کامیرۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-12-19:36:00 - کۆدی بابەت: 9370
کامیرۆن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کامیرۆن (بە ئینگلیزی: Cameroon، بە فەڕەنسی: Cameroun)، بە فەرمی کۆماری کامیرۆن (بە فەڕەنسی: République du Cameroun)، وڵاتێکە لە ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەفریقا. لە ڕۆژئاوا و باکوورەوە لەگەڵ نەیجیریا، لە باکووری ڕۆژهەڵات لەگەڵ وڵاتی چاد، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، و لە باشوورەوە لەگەڵ گینیای ئیکواتۆریال و گابۆن و کۆماری کۆنگۆ هاوسنوورە. کەناراوەکانی دەکەوێتە سەر کەنداوی بیافرا کە بەشێکە لە کەنداوی گینیا و زەریای ئەتڵەسی. بەهۆی پێگە ستراتیجییەکەیەوە لە یەکتربڕینەکانی نێوان ڕۆژئاوای ئەفریقا و ناوەڕاستی ئەفریقا، بەسەر هەردوو لادا پۆلێن کراوە. دانیشتووانی ئەم وڵاتە نزیکەی 25 ملیۆن کەسە و دانیشتووانی ناوچەکە بە 250 زمانی زگماکی قسە دەکەن.

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کامیرۆن لەسەر جووتیاری بژێوی ژیانیان دابیندەکەن. زۆرجار ئەم وڵاتە بەهۆی جۆراوجۆری جیۆلۆجی و زمانەوانی و کولتوورییەوە بە (ئەفریقای بچووککراوە) ناودەبرێت. تایبەتمەندییە سروشتییەکانی وڵاتەکە بریتین لە کەنارەکان، بیابانەکان، شاخەکان، دارستانە باراناوییەکان و دەشتە بێدارەکان. بەرزترین شوێنی ئەم وڵاتە کە نزیکەی 4,100 مەتر بەرزە بریتییە لە چیای کامیرۆن لە هەرێمی باشووری ڕۆژئاوا. کامیرۆن بە شێوازە ڕەسەنەکانی مۆسیقا و بە هەڵبژاردە سەرکەوتووەکەی تۆپی پێی نیشتمانی ناسراوە. هەروەها ئەم وڵاتە ئەندامێکی یەکێتی ئەفریقا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی فرانکۆفۆنی (OIF)، کۆمۆنوێڵتی نەتەوەکان، بزووتنەوەی بێ‌لایەنەکان و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامییە.

لەڕووی مێژووییەوە

دانیشتووانی سەرەتایی ناوچەکە بریتی بوون لە شارستانیەتی ساو لە دەوروبەری دەریاچەی چاد، و ڕاوچییە کۆکەرەوەکانی باکا لە دارستانە باراناوییەکانی باشووری ڕۆژهەڵات. گەڕیدە پورتوگالییەکان لە سەدەی پازدەهەمدا گەیشتنە کەناراوەکان و ناوی ناوچەکەیان نا ڕووباری ڕۆبیان (Rio dos Camarões) کە بە زمانی ئینگلیزی بوو بە کامیرۆن. لەگەڵ ئەوەشدا سەربازە فولانییەکان لە سەدەی نۆزدەهەمدا میرنشینی ئاداماوایان لە بەشی باکوور دامەزراند و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا سەرۆکایەتییەکان و شانشینەکانی (فۆن)ـی بەهێزیان دامەزراند. هەروەها کامیرۆن لە ساڵی 1884 بوو بە کۆلۆنییەکی ئەڵمانیا و بە (Kamerun) ناسرابوو. دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، بەپێی فەرمانەکانی کۆمەڵەی گەلان لە نێوان وڵاتانی فەڕەنسا و شانشینی یەکگرتوودا دابەشکرا.

