کیشوەری ئەمریکای باکوور

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-25-16:23:00 - کۆدی بابەت: 7704
کیشوەری ئەمریکای باکوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەمریکای باکوور (بە ئینگلیزی: North America، بە عەرەبی: أمريكا الشمالية)، یەکێکە لە کیشوەرەکانی سەر گۆی زەوی و دەکەوێتە نیوەگۆی باکووری زەوی و بە هەردوو نیوەگۆی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشدا درێژدەبێتەوە. ڕووبەری کیشوەرەکە ٢٤,٧٠٩,٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، واتە %١٦,٥ـی گۆی زەوی داگیردەکات و لەدوای ئاسیا و ئەفریقا سێیەم گەورەترین کیشوەری زەوییە. لەڕووی دانیشتوانیشەوە چوارەم چڕترین کیشوەرە.

ناوەکەی

ناوی کیشوەرەکە لە ناوی گەشتیاری ئیتاڵی، ئامێریگۆ ڤێسپوچییەوە هاتووە کە یەکەمین کەس بوو ڕایگەیاند ئەو زەوییە نوێیانەی کریستۆڤەر کۆڵۆمبس دۆزیویەتییەوە کیشوەرێکی نوێن و ئاسیا نین. بۆیە دواتر هەردوو دروستکاری نەخشەی ئەڵمانی (ماتیاس ڕینگمان و مارتن ڤاڵدسمیلەر) لەکاتی کێشانی نەخشەی ئەمریکا، ناوی ئەمریکایان لێنا وەک ئاماژەیەک بۆ ئامێریگۆ ڤێسپوچی کە لە نێوان ١٤٩٧ بۆ ١٥٠٢ کیشوەری ئەمریکای باشووری دۆزییەوە و ڕایگەیاند کە ئەم زەوییانە بەشێک نین لە دوورگەکانی هیندستانی ڕۆژهەڵات. ئامێریگۆ ساڵی ١٥٠٧ نەخشەی جیهانی کێشا و ناوی ئەمریکای لە شوێنی بەڕازیلی ئێستا نا. بەڵام ناوەکەی وەک خۆی نەنووسییەوە و بە شێوەی لاتینی و مێینە نووسیویەتی بۆ ئەوەی لەگەڵ هەریەک لە ئاسیا و ئەفریقا بگونجێت و ببێتە ئەمریکا.

ئەمریکای باکوور و باکووری ئەمریکا

دەستەواژەی ئەمریکای باکوور جیاوازە لە باکووری ئەمریکا، چونکە دووەمیان وڵاتی مەکسیک ناگرێتەوە کە دەکەوێتە ئەمریکای ناوەڕاست. بەڵام یەکەمیان هەرسێ وڵاتی (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک) دەگرێتەوە.

هەروەها باکووری ئەمریکا زۆرجار بۆ باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بەکاردێت.

وڵاتەکانی کیشوەرەکە

  • ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
  • کەنەدا
  • مەکسیک
  • ئانتیگوا و باربودا
  • گرینادا
  • کۆماری دۆمینیکان
  • دۆمینیکا
  • کۆماری کوبا
  • کۆستاریکا
  • بەلیز
  • باربادۆس
  • بەهاما
  • سلڤادۆر
  • گواتیمالا
  • هایتی
  • هندۆراس
  • جامایکا
  • پەنەما
  • نیکاراگوا
  • سەینت کیتس و نیڤیس
  • سەینت لووسیا
  • سەینت ڤینسەنت و گرینادینز
  • ترینیداد و تۆباگۆ

وڵاتانی چاودێری کراو لە کیشوەرەکە

ناوچەکانی بەریتانیا

  • ئەنگویلا
  • بەرموودا
  • دوورگە پاکیزەکانی بەریتانیا
  • دوورگەکانی کێیمەن
  • مۆنتسێرات
  • دوورگەکانی تورکس و کایکۆس

