تەن

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-11-23:24:00 - کۆدی بابەت: 7572
تەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەن (بە ئینگلیزی: Ton) یەکەیەکی پێوانەی بارستەیە، بە هێمای (t) کورت دەکرێتەوە و بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی بارستەی تەنە قورس و گەورەکان، وەکوو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر کە دەکرێت بارستەی ئۆتۆمبێلێک یەکسان بێت بە دوو تەن. 

لە سیستمی ئەمریکیدا پێوانەی بارستە بە سێ یەکەی ئۆنس، پاوەند و تەن دەکرێت، کە تەن گەورەترینیانە. تەن لە کۆندا بۆ زۆر مەبەست بەکارهاتووە بۆ نموونە بۆ پێوانەی قەبارە بەکارهاتووە، لە ئێستادا بە هەندێک مەبەستی تایبەت بۆ پێوانەی وزە و پۆلێنکردنی بارهەڵگرەکان بەکاردێت. بە هەر پێناسەیەک بێت، تەن بە گشتی بریتییە لە گەورەترین یەکەی بارستە. 

مێژوو

بەکارهێنانی یەکەی تەن لە وشەی (Tun)ـی ئینگلیزییەوە هاتووە کە لە کۆندا بۆ ئەو بەرمیلە دارینە یان بۆشکە گەورانە بەکار دەهات کە بۆ هەڵگرتنی خواردنەوەی کحولی، ڕۆن، هەنگوین و شلەکانی تر بەکار دەهاتن، ئەم بەرمیلە دارینە گەورانە توانای لەخۆگرتنی قەبارەیەکیان هەبووە لەنێوان 175 بۆ 213 گاڵۆنی بەریتانی کە یەکسانە بە 210 بۆ 256 گاڵۆنی ئەمریکی یان 800 بۆ 970 لیتر و کێشەکەی نزیکەی 2000 پاوەند یان 910  کیلۆگرام بووە و نزیکەی 60 پێ سێجا یان 1.7 مەتری سێجا قەبارەی لە بۆشاییدا داگیر کردووە. بۆ پێوانەی ئەم بەرمیلانە یەکەی (tun) بەکاردەهات، بۆیە لە کۆندا (tun) وەک یەکەیەکی قەبارەش بەکارهاتووە.

جۆرەکانی تەن بۆ پێوانەی بارستە

بەپێی سیستمی ئەڤوادیپوا (بە ئینگلیزی: Avoirdupois System) تەن سێ جۆری هەیە کە بریتین لە:

تەنی کورت (Short ton): لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەکاردێت.

  • یەک تەنی کورت یەکسانە بە 2,000 پاوەند 
  • یەک تەنی کورت یەکسانە بە 907.18474 کیلۆگرام

تەنی درێژ (Long ton): لە بەریتانیادا بەکاردێت.

  • یەک تەنی درێژ یەکسانە بە 2,240 پاوەند
  •  یەک تەنی درێژ یەکسانە بە 1,106.0469 کیلۆگرام

تەنی مەتری (Metric ton): هەروەها پێی دەوترێت تەن (بە ئینگلیزی: Tonne) کە تەنیا لەڕووی ڕێنووسەوە جیاوازن لەگەڵ وشەی (Ton)، بەڵام بەیەک شێواز دەخوێندرێنەوە.

ئەم جۆرەی یەکەی تەن لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەکاردێت، بەو وڵاتانەشەوە کە پێشتر (Ton)ـی ئەمریکی یان بەریتانییان بەکارهێناوە. هەروەها ئەم جۆرەی تەن  لە سیستمی نێودەوڵەتی یەکەکان (بە ئینگلیزی: SI)ـدا بەکاردێت و پێی دەوترێت مێگاگرام (Megagram) و بە هێمای (Mg) کورت دەکرێتەوە. زۆرجار وشەی تەن ئاماژەیە بۆ ئەم جۆرەی تەن بەبێ ئاماژەکردن بە تەنی مەتری.

