ئەرجەنتین

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-04-21-19:44:00 - کۆدی بابەت: 8342
ئەرجەنتین

ناوه‌ڕۆك

ئەرجەنتین

ئەرجەنتین یان ئەرژەنتین (بە عەرەبی: الأرجنتين، بە ئینگلیزی: Argentina) دووەم گەورەترین وڵاتی ئەمریکای لاتین، هەشتەم گەورەترین وڵاتی جیهانە لە ڕووی ڕووبەرەوە و سێیەم گەورەترینە لە ڕووی دانیشتوانەوە لە ئەمریکای لاتین، لە باکوورەوە لەگەڵ پۆلیڤیا و پاراگوای، لە باکووری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ بەڕازیل، لە باشوورەوە لەگەڵ ئۆرۆگوای و لە خۆرهەڵاتیشەوە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی هاوسنوورە. ئەرجەنتین بەشێکی زۆری ڕووبەری ئەمریکای باشووری گرتۆتەوە کە برییتیە لە ٢،٧٨٠،٤٠٠ کیلۆمەتر دووجا و لە ٣٨٥ شار پێکهاتووە، پایتەختەکەی بوێنۆس ئایریێسە کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٣ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە. ئاڵاکەی بریتییە لە ڕەنگی شینی ئاسمانی لە هەردوو بەشی سەرەوە و خوارەوەی ئاڵاکە، سپی ناوەڕاستی داپۆشیوە و خۆرێک کە بە (Sun Of May) ناودەبرێت لە ناوەندەکەیدا جێگیر کراوە.

پایتەخت بوێنۆس ئایریێس
بەرزترین لوتکە ئەکۆنکاگوا ٦،٩٥٩مەتر
نزمتریین شوێن لاگوونا دێل کاربۆن ١٠٥ـ
زمانی فەرمی ئیسپانی
بنەچەکان
  • ٨٣,٦% سپی پێست
  • ٠,٤% ئەفریقیەکان
  • ٢,٤% ئەرجەنتینییە ڕەسەنەکان
  • ٠,٦% خەڵکی خۆرهەڵاتی ئاسیا
  • ٦,٩% نەزانراو
حوکمڕانی سیستەمی فیدڕاڵی
بەرواری سەربەخۆیی ٩\٧\١٨١٦
ڕێژەی دانیشتوان ٤٥،٦٠٥،٨٢٦ 
دراو پێسۆی ئەرجەنتینی
ڕێڕەوی ڕۆشتن ڕاست
کۆدی پەیوەندیکردن +٥٤

مێژوو

کۆنترین پاشماوەی مرۆڤ کە دۆزرابێتەوە لەو ناوچەیەدا کە ئێستا بە ئەرجەنتین ناودەبرێت دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین، پاشان چەند پاشماوەیەکی تر کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی ئاسنین و برۆنزی. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٥٠٢ ئەورووپییەکان لەڕێی کەشتییەوە توانییان بگەن بە ناوچەکە، دەریاگەری ئیسپانی خوان دیاز دو سۆلیس و سباستیان کابۆت بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٥١٦دا سەردانی ئەرجەنتینیان کرد، لە پاش ئەوانیشەوە لە ساڵی ١٥٣٦دا پێدرۆ دی مێندۆزا توانی شاری بوێنۆس ئایریێس بدۆزێتەوە. جەنگی ئازادی ئەرجەنتین لە ١٨١٠بۆ١٨١٨ ڕوویدا و بەدوایدا جەنگێکی ناوخۆیی ڕوویدا کە تا ١٨٦١ـی خایاند، لە پاش جەنگە ناوخۆییەکە سەرۆکی ئەرجەنتین و ١٠ لە پلە بەرزەکانی حکومەتی فیدڕاڵی ئەوکات لە ١٨٨٠ ڕێگەیان بە کۆچی ئەوروپییەکان دا بۆ ئەرجەنتین کە لە ئاشتیەکی تەواوەتیدا بوو لەگەڵ ئەورووپا. دوای ئەوە چەندین شەپۆلی کۆچکردنی خەڵکی ئیسپانی و ئیتاڵی کە زۆریان ئیتاڵی بوون ئەرجەنتینی گرتەوە، بە شێوەیەک کە باوباپیرانی ٦٠٪ـی دانیشتوانی ئەرجەنتین ئیتاڵیین و کولتووری ئەرجەنتین و ئیتاڵیا پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە و زۆر نزیکن. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ئەرجەنتین چەندین سەرکەوتنی بەدوای یەکدا بەدەستهێنا لە ڕووی ئابوورییەوە کە وایلێکرد لە ڕیزبەندی حەوت زەنگینترین وڵاتانی جیهان دەربکەوێت. ئەرجەنتین یەکێکە لە بونیاتنەر و دامەزرێنەرانی هەر یەکێک لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان UN، بانکی جیهانی، دامەزراوەی بازرگانی جیهانی WTO، کۆمەڵەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و هەرێمەکانی کاریبان.

