کەوچک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-24-23:55:00 - کۆدی بابەت: 7378
کەوچک

ناوه‌ڕۆك

کەوچک چییە؟

کەوچک، ملاک یان مراک (بە ئینگلیزی: Spoon)، کەرەستەیەکی هاوکاریکاری خواردنە لە کاتی خواردندا بەکاردێت، لە کۆندا لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند و پلەبەرزەکانەوە بەکاردەهێنرا، لە چەندین شێوازی جیاوازیش دروست دەکرێت، وەک تەختە و ئاسن و پلاستیک و قوڕ و شووشە، هەندێکیش بۆ جوانکاری لە زێڕ و زیو دروستی دەکەن.

کەوچک لە زمانی کوردی

وشەی کەوچک لە زمانی کوردی بەپێی ناوچەکان دەگۆڕێت و لە چەند ناوچەیەک بە تەواوی جیاوازە، وشەکان:

  • ملاک
  • کەفچەک
  • مراک
  • کۆچە
  • کەڤچی
  • قاشوخ
  • چەمچە (هەورامی)

مێژووی کەوچک

کەوچکەکان لەم شێوەی ئێستایان لە باکووری ئەورووپاوە سەریان هەڵدا، سەرەتا لە دار دروست دەکران، هەندێک سەرچاوەی یۆنانی هەن کە ئاماژە بە بەکارهێنانی سەدەفی دەریا دەدەن وەک ئامڕازی نانخواردن، هەروەها دەقی هیندی کۆن هەن کە ئاماژە بە بەکارهێنانی کەوچک دەکەن، جگە لەوەی میسڕییە کۆنەکان کەوچکیان بە عاج و بەرد و بەردەچەرخ دروست کردووە. بەڵام کەوچکە یۆنانی و ڕۆمانییەکان بەزۆری لە برۆنز و زیو دروست دەکران.

مرۆڤ لە مێژە ئەم جۆرە کەلوپەلەی لە چێشتخانە بەکارهێناوە و کەوچکەکان لە زۆر کاری ڕۆژانەدا یارمەتیدەرن، شارستانییە کۆنەکان کەوچکیان لە سەدەفی دەریایی و پارچەی دار دروست کردووە و لە کاری ڕۆژانە و چێشت لێناندا بەکاریان هێناون. لە ساڵی ١٩٧٠ دروست کردنی ئەم جۆرە کەوچکە پەرەی سەند بەتایبەتی کە شۆڕشی پیشەسازی گەشەی کرد و دوای ئەوە کەوچک لە پۆڵا دروست دەکرا بۆ ئەوەی ڕێگری لە ژەنگگرتنی بگیرێت.

ڕووسیا بە چەندین سەدە پێش ئەورووپا کەوچکی بەکارهێناوە، پادشا ڤلادیمێری سەدەی دەیەم بڕیاری بە دروستکردنی کەوچکی زیوی داوە بۆ خۆی و هەموو ستافەکەی، کە لەو کاتەدا تەنیا کەوچکی دار بەکارهێنراوە لە جیهاندا.

جۆرەکانی کەوچک

  1. کەوچکی شلە: کەوچکێکی گەورە و قووڵە بۆ خواردنەوەی شلە بەکاردێت، قووڵییەکەی لەبەر بوونی شلەیە لە قاپەکەدا.
  2. کەوچکی میوە: ئەم جۆرەیان لە کەوچکی چێشت خواردن بچووکترە و لە هەندێک میوەدا بەکاردێت، وەک خواردنی دانەی ترێ، یان پڕتەقاڵ و شووتی، ئەم جۆرەیان چواردەوری خڕترە و بۆ بڕینی میوەکەش بەکاردێت.
  3. کەوچکی چا: ئەم جۆرەیان لەنێو هەموو جۆرە سەرەکییەکانی تر بچووکترە و لە پیاڵە و کوپی بچووکدا جێگای دەبێتەوە، بۆ سوڕاندنی چا و قاوە و تواندنەوەی پێکهاتەکانی ناوی بەکاردێت.
  4. کەوچکی شۆرباو: خڕە و کەمێک قووڵە، بچووکترە لە کەوچکی شلە.
  5. کەوچکی کاڤیار: کەوچکێکە بۆ خواردنی کاڤیار بەکاردێت و نیمچەقووڵە، لە دار و زێڕ و شاخی گیانداران دروست دەکرێت، لە زیو دروست ناکرێت چونکە کاریگەری لەسەر تامەکەی دەبێت.
  6. کەوچکی چینی: جۆرێکی کەوچکە و دەسکێکی کورت و پانی هەیە، سەرێکی هێلکەیی و نیمچەقووڵی هەیە، ناو دەسکەکەشی قووڵە و شلەی تێدەچێت.
  7. کەوچکی کەتی: جۆرێکی کەوچکی سکۆتلەندی و ئێرلەندییە و کورتە.
  8. کەوچکی دیمیتاس: لە کەوچکی چا بچووکترە، بۆ خواردنەوە کۆن و کلاسیکییەکان بەکاردێت، یان لە لابردنی کەفی سەر قاوە و کاپوچینۆ.
  9. کەوچکی شیرینی: کەوچکێکی قەبارە مامناوەندە و لە خواردنی شیرینی بەکاردێت.
  10. کەوچکی هێلکە: بۆ خواردنی هێلکەی دۆڵەمە بەکاردێت، سەرێکی خڕی کورتی هەیە و بۆ دەرهێنانی ناوەوەی هێلکەکە بەکاردێت.
  11. کەوچکی وشکە: بۆ مەبەستی خستەنێوی کەرەستەکانی تام و بەهاراتەکان بەکاردێت بۆ نێو چێشت.
  12. کەوچکی خوێ: قەبارەیەکی بچووکی هەیە بۆ تێکردنی خوێ بۆ ناو چێشت.


سەرچاوەکان



1712 بینین