یەک تەن (Tonne) یان تەنی مەتری یەکسانە بەم بڕانە:

  • یەک تەنی مەتری یەکسانە بە 1000 کیلۆگرام 
  • یەک تەنی مەتری یەکسانە بە 2,204.6226 پاوەند
  • یەک تەنی مەتری یەکسانە بە 1.1023 تەنی کورت (سیستمی ئەمریکی) 
  • یەک تەنی مەتری یەکسانە بە 0.98421 تەنی درێژ (سیستمی بەریتانی)

تەن بۆ پێوانەی وزە و هێز

تەنی TNT 

تەن بەکاردێت بۆ پێوانی وزەی تەقینەوە کە لەلایەن ماددەی تۆڵۆوینی سیانە نایترۆجینەوە بەڕەڵا دەبێت (بە ئینگلیزی: Trinitrotoluene) یان (TNT)، کە ئەم وزەیە دەکاتە 900 بۆ 1100 کالۆری لەسەر گرام. یەکەی تەنی TNT بۆ پێوانەی وزەی چەکی ناوکی (بە ئینگلیزی: Nuclear weapon) بەکاردێت، هەروەها بۆ پێوانی بومەلەرزەش بەکارهاتووە. 

یەک تەنی TNT یەکەیەکی وزەیە و دەکاتە 109 کالۆری، هەروەها پێشی دەوترێت گێگاکالۆری (Gcal) و یەکسانە 4.184 گێگاجووڵ (GJ).

یەک کیلۆتەنی TNT یەکەیەکی وزەیە و دەکاتە  1012 کالۆری، هەروەها پێشی دەوترێت تێراکالۆری (Tcal) و یەکسانە بە 4.184 تێراجووڵ (TJ).

یەک مێگاتەنی TNT (1 ملیۆن تەنی مەتری) یەکەیەکی وزەیە و دەکاتە 1015 کالۆری، هەروەها پێشی دەوترێت پێتاکالۆری (Pcal) و یەکسانە بە 4.184 پێتاجووڵ (PJ).

کالۆری یەکەی وزەیە و یەکسانە بە 4.184 جووڵ. بەڵام دەبێت بزانرێت کە ئەم کالۆریە کالۆریی بچووکە (cal) و کالۆرییە گەورەترەکە کە بۆ وزەی خۆراکە (Cal) یەکسانە بە یەک کیلۆکالۆریی بچووک (kcal).

یەکەی تەنی هاوتای ڕۆن 

یەکەی تەنی هاوتای ڕۆن (toe) بریتییە لە پێوانەی ئەو بڕە وزەیەی لە سووتاندنی یەک تەنی ڕۆنی خاودا بەڕەڵا دەبێت. ئەم یەکەیە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) بەکاردێت.

یەک تەنی هاوتای ڕۆن (toe) یەکسانە بە:

  • 11.63 مێگاوات-کاتژمێر (MWh)
  • 41.868 گێگاجووڵ (GJ)
  • 10 گێگاکالۆری (Gcal)
  • 39.6832072 ملیۆن یەکەی گەرمیی بەریتانی (million Btu)
  • 1.42857143 یەکەی تەنی هاوتای خەڵووز (tce)

یەکەی تەنی هاوتای خەڵووز 

یەکەی تەنی هاوتای خەڵووز بریتییە لە پێوانەی ئەو بڕە وزەیەی لە سووتاندنی یەک تەنی خەڵووز بەڕەڵا دەبێت.

یەک تەنی هاوتای خەڵووز (tce) یەکسانە بە: 

  • 8.141 مێگاوات-کاتژمێر (MWh)
  • 29.307 گێگاجووڵ (GJ)
  • 7 گێگاکالۆری (Gcal)
  • 27.778245 ملیۆن یەکەی گەرمیی بەریتانی (million Btu)
  • 0.7 یەکەی تەنی هاوتای ڕۆن (toe)

بەستن (سارکردن)

یەکەی تەن بەکاردێت بۆ ڕێژەی هەڵمژینی گەرمی لە ئامێری بەستن و ساردکەرەوەی کەش، هەروەها بە هێمای (RT) کورت دەکرێتەوە.


سەرچاوەکان



1159 بینین