کاغەز

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-27-22:48:00 - کۆدی بابەت: 7412
کاغەز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاغەز (بە ئینگلیزی: paper) ماددەیەکی تەنکە کە بەشێوەیەکی کیمیایی یان میکانیکی لە ڕیشاڵی سلیلۆزەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەرهەمی سلیلۆز لە دار یان گیا یان سەرچاوەکەی دیکەی سەوزەوات لەناو ئاودا دەردەهێنرێت، ئاوەکە بەناو تۆڕێکدا تێپەڕدەکرێت و ڕیشاڵەکە بە بڵاوکراوەیی لەسەر ڕووکارەکەی جێدەمێنێت، پاشان پەستانی دەخرێتە سەر و وشک دەکرێتەوە، لە کۆندا کاغەز دانە دانە بە دەست دروست دەکرا، بەڵام دوای پێشکەوتنی پیشەسازی بە ئامێری گەورە دروست دەکرا، ئەم ماددە هەمەکارە چەندین بەکارهێنانی هەیە وەک: چاپکردن، پێچانەوە، ڕازاندنەوە، نووسین، پاککردنەوە، کاغەزی پاڵاوتن، داپۆشەر، کتێب، کلێنس، دراو و چەندین بەکارهێنانی دیکەی پرۆسەی پیشەسازی و بنیادنان.

مێژوو

کۆنترین بەڵگەی شوێنەوارناسی کە ئاماژە بە بوونی کاغەز بدات دەگەڕێتەوە سەدەی دووەمی پێش زایین لە وڵاتی چین، دەوترێت کە داهێنانی دروستکردنی کاغەز گەشتووەتە جیهانی ئیسلامی لەدوای شەڕی (تاڵاس) کە لە نێوان خەلافەتی عەباسییەکان و دەسەڵاتدارانی تانگی وڵاتی چیندا ڕوویدا لە ساڵی ٧٥١ زایینی، کاتێک لەم شەڕەدا کاغەز دروستکەرە چینییەکان بە بارمتە گیران هونەری دروستکردنی کاغەز گەیشتە دەوڵەتە ئیسلامییەکان.
لە سەدەی ١٣دا ئاشنابوون بە کاغەز و بەکارهێنانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە و بڵاو بوویەوە بەرەوە ئەوروپا، کە تیایدا یەکەمین کارگەی سەرچاوەی وزەی ئاویی دروستکردنی کاغەز بنیاتنرا، چونکە کاغەز لە شاری بەغدادەوە گەیشتە ڕۆژئاوا سەرەتا پێی دەوترا بەغداتیکۆس (بە ئینگلیزی: bagdatikos).
لە سەدەی ١٩دا پیشەسازی تێچووی بەرهەمهێنانی کاغەزی کەمکردەوە، لە ساڵی ١٨٤٤ داهێنەرێکی کەنەدی بە ناوی (چاڕڵز فێنێتی) و داهێنەرێکی ئەڵمانی بە ناوی (فرێدریک گۆتلۆب) بە شێوەیەکی سەربەخۆ پڕۆسەی هەویری کاغەزی ڕیشاڵی داریان پەرەپێدا.

سەرچاوە کۆنەکان بۆ دروستکردنی کاغەز

پێش پیشەسازی بەرهەمهێنانی کاغەز باوترین سەرچاوەی ڕیشاڵ بریتی بوو لە ڕیشاڵی دووبارە بەرهەم هاتوو لە کوتاڵی بەکارهاتووەوە کە پێی دەوترا پەڕۆ یان پارچەی کۆن، پەڕۆکان لە لۆکە یان نایلۆن یان گوش دروست کرابوون، پڕۆسەی دەرهێنانی مەرەکەبی لە کاغەزی دووبارە بەرهەم هێنراو لەلایەن مافناسی ئەڵمانی جەستس کلاپرۆس لە ساڵی ١٧٧٤ داهێنرا، ئەو شێوازەی دەرهێنانی مەرەکەب پێی دەوترێت لابردنی مەرەکەب (بە ئینگلیزی: deinking)، پاشان لە ساڵی ١٨٤٣ بەرهەمهێنانی کاغەز پەرەی سەند و لە هەویری دار دروستکرا و دروستکردنی کاغەز چیتر پشتی نەبەست بە کوتاڵی بەکارهاتوو.