ناوچەکانی هۆڵەندا

  • ئارووبا
  • بۆنێر
  • کوراشاو
  • سابا
  • سەینت ئۆستاتیۆس
  • سەینت مارتن

ناوچەکانی ڤەنزوێلا

  • نوێڤا ئێسپارتا
  • ناوچە فیدراڵییەکانی ڤەنزوێلا

ناوچەکانی کۆڵۆمبیا

  • کۆمەڵەدوورگەی سان ئەندرێس

ناوچەکانی فەڕەنسا

  • دوورگەکانی کلیپێرتۆن
  • دوورگەکانی گوادلۆپ
  • مارتینیک
  • سەینت بارتێلمی
  • سەینت مارتن
  • سەینت پیێر و میکوێلۆن

ناوچەکانی ئەمریکا

  • دوورگە پاکیزەکانی ئەمریکا
  • پێرتۆریکۆ

ناوچەکانی دانیمارک

  • گرینلاند

جیۆلۆجی

ئەمریکای باکوور سەرچاوەی زۆربەی ئەو شتانەیە کە مرۆڤ سەبارەت بە سەردەمی جیۆلۆجی دەیزانێت. ئەو ڕووبەرە جوگرافییەی کە ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لە هەموو وڵاتێکی تر زیاتر جێگای بوونی شێوازی جۆراوجۆری دایناسۆڕەکانی مێژووە. هۆکاری ئەمەش چینەکانی زەوی و کەشوهەوا و جوگرافیا و سەرچاوە مرۆییەکان و مێژووی ناوچەکەیە. لە چاخی ناوەڕاستیشدا، زۆربەی ناوچە بەرزایی و گردەکانی کیشوەرەکە تووشی ڕاماڵین بوون.

مێژوو

زاناکان چەندین تیۆرییان هەیە دەربارەی بنەچەی دانیشتوانی سەرەتایی کیشوەری ئەمریکای باکوور (هیندییەکانی چاخی بەردین). ئەمریکییە ڕەسەنەکانی کیشوەرەکە چەندین ئەفسانە و چیرۆکیان هەیە کە بەوە دووپاتی دەکەنەوە ئەوان لە سەرەتای دروستبوونی کیشوەرەکەوە لەوێ ژیاون.

بیردۆزی باو ئەوەیە دەوترێت ڕاوچییەکان لە نێوان ٢٧,٠٠٠ بۆ ١٤,٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش لە ڕۆژهەڵاتی سیبیریا و ئالاسکای ئەمڕۆوە بەناو پردی بێرینگدا هاتوونەتە ناوچەکە. هەروەها دانیشتوانە سەرەتاییەکانی ئەمریکا لەو پردەوە پێش ١٣,٠٠٠ ساڵ هاتوون و لەوێ نیشتەجێ بوون. کۆنترین نەخشە سەربەردەکان یان بەردەنەخشینەکانیش لە ئەمریکای باکوور دەگەڕێنەوە بۆ ١٥,٠٠٠ بۆ ١٠,٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش.

شارستانیەتی ئەدنا (٨٠٠ ساڵ پێش زایین بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش زایین) لە دۆڵی ڕووباری میسیسیپی دروستبوو. پاشان شارستانی هۆبۆڵ (٤٠٠ ساڵ پێش زایین بۆ ٤٠٠ـی زایینی) لە دیوی ڕۆژهەڵاتییەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای باکوور دەرکەوت. هەروەها لە ساڵانی ١٠٠ـی پێش زایین بۆ دوو سەد ساڵ دوای ئەو لە ڕۆژئاوای ئەمریکا دروستکردنی سەبەتە باو بووە. ماڵەکانیش لە درەخت دروست دەکران، یان لە ئەشکەوتەکان دەژیان و مردووەکانیان لەوێ دەناشت. ڕاوی کەروێشک و سەگی کێوی و سمۆرە و ئاسکیان کردووە.

