تواناکەی و یاساکانی بەکارهێنانی (license agreement) توندتر بوو، لە سەرەتاکانی ساڵی 2008 ویندۆوس سێرڤەر 2008 بڵاوبوویەوە.

ویندۆوس 7 - Windows 7

لە 22ـی ئەیلوولی 2009 کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ویندۆوس 7 و ویندۆوس سێرڤەر 2008 R2ـی بڵاوکردەوە، بە پێچەوانەی ویندۆوس ڤیستا ئەم وەشانە زیاتر گرنگی بە کارکردن دەدا تا تایبەتمەندی نوێ، ویندۆوس 7 پشتگیری هەموو ئەو بەرنامانەی دەکرد کە لەسەر ویندۆوس ڤیستا کاریاندەکرد، هەروەها لە ویندۆوس 7ـدا تاسکباڕەکە نوێکرابوویەوە و سیستمێکی نێتۆرکی نوێی تێدابوو بە ناوی (HomeGroup).

ویندۆوس 8 و ویندۆوس 8.1 - Windows 8 and 8.1

ویندۆوس 8 لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2012 بڵاوبوویەوە، لەم وەشانەدا گۆڕانکاری گەورە بەسەر سیستمەکەدا هاتبوو، یەکەم گۆڕانکاری شێوازی دەرکەوتنی پڕۆگرامەکان و دیزاینەکەی بوو، ئەم وەشانە پشتگیری دەستلێدان (لەمس)ـی هەبوو بۆ تابلێتە زیرەکەکان و لاپتۆپە لەمسەکان، هەروەها گۆڕانکاری گەورە بەسەر بەشی ستارتدا هاتبوو، کە لە چوارگۆشەی گەورە پێکهاتبوون و کە ئەمەش وەک ئاسانکاری وابوو بۆ ئەو کەسانەی کە ئامێری لەمس بەکاردەهێنن، کەمترین داواکاری کارپێکردنی ئەم سیستمە بریتیبوو لەوەی کە دەبێت شاشەی ئامێرەکە لە (1024×768) پێکسڵ کەمتر نەبێت، بەمەش سیستمەکە بۆ ئەو نۆتبووکانە نابێت کە قەبارەی شاشەکانیان (800×600) پیکسڵە.

لەم وەشانەدا چەند زیادکراوەیەکی نوێ هەبوون کە بریتیبوون لە مایکرۆسۆفت وەن درایڤ (OneDrive) لەگەڵ خزمەتگوزاری (Xbox Live) و فرۆشگای ویندۆوس (Windows Store)، لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2013 ویندۆوس 8 نوێکردنەوەیەک (Update)ـی بۆ هات کە ناوی ویندۆوس 8.1 بوو، ئەم وەشانە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بوویەوە چونکە لەم وەشانەدا دوگمەی ستارت لابرابوو.

ویندۆوس 10 - Windows 10

لە 30ـی ئەیلوولی 2014 کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ویندۆوس 10 ڕاگەیاند و لە بەرواری 29ـی تەمموزی 2015 ویندۆوس 10 بڵاوکرایەوە، لەم وەشانەدا ئەو کێشانەی کە لە ویندۆوس 8ـدا هەبوون چارەسەرکرابوون، هەروەها دوگمەی ستارت گەڕێنرابوویەوە.

لە حوزەیرانی 2021 پاش ئەوەی کە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ویندۆوس 11ـی ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا تەمەنی ویندۆوس 10ـیان ڕاگەیاند کە تا 14ـی تشرینی یەکەمی 2025 پشتگیری دەکەن.

سیستمی کارپێکەری ئێکس بۆکس - Xbox OS

سیستمی کارپێکەری ئێکس بۆکس یاخود (Xbox OS) ناوێکی نافەرمییە کە بەو وەشانەی ویندۆوس دەوترێت کە لەسەر ئێکس بۆکس کاردەکات، ئەم وەشانە زیاتر گرنگی دەدات بە گریمانەکردن (virtualization) بە بەکارهێنانی (Hyper-V)، کە بریتییە لە سێ سیستمی کارپێکەر کە لە یەک کاتدا کاردەکەن، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت هەموو مانگێک سیستمی کارپێکەری ئێکس بۆکس نوێدەکاتەوە، کە بەکارهێنەران دەتوانن لەڕێگەی خزمەتگوزاری ئێکس بۆکس لایڤ سیستمەکە نوێبکەنەوە.


سەرچاوەکان



5168 بینین