ژیان لەناو ئەشکەوتەکاندا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-11-15:50:00 - کۆدی بابەت: 7165
ژیان لەناو ئەشکەوتەکاندا

ناوه‌ڕۆك

ئەشکەوتەکان لەڕووی زیندەوەرزانییەوە

ژینگەی ناو ئەشکەوتەکان نەگۆڕن، بە پێچەوانەی ژینگەی دەرەوەی ئەشکەوتەکانەوە کە بەردەوام لە گۆڕاندایە، ژینگەی ئەشکەوتەکان جیهانێکی تەواو تاریک و پلەی گەرمی جێگیرە و ڕادەی شێی زۆر بەرزە، ئەو ئاژەڵانەی کە لەناو ئەشکەوتەکاندا دەژین نەک هەر دەبێت لەگەڵ ئەم بارودۆخە ئاڵۆزانەدا خۆیان بگونجێنن بەڵکو پێویسته لە ژینگەیەکدا بژین کە زۆر کەم خواردنی لێیە, ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی کە لە ئەشکەوتەکاندا دەژین زۆر کەمە بە بەراورد بە ژیانی ئاژەڵانی دەرەوەی ئەشکەوتەکان، بەم شێوەیە ژمارەیەک لە ئاژەڵە ئەشکەوتییەکان لە لیستی ئەو جۆرانەن كە لەبەردەم هەڕەشەدان، ئەمە مانای وایە کە ئەم ئاژەڵانە لە مەترسی لەناوچووندان.

زنجیرە خۆراکی ناو ئەشکەوت

هەموو زیندەوەرێک پشت بە تیشکی خۆر دەبەستێت، تەنانەت لە تاریکترین ناوچەکانی ئەشکەوتێکیش، لەناو ئەشکەوتدا هیچ ڕووەکێکی سەوز گەشە ناکات چونکە ڕووەکەکان پێویستیان بە ڕووناکی هەیە بۆ کرداری ڕۆشنەپێکهاتن، لەکاتێکدا لە دەرەوەی ئەشکەوتەکان ڕووەکە سەوزەکان خواردن دروست دەکەن، ئاژەڵەکانی ناو ئەشکەوت دەبێت پشت بە لافاوە ناوبەناوەکان ببەستن بۆ هێنانی گەڵا و لق و پاشەڕۆی ڕووەک بۆ ناو ئەشکەوتەکە، سەرچاوەیەکی تری خۆراک لەلایەن پاشەڕۆی ئەو ئاژەڵانەوە دابین دەکرێت کە بۆ خواردن دەڕۆنە دەرەوە و پاشان بۆ خەوتن یان بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەشکەوتەکە، پاشەڕۆی ئەو جۆرە ئاژەڵانەش وەک شەمشەمەکوێرەکان "ڕێوییە فڕیووەکان" و سیسرکەکان لەوانەیە تاکە سەرچاوەی دابینکەری خواردن بن لە هەندێک ئەشکەوتدا، ژمارەیەکی کەم لە ئاژەڵەکان دەتوانن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو پاشەڕۆیانە بژین، وەکو جێگرەوەیەک بەکتریاکان و کەڕووەکان ئەم ماددانە شیدەکەنەوە بۆ خواردنە سادەکان و ماددە خۆراکییەکان، مێرووە قارچک خۆرەکانی وەکو قالۆنچەکان و مۆرانەکان لەسەر ئەو کەڕوو و بەکتریانە دەژین کە ئەوانیش لەسەر پاشەڕۆ و پەینی ئەو ئاژەڵانە دەژین کە بۆ دەستکەوتنی خۆراک دەچنە دەرەوەی ئەشکەوتەکان، پاشان ئەم قالۆنچە و مۆرانانەش دەبنه خۆراک بۆ ئاژەڵە دڕندە گەورەترەکانی وەکو زەردەقۆڕەکان یان قرژاڵی درێژ "کوللەی دەریا"، بەم شێوەیە پەینی ئاژەڵە گەورەترەکانی ئەشکەوت خۆراکی قارچک و بەکتریاکان دابیندەکەن و زنجیرەی خۆراکی بەردەوام دەبێت، هەموو جۆرە زیندەوەرەکانی سیستمی ئەشکەوت بۆ مانەوە لە ژیان پشت بە یەکتری دەبەستن، هەروەها پەیوەندی نێوان ئاژەڵەکانی ناو ئەشکەوتێک پتەوترە بە بەراورد بە پەیوەندی نێوان ئاژەڵانی دەرەوەی ئەشکەوت.

جۆرەکانی ژیان لە ئەشکەوتدا

ئاژەڵی ئەشکەوتەکان دابەش دەبن بەسەر سێ پۆلدا، بە پشت بەستن بە بڕی ئەو کاتەی کە بەڕاستی لە ئەشکەوتەکەدا بەسەری دەبەن:

