خواردنەوە گازییەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-18-21:14:00 - کۆدی بابەت: 7304
خواردنەوە گازییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەر جۆرێک لە پۆلی خواردنەوەی ناکحولی کە بە زۆری بەکاربۆنکراوە پێی دەوترێت خواردنەوەی گازی، بە شێوەیەکی ئاسایی پێکهاتەی دەستکرد یان سروشتی شیرینکەر و ترشی گونجاو بۆ خواردن و تامی سروشتی یان دەستکرد و هەندێک جار شەربەتی تێدایە، تامە سروشتییەکان لە میوە و توو و چەرەزات و ڕەگ و گیا و چەندین سەرچاوەی دیکەی ڕووەکییەوە بەدەست دەکەون، قاوە و شیر و چا و کاکاو و ئاوی میوە و شەربەتی سەوزە بە خواردنەوەی گازی دانانرێن، لە ڕاستیدا کێشەکانی تەندروستی کڕیارە نوێیەکان هۆکار بووە بۆ داهێنانی جۆری نوێی خواردنەوە گازییەکان، کە دڵنیایی دەدەن لە بوونی کالۆری کەم و کەمیی سۆدیۆم و کافایین و زۆری پێکهاتەی سروشتی تێیدا.

مێژوو

یەکەمین خواردنەوەی گازی لە سەدەی ١٧ فرۆشرا کە تێکەڵەیەک بوو لە ئاو و لیمۆ و شەربەتی شیرینکراو بە هەنگوین، لە ساڵی ١٦٧٦ کۆمپانیایەکی فەڕەنسی بە ناوی لێمۆنادێر لە پاریس دامەزرا، پاشان چەند بریکارێکی دانا بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی، خواردنەوە و ئاوە بەکاربۆنکراوەکان لە ئەوروپا لە هەوڵی ئەوروپییەکانەوە لە سەدەی ١٧یەم گەشەی سەندووە، بۆ لاسایی کردنەوەی ئاوی سروشتی سازگاری کانیاوە بەناوبانگەکان، ئەم تایبەتمەندییە گازداریەی ئاو زۆر بە زووی ناسرا، وشەی گازدار بۆ یەکەمجار لەلایەن زانایەکی ئەڵمانییەوە بەکارهاتووە لەبەر بوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەو جۆرە خواردنەوانانەدا، زانا و پیاوی ئایینی ئینگلیزی بە ناوی جۆزێف پرێستلی نازناوی (باوکی پیشەسازی خواردنەوەی گازییەکان)ی لێنراوە لەبەر تاقیکردنەوەکانی لەسەر ئەو بەرهەمێنانی گاز لە ترشاندنی ئاوجۆوە، لە ساڵی ١٧٧٢ چەند کەلوپەلێکی بچووکی بەکاربۆنکردنی نمایشکرد بۆ کۆلێژی فیزیازانەکان لە لەندەن، پێشنیازی ئەوەی کرد کە بە یارمەتی پەمپێک دەکرێت ئاو زیاتر قەتیس بکرێت بە هەوای جێگیر.
تۆماس هێنری دەرمانسازی خەڵکی مانچستەر یەکەمین ئاوی بەکاربۆنکراوی بەرهەمهێنا، پاشان زەڕەنگەرێکی سویسرایی هەمان شێوازی بەکارهێنا بۆ دروستکردنی ئاوی بەکاربۆنکراو، لە ساڵی ١٧٩٤ ئاوە دەستکردە بەکاربۆنکراوە کانزاییەکەی  فرۆشتەوە بە هاوڕێکەی لە جنێف، پاشان هاوڕێکەی دەستی کرد بە بازرگانی لە لەندەن، لەسەرەتادا ئەم جۆرە ئاوە بۆ مەبەستی چارەسەری پزیشکی بەکاردەهات، نزیکی ساڵی ١٨٢٠ پێشکەوتنەکانی پڕۆسەی بەرهەمهێنان ڕێخۆشکەربوو بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر و بەناوبانگبوونی ئاوی بوتڵ، خوێی کانزایی و تام و ئاوی زەنجەفیل زیادکرا بۆ ناو بەرهەمەکە، لە ساڵی ١٨٣٠ لیمۆی بۆ زیادکرا، لە ساڵی ١٨٨٦ خواردنەوەی گازی کۆکاکۆلا بۆ یەکەمجار داهێنرا.

بەرهەمهێنان

هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە دروستکردنی خواردنەوە گازییەکاندا بەکاردێت دەبێت بە تەواوی خاوێن بێت و شیاوی خواردن بێت بۆ ئەوەی خواردنەوەیەکی کوالیتی باشی لێ دروست بکرێت، ئەم پێکهاتانە بریتیین لە ئاو، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، شەکر، ترشەکان، شەربەت و تام.

