ددانساز

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-02-09-20:16:00 - کۆدی بابەت: 7787
ددانساز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ددانساز یان دکتۆری ددانساز (بە ئینگلیزی: Dentist) هەروەها پێشی دەوترێت نەشتەرکاری ددان (بە ئینگلیزی: Dental surgeon) پسپۆڕێکی تەندروستییە بەتایبەت لە بەشی ددانسازی خوێندویەتی کە تایبەتە بە دەستنیشانکردن، ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی کێشە و نەخۆشییەکانی دەم و ددان. کاری ددانسازی پێویستی بە کارکردنی تیمێکە کە ددانساز سەرۆکی تیمەکەیە، تیمی پاڵپشتیی ددانسازەکانیش کە زۆرجار یاریدەدەری ددانساز، پاککاری ددان، تەکنیککاری ددان و چارەسەرکاری ددان دەگرێتەوە، یارمەتیدەری پزیشکی ددانسازن لە دابینکردنی خزمەتگوزاییە تەندروستییەکانی دەم و ددان. 

ئەرک و بەرپرسیارییەتی

ددانساز بەرپرسیارییەتی زۆری هەیە، لە هەمووشیان گرنگتر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری پاکڕاگرتنی ددانەکانە کە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە کێشە و نەخۆشییەکانی دەم و ددان. هەروەها ددانساز نەخۆشییەکانی ددان، پووک و دەم دەستنیشان دەکات و چارەسەریان دەکات. ددانسازەکان تەکنەلۆجیا و ئامێری سەردەمییانە بەکاردێنن، وەکوو ئامێری تیشکی ئێکس (X-ray)، لێزەر، دڕێل، فڵچە، نەشتەر و ئامڕازە پزیشکییەکانی تر بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی ددان. هەروەها بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان پێویستە دەستکێش، دەمامک و چاویلکەی پارێزەر بەکار بهێنن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی میکڕۆب و بەکتریاکان. کارەکانی ددانساز بە گشتی بریتین لە:

  • هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەبارەی پاکوخاوێنی ددانەکان
  • پڕکردنەوەی ددان و دانانی حەشوە و پڕکەرەکان
  • لابردنی ڕزین، کلۆری و پیسی کۆبووەوەی ددانەکان
  • چاککردن یان دەرهێنانی ددانی خراپبوو
  • شیکردنەوەی تیشکەکانی ئێکس و دەستنیشانکردن
  • سڕکردنی ددانەکان
  • پشکنینی گەشەکردنی ددان و ئێسکی شەویلگە

مەشق و خوێندن

بەشی پزیشکی ددان

ددانساز دکتۆرە، بۆیە ڕێگەی خوێندنی وەکوو دکتۆری پزیشکی تەواو دەکات. لە کوردستاندا کەسێک دوای تەواوکردنی پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەتوانێت بەشی پزیشکی ددانسازی هەڵبژێرێت بە مەرجێک کۆنمرەکەی بەرز بێت وەکوو بەشە پزیشکییەکانی تر کە بەپێی ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا دێت، دوای تەواوکردنی کۆلێژی ددانسازی کەسەکە بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە نەشتەرکاریی دەم و ددان بەدەست دەهێنێت و ماوەی دوو ساڵ وەک پزیشکی ددانسازی نیشتەجێی خولاوە و پایەبەندی پلەبەند کاردەکات، دوای ئەوە دەتوانێت لە پسپۆڕییەکی وردتری ددانسازی ماستەر و دکتۆرا بخوێنێت و ناونیشانی تایبەت وەربگرێت، لە کوردستاندا دامەزراندنی پزیشکانی ددانساز ڕاستەوخۆ دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە، بەڵام دامەزراندنیان وەکوو هەموو بەشەکانی تر لە کۆتایی دەیەی دووەمی ٢٠٠٠ـەکانەوە ڕاگیراوە.

لە هەندێک لە وڵاتانی دەرەوە بەهۆی جیاوازی شێوازی خوێندن، خوێندن لە بەشی ددانسازی جیاوازە. یەکەم هەنگاو پێویستە کەسەکە لە خوێندنی یەکێک لە بوارەکانی بایۆلۆجی، کیمیا، تەندروستی یان بیرکاریدا بەکالۆریۆسی لە زانستەکاندا بەدەست هێنابێت، دواتر تاقیکردنەوەی وەرگرتن دەکات لە ددانسازی بۆ ئەوەی داواکاری پێشکەشی سکووڵەکانی ددانسازی بکات، هەروەها پڕۆسەی مەشقکردنەکە پێکهاتووە لە:

  • دوو ساڵ خوێندن لە زانستی پزیشکیی زیندەیی (Biomedical)، دواتر دوو ساڵ کارپێکردنی کلینیکی دەکات.
  • بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆری نەشتەرکاری ددان (DDS) یان دکتۆری پزیشکیی ددان (DDM).
  • وەرگرتنی ڕێپێدانی ددانسازی بە دەرچوون لە تاقیکردنەوەی نووسین و کرداری.

