کالسیۆم

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-15-21:44:00 - کۆدی بابەت: 8264
کالسیۆم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کالسیۆم (بە ئینگلیزی: Calcium) توخمێکی کیمیاییە هێماکەی بریتییە لە Ca، گەردیلە ژمارەکەی دەکاتە ٢٠. وەکوو کانزا ئەلکالییەکانی تر کانزایەکی چالاکە و کاتێک بەر هەوا دەکەوێت چینی ئۆکسیدی نیتریدی تاریک دروست دەکات، ڕەوشتە فیزیایی و کیمیاییەکانی زۆر لە توخمەکانی سترۆنتیۆم و باریۆم دەچێت.

مێژوو

ئاوێتەکانی کالسیۆم بۆ ملیۆنان ساڵ پێشتر ناسراون، بەڵام پێکهاتە کیمیاییەکەی تاکوو سەدەی ١٧ نەزانرابوو، قسڵ ماددەیەکی بنچینەییە و وەک لکێنەر لە نزیکی ٧٠٠٠ ساڵی پێش زایین بەکارهاتووە.
کالسیۆم هەروەک مەگنیسیۆم و سترۆنتیۆم و باریۆم بۆ یەکەمجار لەلایەن هەمفری داڤی لە ساڵی ١٨٠٨ جیاکرایەوە، داڤی کالیسیۆم و مەگنیسیۆمی لە ئاوێتەکانیان بە شیکردنەوەی کارەبایی جیاکردەوە، بە خستنەسەری ئۆکسیدی ئەو کانزایانە و ئۆکسیدی جیوە بۆ پلێتی پلاتین.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە٢٠
کۆمەڵە کۆمەڵەی ٢
خولخولی ٤
بلۆکs-block
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی[Ar] 4s2

فیزیایی

دۆخ لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا    ڕەق
دەرکەوتە ڕەنگێکی سپی زیوی بریقەدار
پلەی شلبوونەوە ٨٤٢ پلەی سیلیزی
پلەی کوڵان١٤٨٤ پلەی سیلیزی
گەیاندن توانایەکی باشی گەیاندنی کارەبا و گەرمی هەیە

کاتێکە گەرم دەکرێت یەکەمجار دەچێتە دۆخی شلییەوە و پاشان دەچێتە دۆخی گازییەوە، لە دۆخی گازیدا تایبەتمەندییە کانزاییەکانی لەدەست دەدات، کانزایەکی نەرمە کە دەتوانرێت بە چەقۆ لەت بکرێت.
کاتێک کالسیۆم پەستانی دەخرێتەسەر دەست دەکات بە لەدەستدانی ڕەوشتە کانزاییەکانی و توانای گەیاندنی گەرمی و کارەبا، بەڵام کاتێک ئەو پەستانە زیاتر دەکرێت ڕەوشتە کانزاییەکانی بۆ دەگەڕێتەوە، هەروەها تایبەتمەندی گەیەنەرێکی نایابی دەبێت.

کیمیایی

کالسیۆم کانزایەکی چالاکە کە توانای چەندین کارلێکی جیاوازی هەیە، لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا بەئاسانی لەگەڵ ئۆکسجین و هالۆجینەکاندا کارلێک دەکات، کاتێکە گەرم دەکرێت لەگەڵ نایترۆجین، هایدرۆجین، کاربۆن، سلیکۆن، بۆڕۆن، فۆسفۆر، گۆگرد و چەند ماددەیەکی تردا کارلێک دەکات.
کاتێک بەر هەوا دەکەوێت بەخێرایی لەگەڵ ئۆکسجین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆندا کارلێک دەکات، لەبەر ئەم هۆیەش بە چینێکی خۆڵەمێشی دادەپۆشرێت. کالسیۆم بەتوندی لەگەڵ ترشەکاندا کارلێک دەکات و هەندێک کات گڕێکی لێ دەردەچێت.
لە پێکهاتەی خوێیەکاندا کالسیۆم ڕەوشتی سەرنجڕاکێشی هەیە، بۆ نموونە، ئەشکەوتەکان کاربۆناتی کالسیۆمیان (کلس) تێدایە کە بەپێی تێپەڕبوونی کات لە ئاوەوە دروست دەبێت.
لەبەر توانای زۆری کارلێککردنی لە دۆخی ئاساییدا، کالسیۆم لە تاقیگەدا لەناو شووشەی تاریکدا هەڵدەگیرێت، کە دەبێت سەرقاپەکەی بە توندی دابخرێت و لەژێر چینێکی پارافین یان کێرۆسیندا هەڵبگیرێت. 

بەکارهێنان

  • کانزای کالسیۆم وەک کارای لێکەرەوە لە ئامادەکردنی کانزاکانی تری وەک یۆرانیۆم و سۆریۆمدا بەکاردێت.
  • وەک کارای داڕشتەکەر بۆ داڕشتەکانی ئەلەمنیۆم و بریلیۆم و مس و قوڕقوشم و مەگنیسیۆم بەکاردێت.
  • ئاوێتەکانی کالسیۆم بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێن، بۆ نموونە، کاربۆناتی کالسیۆم (کلس) بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەک بەردی بنیادنان و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ بەکاردێت.
  • لە دروستکردنی ستیلدا بۆ لابردنی پیسی لە خاوی ئاسنی شل بەکاردێت.
  • گەچ (گۆگرداتی کالسیۆم) لەلایەن بیناسازەکانەوە وەک لکێنەر بەکاردێت و لەلایەن پەرستارانەوە بۆ چاککردنەوەی ئێسکی شکاو بەکاردێت.
  • کالسیۆم کانزایەکی سەرەکییە بۆ لەشی هەموو زیندەوەران، بەتایبەت بۆ گەشەکردنی ددان و ئێسکێکی تەندروست. فۆسفاتی کالسیۆم پێکهاتەی سەرەکییە لە ئێسکەکاندا، تێکڕای کێشی مرۆڤ نزیکەی یەک کیلۆگرام کالسیۆمی تێدایە، منداڵان و خانمانی دووگیان دەبێت ڕۆژانە بڕی پێویستی کالسیۆمیان لەڕێگای خۆراکەوە دەست بکەوێت.

سەرچاوەی خۆراکی

  • شیر، پەنیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تر
  • سەوزە گەڵاسەوزەکانی وەک بامیە
  • نان یان هەر شتێکی تر کە لە ئاردی گەنم دروست کرابێت
  • ماسی کاتێک کە ئێسکەکانی بخورێت، وەک ماسیی سەردین


سەرچاوەکان



1444 بینین