دەردراوەکانی زێ لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-21-21:23:00 - کۆدی بابەت: 8345
دەردراوەکانی زێ لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یەکێک لە نیشانە باوەکانی دووگیانی هەبوونی دەردراوی زێیە لەماوەی دووگیانیدا (بە ئینگلیزی: Vaginal discharge in pregnancy) کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە تەندروستی دایک و کۆرپەکەیەوە، بەگشتی زۆرینەی دەردراوەکان ئاسایین و جێگای نیگەرانی نین، بەڵام ئەگەر لە سکەکانی پێشووتدا پێشینەی لەبارچوون یاخود لەدایکبوونی منداڵت بە مردوویی هەبووبێت دەبێت ئەمە بە گرنگ وەربگریت.
هەروەها هەندێک جاریش نیشانەیەکە بۆ جۆرێک لە نەخۆشی پەیوەست بە دایک یاخود کۆرپەکەوە.

هۆکارەکان

لەماوەی دووگیانیدا هۆڕمۆنەکان گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا دێت، ئەو گۆڕانکاریانەش کاریگەری دەخەنە سەر گۆڕانی دەردراوەکانی زێ، کاتێک لەماوەی دووگیانیدا ملی منداڵدان و دیواری منداڵدان نەرمتر دەبن، جەستە دەست دەکات بە دەردانی دەردراوی زیاتر تاکوو ڕێگری بکات لە تووشبوونی میکرۆبی.
هەروەها لە کۆتاییەکانی دووگیانیشدا سەری منداڵەکە دێتە خوارەوە و ئەمەش پەستان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردراوەکانی زێ.
بە زیادبوونی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین سوڕی خوێنیش لە ناوچەی حەوزدا چالاکتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردراوەکانی زێ لە سەرەتاکانی دووگیانیدا.
زیادبوونی دەردراوەکانی زێ سێ ئامانجی گرنگیان هەیە کە ئەمانەن:

  • دەرکردنی خانە مردووەکان لە زێدا
  • پارێزگاری لە ڕێڕەوی منداڵبوون لە تووشبوونە میکرۆبییەکان
  • پاراستنی هاوسەنگی بەکتریاکانی ناوچەی زێ

ڕەنگەکان

ڕەنگی درەدراوەکان دەکرێت یەکێک بێت لەمانە:

سپی ڕوون یاخود شیری

سپی و هاوشێوەی پەنیر

دەردراوی خەست، سپی، پارچە پارچەی هاوشێوەی پەنیر نیشانەیەکە بۆ تووشبوونی کەڕوویی، کە ئەم نیشانانەی هەیە خوران، سووتانەوەی زێ، سووتانەوە لە کاتی میزکردندا، ئازار لە کاتی جووتبووندا.

سەوز و زەرد

هەبوونی دەرداوی سەوز و زەرد ئاسایی نییە و زۆرجار نیشانەیەکە بۆ نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان وەک، کڵایمیدیا ترایکۆماسس، زۆرجار ئەم نەخۆشیانە هیچ نیشانەیەکیان نییە و هەندێک جاریش نیشانەی سووربوونەوەیە، تووشبوون بەم نەخۆشییە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر دایک و کۆرپەکەشی، هەندێک جار کاریگەرییەکانی تاکوو چەند ساڵێک دوای لەدایکبوونی منداڵەکە دەردەکەوێت و دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر کۆئەندامی دەماری منداڵەکە و ببێتە هۆی نەزۆکی ژنەکە.

خۆڵەمێشی

هەبوونی دەردراوی خۆڵەمێشی لەماوەی دووگیانیدا نیشانەیەکە بۆ تووشبوونێکی میکرۆبی بەناوی بەکتریای زێ (BV)، کە بۆنی ماسی لێ دێت و دوای پەیوەندی سێکسی بۆنەکەی توندتر دەبێت، بەکتریای زێ ئەنجامی ناڕێکی بەکتریاکانی زێیە، کێشانی دووکەڵ و فرە جووتبوون واتە جووتبوونی ناشەرعی هۆکاری دروستبوونی بەکتریای زێن کە یەکێکە لە تووشبوونە باوەکانی ماوەی دووگیانی.