دوای بڕینی هەموو قۆناغەکان پزیشکی ددان کە بەکالۆریۆسی هەیە لە نەشتەرکاریی دەم و ددان دەتوانێت بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە پسپۆڕییەکی تایبەتدا بەدەست بهێنێت، بەڵام مەرجە کە پلەبەندیی پزیشکیی تەواو کردبێت کە لە هەموو وڵاتێکدا پلەبەندییەکە وەک یەک نییە، ئەو پسپۆڕییانەی کە ددانساز دەتوانێت ماستەر و دکتۆرای تێدا بەدەست بهێنێت، بریتین لە:

  • ددانسازی گشتی یان ددانسازی تەندروستیی کۆمەڵگە (General or Public health dentist)
  • ددانسازی منداڵان (Pedodontist)
  • ددانسازی ڕاستکردنەوەی ددان (Orthodontist)
  • ددانسازی پووک (Periodontist)
  • ددانسازی کڕۆکی ددان (Endodontist)
  • ددانسازی دروستکردن و چاندنی ددان (Prosthodontist)
  • نەخۆشییەکانی دەم و شەویلگه و ڕوو (Oral and maxillofacial pathology)
  • نەشتەرکاری دەم و شەویلگە و ڕوو (Oral and maxillofacial surgery)
  • تیشکی دەم و شەویلگە و ڕوو (Oral and maxillofacial radiology)

مێژووی ددانسازی 

ددانسازی یەکێکە لە دێرینترین پیشە پزیشکییەکان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٧,٠٠٠ ساڵ پێش زایین. نووسینێکی سۆمەریی کۆن دۆزراوەتەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە کە کرمەکان هۆکاری کلۆربوونی ددانەکانن و هەڵەی ئەم بیرۆکەیە تا ساڵانی ١٧٠٠ـەکانیش نەسەلمێنرا. حسەی ڕەع (بە ئینگلیزی: Hesy-Ra بە عەرەبی: حسي رع) کە نامەنووسێکی میسڕی بوو وەک یەکەمین مەشقکاری ددان لە میسڕی کۆندا دەستنیشان کراوە کە ٢,٦٠٠ ساڵ پێش زایین ژیاوە.  

ئەوەی جێی سەرنجە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا یەکەمین کەس کە کاری ددانسازی کردبێت سەرتاشەکان بوون کە کاری دەرهێنانی ددانیان کردووە. ئەمبۆواز پێغی (Ambroise Paré) کە زۆرجار بە باوکی نەشتەرکاری دەناسرێت، سەرتاشێکی نەشتەرکاری فەڕەنسی بوو و یەکەمین کاری خۆی لەبارەی چارەسەر و پارێزگاریکردنی گونجاوی ددان بڵاوکردەوە. 

لە یۆنانی کۆندا هەپۆکرەیتیس و ئێریستۆتڵ لەبارەی ددانسازییەوە نووسیویانە بەتایبەت لەسەر چارەسەرکردنی کلۆربوونی ددان کە لە ساڵی ١٥٣٠ کتێبێکیان بە ناوی (کتێبی پزیشکیی بۆ هەموو جۆرە لاوازی و نەخۆشییەکی ددان) بڵاوکردەوە. 

لە ساڵانی ١٧٠٠ـەکاندا ددانسازی بووە پیشەیەکی وردتر، پیەغ فۆشا (Pieere Fauchard) کە نەشتەرکارێکی فەڕەنسی بوو و بە باوکی پزیشکیی ددانسازیی سەردەم دادەنرێت، لە ساڵی ١٧٢٣ـدا کتێبەکەی بە ناوی (ددانسازی نەشتەرکار، زانستنامەیەک لەسەر ددان) بڵاوکردەوە، کە بۆ یەکەم جار بوو باسێکی چڕوپڕی پارێزگاریکردن و چارەسەرکردنی ددانەکان بکرێت و پیەغ ئاماژەی بەوەش دابوو کە شەکر دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددانەکان.

لە ساڵی ١٨٤٠ یەکەمین کۆلێجی ددانسازی بەناوی (کۆلێجی باڵتمۆر بۆ نەشتەرکاریی ددان) کرایەوە، هەروەها لە ساڵی ١٨٤١ ویلایەتی ئەڵەباما یەکەمین یاسای کارپێکردنی ددانسازی دانا و ڕابەرایەتیی کرد و دوای ٢٠ ساڵیش کۆمەڵەی ددانسازیی ئەمریکی (ADA) دامەزرا. یەکەمین زانکۆ کە سکووڵی ددانسازی کردەوە زانکۆی هارڤارد بوو کە لە ساڵی ١٨٦٧ (سکووڵی ددانسازیی زانکۆی هارڤارد)ـی کردەوە.

یەکەمین تیشکی ئێکسی ددان لە ساڵی ١٨٩٦ بەکارهاتووە و لە ساڵی ١٨٧٣ کۆمپانیای کۆڵگەیت یەکەمین هەویری ددان و فڵچەی ددانی دروست کرد.

لە سەدەی بیستەمدا تەکنیک و تەکنەلۆجیای نوێی ددانسازی داهێنران وەک تاجی پۆرسەلین لە ساڵی ١٩٠٣، نۆڤۆکاین کە سڕکەرێکی ناوچەیییە لە ساڵی ١٩٠٥، پڕکردنەوەی ورد لە ساڵی ١٩٠٧، فڵچەی ددانی نایلۆن لە ساڵی ١٩٣٨، زیادکردنی فلۆراید بۆ ئاو بۆ ئەوەی ڕێگری لە کلۆربوونی ددان بکات لە ساڵی ١٩٤٥، هەویری ددانی فلۆراید لە ساڵی ١٩٥٠، ئامڕازەکانی هەواییی ددان لە ساڵی ١٩٥٧، لێزەر لە ساڵی ١٩٦٠، فڵچەی ددانی کارەبایی لە ساڵی ١٩٦٠ و کیتی ماڵەوەی سپیکردنەوەی ددان لە ساڵی ١٩٨٩.


سەرچاوەکان

1059 بینین