ئاو

تەنانەت ئەو ئاوەشی کە بۆ دروستکردنی خواردنەوەی گازی بەکاردێت لە سەرچاوەیەکی سەلامەتەوە وەردەگیرێت، هەروەها بە چەند پڕۆسەیەکی بەرهەمهێناندا تێپەڕ دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە چونییەکی بەرهەمەکە، بڕی ناخاوێنی ئاو لە سەرچاوەکانەوە بەپێی جارەکان دەگۆڕێت، لە هەندێک کارگەی لە بوتڵکردندا ئامێرەکانی خاوێنکردنەوەی ئاو بە شێوەیەکی سادە پێکدێن لە پاڵفتەکردنی لم بۆ لابردنی بچووکترین پێکهاتەی ڕەق لە ئاوەکەدا، هەروەها پاککەرەوەی چالاککراوی کاربۆن بۆ لابردنی ڕەنگ و کلۆر و تام و بۆنەکانی دیکە، لە زۆربەی کارگەکاندا ئاو بە پڕۆسەیەک خاوێن دەکرێتەوە کە پێی دەوتریت بەکلۆرکردنی نایاب (بە ئینگلیزی superchlorination) و مەیین، لەم پرۆسەیەدا ئاو دەخرێتە بەر خەستییەکی زۆر لە کلۆر و ماددەی ڕوونکەرەوە بۆ لابردنی پێکهاتەی وەک بەکتریا و قەوزە، دواتر بە پاڵفتەی لم و کاربۆنی چالاککراودا تێپەڕ دەکرێت.

دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بەکاربۆنکردن

دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بڵقی گاز و مێخۆشی دەدات بە خواردنەوەکە و ڕێگری دەکات لە خراپ بوونی، بە شێوەی ڕەق (سەهۆڵی وشک) یان شێوەی شل دەدرێت بە پیشەگەرانی خواردنەوەی گازییەکان، لەژێر پەستانی ٨٤ کیلۆگرام بۆ سانتیمەتری چوارگۆشەدا لەناو دەفری ستیلی قورسدا دەپارێزرێت، دەفرە ستیلە کەمکێشەکان کاتێک بەکاردێن کە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی شل لە ساردکەرەوەدا هەڵدەگیرێت بۆ پاراستنی، لەم دۆخەدا پەستانی ناوەکی نزیکی ٣٢٥ پاوەند بۆ ئینجی چوارگۆشەیە.
بەکاربۆنکردن (بۆ ئاو بێت یاخود خواردنەوەی گازی) ئەنجامدەدرێت بە ساردکردنی شلەکە و ڕێکخستنی لە چەند چینێکی تەنکی چەند پلێتێک کە چواردەورەکەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە لەژێر پەستاندا، بڕی ئەو گازەی ئاوەکە هەڵیدەمژێت زیاد دەکات بە زیادکردنی پەستان و کەمکردنی پلەی گەرمی.

خۆشاوی تام دروستکەر

خۆشاوی تام دروستکەر بە شێوەیەکی ئاسایی گیراوەیەکی خەستکراوەیە لە شیرینکەر (شەکری دەستکرد)، ترشێنەر بۆ مزری، تامخۆشکەر و پارێزەر ئەگەر پێویست بوو، خۆشاوی تام دروستکەر بە دوو هەنگاو دروست دەکرێت، یەکەم (خۆشاوێکی سادە) کە بە دروستکردنی گیراوەیەک لە ئاو و شەکر ئامادە دەکرێت، ئەم گیراوە سادەیەی شەکر کاربۆنی تێدەکرێت و دەپاڵێورێت ئەگەر شەکرەکە کوالیتی نزم بوو، دواتر هەموو پێکهاتەکانی دیکە زیاد دەکرێن بە داواکارییەکی ورد بۆ دروستکردنی گیراوەیەک کە پێی دەوترێت (خۆشاوی ئامادەکراو).

ئامادەکردن

دوو ڕێگا هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی کۆتایی لە خۆشاوی تام دروستکەرەوە، لە یەکەمیاندا خۆشاوەکە ڕوون دەکرێتەوە بە ئاو، پاشان سارد دەکرێتەوە و بەکاربۆن دەکرێت و دەکرێتە بوتڵەوە، لە دووەمیاندا دروستکەرەکە بە بڕێکی دیاریکراو خۆشاوەکە دەکاتە هەر بوتڵێکەوە پاشان بوتڵەکە بە ئاوی بەکاربۆنکراو پڕ دەکات، هەر چۆنێک دروست بکرێت بڕی شەکر (٥١٪ - ٦٠٪ لە خۆشاوەکەدایە) کەم دەکرێتەوە بۆ ٨٪ - ١٣٪ لە بەرهەمی کۆتاییدا، کەواتە نزیکی ١٢ ئۆنس (٢٩,٥٧ میلیلیتر) لە خواردنەوەی گازی زیاتر لە ٤٠ گرام شەکری تێدایە.

پێچانەوە

کاتێک ئامادەبوون بۆ فرۆشتن، خواردنەوە گازییەکان دەخرێنە بوتڵی شووشە یان پلاستیک، ستیلی خاڵی لە تەنەکە، ئەلەمنیۆم، یان ستیلی ستانلس.


سەرچاوەکان



1626 بینین