قاوەیی

هەبوونی ئەم دەردراوە بەهۆی هاتنە خوارەوەی خوێنە کە نیشانەیەکی سەرەتاییە بۆ دووگیانی، بەگشتی دەردراوی قاوەیی جێگای نیگەرانی نییە و بەڵام ئەگەر ڕەنگە قاوەییەکە زۆر تۆخ بوو دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت.

پەمەیی

درەدراوی پەمەیی دەکرێت ئاسایی بێت و دەشکرێت نائاسایی بێت، بەزۆری لە هەفتەکانی سەرەتای دووگیانی دروست دەبێت، یاخود کۆتاییەکانی دووگیانی کە جەستە خۆی ئامادە دەکات بۆ منداڵبوون، هەروەها دەکرێت لە کاتی لەبارچوون و هەبوونی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان بوونی هەبێت.

سوور

هەبوونی دەردراوی سوور واتە خوێن پێویستی بە سەردانی خێرای پزیشک هەیە، بەتایبەت ئەگەر خوێنبەربوونەکە توند بێت و کڵۆخوێنی لەگەڵدا بێت و ئازار و گرژبوونی سکیشی لەگەڵدا بێت، دەکرێت نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوە بێت بۆ لەبارچوون یاخود دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان.
لە سەرەتاکانی دووگیانیدا هەبوونی خوێن تا ڕادەیەک ئاساییە ئەویش بەهۆی چەقین یاخود تووشبوونی میکرۆبییەوە دەبێت، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ٪٧ بۆ ٪٢٤ـی ژنان لە سەرەتای دووگیانیدا تووشی خوێنبەربوون دەبن.
خوێنبەربوون لە کۆتایی دووگیانیدا نیشانەیە بۆ منداڵبوونی پێش وەختە، کە پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت

ڕێگاکانی کەمکردنەوەی دەردراوەکانی زێ

  • ڕۆژانە سانتی تایبەت بە دەردراوەکان بەکاربهێنە
  • بەهیچ شێوەیەک تامپۆن بەکارمەهێنە
  • ڕۆژانە چەند جارێک جلەکانی ژێرەوەت بگۆڕە
  • زێ و ناوچەی دەورووبەری بە پاکی و وشکی بهێڵەرەوه
  • بۆ شۆردنی زێ و دەورووبەری جگە لە ئاو هیچ ماددەیەکی پاککەرەوە بەکارمەهێنە
  • بەکارهێنانی سابوون دەبێتە هۆی تێکچوونی PHـی ناوچەی کۆئەندامی زاوزێ و لە ئەنجامدا تووشبوونە میکرۆبییەکانی زێ زیاد دەکات
  • پاککردنەوەی کۆئەندامی زاوزێ لە پێشەوە بۆ دواوە نەک بە پێچەوانەوە
  • با جلەکانی ژێرەوەت قوماشەکەی لۆکە بێت
  • خواردنی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە خواردنی شەکر و شیرینی چونکە کەڕووەکان زیاد دەکەن
  • بەکارهێنانی فۆلیک ئەسید و تەواوکەری ماددە خۆراکیییەکان لەماوەی دووگیانیدا
  • نەچوونە ناو ئاوی گەرم و دانەنیشتن تێیدا
  • تەنها بە ڕۆژدا جلی ژێرەوە لەبەربکە و شەوان لایببە، چونکە جلی ژێرەوە تەسکە و مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر باش نییە

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

  • هەبوونی دەردراوی سەوز، زەرد، خۆڵەمێشی
  • دەردراوی خەست
  • دەردراوی بۆن ناخۆش و توند
  • خوران و سووتانەوە
  • سووتانەوە لە کاتی میزکردندا
  • هەبوونی ئازار لە کاتی جووتبووندا
  • زیادبوونی نائاسایی دەردراوەکانی زێ


سەرچاوەکان



15699 بینین