هەویری ددان

هەویری ددان

له‌لایه‌ن: سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-10-22:50:00 - کۆدی بابەت: 6846
هەویری ددان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەویری ددان بریتییە لەو هەویرە یان ئەو جێڵەی کە تایبەتە بە خاوێن ڕاگرتن و هێشتنەوەی جوانی و پاراستنی تەندروستی پووک و ددان و لەگەڵ فڵچەی ددان بەکاردێت، هەروەها خاوێن کەرەوەیەکی بەهێزە بەکاردێت بۆ لابردنی کانزا و خۆراکی نەخوازراو لەسەرددان و لەناو دەمدا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی دروستی و خاوێنی ناودەم، یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی ناودەم و بوونی پێکهاتە چالاکەکانی وەک فلۆراید یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە پووکانەوە ددان و نەخۆشییەکانی پووک، لەبەر جیاوازی پێکهاتە و ڕێژەی فلۆراید لە جۆرە جیاوازەکانی هەویری دداندا، هەموو هەویری ددانەکان وەک یەک کاریگەرنین بۆ بە تەندروست هێشتنەوەی پووک و ددان، بێزاربوونی مرۆڤ بەدەست کلۆربوون و پووکانەوەی ددانەوە لە سەدەی ٢٠ـمدا هۆکاربوو تاکوو بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەو هەویری ددانانەی کە فلۆرایدیان تێدایە لە هەموو جیهاندا بەربڵاوبێت، قوتدانی بڕێکی زۆر لە هەویری ددان دەتوانێت مرۆڤ تووشی ژەهراوی بوون بکات.

مێژوو

نزیکی ٥٠٠٠ ساڵ پێش زایین میسڕییە کۆنەکان تۆزی ددانیان (پاودەری خاوێنکردنەوەی ددان) لە سمی بە تۆزکراوی گا و مێر (ماک یان سرێشێکی جەوری (gum resin) بۆن‌خۆشی قاوەیی مەیلەوسوور یان قاوەیی مەیلەوزەرد کە لە دارێکی تایبەت بەناوی (Commiphora abyssinica)یە لە خێزانی Burseraceae)) و توێکڵی هێلکەی بە تۆزکراو و سووتاو و بەردەپێ دروست دەکرد، یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکان ڕەچەتەکانیان پەرەپێدا بە زیادکردنی ماددەی بەهێزی وەک ئێسکی وردکراو و جۆرێکی گوێچکەماسی، لە سەدەی نۆیەمدا مۆسیقاژەن و مۆدێلی ئێراقی بەناوی زیراب جۆرێکی هەویری ددانی داهێنا کە تا ئێستاش پێکهاتەکانی ناوی بە تەواوی نەناسراون، بەڵام وەک هەویرێکی تامخۆش و گونجاو ناسرا، لەو سەردەمەدا هەویری ددان بەبێ فڵچە بەکاردەهات، بە شێوەیەک کە هەویرەکەیان دەدا لە پارچەیەک پەڕۆ و ددانیان پێ دەسڕی، یاخود سیواکیان بەکاردەهێنا، نزیکی سەدەی ١٩ بەکارهێنانی هەویری ددان و تۆزەکەی بوو بە کارێکی گشتی لەناو خەڵکدا.

پێکهاتەی سەرەکی

پاککەرەوە

پێکهاتە پاککەرەوەکان نزیکی ٨٪ بۆ ٢٠٪ هەویری ددان پێکدەھێنن، ئەم پارتیکڵە نەتواوانە دیزانکراون بۆ ئەوەی یارمەتیدەربن لە لابردنی پێکهاتەی نەخوازراوی ناو دەم و ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی کلس لەسەر ددان و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پووک.
ئەو پاککەرەوانەی کە زۆر بەکاردێن بریتین لە پارتیکڵەکانی هایدرۆکسیدی ئەلەمنیۆم (Al(OH)3) و کاربۆناتی کالسیۆم (CaCO3) و بیکاربۆناتی سۆدیۆم، فۆسفاتە جیاوازەکانی کالسیۆمی هایدرۆجین و سلیکا و زیۆلایتە جیاوازەکان و هایدرۆکسی ئەپەتایت (Ca5(PO4)3OH).
پاککەرەوەکان لە کلینیکەکانی پزیشکی دداندا وەک سپیکەرەوەی ددان بەکاردێن، هەروەها دەبنە هۆی کەمێک داماڵینی مینای ددان کە پێی دەوترێت کاری سپیکردنەوە، سپیکردنەوەی ددان پیسییە کەڵەکەبووەکانی سەر ڕووی ددانەکە لادەبات، بەڵام نابێتە هۆی پاراستنی تەندروستی ددان و لابردنی کلس و پێکهاتەی نەخوازراو.
کاریگەری پێکهاتە پاککەرەوەکان بە ڕێژەیەک دیاری دەکرێت پێی دەوترێت ڕێژەی RDA، ئەم ڕێژەیە نابێت لە ٢٥٠ تێپەڕبکات چونکە دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە ڕووکاری ددان.

