بۆسنە و هەرسک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-09-12:06:00 - کۆدی بابەت: 6538
بۆسنە و هەرسک

ناوه‌ڕۆك

بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا

بۆسنە و هەرسک یان بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا (بە ئینگلیزی: Bosnia and Herzegovina) وڵاتێکی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە و دەکەوێتە ناوچەی بەڵکان و ناوەڕاستی ئەو وڵاتانەی پێشووتر دەوڵەتی یوگۆسلاڤیا بوون، سەرایڤۆ گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەیە.

زانیاری گشتی

بەرزترین لوتکە چیای ماگلیچ
نزمترین خاڵ دەریای ئەدریاتیکی
ڕووبەر ٥١,١٢٩ کیلۆمەتری دووجا
پایتەخت سەرایڤۆ
زمانی فەرمی بۆسنەیی، کرواتی، سڕبی
ناونیشانی دانیشتوان بۆسنەییەکان
جۆری حوکم کۆماری پەرلەمانی
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی ڤالەنتین ئینزکۆ
ئەندامانی سەرۆکایەتی
  • دراگان کۆڤیچ
  • ملادن ئیڤانیچ
  • بەکر عیزەت بیگۆڤیچ
سەرۆک وەزیران دینیس زێفزیدیچ
بەرواری دروستبوونی وڵات ١/٣/١٩٩٢
دروستبوونی سەرەتایی ٢٩/٨/١١٨٩
دامەزراندنی شانشین ٢٦/١٠/١٣٧٧
داگیرکردنی لەلایەن عوسمانییەکانەوە ١٤٦٣
داگیرکردن لەلایەن شانشینی نەمسای مەجەڕ ١٨٧٨
ڕۆژی نیشتمانی ٢٥/١١/١٩٤٣
سەربەخۆیی لە کۆماری یوگۆسلاڤیا ١/٣/١٩٩٢
دانپێدانانی کۆتایی و فەرمی ٦/٤/١٩٩٦
دراو مارکی بۆسنە BAM
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی ٣٨٧+

بۆسنە و هەرسک بە نزیکەیی دەوڵەتێکی داخراوە و تەنیا ٢٠ کیلۆمەتر سنووری ئاوی هەیە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سڕبیا و مۆنتینیگرۆ لە ڕۆژهەڵاتی باشوورەوە و کرواتیاش لە باکوور و ڕۆژئاواوە هاوسنوورە، لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە وڵاتێکی بەرز و شاخاوییە و لە باکووری ڕۆژئاوا مامناوەندە، لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتیشەوە ناوچەیەکی دەشتاییە، کەشوهەوای بۆسنە و ناوەڕاست کەشوهەوایەکی کیشوەری ئاساییە و هاوینی گەرم و زستانی سارد و بەفراوییە، بەڵام ناوچەی هەرسک کەشوهەوای دەریای ناوەڕاستی هەیە.

مێژوو

مێژووی ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی نوێ و لەدوای ئەوەشەوە چەندین شارستانیەتی تێدابووە وەک ئیلیری و سەلتییەکان، لە ڕووی لایەنی ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، یەکەمین نەتەوەی سلاڤییەکان لە سەدەی شەش بۆ سەدەی نۆ لێرە نیشتەجێ بوون، لە سەدەی چواردە شانشینی بۆسنە دامەزرا و دواتریش لکێنرا بە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییەوە لە ناوەڕاستی سەدەی ١٥ بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ١٩، عوسمانییەکان ئیسلامیان گەیاندە ناوچەکە و زۆرێک لە تێڕوانینەکانیان گۆڕی و لایەنی کۆمەڵایەتی بەرەو پێش چوو، دوای ئەوەش هەتاوەکوو جەنگی جیهانی یەکەم لەژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی نەمسای مەجەڕدا بوو، لە نێوان ماوەی هەردوو جەنگی گەورەی جیهان بۆسنە بوو بە بەشێک لە شانشینی یوگۆسلاڤیا و لەدوای جەنگی جیهانی دووەم بوو بە کۆماری یوگۆسلاڤیای فیدراڵی سۆسیالیست، لە ساڵی ١٩٩٢ و دوای ڕووخانی یوگۆسلاڤیا جەنگی بۆسنەی بەدوای خۆی هێنا و وڵاتەکە وێران بوو و تاوەکوو ساڵی ١٩٩٥ بەردەوام بوو.

لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٢ سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام هەتاوەکوو ساڵی ١٩٩٦ دانی پێدا نەنرا.

گەشتوگوزار

وڵاتەکە بە ناوچەیەکی ئارام و ژینگەی جوان دەناسرێت و جێی سەرنجی گەشتیارانە، بەتایبەت لە کۆتایی ساڵەکانی دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەک، هەروەها خاوەنی چەندین شوێنەوارە لەو شەش شارستانییەتەی لەوێدا ماونەتەوە، هەروەها خاوەنی خواردنی تایبەت و حەزێکی زۆرن بۆ وەرزش و مۆسیقا و ئەندازیاری و فیستیڤاڵ.

دانیشتوان

خەڵکی ناوچەکە بەسەر چەند نەتەوەیەک دابەش دەبن کە بۆشناق زۆرترینیان پێکدەهێنن، سڕبەکان بە پلەی دووەم و کرواتییەکانیش بە پلەی سێیەم دێن، جگە لەمانە کەمینەی تێدایە کە تورک و پۆڵەندی و ئۆکرانی و جولەکە و گەلی ڕۆمان.

ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣,٢٥٦,٦٣٢ کەسن لە ساڵی ٢٠٢١.

بەڕێوبردن

بۆسنە و هەرسک لە لیژنەیەکی پلاندانان و دوو ئەنجوومەن و سەرۆکایەتییەک پێکدێت بۆ بەڕێوبردنی وڵات، بەڵام دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی زۆر سنووردارە و وڵاتەکە زۆرتر نامەرکەزییە و لە دوو بەشی سەربەخۆ پێکدێن کە کۆماری بۆسنە و هەرسک و کۆماری سڕبسکایە، لەگەڵ یەکەی سێیەم کە ناوچەی برچکۆیە و دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری بەڕێوەی دەبات.

سەرۆکایەتی بۆسنە و هەرسک لە سێ کەس پێکدێت و پێکەوە دەسەڵاتی وڵات بەڕێوەدەبەن کە یەکێک لە بۆشناق و یەکێک لە کڕوات و یەکێک لە سڕبەکانن و بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرۆکایەتی دەکەن.

کۆماری بۆسنە و هەرسک لە ١٠ کانتۆن پێکدێت.

بە هەردوو لایەنی پیشەسازی و ئابووری داهاتی وڵات دەستەبەر دەکرێت بە هاوکاری کەرتی گەشتوگوزار، هەروەها خاوەنی بیمە و پارێزکاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و خوێندنی خۆرایی سەرەتایی و ناوەندییە، لە هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەی ئاسایش و هاوکاری ئەورووپا و ئەنجوومەنی ئەورووپا و بەشداری لەپێناو ئاشتیدا هەیە، هەروەها ماوەیەکی زۆرە هەوڵی چوونە نێو یەکێتی ئەوروپا دەدات و لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە کاندیدە بۆ چوونە نێو ڕێکخراوی ناتۆ.

ئایین

بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی بە درێژایی مێژوو ڕوویانداوە لە وڵات خاوەنی چەندین ئایینی جۆراوجۆرە و لە دەستووردا ئایین ئازادە و هەرکەس و دەتوانێت خاوەنی ئایینی خۆی بێت، بەڵام هەندێک جار دەسەڵاتە خۆجێییەکان ڕێگری لە هەندێک چالاکی ئایینی دەکەن کاتێک زۆرینەی ناوچەکە لە ئایینی بەرامبەر بن،ئایین لە وڵاتەکە بەمشێوەیە دابەش بووە:

  • ئیسلام %٥١
  • ئۆرثۆدۆکس %٣٠
  • کەنیسەی ڕۆمانی کاسۆلیکی %١٥,١٩
  • بێ باوەڕی %٠,٧٩
  • ئایینی نازانم %٠,٣١


سەرچاوەکان



1963 بینین