مەدرید

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-13-23:00:00 - کۆدی بابەت: 7976
مەدرید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شاری مەدرید (بە ئینگلیزی: Madrid)، پایتەخت و ئاوەدانترین شاری ئیسپانیایە، نزیکەی 3.4 ملیۆن کەس لەم شارەدا نیشتەجێن و ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە پایتەخت نزیکەی 6.7 ملیۆن کەسە، ئەم شارە دووەم گەورەترین شاری یەکێتی ئەورووپایە لە دوای شاری بەرلینەوە و ڕووبەری ڕووی شارەکە 5,335.97 کیلۆمەتر دووجایە، هەروەها ناوەندێکی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی وڵاتەکەیەتی.

 گرنگی شارەکە

دەست ڕۆیشتووی و کاریگەری شارەکە لەڕووی سیاسی، پەروەردە، ڕابواردن، ژینگە، میدیا، فاشیۆن، زانست، کولتوور و هونەر شارەکەی کردووە بە یەکێک لە شارە جیهانییە گەورەکانی جیهان، هەروەها بەهۆی داهاتی ئابووری، بەرزی ئاستی ستانداردی ژیان و قەبارەی بازاڕییەوە بە ناوەندی سەرەکی دارایی دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندی ئابووری سەرەکی نیمچەدوورگەی قەفقاسی و باشووری ئەورووپایە، شاری مەدرید نیشتیمانی دوو یانەی تۆپی پێی بەناوبانگی جیهانییە بە ناوەکانی ڕیال مەدرید و ئەتلیتیکۆ مەدرید.

دانیشتوانی مەدرید

شاری مەدرید یەکێکە لە شارە گەورەکانی یەکێتی ئەورووپا، لە ساڵی 2014دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە 3.3 ملیۆن کەس بوو، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە پایتەخت بە نزیکەی 6.5 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، هەروەها چڕی دانیشتوانی شاری مەدرید 5,400 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

گەشەسەندنی ئابووری ئیسپانیا لە کۆتایی 1990کان و لەگەڵ کۆچکردنی نێودەوڵەتی لە سەرەتای سەدەی 21دا بووە هۆی گەشی خێرایی دیمۆگرافی شاری مەدرید، ئەم شارە لەمێژە سەرنجی کۆچبەرانی لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ خۆی ڕاکێشاوە، نزیکەی 84٪ی دانیشتوانی شارەکە ئیسپانین، لە کاتێکدا نەتەوەکانی تر زیاتر لە 16٪ی دانیشتوان پێک دەهێنن، گەورەترین گروپە کۆچبەرەکانی شاری مەدرید بریتین لە:

  • ئیکوادۆری: 104,000
  • ڕۆمانی: 53,000
  • بۆلیڤیایی: 44,000
  • کۆڵۆمبی: 36,000
  • پێرۆیی: 35,000
  • چینی: 35,000
  • مەغریبی: 33,000
  • دۆمینیکێن: 20,000
  • بەرازیلی: 15,000
  • پاراگوایی: 14,000

هەروەها گروپە گەورەکانی فیلیپینی، بولگاری، هیندی، ئیتاڵی، ئەرجەنتینی، سێنیگالی، پۆلەندی و خەڵکی گینەی پشتێنان لە شارەکەدا هەن. کۆچبەران بەزۆری لە ناوچە دیاریکراوەکانی مەدرید چڕ بوونەوە.

مێژووی شاری مەدرید

لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی مەدریددا یەکێکە لە شارە مێژووییەکانی ئەورووپا، مێژووی شاری مەدرید دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆیەم، لە بنەڕەتدا شاری مەدرید بە مەیریت ناودەبرا، ئەم شارە لەسەر دەستی ئەمیرێکی ئیسلامی بەناوی ئەمیر محەمەد دامەزرا دواتر لەلایەن مەسیحییەکانەوە داگیرکرا، لەساڵی ١٨٠٣ مەدرید لەلایەن پاشا ئەنفلۆنسی یەکەمەوە فەرمانڕەوایی دەکرا، لە ساڵی ١٩٩٢ مەدرید لەسەر دەستی پاپا جۆن پاوڵی دووەم بە پایتەختی ڕۆشنبیری ئەورووپا دەستنیشانکرا، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠ مەدرید ئابووری خۆی پتەوکرد و سەنتەری ڕۆشنبیری، پەروەردەیی و تەکنەلۆجیای دامەزراند، مەدرید لە سەدەی ٢١دا بە شارێکی گەشتیاری گەورە، سەرنجڕاکێش، سەرنجی سیاسی و پێکەوە ژیانی کولتووری جیاواز ناسرا.

گەشەی دانیشتوانی مەدرید

گەشەی دانیشتوانی شاری مەدرید لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ئاشکرا لە 1.4%دا جێگیر بوو، تەنیا کەمێک لە تێکڕای ڕێژەی نەتەوەیی 1.2% بەرزتر بوو، پێشبینی دەکرێت لە چەند دەیەیەکی داهاتوودا بەردەوامی بە هەمان ڕێژە بدات.

کەشوهەوای شاری مەدرید

کەشوهەوای مەدرید بەشێوەیەکی مامناوەند کیشوەرییە، زستانی سارد و باراناوییە و هاوینی گەرم و وشک و هەتاوی بەتینە، باران بارین بەگشتی ڕێژەیەکی زۆر نییە، ساڵانە بە نزیکەیی دەگاتە ٤٥٥ ملیمەتر، گەرمترین مانگەکان بریتین لە مانگی تەمووز و ئاب کە دەکاتە هاوین، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە تا ٣٥ بۆ ٤٠ پلەی سەدی، ساردترین مانگەکانیش بریتین لە کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوبات کە دەکاتە مانگەکانی زستان و پلەی گەرما دەگاتە نزیکەی -١٥ پلەی سەدی، هەرچەندە ڕێژەی بارینی بەفر لە مەدرید کەمە بەڵام ئەم ئاستە زۆرەی نزم بوونەوەی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی بەستن، لەبەر ئەوەی مەدرید بە شاخ دەورەدراوە زۆربەی کاتەکان با هەیە و دەبێتە هۆی دروستبوونی کەشێکی زۆر سارد.

شاری مەدرید لەڕووی گەشتیارییەوە

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە 5ی تەمووز 2021دا بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی شاری مەدریدی ئیسپانیا لە ساڵی 2020دا 1.71 ملیۆن کەس بووە، ئەم ژمارەیەش گوزارشت لەکەمبوونەوەی نزیکەی 6 ملیۆن سەردانیکەر دەکات لەچاو ساڵی ڕابردوودا، لە ساڵی 2019 نزیکەی 7.64 ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی سەردانی شارەکەیان کردبوو.

چەند شوێنێکی گەشتیاری سەرنج ڕاکێشی شارەکە

  • مۆزەخانەی پرادۆ
  • کۆشکی شاهانە و باخچەکان
  • پلازا مایۆر
  • پوێرتا دێل سۆل "دڵی شارەکە"
  • پەرستگای دێبۆد: پەرستگای میسری کۆن
  • یاریگای ڕیاڵ مەدرید
  • مۆزەخانەی شوێنەواری نەتەوەیی
  • مۆزەخانەی لازارۆ گالدیانۆ


سەرچاوەکان



825 بینین