سەرەتای دەرکەوتنی کشتوکاڵیش دەگەڕێتەوە بۆ دوو ناوچەی (وود لاندزی ڕۆژهەڵات و ئەمریکای ناوەڕاست) و کۆمەڵێک لەو ناوچانە هەستاون بە چاندنی تەماتە و خەیار. هەروەها لە هەمووی گرنگتر، بە گەنم ئاشنابوون و بەکاریان هێناوە.

لە ئاکامی گەشەکردنی کشتوکاڵ لە باشووردا، چەندین پێشکەوتنی گرنگی کولتووریی تێدا بەدیکراوە، بۆ نموونە شارستانیەتی مایا سیستمی نووسینێکی دروستکرد و هەڕەمی گەورەیان بونیات نا. هەروەها خاوەنی ڕۆژژمێری تایبەت بە خۆیان بوون. لە سەردەمی دەسەڵاتی شارستانیەتی مایا، ئیسپانییەکان هاتنە کیشوەرەکە و بەوەش دەسەڵات کەوتە باکووری کیشوەرەکە، واتە بەرەو ئیمپڕاتۆریەتی ئێزتک. لە باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکای باکوور، کۆمەڵگاکانی هۆهۆکام و پوێبلۆ بە ماوەی ٢٠٠٠ ساڵ پێش گەیشتنی ئیسپانیەکان لە ساڵانی ١٤٤٠کان، خەریکی کشتوکاڵ و ئاودێری بوون و شوێنی جێگیر و جۆگەلە و گوندی جێگیریان هەبووە.

لەکاتی گەیشتنی ئەورووپییەکان بە کیشوەرەکە، کولتووری ناوچەکەش بە تەواوی گۆڕا. زۆرێک لە زمانەکان تیاچوون و بەشێکی زۆر لە کولتوورەکان لەناوچوون.

لە ماوەی سەردەمی دۆزینەوەدا، ئەورووپییەکان ئەمەریکای باکووریان دۆزییەوە و ناویان نا جیهانی نوێ. لەو کاتەشدا دانیشتوانی ئەمریکی ڕەسەن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی و توندوتیژی لەگەڵ داگیرکەران و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ئەورووپییەکان لە کیشوەرەکە کە ئەمریکییەکان نەیان دەتوانی بەرگەی بگرن.

لە ساڵی ١٥١٣دا، خوان پۆنسێ دێ لیۆن کە یاوەری دووەم گەشتی کۆڵۆمبس بوو، سەردانی کرد کیشوەرەکەی کرد و و ناوی نا لا فلۆریدا. لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ و دەستپێکی ١٩ کۆمەڵێک بزووتنەوەی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ پەیدابوون کە بووە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی نوێ لە کیشوەرەکە. هەر سێزدە ناوچە داگیرکراوەکەی بەریتانیا لە ١٧٧٦ سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و ویلایەتە یەکگرتووەکانیان پێک هێنا. دواتریش کەنەدا لە یەکگرتنی ناوچەکانی باکوور کە لەژێر دەستی فەڕەنسا و بەریتانیا بوو دروست بوو. دواتریش ساڵی ١٨١٠ ئیسپانیای نوێ کە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی دەگرتەوە بەرەو ئەمریکای ناوەڕاست، سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و یەکەمین ئیمپڕاتۆریەتی مەکسیک پەیدابوو. ساڵی ١٨٢٣ گواتیمالا کە بەشێک بوو لە مەکسیک ناوی خۆی گۆڕی بۆ ناوچە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ناوەڕاست.

سێ دەیە کارکردن لە کەناڵی پەنەما بۆ بەستنەوەی ئاوی زەریای ئەتڵەسی و زەریای هێمن پێکەوە، لە ساڵی ١٩١٣ وایکرد ئەمریکای باکوور ببێتە کیشوەرێکی جیا.