دروستکردن

بە هەویرکردنی کیمیایی

بۆ دروستکردنی هەویر لە دارەوە پڕۆسەی کیمیایی بە هەویرکردن لیگنن (بە ئینگلیزی: lignin) لە ڕیشاڵی سلیلۆز جیادەکاتەوە، لیگنن پۆلێکە لە پۆلیمەری ئەندامی کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستکردنی دیواری خانەی ڕووەک بەتایبەت دار چونکە ڕەقییەکی زۆری پێ دەدەن و بە ئاسانی خراپ نابن، پۆلیمەر واتای ناوەکەی بریتییە لە فرەبەش، ماددەیەکە کە لە دووربارەبوونەوەی بەشی جیای گەردی کیمیایی زۆر گەورە و زۆر بچوک پێکدێت، هەردوو جۆری پۆلیمەری سروشتی و دەستکرد ڕۆڵێکی بێسنووریان هەیە لە ژیانی ڕۆژانەدا لەبەر تایبەتمەندییە فراوانەکانیان.
شلەیەکی تایبەت بە لێنانی خواردن بەکاردێت بۆ تواندنەوەی لیگنن کە دواتر دەشۆردرێتەوە و لە سلیلۆزەکە جیا دەکرێتەوە، ئەمەش درێژی دەدات بە ڕیشاڵی سلیلۆز، ئەو کاغەزەی کە لە هەویری کیمیایی دروست دەکرێت پێی دەوترێت کاغەزی خاڵی لە دار (بە ئینگلیزی: wood-free papers) کە جیاوازە لە کاغەزی خاڵێ لە درەخت (بە ئینگلیزی: tree-free paper)، هەویرەکە دەتوانرێت سپی بکرێتەوە بۆ دروستکردنی کاغەزی سپی بەڵام نزیکی ٥٪ لە ڕیشاڵەکەی کاردەبێت.
پڕۆسەی بە هەویرکردنی کیمیایی بەکارنایەت بۆ دروستکردنی ئەو کاغەزەی لە لۆکەوە دروست دەکرێت کە ٩٠٪ لە سلیلۆز پێکدێت.

بە هەویرکردنی میکانیکی

دوو جۆری سەرەکی لە بە هەویرکردنی کیمیایی بوونی هەیە کە بریتیین لە بە هەویرکردنی میکانیکی گەرمی (بە ئینگلیزی: thermomechanical pulp) و هەویری داری هاڕدراو (بە ئینگلیزی: groundwood pulp)، لە پڕۆسەی بە هەویرکردنی گەرمیدا دارەکە ورد دەکرێت و دواتر دەخرێتە پوختەکەری بە هەڵم گەرمکراو، کە تێیدا لە نێوان دوو دیسکی ستیلدا پارچە دارەکان دەگوشرێن و دەگۆڕدرێن بۆ ڕیشاڵ، ئەم پڕۆسەیە لیگنن لە ڕیشاڵ جیا ناکاتەوە بۆیە بڕێکی زۆر کە دەکاتە نزیکی ٩٥٪ لە لیگنن پێکدێت، لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو کاغەزەی بەم پڕۆسەیە دروست دەکرێت ڕەنگی زەردی هەیە و بەپێی تێپەڕبوونی کات زوو شکاوە دەبێت.
لە پڕۆسەی هەویری داری هاڕدراویشدا کرۆکی دارە لەتکراوەکان دەخرێنە ناو هاڕەرەوە بۆ ئەوەی بکرێن بە ڕیشاڵ.
هەویری میکانیکی ڕیشاڵی کورتی هەیە بۆیە ئەو کاغەزەی کە لێی بەرهەم دێت لاواز و ناسکە، هەروەها پێویستی بە بڕێکی زۆری وزەی کارەبایی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هەویرەکە، بەڵام تێچووەکەی لە جۆری کیمایی کەمترە.

هەویری مەرەکەب دەرهێنراو

دووربارە بەرهەم هێناوەوەی کاغەز دەکرێت بەشێوەی کیمیایی یان میکانیکی هەویری لێ بەرهەم بێت، بە تێکەڵکردنی لەگەڵ ئاودا و بەکارهێنانی کرداری میکانیکی بەندە هایدرۆجینییەکانی ناو کاغەز دەشکێنرێن و دووبارە ڕیشاڵەکان جیادەکرێنەوە، کاغەزی مەرەکەب دەرهێنراو هەمان کوالیتی لەگەڵ ئەو کاغەزە هەیە کە لێی دروست کراوە یان دەکرێت کوالیتی نزمتر بێت.

زیادکراو

جگە لە ڕیشاڵەکان دەکرێت هەویری کاغەز پڕکەری وەک تەباشیر یاخود قوڕی چینی تێبکرێت کە تایبەتمەندی چاپکردن و نووسینی بەرەوپێش دەبات، ئەو زیادکراوانەی کە بە مەبەستی بە قەبارەکردن زیاد دەکرێن دەکرێت تێکەڵ بکرێن و زیاد بکرێن بۆ تۆڕی کاغەز لە کاتی پڕۆسەی بەرهەم هێناندا، مەبەست لە بە قەبارەکردن دەستکەوتنی ئاستی گونجاوی توانای مژینی ڕووکاری کاغەزە بۆ مەرەکەب یان بۆیەی گونجاو.