یەکەم Trogloxenes: لە وشە یۆنانییەکانی "troglos" (ئەشکەوت) و "xenos" (میوان) ەوە هاتووە، ئەم جۆرە ئاژەڵانە نیشتەجێی کاتی ئەشکەوتەکەن و بە ئازادی لە ناو ئەشکەوت و دەرەوەی ئەشکەوت دێن و دەچن، ئەم سەردانیکەرانەی ئەشکەوت بەدوای ژینگەیەکی هەڵبژاردەییدا دەگەڕێن و تەواوی سوڕی ژیانیان لە ئەشکەوتدا تەواو ناکەن، شەمشەمەکوێرەکان "ڕێوییە فڕیووەکان" زۆربەی کات یەکەم نموونەی ئەم جۆرە ئاژەڵە سەردانیکەرانەن، هەندێک لە جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵ جێگیری پلەی گەرمیی ئەشکەوتەکانیان لا پەسەندە بۆ زایین و گەورەکردنی بەچکەکانیان، شەمشەمەکوێرەکان و ورچەکان و گەندە سمۆرەکان و پەپوولە شەوگەڕەکان و مرۆڤەکان نمونەی سەردانیکەرانی ئەشکەوتن، زۆربەی ئەم ئاژەڵانە بۆ مانەوەیان لە ژیاندا پشت بە ئەشکەوتەکان نابەستن و وا دەرناکەون کە خۆیان لەگەڵ ژینگەی ناو ئەشکەوتەکان بگونجێنن.

دووەم Troglophiles: لە وشە یۆنانییەکانی "troglos" (ئەشکەوت) و phileo (خۆشەویستی) یەوە هاتووە، ئەم ئاژەڵە ئەشکەوتدۆستانە دەتوانن لە ناوچە تاریکەکانی ئەشکەوتدا بژین، هەروەها دەتوانن لە دەرەوەی ئەشکەوتیش درێژە بە ژیانیان بدەن، هەندێ جار دەچنە دەرەوە و سەرەڕۆیی لە گەڕان بەدوای خواردندا دەکەن، ئەم کۆمەڵە زیندەوەرانە کرمی زەوی و هەندێک قالۆنچەکان و سیسرکەکانی ئەشکەوت و بۆقەکان و زەردەقۆڕەکان و هەندێک لە توێکڵ‌دارەکانی وەک قرژاڵی دڕکدار لەخۆ دەگرن.

سێیەم Troglobites: لە وشە یۆنانییەکانی "troglos" (ئەشکەوت) و "bios" (ژیان) ەوە هاتووە، ئەم جۆرە زیندەوەرانه نیشتەجێی ڕاستەقینەی ئەشکەوتن و تەواوی ژیانیان لە ئەشکەوتدا بەسەر دەبەن، ئەم جۆرە زیندەوەران بە هەمیشەیی لە ناوچە تاریکەکاندا دەژین تەنها لە ئەشکەوتەکاندا بوونیان هەیە و ناتوانن لە دەرەوەی ئەشکەوتەکان درێژە بە ژیانیان بدەن، ئەم جۆره زیندەوەرانە گەشەیان بە ڕاهێنانە تایبەتەکانیان داوە بۆئەوەی یارمەتیان بدات لەناو ئەشکەوتەکاندا درێژە بە ژیانیان بدەن، لەبەرئەوەی خواردن لەناو ئەشکەوتەکاندا زۆر کەمە زیندەوەران ئەندامەکانی هەستکردن و سەرچاوە ماددییەکانیان تەرخانکراون بۆ دۆزینەوە و پەیداکردنی خۆراک، ئەندامەکانی هەستکردن و سەرچاوە ماددییەکان کە بەسوودن بۆ درێژەدان بە ژیانی زیندەوەران زیاد کراون، ئەندامە هەستییە ناپێویستەکان سستبوون، ڕەنگی زۆربەی ئەو جۆرە زیندەوەرانەی کە بە هەمیشەیی لە ئەشکەوتەکاندا دەژین سپی و پەمەیی کاڵ، ڕەنگیان نییە چونکه هیچ پێویستیان بەوە نییە خۆیان لە تیشکی خۆر بپارێزن یان پێویستیان بەوە نییە ڕەنگی خۆیان بگۆڕن بۆئەوەی خۆیان لە ئاژەڵە دڕندەکان بشارنەوە و فریوویان بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان چاویان نییە یان چاویان زۆر کزه، بەهۆی کەمی ڕووناکییەوە چاوەکان پێویست نین، لەبەرئەوەی چاوەکان پێویستیان بە وزەی خواردنە بۆئەوەی بە ساغی بمێننەوە یان چاوەکانیان زۆر ڕۆکراون و دەشێت زیانیان پێبگات، بۆیە ماسییەکی ئەشکەوتی بێ‌چاو دەتوانێت بە خواردنێکی کەم زیاتر درێژە بە ژیانی بدات وەک ماسییەک کە چاوی هەیە، ئەو شتانەی کە ئەم جۆرە ئاژەڵانە لەدەستیانداوە و نیانە لاقی درێژتر و هەستۆکەکانن یان هەستەوەرەکان، هەروەها خۆگونجاندنەیان لەگەڵ ژینگەی ناو ئەشکەوتدا وای لێ کردوون نەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بڕۆن و بەو خواردنە کەمەوە، لەو ئاژەڵانەی که بەتەواوی خۆیانیان لەگەڵ ژیانی ناو ئەشکەوتەکاندا گونجاندووە، ماسی ئەشکەوتی و قەرژاڵی درێژی ئەشکەوتی و ڕۆبیانی ئەشکەوتی و ئاژەڵە توێکڵ‌دارەکان و گیانەوەری دووجۆرپێ و هەزارپێکان و هەندێک زەردەقۆڕەی ئەشکەوتی ومێرووەکان لەخۆدەگرێت.


سەرچاوەکان



679 بینین