مانگا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-16-16:27:00 - کۆدی بابەت: 7843
مانگا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مانگا (بە ئینگلیزی: Manga، بە عەرەبی: مانغا، بە ژاپۆنی: まんが) ئەو چەمکەیە کە لەلایەن ژاپۆنییەکانەوە دراوە بە چیرۆکی وێنەیی، لە دەرەوەی ژاپۆنیش بە هەموو چیرۆکە وێنەدارە ژاپۆنییەکان یان ئەوانەی شێوەی ژاپۆنییان تێدایە دەوترێت مانگا. ئەم چەمکە بەرانبەر هەموو پیشەسازییەکانی ئەم هونەرە بەکاردێت کە لەڕێی ئینتەرنێت و گۆڤارەوە بڵاودەکرێنەوە. زۆرینەی ئەنیمییەکان لەسەر مانگاکان دروست دەکرێن و دەکرێنە ئەنیمی و پێشتر تەنیا چیرۆکی وێنەدار بوون.

مانگا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە لە ژاپۆندا، باس لە هەموو بابەتەکان دەکات وەک (ڕۆمانسی، سەرکێشی، خەیاڵیی زانستی، کۆمیدیا و ڕووت). لە سەرەتای هەشتاکاندا هاوشانی ئەنیمییەکان کۆمەڵگای ڕۆژئاوایان داگیرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنیمییەکان گەیشتنە شاشەی تەلەڤزیۆنی ڕۆژئاواییەکان و توانییان هەوادارێکی زۆر لەخۆیان کۆبکەنەوە.

واتای وشەکە

وشەی مانگا وشەیەکی لێکدراوە و لە هەردوو وشەی ژاپۆنی 漫 (مان) بە واتای سەیروسەمەرە و 画 (گا) بە واتای وێنە پێکدێت. هەروەها وشەی مانگا بۆخۆی بۆ هەموو چیرۆکە وێنەدارەکان و کاریکاتێر و وێنە جووڵاوەکان بەکاردێت. بەکارهێنانی باوی وشەکە سەرەتا لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ بە بڵاوکردنەوەی کاری وەک کتێبی Shiji no yukikaiـی نووسەر سانتیۆ کیۆدن لە ١٧٩٨ دەستی پێکرد. هەروەها مانگای مانگاکای ڕاکۆتین کیتازاوا وەک یەکەمین مانگا دادەنرێت کە دەستەواژەی مانگای بە فەرمی بۆ بەکارهێنرابێت.

شێوەی مانگا

مانگاکان چیرۆکی وێنەداری ڕەش و سپین و ڕەنگیان نییە، بەڵام هەندێک کات هەوادار و وێنەکێشی دەرەکی هەڵدەستن بە ڕەنگکردنەوەی مانگاکە و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک پاڵنەر، وەک نرخ. مانگاکان هەفتانە و مانگانە بڵاودەکرێنەوە و ئەمەش تێچوویەکی زۆری دەبێت لەسەر خەڵکی، بۆیە بۆ بڵاوکردنەوەی مانگا سوود لە کاغەز و پەڕاوی بەکارهێنراو وەردەگیرێت و دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە و هیچ ڕەنگێکی بۆ زیاد ناکەن بۆ ئەوەی تەنیا سوود لە مرەکەب وەربگیرێت و نرخەکەی لە نزمترین ئاست بمێنێتەوە، بۆ نموونە دەتوانیت ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ لاپەڕە لە مانگایەک بکڕیت بە کەمتر لە پێنج دۆلاری ئەمریکی.

دووەم هۆکار ئەوەیە ئەو کەسەی وێنەکان دەکێشێت تەنیایە، ناتوانێت هەفتانە ٣٠ بۆ ٤٠ لاپەڕە بکێشێت و ڕەنگیشی بکات و بۆ کۆتایی هەفتە ئامادە بێت. ئەو کەسانەشی کە یاریدەری وێنەکێشەکەن زیاتر سەرقاڵی دروستکردنی سێبەر و وردەکاری وێنەکان و وێنەی دەنگەکانن نەک ڕەنگ و کاری زیاتر.