فلۆراید

فلۆراید بە چەندین شێوازی جیاواز بەناوبانگترین و کاریگەرترین پێکهاتەی چالاکی ناو هەویری ددانە کە ڕێگری دەکات لە کلۆربوونی ددان، فلۆراید بە بڕێکی کەم لە ڕووەک و ئاژەڵ و هەندێک سەرچاوە سروشتییەکانی ئاودا بوونی هەیە، تێکردنی فلۆراید بۆناو هەویری ددان کاریگەری سوودبەخشی هەیە لەسەر پێکهاتنی مینا و ئێسکی ددان، فلۆریدی سۆدیۆم (NaF) باوترین سەرچاوەی فلۆرایدە، بەڵام فلۆریدی ستانۆوس (SnF2) و تاک فلۆرۆفۆسفەیتی سۆدیۆم (Na2PO3F) بە هەمان شێوە وەک سەرچاوەی فلۆر بەکاردێن، ئەو هەویری ددانانەی کە سەرچاوەی فلۆرایدەکەیان بریتییە فلۆریدی ستانۆوس زیاتر کاریگەرترن بۆ کەمکردنەوەی داخوران و کلۆربوونی ددان و نەخۆشییەکانی پووک، بە بەراورد بەو هەویری ددانانەی کە سەرچاوەی فلۆرایدەکەیان بریتییە لە فلۆریدی سۆدیۆم بە هەمان خەستی فلۆراید، هەندێک لەو هەویری ددانانەشی کە سەرچاوەی فلۆرایدەکەیان بریتییە فلۆریدی ستانۆوس تایبەتمەندی باشتر لابردنی پیسی و کلسی سەر ددانیان هەیە، زۆربەی هەڵسەنگاندنەکان کە بۆ ئەو هەویری ددانانە کراوە پێکهاتوون لە فلۆریدی ستانۆوس ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی داخوران و نەخۆشی پووک و کلۆربوونی ددان، هەروەها کەمکردنەوەی کلس و بۆنی ناودەم بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی هەویری ددان.

پێکهاتە ڕووکار چالاکەکان

هەندێک جۆری هەویری ددان گۆگردیدی سۆدیۆمی لاورڵ (sodium lauryl sulfate)یان خاوێنەکەرەوەیان تێدایە، گۆگردیدی سۆدیۆمی لاورڵ بەکارهێنانی زۆری هەیە لە چەندین بەرهەمی دیکەی وەک شامپۆ و ماکیاجدا، پێکهاتەیەکی سەرەکی کەف پێکردنە، کە یارمەتی بڵابوونەوەی چوونیەکی هەویری ددانەکە دەدات بۆ زیادکردنی توانای خاوێنکردنەوەی.

پێکهاتەکانی دیکە

دژەبەکتریا

باوترین جۆری دژەبەکتریا بریتییە لە ترایکلۆسان (کلۆریدی زینک) کە ڕێگری دەکات لە هەڵئاوسانی پووک و کەمکردنەوەی بۆنی ناخۆشی ناودەم و کلس، چەند توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەنجامدراون ئەوەیان سەلماندووە کە کاریگەری ترایکلۆسان بۆ کەمکردنەوەی پیسی و ئاوسانی پووک بریتییە لە ٠,٣٠٪، توێژینەوەیەکی دیکە ئەوەی سەلماندووە کە ترایکلۆسان توانای کەمکردنەوەی کلسی ددان و هەڵئاوسانی پووکی بریتییە لە ٢٢٪ و توانای کەمکردنەوەی خوێنبەربوونی پووکی بریتییە لە ٤٨٪، هەرچۆنێک بێت بەڵگەکان لەسەر کاریگەری ئەم جۆرە دژەبەکتریایە ئەنجامی جیاوازیان هەیە، هەروەها هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر زیانی ترایکلۆسان بۆ ددان ئەگەر زیاتر لە ٣ ساڵیش بەکاربێت، بەڵام لە زۆربەی پێکهاتەی هەویری ددانە ناسراو و کوالیتی باشەکاندا ترایکلۆسان لابراوە، کە بە ئەگەری زۆرەوە بەهۆی کاریگەرییە پێچەوانەکانی بەرکەوتنی مرۆڤ لەگەڵ ترایکلۆسانە، چونکە بوونی ڕێژەی ترایکلۆسان لە شانەکان و پلازمای مرۆڤ و شیری مەمکدا لەبەر بەکارهێنانی ترایکلۆسانە لە دروستکردنی ئارایشتدا و سەلمێنراوە کە ئەم پێکهاتەیە توانای هەیە کاربکاتە سەر سیستمی دەماریی مرۆڤ.
جگە لە ترایکلۆسان چەندین پێکهاتەی دیکەی گیایی و ناگیایی وەک کلۆرۆهێکسیداین (Chlorhexidine) و گۆگردیدی سۆدیۆمی لاورڵ (جگە لە کەفکردن دەتوانێت ڕۆڵی دژەمیکرۆب ببینێت) و زەیتی بنچینەیی و بەیبوون و ئەلۆڤێرا و چەندین پوختەکراوی دیکەی ڕووەکی بەکاردێت، کە دەبنەهۆی کەمکردنەوەی کلس و بۆنی ناخۆشی ناودەم و ئاوسانی پووک، هەروەها ئەو هەویری ددانانەی لە سەرچاوەی گیاییەوە دروست دەکرێن زیاتر کاریگەرن بە بەراورد بەو هەویری ددانانەی لە سەرچاوەی ناگیاییەوە دروست دەکرێن.

تامخۆشکەرەکان

هەویری ددان بە چەندین ڕەنگ و تامی جیاواز بوونی هەیە، باوترین جۆری تامخۆشکەرەکان بریتین چەند جۆرێکی جیاوازی ڕووەکی نەعنا.

زایلیتۆڵ

(بە ئینگلیزی: Xylitol) هەڵسەنگاندنێکی سیستەمیی ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ئەو هەویری ددانانەی ئەم پێکهاتەیەیان تێدایە زیاتر کاریگەرن بۆ ڕێگریکردن لە کلۆربوونی ددانی شیریی منداڵان بە بەراورد بەو هەویری ددانانەی کە تەنها فلۆرایدیان تێدایە، هەروەها هیچ زیانێکی ئەم پێکهاتەیە تاکوو ئێستا نەسەلمێنراوە.


سەرچاوەکان

27 بینین