گۆڵپارێز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-30-07:25:00 - کۆدی بابەت: 8439
گۆڵپارێز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گۆڵچی یاخود گۆڵپارێز (بە ئینگلیزی: Goalkeeper، بە عەرەبی: حارس المرمى) لە یاریی تۆپی پێ گۆڵپارێز پاسەوانی گۆڵی تیپەکەی دەکات و تاکە یاریزانێکە کە ڕێگەی پێ دەدرێت دەست لە تۆپەکە بدات بەو مەرجەی لەنێو هێڵی سزادا بێت و لەلایەن یاریزانێکی خۆیانەوە تۆپەکەی بۆ نەگێڕابێتەوە بە قاچ. هەموو تیپەکان دەبێت لە هەموو کاتێکی یارییەکەدا گۆڵپارێزێکیان هەبێت و تەنانەت ئەگەر گۆڵپارێزەکە بریندار بێت یان بکرێتە دەرەوە، ئەوا دەبێت تیمەکە گۆڵپارێزێک بهێنێتە شوێنەکەی. ئەگەر تیمەکە گۆڕانکاریەکانی تەواو کردبوو، دەبێت یەکێک لە یاریزانەکان وەک گۆڵپارێز یاری بکات. گۆڵپارێز زۆرجار ژمارە 1، 22، 13 یان 30 وەردەگرێت.

مێژوو

تۆپی پێ گۆڕانکاری زۆری لە تاکتیک و پلان و دامەزراندنی سەنتەری نوێ بۆ یاریزانان و هەڵوەشاندنەوەی پۆستەکانی دیکە بینیوە، بەڵام پێگەی گۆڵپارێز هەرگیز وەک خۆی مایەوە و دوور بوو لە گۆڕان. بەگشتی گۆڵپارێز لەنێوان ستوونەکانی گۆڵ یاری دەکات و یاساکانی یارییەکەش دەڵێن گۆڵپارێز مافی ئەوەی هەیە لە هەر شوێنێکی ناوەڕاستی یاریگا تۆپەکە بە قاچەکانی بگرێت. تاوەکوو ساڵی ١٩١٢ گۆڵپارێز بۆی هەبوو لە هەموو شوێنێکدا بە دەستەکانی تۆپ بگرێت.

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا ژمارەیەک گۆڵپارێز وەک ئامادیۆ کاریزۆ شێوازی یاریکردنیان گۆڕی، ئەو یەکەم گۆڵپارێز بوو کە دەستکێشی لەبەرکرد. ئەو یەکەم گۆڵپارێز بوو کە بۆ بەرگری لە گۆڵەکە هێڵی سزای جێهێشت و یەکەم گۆڵپارێزیش بوو کە لێدانی کۆڕناڵی وەک پلانێک بۆ دەستپێکی هێرشی هەڵگەڕاوە دانا. لە ساڵانی 1990کاندا فیفا چەند یاسایەکی گۆڕی وەک یاسای نەتوانینی گرتنی تۆپ گەر یەکێک لە یاریزانەکانی تیپی خۆی بە ئەنقەست بە پێ بیگەڕێنێتەوە بۆی. بەڵام گەر بە سەر، شان و سنگ گەڕاندیەوە دەتوانێت بە دەستەکانی بیگرێت.

شوێنی یاریکردن

پێگەی گۆڵپارێز یەکێکە لە تایبەتترین شوێنەکان چونکە دەتوانێت بە هەر بەشێکی جەستەی بیەوێت تۆپی بەربکەوێت بەو مەرجەی لە هێڵی سزادا بێت.

  • گۆڵپارێز دەتوانێت دەستی بەکار بهێنێت بۆ دەست لێدان لە تۆپەکەی ناو هێڵی سزا.
  • کاتێک گۆڵپارێز تۆپەکە بەجێدەهێڵێت تەنیا ئەگەر یاریزانێکی تر دەستی لێ بدات دەتوانێت دووبارە بیگرێتەوە، گەرنا ناتوانێت دوای لێدانی دووبارە لێی بداتەوە.
  • گۆڵپارێز ناتوانێت ئەو تۆپەی کە لە بەرگریکاری خۆیانەوە بە قاچ لێدراوە بگرێت، بەڵام گەر بە سەر، شان و سنگ گەڕاندیەوە دەتوانێت بە دەستەکانی بیگرێت.