جوگرافیا

ڕووبەری ئەرجەنتین پێکهاتووە لە ٢،٧٨٠،٤٠٠ کیلۆمەتر دووجا و کەوتۆتە باشووری کیشوەری ئەمریکای باشوورەوە، بەرزترین لوتکەی بریتییە لە ئەکۆنکاگوا کە ٦،٩٥٩ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، نزمترین شوێن لاگونا دێ کاربۆنە کە ١٠٥ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە نزمە. گرنگترین ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە دەریای ئەرجەنتینەوە بریتین لە پارانا، ئۆرۆگوای، پاراگوای، سالادۆ، ڕیۆ نیگرۆ، سانتا کروز، پیلکۆمایۆ، بێرمێهۆ و کۆلۆرادۆ. 
ئەرجەنتین یەکێکە لەو دەوڵەتانەی بە هەمەچەشنی گیانداران ناسراوە ١٠٣٨ جۆری باڵدار، ٣٧٥ جۆری شیردەر، ٣٣٨ جۆری وشکاوەکی و ١٦٢ جۆر گیانداری وشکاوەکی و ئاویـی تێدا دەژی. لە سەرەتادا دەشتی پامپا هیچ جۆرە دارێکی لێ نەڕواوە بەڵام یەکێک لە دارە ڕەسەنەکانی پامپا بریتییە لە (Ombu). خاکی پامپا ڕەنگێکی ڕەشی زۆر تۆخی هەیە سەرەکیترینیان مۆڵیسۆلسـە ناسراو بە حوموس، ئەم هۆکارانە وا لە ناوچەکە دەکەن یەکێک بێت لە گرنگترین ناوچەکانی کشتوکاڵ لە سەرانسەری جیهان. بەشی خۆرئاوای پامپا بارانێکی کەمتر تیایدا دەبارێت کە وایلێدەکات ناوچەکە تەنها گیایەکی کورت دایپۆشێت.
کەش و هەوای ئەرجەنتین بەسەر ٤ کەشی سەرەکیدا دابەشبووە گەرم، مامناوەند، وشک و سارد کە پابەندن بە پانەهێڵەوە، لەگەڵ ئەوەی بەشی باکوور بە گشتی هاوینی گەرمە و زستانی ساردە و بەشی باشوور هاوینێکی سارد و زستانێکی زۆر ساردی هەیە دەکرێت پلەکانی گەرمی بە تەواوەتی بگۆڕێن بەهۆی نزیکی زەریای ئەتڵەسی و زۆری دارستانەکان.

پێشبینی کراوە گۆڕانی کەش و هەوای ئەرجەنتین مەرجەکانی ژیانی ناوچەکە بە تەواوەتی بگۆڕێت، زیادبوونی پلەی گەرمی لە ١٩٢٠ بۆ ٢٠١٠ بەزۆری بەشی خۆرهەڵاتی گرتۆتەوە بەڵام ساڵ بە دوای ساڵ بەشی باکووریش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و دەکرێت بە ڕێژەیەک کاریگەری هەبێت بە شێوەیەک وشکەساڵی دروستببێت و چیدی ناوچەکە کشتوکاڵی تێدا نەکرێت کە نەک تەنها مەترسییە لەسەر ئەرجەنتین، بەڵکوو لەسەر هەموو جیهانە.

