گاز

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-18-18:10:00 - کۆدی بابەت: 9071
گاز

ناوه‌ڕۆك

دۆخی گازی

دۆخی گازی (بە ئینگلیزی: Gaseous State) یەکێکە لە چوار دۆخە سەرەکییەکەی ماددە کە سێ دۆخەکەی تر بریتیین لە (ڕەق و شل و پلازما)، دۆخی گازیی ماددەکان لەنێوان دۆخی شلی و پلازمادا دروست دەبێت. گازە گەردییە چڕیی بەرزەکان تا پلەی گەرمییەکی زۆر نزم سارد دەکرێنەوە، پاشان بە ڕەوشتە هەژمێرکراوەکانیان پۆلێن دەکرێن بۆ گازی بۆز یان گازی فێرمی.
گازی خاوێن لە گەردیلەی تاک پێکدێن (نموونە: گازە خانەدانەکانی وەک نیۆن)، یان لە گەردی توخمیی کە لە یەک جۆری گەردیلە دروست بوون پێکدێن (وەک ئۆکسجین)، یان لە گەردی ئاوێتەیی کە لە گەردیلەی جیاواز دروست بوون پێکدێت (وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن). تێکەڵەی گازەکانی وەک هەوا لە جۆری جیاوازی گازی خاوێن پێکدێن. ئەوەی کە گازەکان لە شلەکان و ڕەقەکان جیادەکاتەوە دووریی زۆری دەنکۆڵەکانییانە لە یەکترەوە. ئەم دوورییەی دەنکۆڵەکان لەیەکترەوە ئاساییانە وای لە گازە بێ‌ڕەنگەکان کردووە لەلایەن مرۆڤەکانەوە نەبینرێن.

تایبەتمەندی

گازەکان هیچ شێوە و قەبارەیەکی دیاریکراویان نییە، کاتێک دەکرێنە دەفرێکەوە تەواوی دەفرەکە پڕ دەکەنەوە. تایبەتمەندی و ڕەوشتی گازەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو دەفرەی تێی دەکرێن لە ئەنجامی جووڵەی سەربەستی دەنکۆڵەکانی گازەوەیە، کە دەتوانن بجووڵێن و بچنە هەموو سووچێکی دەفرەکەوە. جووڵەی گەردیی سەربەستی گازەکان بەهۆی لاوازیی بەندی نێوان گەردەکانەوەیە، واتە هێزی نێوان‌گەردیی دەنکۆڵەکان زۆر لاوازە. لە ئەنجامدا دەنکۆڵەکانی گاز جووڵەی بەردەوامیان هەیە و خێراییەکی بەرزیان هەیە لەبەر ئەمەش جووڵەوزەیەکی زۆریان دەبێت.

پەستاوتن

دەنکۆڵەی گازەکان بۆشاییەکی گەورەی نێوان‌گەردییان لەنێواندایە، بە پەستان خستنەسەر ئەم گازانە زۆربەی ئەم بۆشاییە دەکرێت کەم بکرێتەوە و دەنکۆڵەکان زیاتر لەیەکتر نزیک ببنەوە، لە ئەنجامدا قەبارەی گازەکە کەم دەکات.
بەهەمان شێوە پلەی گەرمی دەتوانێت قەبارەی گازەکان کەم بکاتەوە، کاتێک پلەی گەرمی کەم دەکرێتەوە، وزەی دەنکۆڵەکانیش بۆ جووڵەیان کەم دەبێتەوە، بەم شێوەیەش دوورکەوتنەوەیان لەیەکتر کەم دەبێتەوە. لە ئەنجامدا هێزی یەکتر ڕاکێشان زیاتر زاڵ دەبێت و دەنکۆڵەکان لەیەکتر نزیک دەبنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەبارەی گازەکان.

فراوانبوون

کاتێک پەستانێک دەخرێتە سەر گازێک گازەکە دەچێتەوە یەک و قەبارەکەی کەم دەکات، بەڵام کاتێک ئەم پەستانە لادەبرێت گازەکە فراوان دەبێت.

کاتێک پلەی گەرمی بەرز دەکرێتەوە، دەنکۆڵە پێکهێنەرەکان وزەی زیاتریان دەبێت، بەخێراتر دەجووڵێن و لەیەکتر دوور دەکەونەوە. لە ئەنجامدا هێزی یەکتر ڕاکێشانی نێوان‌گەردی کەم دەبێتەوە و قەبارەی گازەکە زیاد دەکات.

بڵاوبوونەوە

دەنکۆڵەکانی گاز بە خێراییەکی زۆر بەرز لە جووڵەی هەمیشەییدان. مەودایەکی زۆری بۆشایی نێوان‌گەردی لە نێوان گەردەکاندا بوونی هەیە. کاتێک دوو گاز تێکەڵ دەکرێن دەنکۆڵەکانی گازێکیان دەتوانن بە ئاسانی بەناو بۆشایی نێوان‌گەردی گازەکەی تردا تێپەڕ ببن، لە ئەنجامدا هەردوو گازەکە بەتەواوی تێکەڵی یەکتر دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تێکەڵەی گازەکان بە چوونیەکی بمێننەوە.

چڕیی نزم

لەگەڵ ئەوەی کە گازەکان بۆشاییەکی نێوان‌گەردی گەورەیان هەیە، کاتێک کە بە بارستەکەیان بەراورد دەکرێن قەبارەیەکی زۆر گەورەیان دەبێت، لەبەر ئەمەش چڕییەکی نزمیان هەیە. ئەگەر یەک میلیلیتر لە ئاو بکرێت بە هەڵم، ئەوا نزیکەی قەبارەی 1700 میلیلیتر داگیر دەکات.

گازە توخمییەکان

ئەو توخمە کیمیاییانەی کە لە پەستانی ئاساییدا گەردەکانیان جووت گەردیلەیی ناوکی چونییەکی جێگیرن بریتیین لە هایدرۆجین (H2نایترۆجین (N2 ئۆکسجین (O2) و دوو هالۆجینی فلۆرین (F2) و کلۆرین (Cl2). کاتێک پێکەوە لەگەڵ گازە خانەدانە تاک گەردیلەییەکانی وەک هیلیۆم (He)، نیۆن (Ne)، ئارگۆن (Ar)، کریپتۆن (Kr)، زینۆن (Xe) و ڕادۆندا (Rn) کۆمەڵە دەکرێن ئەوا ئەم گازانە پێیان دەوترێت (گازە توخمییەکان).


سەرچاوەکان



3302 بینین