بەرهەمهێنان

هەویری کاغەز دەکرێتە ئامێری کاغەزەوە کە تێیدا بە پەستان خستنەسەر و وشککردنەوە دەکرێت بە تۆڕێکی کاغەز و ئاوەکەی لێ جیادەکرێتەوە، پەستان خستنەرسەر شیتی کاغەز دەبێتە هۆی لابردنی ئاوەکەی، هەرکە ئاوەکە لە کاغەزە جیاکرایەوە جۆرێکی تایبەت لە هەڵمژەری ئاو کە جیاوازە لە جۆری کۆن بەکاردێت بۆ کۆکردنەوەی ئاوەکە.
لە وشککردنەوەدا هەوا یاخود گەرمی بەکاردێت بۆ لابردنی ئاو لە شیتی کاغەزەکان.

بەرهەمی کۆتایی

لە کۆتاییدا کاغەز بە پڕۆسەی بە قەبارەکردندا تێپەڕ دەکرێت بۆ گۆڕینی تایبەتمەندییە فیزیاییەکەی بۆ بەکارهێنانی لە چەندین داواکاری جیاوازدا، لەم خاڵەدا کاغەز ڕووپۆش نەکراوە، کاغەزی ڕووپۆشکراو چینێکی تەنکی لە ماددەی وەک کاربۆناتی کالسیۆم یان قوڕی چینی هەیە، کە ئەم چینە تەنکە بۆ یەک لا یاخود بۆ هەردوو لاکەی کاغەز زیاد دەکرێت، مەبەست لە زیادکردنی ئەم چینە دروستکردنی ڕووکارێکە کە زیاتر گونجاوە بۆ چاککردنی وێنەی کوالیتی بەرز، کاغەزی ڕووپۆشکراو و ڕووپۆش نەکراو هەردووکیان ڕووکارەکەیان ساف دەکرێت.
کاغەزی ڕووپۆشکراو چەند جۆرێکی هەیە وەک مات و نیمچە مات و ئاوریشمی و بریقەدار، جۆری بریقەدار بەرزترین چڕی بیناییان هەیە لە وێنەی چاپکراودا.

بەکارهێنان

کاغەز بە پشت بەستن بە مەبەستی بەکارهێنان بە چەندین تایبەتمەندی جیاوازەوە دروست دەکرێت:

بۆ مەبەستی بڵاوکراوە، نووسین یان ئامڕازی زانیاریدار

  • بەهای پێشکەشکردنی: پارەی کاغەز، تێبینی بانکی، چەک، پاراستن، قەواڵە، بلیت.
  • بۆ تۆمارکردنی زانیاری: کتێب، تیانووس، کاغەزی هێڵکاری، کارتی نەخشێنراو، کاغەزی وێنەی فۆتۆگرافی.
  • بۆ ئامڕازی بڵاوکراوە و بڵاوکردنەوە و خوێندنەوە: کتێب، ڕۆژنامە، گۆڤار، پۆستەر، نەخشە، نیشانە، نامیلکە، ناسێنەر، ڕاگەیەنراو، هەڵواسراوی ئاگادارکەرەوە.
  • بۆ بەکارهێنانی کەسی: یادگاری، تیانووس، تیانووسی بچووک، تیانووسی پلان، تێبینی بیرخەرەوە.
  • بۆ مەبەستی بازرگانی و پیشەگەری: کاغەزی دەستنووس، کاغەزی ژمێریاری، کاغەزی چاپکردن
  • کاغەزی تایبەت بە بەڵگەنامەیی: بلیت، ڕێککەوتن، لیستی نرخ. 
  • بۆ گەیاندنی مەبەست لە نێوان دوو کەس یان گروپێکدا: نامە،
  • بۆ ڕێکخستن و ناردنی بەڵگەنامە: پێچانەوە، زەرفی نامە، فایل.
  • بۆ کاری هونەری: کاغەزی وێنەکێشان، وێنەکێشان بە خەڵووز، وێنەکێشان بە بۆیەی ئاوی.

بۆ مەبەستی پێچانەوە و پیشەسازی

  • بۆ پێچانەوە: کاغەزی پێچکراو، پێچانەوەی دیاری، پێچانەوەی بەرهەمی بارزگانی.
  • بۆ پاککردنەوە: جۆرەکانی کلێنس.
  • بۆ خواردن: کارتۆنی خواردنەوە، چای سەفەری، پاڵفتەکەری قاوە.
  • بەکارهێنانەکانی دیکە: کاغەزی ئەندازیاری، کاغەزی بنیادنان، کاغەزی پاڵاوتن...


سەرچاوەکان



2069 بینین