پاستا

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-02-15-21:15:00 - کۆدی بابەت: 7840
پاستا

ناوه‌ڕۆك

پاستا چییە؟

پاستا (بە ئینگلیزی: Pasta، بە عەرەبی: الباستا)، جۆرێکە لە خواردنی ئیتاڵی، شێوازێکە لە شێوازەکانی ئامادەکردنی مەعکەرۆنی، مەعکەرۆنیش بریتییە لە هەویرێکی ڕەق و لە گەنم، جۆ و هەندێک جار لە برنج دروست دەکرێت و بە کوڵاندن لە ئاوی گەرم و خوێدا نەرم دەکرێتەوە، پاستا بە سۆسی سپی یاخو سوور دروست دەکرێت کە چەندین پێکهاتەی جیاواز تیایدا بەکاردێت وەک، کەرە، سیر، شیر، کرێمی چێشت، سنگی مریشک، قارچک، پەنیری مۆزارێلا و بەهارات بەپێی خواست، ئەگەر پاستا بە سۆسی سووریش ئامادە بکەیت ئەوا دۆشاویش بەکاردێت.

مێژووەکەی

پاستا لە سەردەمانی زۆر کۆنەوە هەبووە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا باو بووە، وشەی پاستا وشەیەکی ئیتاڵییە و ئاماژە بۆ ئەو هەویرە دەکات کە لێی دروست دەکرێت، چەند بیروباوەڕێکی هەڵە هەیە کە دەڵێت هەندێک خواردنی وەک، پیتزا و پاستا خواردنێکی ئیتاڵین و مارکۆ پۆلۆ لە ئەنجامی گەشتەکەیدا بە جیهانی ناساندوون، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و تەنها وەکوو ئەفسانەیەکە، زۆر قورسە بە تەواوی شوێنی ڕەسەن و سەرهەڵدانی پاستا دیاری بکرێت، هەرچەندە ئێمە دەزانین لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین عەرەبەکان جۆرە خواردنێکی چێژ بەخشییان هەبوو کە پێی دەوترا "ئەتریا"، شێوەی وەک مەعکەرۆنی بوو، بە هۆکاری هاتوچۆی بازرگانی گوازراوەتەوە بۆ وڵاتانی تر بەتایبەت ئیتاڵیا کە بە خواردنێکی هەرزان، ئاسان و خێرا بۆ دروستکردن ناسرا بوو، بیرۆکەی بەرهەمهێنانی مەعکەرۆنیش لە ئەتریاوە سەریهەڵداوە.

سوودەکانی

خواردنی پاستا چەندین کاریگەری و سوودی تەندروستی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، وەک:

  • پاستا ڕێژەیەکی زۆر لە کاربۆهیدراتی تێدایە کە جەستە سوودی لێ دەبینێت بۆ بەرهەمهێنانی وزە و چالاکی ڕۆژانە.
  • پاستا لە چەندین جۆری ماددەی خۆراکی پێکدێت کە یارمەتی بەرهەم هێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدەن.
  • بوونی ماددەی سیلینیۆم لە پاستادا، یارمەتی ڕێکخستنی شەکری خوێن دەدات.
  • پاستا بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵ و ڤیتامینی تێدایە کە پارێزگاری لە تەندروستی سیستمی هەرس دەکات و دەیپارێزێت لە توشبوون بە چەندین جۆری نەخۆشی بەتایبەت هەوکردن.
  • پاستا بە یەکێک لە ئەو خۆراکانە دادەنرێت کە کێشی لەش زیاد دەکات، ئەمەش بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە لاوازن و دەیانەوێت کێشیان زیاد بکەن.
  • پاستا تەندروستی دڵ دەپارێزێت بە مەرجێک ئەگەر بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت و نەکرێتە خواردنێکی بەردەوام و ڕۆژانە.

زیانەکانی

وەک دەزانین پێکهاتەی سەرەکی پاستا بریتییە لە مەعکەرۆنی، خودی مەعکەرۆنییەکە زیان بە جەستە و تەندروستی مرۆڤەکان ناگەیەنێت بەڵکو ئەو سۆسەی بۆی زیاد دەکرێت زیانی هەیە چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە چەوری و خوێی تێدایە، هەروەها خواردنی بەردەوام و ڕۆژانەی پاستا هۆکارێکی تری زیان گەیاندنە بە تەندروستی:

  • قەڵەوی و زیادکردنی کێش.
  • زیان گەیاندن و توشبوونی گورچیلە بە چەندین نەخۆشی.
  • هۆکارە بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی جگەر.
  • هۆکارە بۆ دروستبوونی برینی گەدە.
  • دەبێتە هۆی ئاوسانی سک و گەدە و دروستبوونی غازات.

چۆن پاستایەکی تەندروست بخۆم؟

زۆر کەس ئارەزووی خواردنی پاستا دەکەن بەڵام ترسیان هەیە کە باری تەندروستیان تێکبچێت و زیان بە جەستەیان بگات، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستە چەند ڕێگایەک پەیڕەو بکەیت تا بتوانیت پاستایەکی تەندروست و بێ زیان بخۆیت، ئەو ڕێگایانەش بریتین لە:

  • خواردنی پاستا بە شێوەیەکی ڕێژەیی و دوور لە زیادەڕەویی.
  • بەکارهێنانی مەعکەرۆنی جۆ بۆ پاستاکەت.
  • هەڵبژاردنی سۆسی تەندروست کە بڕێکی کەم لە کالۆری تێدابێت و چەوری نزم بێت و بەکارنەهێنانی پەنیر و کرێمی چەور.
  • بەکارهێنانی زەیتی تەندروست وەک زەیتی زەیتوون و بەکارهێنای گیای سروشتی و نوێ.
  • بەکارهێنانی پڕۆتینی تەندروست وەک، ماسی و مریشک.

جۆرەکانی پاستا

  • پاستای مریشک
  • پاستای قارچک
  • پاستای گۆشت
  • پاستای سەوزەوات
  • پاستای ماسی
  • پاستای سپایگێتی


سەرچاوەکان



1369 بینین