سەر

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-06-16:57:00 - کۆدی بابەت: 7516
سەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەر (بە ئینگلیزی: Head) بەشێکە لە زیندەوەر کە دەکەوێتە یەکێک لە دوو کۆتاییەکانی جەستە. سەر زۆرترین چڕیی دەمارەکانی تێدایە، بە گشتی لە گوێ، مێشک، ناوچاوان، ڕوومەت، چەناگە، چاو، لووت و دەم پێکدێت. هەریەکەیان یارمەتی یەکێک لە فرمانە جۆراوجۆرەکانی هەستکردن دەدەن، وەکوو بینین، بیستن، بۆنکردن و تامکردن. هەندێک لە زیندەوەرە زۆر سادەکان لەوانەیە سەریان نەبێت، بەڵام زۆربەی زیندەوەرە دوولا هاوجێکان هەیانە، بەبێ گوێدانە قەبارە.

پەرەسەندنی سەر لە زیندەوەراندا بە (Cephalization) ناسراوە واتا شێوازی گەشەکردنی سەر کە بریتیە کۆبوونەوەی ئەندامەکان لە سەر یان نزیک سەر. لە زیندەوەرە دوولا هاوجێکاندا، دەمارە شانەکان لە بەشی پێشەوە چڕ دەبنەوە و ئەو پێکهاتانە دروست دەکەن کە بەرپرسن لە چالاکیی گەیاندنی زانیاری، ئەمەش وا دەکات زیندەوەرەکە خێراتر و زیرەکانەتر وەڵامی بۆ ژینگەی دەوروبەر هەبێت. لە گەشەکردنی زیندەوەرزانیدا، هەستە ئەندامەکان و پێکهاتەکانی خواردنیش لە بەشی پێشەوەدا چڕ دەبنەوە، هەموو ئەمانەش پێکەوە سەر پێکدەهێنن.

زیندەوەرە بڕبڕەدارەکان وەکوو مرۆڤ و زۆربەی گیانەوەرەکان، بێبڕبڕەکان وەکوو مێرووکان و گیانەوەرە بێبڕبڕە ژێدارەکان، هەموویان سەریان هەیە. 

سەری مرۆڤ

سەری مرۆڤ یەکەیەکی توێکارییە کە لە کەللـە سەر، لامە ئێسک و بڕبڕەی مل پێکدێت. زاراوەی کەللـە سەر ئاماژەیە بۆ ئێسکی خوارەوەی شەویلگە و کاسەی سەر کە مێشکی تێدایە. 

پەیکەرتاشییەکانی سەری مرۆڤ بە گشتی لەسەر شێوەی پێکهاتەی پەیکەرێکن کە لە کاسەی سەر، ئێسکی شەویلگە و ئێسکی ڕوومەت پێکدێن. هەرچەندە ژمارەی ئەو ماسولکانەی کە ڕووخسار پێکدەهێنن لە پەیکەرتاشییەکانی سەردا وەک یەکن، بەڵام شێوەی ماسولکەکان جیاواز دەبێت بەپێی فرمان، گەشەکردن و ئەو دەربڕینەی کە لەسەر ڕووخساردا دەردەکەوێت.

سەری گیانەوەرانی تر

گیانەوەرە پێ جومگەدارەکان

ئەو گیانەوەرانەن کە بڕبڕەیان نییە، لە هەندێک لە پێ جومگەدارەکاندا بە تایبەتی سێ پەلەکان، ناوچەی سەر و مێشک ئەو بەشەی سەرە کە شوێنی کۆبوونەوەی پارچە پێکداچووەکانە.

لە مێرووەکاندا (بە ئینگلیزی: Insects) سەر پێکدێت لە چاو، هەستۆکەکان یان ئاریەلەکان و پێکهاتەکانی دەم، هەروەها ئەم پێکهاتانە لە مێروویەک بۆ یەکێکی تر جیاوازن و بەهۆیانەوە جۆرە جیاوازەکانی مێروو دەناسرێنەوە. 
ئاریەلەکان لە مێرووەکاندا لەسەر شێوەی جووتە پارچەی پێوەلکاو دەبینرێن کە بە گشتی دەکەونە نێوان چاوەکان، هەروەها شێوە و قەبارەی جۆراوجۆریان هەیە بەپێی جۆری مێرووەکان، بۆ نموونە لەسەر شێوەی تاڵ یان گورزەی درێژ دەبن.

هەروەها شێوەی دەم لە مێرووەکاندا بەپێی شێوازی خواردنی خۆراک دەگۆڕێت. لێوی سەرەوە (Labrum) لە بەشی پێشەوە و دەرەوەی سەردایە، لە بەشی پشتەوەی لێوی سەرەوە جووتێک لە شەویلگەی خواروو و جووتێک لە شەویلگەی سەروو بوونیان هەیە. لێوی خوارەوەش پێی دەوترێت (Labium).
لە هەندێک جۆری مێروودا بەشێکی تر لە دەمدا بوونی هەیە کە پێی دەوترێت گەرووی ژێرەوە (بە ئینگلیزی: Hypopharynx) و بەزۆری دەکەوێتە نێوان شەویلگەکان.

گیانەوەرە بڕبڕەدارەکان و بیردۆزی نوێی سەر

هەرچەندە گیانەوەرە بێ بڕبڕە ژێدارەکان سەریان هەیە، کە جۆرێکی ئاڵۆزی گیانەوەرن و ئێسکی دەرەوە و دڕکە پەتکیان نییە، وەکوو بوونەوەرە دەرییاییەکان بۆ نموونە کرمۆکە و ماسییەکان. جێی پرسیار بوو کە چۆن گیانەوەرە بڕبڕەدارەکان کەللـەی سەری ئێسکینیان هەیە کە جیابووەتەوە لە بەشی سەرەکیی جەستە. 

بەگوێرەی بیردۆزی هایمن (١٩٧٩)، پەرەسەندنی سەر لە بڕبڕەدارەکاندا بە پێکداچوونی چەند پارچەیەکی جێگیری بەشی پێشەوە دروست بووە. لەگەڵ گەشەسەندنی پێشکەوتووی (Cephalization)، سەر بەشێکی زیاتر و زیاتری پارچەکانی جەستە لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، واتا هەرچەند ئاستی (Cephalization) بەرزتر بێت ئەوا پێکهاتەکانی ناو سەر زیاتر دەبن. 

لە ساڵی ١٩٨٠ـدا بیردۆزی نوێی سەر پێشبینی ئەوەی کرد کە سەری بڕبڕەدارەکان پەرەسەندنێکە لە ئەنجامی پۆپنە دەمار و پەپکەی کاسەی سەردا دروست بووە.


سەرچاوەکان



588 بینین