ئازاری پشت

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-06-18-19:54:00 - کۆدی بابەت: 9072
ئازاری پشت

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی ئازاری پشت

ئازاری پشت (بە ئینگلیزی: Back Pain)، بریتییە لە ئازار و ناڕەحەتییەکی لاوازکەر کە بەهۆی برینێک یاخود هەبوونی ئێش و ئازارێکی بێزارکەرەوە لە بەشی پشتدا دروستدەبێت، ئازارەکە لەسەر شانەکانەوە درێژدەبێتەوە بۆ سمتەکان، ئازاری پشت یەکێکە لە هۆکارە هەرە باوەکان کە خەڵکی بەهۆیەوە سەردانی پزیشک دەکەن و کارەکانیان لەدەستدەدەن، هەروەها بووە بە هۆکاری سەرەکی بێتوانایی و لاوازی مرۆڤ لە جیهاندا. بەخۆشحاڵییەوە، ئێستا بەهۆی چارەسەرە سروشتییەکان و ئامێرە پێشکەوتووەکانەوە دەتواندرێت چەندین ڕێگا و شێواز بەکاربهێندرێت بۆ ڕێگەگرتن و کەمکردنەوەی ئازاری بەشەکانی پشت، هەروەها زۆر بە دەگمەن نەشتەرگەری وەک چارەسەر بەکاردەهێندرێت.

نیشانەکان

ئازاری پشت دەکرێت بەهۆی (زەبرێکی توند، سووتان،  هەستیاری بە بەرکەوتنەکان)ــەوە پەیداببێت، لە هەندێک بارودۆخدا ئازارەکە پەلدەهاوێژێت بۆ قاچەکان، هەروەها خراپتردەبێت لەکاتی بەرزکردنەوە و هەڵگترن و دانانی شتی قورس و خۆبادان بەلای ڕاست و چەپدا و وەستان یان پیاسەکردن.

هۆکارە مەترسیدارەکان

ئازاری پشت لە هەموو کەسێکدا دروستدەبێت تەنانەت منداڵ و هەرزەکارانیش، بەڵام ئەم هۆکارانەی خوارەوە دەکرێت ئازارەکە زیاتر بکەن و بتخەنە ناو مەترسیەکی جدییەوە:

• تەمەن: ئازاری پشت زیاتر لە کەسانی بەتەمەندا باوترە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان (٣٠ بۆ ٤٠) ساڵیدایە.
• کەمیی ڕاهێنان: ئەنجامنەدانی ڕاهێنان دەبێتە هۆی نەجووڵان و بەکارنەهێنانی ماسولکە و لاوازبوونی بۆیە ئەمەش هۆکارێکی ترە لە دروستبوونی ئازاری پشت.  

• وەرزشی بەرزکردنەوەی قورسایی: بەهۆی ئەوەی وەرزشی قورسایی فشار و پەستانێکی زیاتر دەخاتە سەر بەشی پشتەوە هەر بۆیە وەرزشەکانی بەرزکردنەوەی قورساییش هۆکارێکی ترن بۆ دروستبوونی ئازاری پشت.

• نەخۆشی: هەندێک لە جۆرەکانی نەخۆشی وەک (شێرپەنجە و نەخۆشی هەوکردنی جومگە) هۆکارن بۆ ئازاری پشت.

• هەڵگرتن و بەرزکردنەوەی شت بە ناڕێکی: بەکارهێنانی پشت لەجیاتی قاچەکان لەکاتی هەڵگرتن و بەرزکردنەوەی شتە قورسەکان دەبێتە هۆی ئازاری پشت.

• بارودۆخە جەستەییەکان: ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشییەکانی وەک خەمۆکی و نیگەرانی دەبن دەکرێت ئازاری پشت زیاتر تێیاندا بەدەربکەوێت.

• جگەرەکێشان: جگەرەکێشان ڕێژەی ئازاری پشت زیاتر دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی جگەرەکێشان زیاتر تووشی کۆکەت دەکات و دەبێتە هۆی بێهێزکردنی دیسکەکان هەروەها جگەرەکێشان دەتوانێت لێشاوی خوێن بۆ ناو بڕبڕەی پشت کەمبکاتەوە و مەترسی پوکانەوەی ئێسکەکان زیاد بکات.

خۆپاراستن

دەکرێت خۆت لە ئازاری پشت بەدوور بگریت یان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگریت بە باشترکردنی دۆخی جەستەیی و فێربوون و ئەنجامدانی ڕاهێنانی میکانیکی جەستەیی گونجاو، بۆ ئەوەی پشتت بە تەندروست و بەهێز بهێڵیتەوە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکە:

• ئەنجامدانی وەرزش: ئەنجامدانی ئەو وەرزشە ئایرۆبیکیانەی کە کاریگەری زۆر ناخەنە سەر بەشی پشتەوە و دەتوانن ماسولکەکان بەهێزتر بکەن تاکوو ئەرکەکانیان باشتر ئەنجامبدەن، پیاسەکردن و مەلەکردن دوو وەرزشی زۆر گونجاون، قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکە دەربارەی ئەو چالاکیانەی کە دەتەوێت تاقییان بکەیتەوە. 

• بونیادنانی ماسولکەی بەهێز و توند: ڕاهێنانی ماسولکەی سک و پشت، کە دەبنە هۆی زیاتر بەهێزکردنی جەستە و یارمەتی ماسولکە دەدات بۆ ئەوەی وەک کەمەربەندێکی سروشتی بۆ پشت پێکەوە کار بکەن.

• هەبوونی کێشی جەستەی تەندروست: هەبوونی کێشی زۆر هۆکارە بۆ پەیدابوونی ئازاری پشت چونکە هەوڵدان بۆ دابەزاندن و کەمکردنەوەی کێشی جەستە هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری پشتیش.

• وازهێنان لە جگەرەکێشان: جگەرەکێشان مەترسی ئازاری پشت زیاد دەکات، چونکە مەترسیەکە زیاد دەبێت لەگەڵ ژمارەی ئەو جگەرانەی کە لە ڕۆژێکدا دەکێشرێت، بۆیە وازهێنان لێی یارمەتی کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە بدات.

• دوورکەتنەوە لەو جووڵانەی کە دەبێتە هۆی ئازاری پشت و بەکارهێنانی جەستە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک وەک (هەستان و دانیشتن بە وریاییەوە).

سەردانکردنی پزیشک

زۆرینەی جار پێویست ناکات سەردانی پزیشک بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر، چونکە ئازارەکە خۆی وردەوردە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کەمدەکات بەهۆی ئەنجامدانی چارەسەرە سروشتییەکان و خۆپارێزییەوە، بەڵام لەم کاتانەدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت:

• بەردەوامبوونی ئازارەکە بۆ ماوەیەکی زۆر.
• ئەگەر ئازارەکە بە پشودان باش نەبوو بەردەوام لە زیادبووندابوو.
• ئەگەر ئازارەکە پەلیهاویشت بۆ قاچەکان و بەتایبەتی بۆ خوار ئەژنۆ.
• ببێتە هۆی لاوازی و بێهێزی لە قاچێک یان هەردوو قاچدا.
• وەرگرتنی چارەسەری خێرا ئەگەر ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ڕیخۆڵە و لەکاتی میزکردندا.


سەرچاوەکان



2126 بینین