گامێش

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-01-22:40:00 - کۆدی بابەت: 7059
گامێش

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گامێش (بە عەرەبی: الجاموس، بە ئینگلیزی: buffalo)، ئاژەڵێکی کۆمەڵەی شیردەرەکانە و هەموو جۆرەکانی دەکرێت لەلایەن مرۆڤەکانەوە ماڵیبکرێت و ڕابگیرێت، چونکە سوودی زۆرە و دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی خۆراکی مرۆڤ لە گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان، هەروەها پێستەکەشی لە بازرگانی دروستکردنی جلوبەرگ و کەلوپەلدا بەکاردێت و نشینگەکەی دەکرێت هەموو ناوچە جیاوازەکانی جیهان بگرێتەوە جگە لە جەمسەرە بەستووەکان و ناوچەکەشی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی گامێشەکان دەگاتە ٢٣ ساڵ.

شێوەی دەرەوەی

هەستەکانی بینین و بیستنی لاوازن بەڵام هەستی بۆنکردنی زۆر بەهێز و پەرەسەندووە و بەرزییەکەی لە نێوان ١.٥-١.٨ م دەبێت، بەگوێرەی قۆناغەکانی پەرەسەندنی کێشی گامێش زیاد دەکات، هەتا مێینەکان کێشیان دەگاتە نزیکەی ٤٥٤ کگم و نێرینەکانیش دەگەنە نزیکەی ٩٠٧ کگم و ڕەنگیشی بە گشتی ڕەش یان قاوەییەکی تۆخە.

خۆراک

گامێش گیانەوەرێکی ڕووەکخۆرە و جۆری ڕووەکەکەش بە گوێرەی جۆری گامێشەکە جیاوازە، بۆ نموونە گامێشە ئاوییەکان ئەو ڕووەکانە دەخۆن کە لە ژێر ئاودا دەڕوێن و جۆرەکانی دیکەش پێویستیان بە لەوەڕگایەکە کە بڕێکی زۆر درەخت و دەوەنی تیادابێت، هەروەها گامێش بڕێکی زۆریش ئاو دەخواتەوە و لە کاتی ئاو خواردنەوەدا شێوازی سەیر و جیاوازی هەیە، کە بە سمەکانی زەوییەکە هەڵدەکۆڵێت و ئاوی تێدەچێت دواتر لووتی تێدەکات و فوو دەکات و دەکرێت لە کاتی هەستکردن بە مەترسی و توڕەیش هەمان کردار دووبارەبکاتەوە، وە گامێش بە ئەستەم دەبێت بە نێچیری ئاژەڵی دڕندەی وەک شێر و پڵنگ  بەهۆی گەورەیی قەبارەیەوە، بۆیە تەنها بە یەک ئاژەڵ یاخود یەک شێر و پڵنگ ڕاوناکرێت و دەبێت مێینە یان نێرینەی دیکەیان لەگەڵدا بێت و بە کۆمەڵ پێکەوە هێرشی بۆ بکەن.

یەکگرتن و زۆربوون

لە وەرزی یەکگرتندا گامێشە نێرینەکان شەڕ و پەلاماردانی گەورە و ترسناک دەکەن و لە ئەنجامدا برینی سەخت و ئازاری زۆریان دەبێت، لە کاتی ئەم پەلاماردانە گامێشە گەنج و تازەپێگەیشتووەکان بەتەمەنەکان دووردەخەنەوە و دەریاندەکەن، پاشان ئەوەی کە دەرکراوە دڕندەتر و شەڕانیتر دەبێت و دەکرێت هێرش بکاتە سەر هەموو ئەوانەی کە نزیکی دەبنەوە مرۆڤ بێت یاخود ئاژەڵ، دوای کۆتاییهاتنی پەلاماردانەکان براوەکان یەکگرتن لەگەڵ مێینەکان ئەنجام دەدەن و بەدوایدا ماوەی سکپڕی مێینەکان ٢٨١-٣٣٤ ڕۆژ دەخایەنێت و بە گشتی تەنها یەک بێچوویان دەبێت و لە ئەگەری دەگمەندا دەکرێت دووانەیان ببێت، کاتی لەدایکبوون بێچووەکان کێشیان نزیکەی ٢٢ کگم دەبێت و لە تەمەنی ٢-٤ ساڵییەوە دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن.

جۆرە سەرەکییەکانی

بەشیوەیەکی گشتی چوار جۆری جیاوازی هەیە کە نشینگەکانیان جیاوازن و دەگۆڕێت، جۆرەکانیش بریتین لە گامێشی ئاوی و ئەفریقی و ئەورووپی و ئەمریکی یان پێی دەوترێت بیسونی ئەمریکی و هەموویان بە کۆمەڵەی گەورە پێکەوە دەژین کە دەکرێت ژمارەی کۆمەڵە ئەفریقییەکان بگاتە ١٠٠ دانە و زیاتریش، جۆرە ئاوییەکان لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی یاخود دارستانە مامناوەندەکاندا دەژین، واتە نزیک لە سەرچاوە ئاوییەکان کە ماوەیەکی زۆر لە نێو ئاودا دەمێننەوە بۆ خۆحەشاردان لە ڕاوچی و ئاژەڵە دڕندەکان، لە کاتێکدا ئەوانەی لە ئەورووپا دەژین لە لەوەڕگاکانی وڵاتە ئەورووپییەکاندا دەبینرێن گژوگیا دەخۆن و دەمێننەوە، جۆرە ئەفریقی و ئەمریکییەکەش بەهەمان شێوە گژوگیا دەخۆن بەڵام لە لەوەڕگای وڵاتە ئەفریقی و ئەمریکییەکاندا هەن.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی گامێش

گامێش لە ئەگەری توڕەبوونیدا دەبێت بە ئاژەڵێکی دڕندە و ترسناک، دەشێت لەناکاو بسوڕێتەوە و هێرش بکاتە سەر مرۆڤەکان یاخود هەر گیانەوەرێکی دیکە کە لە نزیکییەتی و گامێش لەوانەیە توشی نەخۆشی ترسناک و کوشندە ببێتەوە بەتایبەتی سیلی مانگاکان، هەروەها شیرەکەیان زۆر دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییە گرنگەکان و وەک چارەسەری نەخۆشی بەکاردێت، گامێش جیاوازی هەیە لەگەڵ مانگا چونکە هەندێک لە مانگاکان دەتوانن لە ناوچەی نیمچە بیابانەکان بژین بەڵام گامێشەکان پێویستیان بە لەوەڕگا و ناوچەی گژوگیای پڕە، لەگەڵ ئەوەی دەوترێت هەموو گامێشەکان دەکرێت ماڵی بکرێن، بەڵام هەتا ئێستا گامێشە ئەفریقییەکان ماڵی نەکراون بەهۆی دڕندەییانەوە و بەگوێرەی تۆمارێکی ساڵی ٢٠٠٠ کەمتر لە ٤٠٠٠ دانە لە گامێشە کێوییەکان هەیە.


سەرچاوەکان



1743 بینین