هۆکاری سێیەمیش ئەوەیە ئەم جۆرە وێنەکێشان و بێ ڕەنگییە مانگاکان لە کۆمیک و وێنەی تر جیا دەکاتەوە و شێوەیەکی تایبەتی پێ دەبەخشێت و خەیاڵی زۆر زیاد دەکات بۆ خوێنەر و خۆی دەتوانێت لە مێشکیدا ڕەنگی دڵخوازی خۆی دروست بکات.  

مێژووی مانگاکان

بەپێی دەستنووسەکانی ژاپۆن مێژووی مانگا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دوازدەیەم و باوەڕ وایە کە بنەمای خوێندنەوەی ڕاست بۆ چەپ بێت. لە سەردەمی ئیدۆ (١٦٠٣ - ١٨٦٧) ئۆبا ئێهۆن بیرۆکەی مانگای ڕێکخست. بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی ١٧٩٨ دەستەواژەی مانگا وەک بەرهەمێکی ناوخۆیی لەلایەن خەڵکییەوە بەکارهات. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک کاری وەک مانگای هیاکۆجۆی نووسەر (لایکاوا مینوا) و کتێبە مانگاکانی هۆکۆسای مانگا زیاتر پەرەی سەند.

ئادەم کێرنی نووسەر پێی وایە چیرۆکەوێنەکانی کیبیوشیی کۆتایی سەدەی هەژدەیەم لەوانەیە یەکەمین کتێبی چیرۆکیی وێنەداری جیهان بێت. لە کتێبی Manga! Manga! The World of Japanese Comicsـی فرێدریک ئێل شۆدت دوو سەردەمی گەورەی مێژووی باسکردووە کە مانگای مۆدێرنیان دروست کردووە، یەکێک لەو بۆچوونانەی کە لەلای نووسەرانی وەک فرێدریک ئێڵ، کێنکۆ ئیتۆ و ئادەم ئێڵ کێرن هەیە ئەوەیە کولتووری ژاپۆنییەکان مانگاکاندا هەیە و هێشتاش جوانییەکانیان دەردەخەن و تێکەڵەی سەردەمی میجی و پێش میجییە. هەندێکی تر پێیان وایە مانگاکان زیاتر ڕووخساری ڕۆژئاواییان پێوەیە بەهۆی ڕووداوەکانی داگیرکردنی ژاپۆن و کاریگەریی کولتووری ئەمریکی و کۆمیک و کارتۆن ڕۆژئاواییەکان، بەتایبەتیش بەرهەمەکانی دیزنی.

لەگەڵ سەردەمی دروستبوونی ئەنیمی و بەربڵاویی بەرهەمی تەلەڤزیۆنیی ژاپۆنی مانگاکانیش زیاتر لەناو خەڵکی پەرەیان دەسەند، لە ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٦٩ ڕێژەی خوێنەرانی مانگا بەشێوەیەکی زۆر بەرزبوویەوە و دوو جۆری تر لە مانگاکان دەرکەوتن کە جۆری شۆنین بۆ کوڕان و جۆری شۆجۆ بوو بۆ کچان. کە مانگای شۆجۆی ڕۆمانسی نوێ زیاتر گرنگی بە خۆشەویستی و دروستکردنی پاڵەوانی کچ دەدات.

دوای جەنگی جیهانیی دووەم گەنجان و مێرمنداڵان زۆرترین خوێنەرانی مانگا بوون. لە پەنجاکانی سەدەی بیست و ساڵانی دواتریش مانگای شۆنین سەرنجی خستە سەر ئەو بابەتانەی کە حەزی کوڕانە، وەک ڕۆبۆت و گەشتی ئاسمانی و سەرکێشی پڕ لە کرداری پاڵەوانانە، زۆرتریش بەشەکانی خەیاڵیی زانستی و تەکنەلۆجیا و وەرزش و هێزی سەرووسروشتی دەگرتەوە، بەڵام مانگاکان نەیانتوانی کەسایەتیی پاڵەوانی تاک دروست بکەن وەک سۆپەرمان و سپایدەرمان و باتمان لە کۆمیکە ڕۆژئاواییەکان.

