ئەیووب عەلی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-28-22:17:00 - کۆدی بابەت: 8423
ئەیووب عەلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەیوب عەلی (بە ئینگلیزی: Ayub Ali) (بە عەرەبی: ايوب على) گۆرانیبێژێکی کوردە. لە ساڵی ١٩٧٣ لە ناحیەی سەنگاوی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ لەدایکبووە. بە زاراوەی سۆرانی گۆرانی دەڵێت، چەند بەرهەمێکیشی هەیە بەزاراوەی کرمانجی.

خوێندن و هونەر

ئەیووب عەلی قۆناغی خوێندن سەرەتایی لە شارۆچکەی سەنگاو تەواوکردووە، دواتر چووەتە شاری سلێمانی و خوێندنی ئامادەیی لەوێ تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٩٣ چووەتە زانکۆی سەلاحەدین و لە ساڵی ١٩٩٨ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیک بەدەستهێناوە. ئەیووب عەلی لە قۆناغی زانکۆدا چالاکییەکانی لە بواری مۆسیقا و گۆرانی بە بەشداریکردن لە چالاکی و گرووپەکانی ناو زانکۆ دەستپێکرد، دواتریش لە ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٨ لە ڕادیۆ کوردییەکان گۆرانی تۆمارکرد.

لە ساڵی ١٩٩٩، کوردستانی بەجێهێشت و ڕووی لە وڵاتی بەریتانیا کرد و لەوێ ژیان بەسەردەبات. ساڵی ٢٠٠٣ گۆرانی (دڵم مەشکێنە)ی بڵاوکردەوە کە ئاواز و هۆنراوەکەی خۆی دایڕشتبوو. لە ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٦ دوو ئەلبوومی گۆرانی بەناوەکانی (خە‌مێکی بێ کۆتایی) و (ماڵئاوایی) بڵاوکردەوە. کە هەردووە ئەلبوومەکە سەرکەوتنێک بەرچاویان هەبوو. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر ئەلبوومی سێیەمی بەناوی (مۆم) بڵاوکردەوە، یەکەمجار بوو ئەیووب کار لەگەڵ ئاوازدانەرێک بکات. دواتر لە ساڵی ٢٠١١ ئەلبوومێکی تری بەبێ ناونیشان بڵاوکردەوە. لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەرنامەیەکی بەناوبانگی یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکانی وڵاتی یۆناندا بە وتنی گۆرانی کوردی بەشداربووە، کە گوێگرانی هێنابوویە جۆش و خرۆش و هەمووان بە تامەزرۆییەوە گوێیان لێدەگرت.

بەرهەمەکان

ئەلبووم

  • خەمێکی بێ کۆتایی (٢٠٠٤)
  • ماڵاوایی (٢٠٠٦)
  • مۆم (٢٠٠٩)
  • ئەلبوومێکی بێ ناونیشان (٢٠١١)
  • بێ سنوور (٢٠١٤)

تاک گۆرانی

  • دڵم مەشکێنە (٢٠٠٣)
  • کوردم (٢٠١٥)
  • تریفەی پێکەنین (٢٠١٥)
  • بەڵێ عاشقم (٢٠١٩) (دوێت لەگەڵ بڵند عەبدوڵڵا)
  • نامەکانت (٢٠٢٠)


سەرچاوەکان



461 بینین