هایدرۆکاربۆنەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-18-12:32:00 - کۆدی بابەت: 7850
هایدرۆکاربۆنەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هایدرۆکاربۆنەکان (بە ئینگلیزی: hydrocarbons) بریتیین لە هەر گروپێکی ئاوێتەی ئەندامی کیمیایی کە تەنها لە هەردوو توخمی هایدرۆجین (H) و کاربۆن (C) پێکهاتبێت، گەردیلەکانی کاربۆن پێکەوە دەبەسترێن بۆ دروستکردنی سنووری ئاوێتەکە، هەروەها گەردیلەکانی هایدرۆجین بە چەندین ڕیزبەندی جیاواز بە گەردیلەکانی کاربۆنەوە دەبەسترێن، هایدرۆکاربۆنەکان پێکهێنەری سەرەکی نەوتی خاو و گازی سروشتین.
وەک سووتەمەنی و چەورکەر و ماددەی خاو لە بەرهەمهێنانی پلاستیک و ڕیشاڵ و لاستیک و توێنەر و ماددەی کیمیاییە پیشەسازییەکاندا بەکاردێن، زۆربەی هایدرۆکاربۆنەکان لە سروشتدا هەن، هەروەها بۆ دروستکردنی سووتەمەنی بەردەکی سوود لە سەرچاوەی وەک درەخت و ڕووەک دەبینرێت، نموونەی زیاتری هایدرۆکاربۆنەکان ئەو هایدرۆکاربۆنانەن لەشێوەی بۆیەی سروشتین کە پێیان دەوترێت کارۆتینەکان و نموونەی ئەم بۆیە سروشتیانەش ڕەنگی گێزەر و گەڵان، زیاتر لە ٩٨٪ی لاستیکی خاوی سروشتی پۆلیمەری هایدرۆکاربۆنییە.

پۆلێنکردنی هایدرۆکاربۆنەکان

داڕشتە و پێکهاتەی کیمیایی هەر هایدرۆکاربۆنێک زیاتر پشت دەبەستێت بە جۆری ئەو بەندە کیمیاییەی کە گەردیلەکانی بەیەکەوە بەستووە، لە سەدەی ١٩دا کیمیاگەرەکان بەپێی ڕەوشت و سەرچاوەکەیان هایدرۆکاربۆنەکانیان بۆ دوو پۆل دابەشکرد کە بریتی بوون لە ئەلیفاتیک (بە ئینگلیزی :aliphatic) و ئەڕۆماتیک (بە ئینگلیزی: aromatic)، ئەم دوو دەستەواژەیە لە سەدەی مۆدێرندا وەک خۆیان مانەوە، بەڵام ئاوێتە پێناسەکراوەکان لەسەر بنچینەی پێکهاتە و داڕشتەکەیان جیادەکرێنەوە نەک لەسەر بنچینەی سەرچاوەکەیان.
دەستەواژەی ئەلیفاتیک بە هایدرۆکاربۆنە نائەڕۆماتیکییەکان دەوترێت، هەروەها هایدرۆکاربۆنە تێرە ئەلیفاتیکییەکان هەندێک جار پێیان دەوترێت پارافینەکان (بە ئینگلیزی: paraffins)، ئەو هایدرۆکاربۆنانەشی کە لەنێوان گەردیلەکانی کاربۆندا بەندێکی دووانییان تێدایە هەندێک جار پێیان دەوترێت ئۆلیفینەکان (بە ئینگلیزی: olefins).

جۆرەکان

جۆرەکانی هایدرۆکاربۆن بەپێی سیستمی ناونانی (IUPAC)ی کیمیای ئەندامی ناونراون، کە بریتیین لە:

هایدرۆکاربۆنە تێرەکان - Saturated hydrocarbons

هایدرۆکاربۆنە تێرەکان سادەترین جۆری هایدرۆکاربۆنن، کە هەموو بەندەکانیان بریتیین لە بەندی تاک و بە هایدرۆجین تێرکراون وەک ئەلکانەکان، شێوگی هایدرۆکاربۆنە تێرە نابازنەییەکان بریتییە لە (CnH2n+2)، بەڵام گشتیترین شێوگیان بریتییە لە CnH2n+2(1-r) کە r ئاماژەیە بۆ ژمارەی ئەڵقەکان، ئەو هایدرۆکاربۆنانەی کە یەک ئەڵقەیان هەیە پێیان دەوترێت ئەلکانە ئەڵقەییەکان (بە ئینگلیزی: cycloalkanes)، هایدرۆکاربۆنە تێرەکان بنچینەی پێکهێنانی سووتەمەنی پێتڕۆڵیەمن و بە هەردوو جۆری لقدار و هێڵی (بێلق) بوونیان هەیە، ئەو هایدرۆکاربۆنانەی کە هەمان شێوگی گەردییان هەیە بەڵام شێوگی پێکهاتنیان جیاوازە پێیان دەوترێت ئایزۆمەر.

هایدرۆکاربۆنە ناتێرەکان - Unsaturated hydrocarbons

بەو هایدرۆکاربۆنانە دەوترێت کە یەک یان زیاتر لە بەندی دووانی یان سیانییان لەنێوان گەردەکانی کاربۆندا تێدایە، ئەوانەی کە بەندی دووانییان تێدایە پێیان دەوترێت ئەلکینەکان، شێوگی گشتی ئاوێتە نابازنەییەکانیان بریتییە لە (CnH2n)، ئەوانەشی کە بەندی سیانییان تێدایە پێیان دەوترێت ئەلکایین، شێوگی گیشتییان بریتییە لە (CnH2n−2).

هایدرۆکاربۆنە ئاڕۆماتیکەکان - Aromatic hydrocarbons

پێشیان دەوترێت ئەرینەکان، ئەو هایدرۆکاربۆنانەن کە بە لایەنی کەمەوە یەک ئەڵقەی ئاڕۆماتیکییان تێدایە، ڕیزبوونی شەش گەردیلەی کاربۆن لە ئاوێتەی ئاڕۆماتیکیدا پێی دەوترێت ئەڵقەی بەنزین.

دۆخ

هایدرۆکاربۆنەکان دەکرێت گاز بن وەک (میسان و پڕۆپان)، شل بن وەک (هێکسان و بەنزین)، شێوە مۆمی یان ڕەقێک کە پلەی توانەوەی کەم بێت وەک (مۆمی پارافین و نەفتالین) یان پۆلیمەر بن وەک (پۆلی ئەسیلین، پۆلی پڕۆپیلین و پۆلی ستایرین).


سەرچاوەکان



1271 بینین