جوگرافیا

ئەمریکای باکوور لە ڕووی  ڕووبەرەوە سێیەم گەورەترین کیشوەری زەوییە لەدوای ئاسیا و ئەفریقا. تاکە سنووری وشکانییش لەگەڵیدا ئەمریکای باشوورە لەڕێی تەنگەڵانی پەنەماوە. کۆتا سنووری کیشوەرەکە دەکەوێتە نێوان کۆڵۆمبیا و پەنەما و بەوەش زۆرینەی پەنەما دەکەوێتە ناو ئەمریکای باکوورەوە. ئەم کیشوەرە زۆرێک لە کۆمەڵەدوورگەکان دەگرێتە خۆی، وەک: کۆمەڵەدوورگەی جەمسەری باکوور، دوورگەکانی بەهاما، دوورگەکانی تورکس و کایکۆس، دوورگەکانی ئەنتیڵی گەورە و بچووک، دوورگەکانی ئەلووشن، لەگەڵ هەزاران دوورگە لە کەناراوی کۆڵۆمبیای بەریتانی و نیو فاوندلاند و دوورگەی گرینلاند.

لە باکوور لەگەڵ زەریای بەستەڵەکی باکوور، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی، لە باشووریشەوە لەگەڵ ئەمریکای باشوور و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ زەریای هێمن هاوسنوورە. ڕووبەری کیشوەرەکە ٢٤ ملیۆن و ٧٠٩ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.

کەشوهەوا

لەبەر ئەوەی کیشوەرەکە دەکەوێتە نیوەگۆی باکووری زەوی، لە زستاندا لە زۆرینەی ناوچەکانی پلەکانی گەرما دەکەونە ژێر سفر کە زۆرینەی ناوچەکانی کەنەدا و بەشی هەرەزۆری باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە. لە هاوینیشدا، کیشوەرەکە گەرمە، لە زۆربەی ناوچەکانی پلەی گەرما ١٨ پلەیە.

ڕێژەی بارینیش لە ناوچەکان جیاوازن، بۆ نموونە ناوچەی کەناراوی باکووری ڕۆژئاوا ڕێژەی بارینی زۆرە. بەڵام لە بەشەکانی باشووری ڕۆژئاوا و ناوچەکانی باکوور کەمترە. هەروەها لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و بان و ئەستێلکە ناوخۆییەکان لە چیای ڕۆکی بارین کەمترە. بەڵام بەدرێژایی چەندین مانگی ساڵ لە ناوچەکانی نێوان پێنج دەریاچەکە و ڕووباری سانت لۆرێنس لە باکوور و زەریای ئەتڵەسی و دوورگەی مەکسیک لە باشوور بارین بەردەوامە.

دانیشتوان

ڕێژەی دانیشتوانی کیشوەرەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە (601,074,699) کەس بووە. چەندین نەتەوە و کەمینەی تێدایە و چوارەم فرەدانیشتوانترین کیشوەری جیهانە لەدوای ئاسیا و ئەفریقا و ئەورووپا. زیاتر لە %٦٣ـی دانیشتوانەکەی سپی پێستن، %١٢,٦ ڕەشپێست و %١٦,٣ لە ئەمریکای باشوور و %٤,٨ بنەچەی ئاسیایییان هەیە. لەگەڵ چەندین نەتەوە و ڕەگەزی تر.

لە وڵاتەکاندا خەڵکی بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی و ئیسپانی قسەدەکەن و لە کەنەدا فەڕەنسی دووەم زمانی فەرمییە بەتایبەت لە هەرێمی کێبێک.

ئابووری

ئەمریکای باکوور ئابوورییەکی بەهێز و پێشەنگی جیهانی هەیە، بە تایبەتی لە وڵاتە گەورەکانی: ئەمریکا، کەنەدا و دواتریش مەکسیک. بەتایبەت لە ئەمریکا و کەنەدا پشت بە پیشەسازی و کشتوکاڵ دەبەستێت و هەردوو وڵات خاوەن ئابووریەکی گەورەن لە جیهاندا، ئەمریکا لە ئاستی جیهانی لە پلەی یەکەمەکانە بۆ بەرهەمهێنانی گەنم، پەتاتە، گەنمەشامی، ترشەمەنییەکان و بەرهەمهێنانی دار و پەروەردەکردنی ئاژەڵ. لەڕووی پیشەسازیشەوە لە بواری ئۆتۆمبێل و نەوت و بازرگانی گەورە و خزمەتگوزاری و گەشتیاری و فرۆشتنی چەکەوە لە پلەی یەکەمەکانی جیهاندایە.

