جەزائیر

له‌لایه‌ن: - مەستان محەمەد - به‌روار: 2022-04-04-23:50:00 - کۆدی بابەت: 8138
جەزائیر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

کۆماری جەزائیری دیموکراتی میللی (بە عەرەبی: الجمهورية الجزائرية الديمقراطية الشعبية، بە ئینگلیزی: Algeria) وڵاتێکی عەرەبی دەسەڵاتدارە کە دەکەوێتە باکووری ئەفریقاوە، پایتەخت و ئاوەدانترین شار شاری (جەزائیر)ـە، دەکەوێتە دوورترین بەشی باکووری وڵاتەوە، ڕووبەرەکەی دەکاتە 2 381 741  کیلۆمەتری چوارگۆشە، جەزائیر دەیەمین گەورەترین وڵاتی جیهانە لە ڕووی ڕووبەرەوە یەکەم وڵاتی ئەفریقی، عەرەب و ناوەڕاستە، دووەم وڵاتە لە وڵاتە موسڵمانەکان لە دوای کۆماری کازاخستان. جەزائیر دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەفریقا. لە باکوورەوە لەگەڵ دەریای سپی ناوەڕاست، لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ تونس و لیبیا، لە باشوور لەگەڵ نیجەر و مالی و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ مۆریتانیا و مەغریب هاوسنوورە، سیستمی حوکمکردن لە جەزائیر نیمچە سەرۆکایەتییە، لەڕووی کارگێڕییەوە دابەشکراوە بەسەر 58 ویلایەت و 1541 شارەوانیدا.

مێژووەکەی

بەڵگە مێژووییەکان دەیسەلمێنن کە لە کۆندا 500.000 بۆ 700.000 کەس لە ناوچەکەدا ژیاون، سەرەتا لەلایەن ڕۆمانیەکانەوە داگیر کراوەو ناوی مۆریتانیای قەیسەری بووە، پاشان جەزائیر لە ساڵی 1536ی زایینی کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و بۆ ماوەی سێ سەدە وەک بارەگای چەتەکانی بێربەر خزمەتی کردووە، فەڕەنسییەکان لە ساڵی 1830 جەزائیریان داگیرکرد و لە ساڵی 1848دا کردیان بە بەشێک لە فەڕەنسا، جەزائیری هاوچەرخ لە سەرەتای سەدەی 16 دەستیپێکرد دوای داگیرکاریی فەرەنسا، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان دەرکەوتن، بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی جەزائیر لە ساڵی 1954دا، خەباتێکی چەکداری بوو کە بە سەربەخۆیی وڵات لە ساڵی 1962 کۆتایی هات.

دابەشبوونە کارگێڕییەکان و سیستمی دەسەڵات

سیستمی حکوومەتی جەزائیر کۆمارییە کە لە سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەت پێک دێت، جەزائیر سیستمێکی ئابووری تێکەڵی هەیە پێکدێت لە کۆمەڵێک ئازادی تایبەتی،  بەپێی ڕێنماییەکانی حکوومەت و پلانی ئابووری ناوەند. هەروەها جەزائیر ئەندامێکە لە یەکێتیی وڵاتانی عەرەبی.

شارە سەرەکییەکانی

  1. جەزائیری پایتەخت
  2.  وەهران
  3. قەسەنتینە
  4.  بەلیدە
  5. عەنابە
  6. غەردایە
  7. تەقرەت
  8. تامینراست
  9. جەمیلە
  10. تەیموموون
  11. وەرقەلە
  12. تەلێمسان

ئایین و ژمارە و زمانی دانیشتوان

لە جەزائیر هیچ سەرژمێرییەکی فەرمی لەسەر ئایینەکان نییە، بەڵام وا مەزەندە دەکرێت کە ئیسلام ئایینی زۆرینەی جەزائیرییەکانە و نزیکەی 98٪ ی دانیشتوان و زۆرینەی زۆریان پەیڕەوی ڕێبازە سونییەکان دەکەن بە کەمینەکانی خوارەوە بۆ ڕێبازەکانی (ئەحمەدییە، شیعە و ئیبازیە)، زمانی عەرەبی لە ساڵی 1963ەوە زمانی فەرمییە لە بەپێی دەستوور لەگەڵ زمانی ئەمازیغی، عەرەبی و ئەمازیغی بە نزیکەیی لە ٪99ی جەزائیرییەکان قسەی پێدەکەن، بەجۆرێک ٪72 بە عەرەبی و ٪21 بە ئەمازیغی قسەدەکەن. وە زمانی فەڕەنسی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دەوڵەتی جەزائیردا بەکاردێت، وەکو بواری ڕۆشنبیری و میدیاو خوێندنی زانکۆدا. ئەویش بەهۆی داگیرکاری فەرەنسا، فەرەنسی زمانێکی نیمچە فەرمییە لە جەزائیر، هەرچەندە لە هیچ یەکێک لە بەیاننامەی فەرمی دەوڵەتدا باس نەکراوە.

ئابووری

زۆرێک لە سەرچاوە سروشتیەکان هەن کە ئابووری جەزائیر پشتی پێ دەبەستێت گرنگترینیان بریتیین لە:

  • بیرە نەوتەکان کە بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی دەوڵەت پێکدێنن و پشتیان پێی بەستراوە، هەناردەی وڵاتانی جیاواز دەکرێت کە ئەمەش بووەتە هۆی داهاتێکی باش بۆ دەوڵەت.
  • کەرتی گەورەی کشتوکاڵی و ئەو ناوچانەی کە تەرخانکراوە بۆ کشتوکاڵ کە چەندین بەرهەمی تێدا بەرهەمدەهێنرێت وەک زەیتوون و مزرەمەنییەکان و زۆرانی تریش جەزائیر بە "وڵاتی خورما" ناودەبرێت، چونکە خورماکانی جەزائیر باشترین جۆری خورمان لە جیهاندا.
  • کەرتی گەشتیاری تایبەت کە کاردەکات بۆ ڕاکێشانی گەشتیار لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە، کە ئەویش داهاتی باش بۆ دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە. هەروەها هانی وەبەرهێنەکان دەدات وەبەرهێنان بکان لە وڵاتدا، یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی ئەم وڵاتە (تێلمسن)ە یەکێکە لە جوانترین شارەکانی جەزائیر کە نازناوی مرواری مەغریبی عەرەبی هەیە.
  • کەرتی ئاژەڵداریش ئاژەڵداری زۆری هەیە لەم وڵاتەدا، ڕێژەی بەخێوکردنی مەڕەکان نزیکەی 80٪ ی کۆی ئاژەڵەکانی وڵاتە، ئەمەش چەندین داهات و گەڕانەوەی دارایی دابین دەکات و هەروەها دەرفەتێک بۆ کارکردن لەبەرهەمەکانی ئەم کەرتەدا کەرتی ئاژەڵداریی هەلی دامەزراندنی بەرچاو بۆ گەنجان و کرێکارانی ناوخۆ لە ناو وڵاتدا دابین دەکات.


سەرچاوەکان



1424 بینین