ئابووری

بەسوود وەرگرتن لە کەرەستە سروشتیەکان و ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی بەرهەمهێن، لەگەڵ بەجێهێنانی چەنەها جۆری پیشەسازی و کشتوکاڵ ئەرجەنتین دووەم دوڵەمەندترین وڵاتی ئەمریکای باشوورە. هەروەها ڕێژەیەکی بەرزی پەرەسەندنی گشتی دانیشتوانی هەیە لە ڕووە جیاوازەکانەوە، ساڵانە بڕە ئامێرێکی زۆر بەرهەم دەهێنرێت کە بەشێکی بە وڵاتە ئەورووپیەکان دەفرۆشرێتەوە. ئەرجەنتین لە ئاستێکی مامناوەندی بازاڕگەڕیدا خۆی دەبینێتەوە و یەکێکە لە وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی جیهان، بە گشتی بڕی داهات زۆر نایەکسان بووە بە شێوەیەک هەندێک ساڵ داهات زۆربووە و چۆتە خەزێنەی وڵاتەوە و هەندێک ساڵیش پێویستیان بە قەرزکردن بووە بۆ دابینکردنی پڕۆژە و مافە سەرەتاییەکانی دانیشتوان. لە سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ـەمدا توانی بچێتە ڕیزی ٧ زەنگینترین وڵاتانی جیهان بەڵام بەهۆی کێشە دارایی و قەیرانەکانی کە توشی بوو داراییی ساڵانە دابەزی بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەشدا توانیویەتی پێگەی خۆی بپارێزێت لە ڕووی ئابووریەوە.
گەورەترین ناوەندی پیشەسازی ئەرجەتین کۆردۆبایە کە تیایدا پیشەسازی ئاسن، بزوێنەر و پارچەکانی تری ئۆتۆمبێلـی تێدا دەکرێت، لە دوای کۆردۆباوە ناوچە مەزنەکانی بوێنۆس ئایریێس دێت پیشەسازی بزوێنەر و پارچەکانی تری ئۆتۆمۆبێل، ئامێری کشتوکاڵی، کیمیایی، پترۆکیمیایی، جلوبەرگ دروستکردن و چاپکردنی تێدا ئەنجام دەدرێت. پیشەسازی لە ئەرجەنتیندا بە ڕادەیەک زۆرە لە ساڵی ٢٠٠٩دا ٪٣٧ـی هەموو کارەبای ئەرجەنتین بۆ کارە پیشەسازیەکان دابین کرابوو. بە گشتی بە ڕادەیەکی زیاتر پشت بە پیشەسازی دەبەستن لەگەڵ ئەوەشدا داهاتێکی زۆر باشیان لە ڕێگەی بازرگانی ئاژەڵ و دانەوێڵەوە بەدەست دەهێنن بە تایبەتی ئاژەڵ لە هەموو ڕووەکانیەوە شیرەمەنی، پێستبەرگ و گۆشتەکەی. 

کوولتور

ئەرجەنتین خاوەن کوولتورێکی تایبەت بەخۆی نییە بەڵکوو لە چەندین وڵاتەوە کوولتوری وەرگرتووە وەک ئیسپانیا، ئیتاڵیا. شارەکانی بەرگێکی ئەورووپی و ئەمریکییان پێوە دیارە لەڕووی جلوبەرگ، نەخشەکێشان و ئەندازیاریـیەوە. مۆزەخانە و سینەما بە ڕێژەیەکی زۆر لە ناوەندەکانی شار بەردەستن و چەندین جۆری مەیخانەی تێدا دەبینرێت کە هەندێکیان پەرتووکی تێدا دەخوێندرێتەوە و مۆسیقای ڕاستەوخۆ پێشکەش دەکرێت. نووسەری ئەرجەنتینی ئێرنێستۆ ساباتۆ توانیویەتی کاریگەریەکی گەورەی لەسەر کوولتوری ئەرجەنتینی هەبێت. مۆسیقای ئەمریکی و ئەفریقی کاریگەری لەسەر مۆسیقای ئەرجەنتینی هەبووە، سەردەمی ئاڵتوونی کە یەکێکە لە سمبولە کوولتوریەکانی ئەرجەنتین لەلایەن کۆمەڵێک ئۆرکستراژەنەوە وەک (Osvaldo Pugliese, Aníbal Troilo, Francisco Canaro Julio de Caro و Juan d’Arienzo) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام درا و تانگۆ ئێستا لە سەرتاسەری جیهان ناسراوە و چێژی لێدەبینرێت.
لە ڕووی وەرزشەوە ناسراوترین وەرزش لای ئەرجەنتینیەکان تۆپی پێیە، کە توانیویانە ٢جار جامی جیهانی و ١٥ جار جامی کۆپا ئەمریکا copa del rey بەدەست بهێنن، هەروەها لە پێشبڕکێی ئۆتۆمۆبێلیشدا زۆر ناسراون بەپێی ئەوەی خوان مانوێل توانیویەتی لەکۆی ١٨٤ پێشبڕکێ لە ١٠٢ دانەیاندا پلەی یەکەمی بەدەست بهێنێت و نازناوی باشترین شۆفێری کێبەرکێی ئۆتۆمۆبێل بەدەست بهێنێت.

ئەدەب

دەوڵەمەندی ئەدەبی ئەرجەنتین لە ساڵی ١٥٥٠ـەوە دەستی پێکردوو کاتێک ئیستبان ئیچڤێریا چیرۆکی El mataderoـی بڵاو کردەوە ئەدەبی ئەرجەنتین گەیشت بە ئەوپەری ئازادی و توانی ڕۆڵێکی گرنگی لەسەر چیرۆکی ئەرجەنتینی هەبێت. خۆرخێ لویس بۆرگێس نووسەرێکی ئەرجەنتینی بە بەرزڕاگیراوە و یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتیەکانی ئەدەب لە مێژووی وڵاتەکەدا، توانیویەتی شێوەیەکی نوێی مێتافۆر دروستبکات و کاریگەریەکەی بەسەر نووسەرەکانی ئەم سەردەمەشەوە هەیە.


سەرچاوەکان



2756 بینین