کەنەداش لەدوای ئەمریکا هەمان پێگە لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و پیشەسازیدا داگیر دەکات و یەکێکە لە پێشەنگەکانی جیهان.

ڕووداوەکان

کیشوەرەکە چەندین ڕووداو گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیووە. گرنگترینیان لە سەرەتاوە جەنگی ئەمریکییەکانە دژی بەریتانییەکان (١٧٧٥ - ١٧٨٣)، هەروەها جەنگی ئەمریکا و مەکسیک (١٨٤٦ - ١٨٤٨). جەنگی ناوخۆی ئەمریکا (١٨٦١ - ١٨٦٥)، دواتریش جەنگی ئەمریکا و ئیسپانیا لە ١٨٩٨. لە نوێترین ڕووداوەکانیشیدا هێرشەکانی ١١ـی سێپتەمبەری ٢٠٠١ لەخۆدەگرێت کە پەڕەیەکی نوێی لە سیاسەتی ئەمریکا کردەوە و هەڵمەتێکی بەناوی "جەنگ دژی تیرۆر" دەست پێکرد.

وڵاتی مەکسیکیش کۆمەڵێک جەنگی بینیووە، وەک: جەنگی سەربەخۆیی لە ئیسپانیا (١٨١٠ - ١٨٢١)، و جەنگی مەکسیک و فەڕەنسا (١٨٣٨ – ١٨٣٩) و (١٨٦١ - ١٨٦٧). لەگەڵ شۆڕشی گەلی مەکسیکی لە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ١٩١٠.

لە ڕووی سیاسییەوە کیشوەرەکە خاوەنی بەشێکی زۆری دەسەڵاتی بڕیاردانی جیهانە بەهۆی ئەوەی هەریەک لە ئەمریکا و کەنەدا دەکەونە ئەم کیشوەرەوە. هەروەها بنکەی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەوێتە شاری نیو یۆرک لە ئەمریکا، کە بڕیارە سیاسییە گەورەکانی جیهان لە بواری سیاسی و سەربازی و ئاسایش و مافەکانەوە دەدات. وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٠ بڕیاری سەربەخۆیی ئەو دەوڵەتانەی دا کە ژێردەستەبوون.

هەروەها کیشوەرەکە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتیی جیهانی لەخۆدەگرێت کە دەکەونە شاری واشنتن لە ئەمریکا. لەگەڵ هەریەک لە ڕێکخراوەکانی یونسێف لە ئەمریکا و ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتیی مەدەنی لە کەنەدا.

لەڕووی وەرزشیشەوە کۆمەڵێک چالاکی گەورەی ڕێکخستووە، وەک: ئۆڵۆمپیاتەکانی ساڵی ١٩٣٢، ١٩٦٨، ١٩٧٦، ١٩٨٤ و ١٩٩٦. هەروەها جامی جیهانیی تۆپی پێ لە ١٩٧٠ و ١٩٨٦ لە مەکسیک و ١٩٩٤ لە ئەمریکا.

ئایین

لە ڕووی ئایینەوە چەندین ئایین لەخۆدەگرێت، بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بەمشێوەیە:

  • مەسیحی  (77.38%)
  • بێ باوەڕ  (17.12%)
  • جوو  (1.72%)
  • بودیزم (1.16%)
  • ئیسلام  (1.02%)
  • ھیندوویزم (0.68%)
  • ئایینی تر (0.63%)
  • ئایینی فۆلکلۆر (0.30%)


سەرچاوەکان



9021 بینین