هەرچەندە گۆڵپارێزەکان یاسای تایبەتیان هەیە، بەڵام یاسای ئاسایی وەک هەر یاریزانێکی سەر گۆڕەپانەکە بۆیان جێبەجێ دەبێت. گۆڵپارێز ناچار نییە لە هێڵی سزا بمێنێتەوە و دەتوانێت لە هەر شوێنێک بیەوێت یاری بکات بە تۆپ و هێرشیش بکات و گۆڵ بکات. گۆڵپارێزەکان زۆرجار لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا پێشڕەوی دەکەن ئەگەر تیمەکەیان نزیک بێت لە دۆڕاندن یاخود پێویستی بە بردنەوە بێت، دەڕۆنە پێشەوە بۆ هاوکاری و تۆمارکردنی گۆڵ.

چەندین گۆڵپارێزیش هەن کە لەلێدانی ئازاد و لێدانی پەناڵتی گۆڵیان تۆمارکردووە. بۆ نموونە جۆزێ لویس چیلاڤێرتـی پاراگوایی و ڕۆجیرۆ سینیی بەڕازیلی و محەمەد ئەمین زامووچی جەزائیری کە لە یارییەکدا سێ گۆڵیان تۆمارکردووە سەرەڕای ئەوەی گۆڵپارێز بوون. ڕۆجیرۆ سینی بە خاوەن زۆرترین گۆڵ دادەنرێت کە تاوەکوو ٢٠١١/٣/٢٨ توانیویەتی ١٠٠ گۆڵ تۆمار بکات.

جلوبەرگ

گۆڵپارێزەکان دەبێت جلوبەرگێک لەبەر بکەن کە جیاواز بێت لە پۆشاکی یانەکەیان، دەبێت جلوبەرگیان جیا بێت لە بەرگریکارەکان. زۆرێک لە گۆڵپارێزەکان بە شێوەی جلوبەرگەکانیانەوە ناونراون، بۆ نموونە لیف یاشین بەهۆی جلە ڕەشەکانییەوە بە جاڵجاڵۆکەی ڕەش ناودەبرا. زۆرینەی گۆڵپارێزان دەستکێش لەدەست دەکەن بۆ پاراستنی دەستەکانیان، کە هەندێک لە جۆرەکان ڕێگری دەکات لە چەمانەوەی پەنجەکان.

گەورەترین گرێبەستی گۆڵپارێزەکان

گۆڵپارێز لە بۆ نرخ بە یۆرۆ  ساڵ
 کیپا ئاریزبەلاگا ئەتلەتیک بلباو چێڵسی £71ملیۆن 2018
ئەلیسۆن ڕۆما  لیڤەرپووڵ £66.8ملیۆن 2018
جیانلوگی بوفۆن پارما یۆڤانتۆس £33ملیۆن 2001
ئێدێرسۆن بەنفیکا مانچستەر سیتی £35ملیۆن 2017
جۆردان پیکفۆرد سەندەرلاند ئیڤەرتۆن £25ملیۆن 2017
فرانسیسکۆ تۆڵدۆ فیۆرێنتینا ئینترانزیۆنال   2001
 ئارۆن ڕامسدەیل  شفیلد یونایتد  ئەرسناڵ £24ملیۆن 2021
ئێدوارد مێندی  ڕێنیس چێڵسی £22ملیۆن 2020
مانوێل نۆیەر شاڵکە ٠٤ بایێرن میونخ £19ملیۆن 2011
بێرند لێنۆ بایەر لیڤەرکۆزن  ئەرسناڵ £19.2ملیۆن 2018
دەیڤد دی خیا ئەتلەتیکۆ مەدرید مانچستەر یونایتد £18ملیۆن 2011
 ئەنجێلۆ پێروزی ئینترانزیۆنال لازیۆ   2000
سێباستین فری ئینترانزیۆنال پارما   2001
سەمیر هاندانۆڤیچ ئۆدینی ئینترانزیۆنال   2012
کلادیۆ براڤۆ بارسێلۆنا مانچستەر سیتی   2016
ئیمیلیانۆ مارتینێز ئەرسناڵ ئەستۆن ڤیلا £20ملیۆن 2020


سەرچاوەکان



738 بینین