کاریگەرییە خراپەکانی پۆشینی پۆشاکی تەسک

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-07-07-16:46:00 - کۆدی بابەت: 9314
کاریگەرییە خراپەکانی پۆشینی پۆشاکی تەسک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرینەی خەڵک ئارەزووی پۆشینی ئەو پۆشاکانە دەکەن کە زۆرتر باون، هەروەها مۆدێل و شێوازی پۆشاکەکان بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، دەکرێت ئەمە بەهۆی ئەوەوە بێت کە خەڵکی ئارەزووی پۆشینی پۆشاکی جوان و جیاواز دەکەن، هەروەها تەواوی بوارە پیشەسازییەکانی پۆشاک بەشدارن لە نەخشاندن و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی پۆشاکەکانیان و بەزیندوو هێشتنەوەی مۆدێل و شێوازەکانیان، بەشێوەیەک پۆشاکی تەسکیش بووە بە بەشێک لەو مۆدێل و شێوازی پۆشاکانە کە بەشێوەیەکی بەرچاو دەپۆشرێن، هەروەها زۆرینەی خەڵک بەو پۆشاکانەوە دەبینرێن کە زۆر تەسکن و تەواو جەستەیانی گوشیوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزاندرێت کە پۆشینی پۆشاکی تەسک زیان بەخشە و پۆشاکە تەسکەکان لەسەر هەر شێوەیەکی وەک (پانتۆڵ، تیشێرت، جلی ژێرەوە) بنەخشێندرێن و بەرهەم بهێندرێن زیان بە جەستە دەگەیەنن.

کاریگەرییە خراپەکانی پۆشینی پۆشاکی تەسک

  1. پانتۆڵە کابۆ زۆر توند و تەسکەکان وادەکات پەستانێکی زۆر بخرێتە سەر دەماری ڕان و بەمەش دەبێتە هۆی پەیدابوونی ئازارێکی توند لە ڕان و قاچدا.
  2. پۆشینی پۆشاکی زۆر تەسک وەک پانتۆڵ دەکرێت ببێتە هۆی تێکشکاندنی ماسولکەکان، وەک ماسولکەکانی ناوچەی (پوز).
  3. یەکێکی تر لە زیانەکانی پۆشاکی تەسک بریتییە لەوەی پۆشاکی تەسک دەبێتە هۆی ئازاری ماسولکە، ئەم ئازارەش دەبێتە هۆی پەکخستنی لوولەکانی خوێن و دروستبوونی ئاستەنگ لە گواستنەوەی خوێن، هەروەها پەستان دەخاتە سەر شانە نەرمەکانی جەستە.
  4. پۆشاکی تەسک دەبێتە هۆی پەیدابوونی دڵەکزێ، ئەوەش بە هۆی ئەوەی هەستی سووتانەوە لە ناو سنگدا زیاد دەبێت کاتێک پۆشاکی زۆر تەسک دەپۆشیت، چونکە ئەم پۆشاکانە پەستان دەخەنە سەر (سک) و ئەم پەستانەش گواستنەوەی ترشەکان بۆ بەشی سەرەوەی سک زیاددەکات و دەبێتە هۆی دڵەکزێ.
  5. پۆشاکی تەسک دەکرێت ببێتە هۆی نزم بوونەوەی پەستانی خوێن، چونکە ئەم پۆشاکانە بڵاوبوونەوە و گەڕانەوەی خوێن بۆ دڵ پەکدەخەن، لەم کاتەدا تاک هەست بە سەرگێژخواردن دەکات کاتێک بە پێوە دەوەستێت و هەندێک جار دەبێتە هۆی بورانەوەش.
  6. پۆشینی پۆشاکی تەسک لە خانماندا بەوە ناسراوە کە دەبێتە هۆی نەزۆکی، ئەمە زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە هەر لەتەمەنی هەرزەکارییەوە پۆشاکی تەسک بەکاردەهێنن.
  7. پۆشینی ئەم پۆشاکانە لە خانماندا زیاتر دەبێتە هۆی پەیدابوونی ئازارێکی درێژخایەن لە سکدا.
  8. هەڵبژاردنی ئەو پۆشاکانەی کە تەسکن بۆ بەشی ژێرەوە بەتایبەت لە خانماندا دەبنە هۆی پەیدابوونی شێرپەنجەی مەمک و هەروەها ئەم پۆشاکانە دەبنە هۆی دروستبوونی گەرمی و ئارەقە لە جەستەدا و ئەو بەشانەی جەستە کە ئەم پۆشاکانەت بۆ پۆشیوە هەستیار دەبن و پاشان کەڕوو لە شوێنە هەستیارەکانی خانماندا دروستدەکەن.
  9. هەمیشە خانمانی دووگیان ئامۆژگاری دەکرێن بەوەی کە تا دەتوانن پۆشاکی فراوان لەبەربکەن، چونکە پۆشاکە تەسکەکان دەبنە هۆی دروستبوونی ئازار لە ناوچەی سکدا و زیان بە کۆرپەلە دەگەیەنێت.
  10. لە پیاواندا پۆشینی پۆشاکە تەسکەکانی بەشی ژێرەوە یان پۆشینی پانتۆڵی زۆر تەسک دەبێتە هۆی زیادبوونی گەرمی ناوچەی گون و بەمەش کاریگەری دەکاتە سەر تۆوەکان و بەرهەمهێنانی تۆو کەمدەکاتەوە، هەروەها لە هەندێک بارودۆخی دەگمەندا دەکرێت ببێتە هۆی نەزۆکی و کەڕوو بەڵام دروستبوونی کەڕوو لە ناوچە هەستیارەکاندا زیاتر لە خانماندا باوە. 

بەم شێوەیە بە ڕوونی دەبینرێت کە چەندین کاریگەری زیانبەخش لە لەبەرکردنی جلی تەسک هەیە و هیچ سوودێکی ئەوتۆی نییە، هەر بۆیە مرۆڤ پێویستە پێش کڕین و پۆشینی هەر پۆشاکێکی تەسک ئاگاداری کاریگەرییە خراپەکانی ئەو پۆشاکانە بێت کە هەیانە و بە مۆدێل و شێوازە جوانەکانیان فریو نەخوات.


سەرچاوەکان



719 بینین