جۆرەکانی مانگا

هەموو ساڵێک سەدان زنجیرە مانگا لەلایەن کۆمپانیا ژاپۆنییەکان و نووسەرەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، ئەو بڕە زۆرەش زۆربەی بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە، مانگا گەورەکانی جیهان زیاتر لەم بوارانە پێک دێن:

  • کۆمیدیا
  • ئاکشن
  • درامی
  • ترسناک
  • پۆلیسی
  • تاوان
  • ئاڵۆز
  • ئیچی
  • خێزانی
  • زانستی
  • خەیاڵیی زانستی
  • ژیانی قوتابخانە
  • سەرکێشی
  • توندوتیژی
  • جەنگ
  • هاوڕێیەتی
  • خۆشەویستی
  • بەشێک لە ژیان
  • مێکا
  • یاری
  • وەرزشی
  • مۆسیقا
  • سەربازی
  • دڕندە
  • هونەری جەنگی
  • سێنین
  • خوێنمژ
  • سەرووسروشت
  • فانتازی
  • ڕۆمانسی
  • مێژوو
  • شۆنین

پۆلێنەکانی مانگا بەپێی تەمەن

  • شۆنین: ئەم جۆرە تەنیا بۆ مێرمنداڵانە بەتایبەت کوڕان، کۆمەڵێکی تر لە جۆرەکان لەخۆی دەگرێت وەک ئەکشن و مێژوویی و مێکا.
  • شۆجۆ: ئەم جۆرە بۆ مێرمنداڵانە، بە تایبەتی مێینە دەکاتە ئامانج و چەندین جۆری تێدایە لەوانە ژیان و دراما و ڕۆمانسی و مۆسیقا و چێشتلێنان.
  • سێنین: بۆ کوڕانی سەروو ١٨ ساڵە، ئەم جۆرە لە وێنەکاندا زیاتر لە ڕاستییەوە نزیکە و زۆرجار گرتەی سێکسی و وروژێنەری تێدایە، لەگەڵ چەندین گرتەی توندوتیژی.
  • جۆسێی: بۆ کچانی سەروو ١٨ ساڵە، ئەم جۆرە لە وێنەکاندا زیاتر لە ڕاستییەوە نزیکە و زۆر لەسەر چیرۆک بەردەوام نابێت وەک شۆجۆ.
  • کۆدۆمۆ: مانگای تایبەت بە منداڵان لە تەمەنی ٥ بۆ ٨ ساڵان، زیاتر چیرۆکی پەروەردەیی و دروستکردنی تێگەیشتنی مانەوە لەسەر ڕێگای ڕاست و کاری چاکەیە.

پۆلێنەکانی مانگا بەپێی جۆر

  • بەشێک لە ژیان: هەموو گرووپەکان لەخۆدەگریت و هەمیشە باس لە کۆمەڵگا دەکات و چیرۆکەکانی زۆرجار ئەو ڕاستی و دیاردانەن کە تێیدا دەژین.
  • مێکا: باس لە ڕۆبۆت و کاراکتەرە ئاسنییەکان دەکات، وەک گرێندایزەر.
  • یاوی: ئەمە جۆرێکی مانگایە بۆ گەورەکان، کە تێیدا باس لە چیرۆک و پەیوەندی سێکسی یان ڕۆمانسی نێوان کارەکتەرە نێرەکان دەکات و بەشی هاوڕەگەزخوازی دەگرێتەوە.
  • یۆری: ئەم جۆرە تایبەتە بە گەورەکان و پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی نێوان کچان باس دەکات.
  • هێنتای: بۆ گەورەکانە و وێنەی سێکسی و پۆڕنی تێدایە.
  • ئیچی: بۆ ئەو گرووپانەیە کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ و سەرووترەوەیە و شێوەی وروژێنەر و ڕووتی تێدایە، ئەم جۆرە وێنەی پۆڕن و سەرجێیی تێدا نییە، بەڵام کچەکان بە جلی تەسک یان نیمچە ڕووت دەردەکەون.
  • حەریم: چیرۆکی کەسێک دەگێڕێتەوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕەگەزەکانی بەرانبەری، بۆ نموونە کوڕێک بەتەنیا لەگەڵ کۆمەڵێک کچ، یان بە پێچەوانەوە.


سەرچاوەکان



1648 بینین