پارتی سیاسی یەکێتی گەلانی کامیرۆن (UPC) پشتگیری لە سەربەخۆیی کرد، بەڵام لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن فەڕەنساوە قەدەغەکرا، ئەمەش بووە هۆی شەڕی یاخیبوونی ڕزگاری نیشتمانی لە نێوان هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا و UPC تا سەرەتای ساڵی 1971. لە ساڵی 1960 ئەو بەشەی کامیرۆن کە لەلایەن فەرەنساوە بەڕێوەدەبرا، وەکوو کۆماری کامیرۆن، سەربەخۆ بوو. لە ساڵی 1961 بەشی باشووری کامیرۆن کە لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا بوو لەگەڵ کۆماری کامیرۆن یەکیان گرت و کۆماری فیدراڵی کامیرۆنیان پێکهێنا. لە ساڵی 1972 وازیان لە فیدراسیۆنەکە هێنا و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کۆماری یەکگرتووی کامیرۆن و لە ساڵی 1984 بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتەوە ناوی وڵاتەکە گۆڕدرا بۆ کۆماری کامیرۆن. کامیرۆن وەکوو کۆمارێکی سەرۆکایەتی یەکگرتوو بەڕێوەدەبرێت.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی 2018 نزیکەی 25,216,267 کەس بوو، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای تەمەنی هاوڵاتیان 62.3 ساڵ بوو (نێرەکان 60.6 ساڵ و مێیەکان 64 ساڵ). ژمارەی ئافرەتان لەم وڵاتەدا کەمێک زیاترە لە پیاوان، 50.5% دانیشتووان ئافرەتن و 49.5% پیاون. هەروەها زیاتر لە 60% دانیشتووان لەخوار تەمەنی 25 ساڵییەوەن، تەنیا 3.11% دانیشتووان لەسەرووی تەمەنی 65 ساڵییەوەن. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گەشەی دانیشتووانی وڵات دەکاتە 2.56%.

زمان

هەریەک لە زمانەکانی ئینگلیزی و فەڕەنسی زمانی فەرمی دانیشتووانی کامیرۆنن. سەرەڕای زمانە کۆلۆنیاڵەکان، نزیکەی 20 ملیۆن هاوڵاتی کامیرۆنی بە 250 زمانی تر دەدوێن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لەڕووی زمانەوانییەوە کامیرۆن بە یەکێک لە جۆراوجۆرترین وڵاتەکانی جیهان دادەنرێت.

ئایین

کامیرۆن ئاستێکی بەرزی ئازادی و هەمەچەشنی ئایینی هەیە. ئایینی سەرەکی وڵاتەکە مەسیحییە و لەلایەن نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت، لە کاتێکدا ئیسلام ئایینێکی کەمینەیە، نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت. جگە لەوەش ئایینە نەریتییەکان لەلایەن زۆر کەسەوە پەیڕە دەکرێن. موسڵمانان زۆرترین جار لە باکوور چڕبوونەتەوە، لە کاتێکدا مەسیحییەکان بە پلەی یەکەم لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوا چڕبوونەتەوە، بەڵام دەتوانرێت پەیڕەوکەرانی هەردوو ئایینەکە لە سەرتاسەری وڵاتدا بدۆزرێتەوە. شارە گەورەکان ژمارەیەکی بەرچاوی هەردوو گرووپەکەیان تێدایە. موسڵمانان لە کامیرۆن دابەش دەبن بەسەر سۆفی، سەلەفی، شیعە و ئەو موسڵمانانەی کە سەر بە هیچ کۆمەڵەیەک نین.

خەڵکی پارێزگاکانی باکوور و باشووری ڕۆژئاوا زۆرترین پەیڕەوکەرانی ئایینی پرۆتستانتیان تێدایە. دانیشتووانی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوا تا ڕادەیەکی زۆر پەیڕەوکەرانی ئایینی کاسۆلیکن. گرووپە نەتەوەییەکانی باشوور بەزۆری پەیڕەوکەرانی بیروباوەڕی مەسیحی یان ئەنیمیستی ئەفریقین، که پێیان واییە هەموو شتێک لە گەردووندا گیانی هەیە، یان تێکەڵەیەکی زۆرتری ئەم دووانەن. خەڵکی بە شێوەیەکی بەرفراوان باوەڕیان بە جادووگەری هەیە و حکوومەت ئەم جۆرە کارانە قەدەغە دەکات. هەروەها هەتا ئێستاش وا ڕاگەیەندراوە کە گوایە گرووپی جیهادی ئیسلامی ئەنسارولئیسلام لە باکووری کامیرۆن چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن.

کەشوهەوای کامیرۆن

ئاووهەوای کامیرۆن زۆر گەرمە و تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە 31 پلەی سەدییە، کەشی وڵاتەکە لە چەند مانگێکی کەمدا خولگەییە و هەوا پەنگی خواردۆتەوە. گەرمترین و باراناوییترین بەشی وڵاتەکە بەشی باکوورە. هەروەها ساردترین بەشی خۆرئاوایە، و باشترین کات بۆ گەشتکردن بۆ وڵاتەکە تشرینی دووەم تا ئازارە.

گەرمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ساڵی 1952 بۆ مانگی ئازاری 2022، لە نیسانی 2021 تۆمارکراو 45.3 پلەی سەدی بوو. لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی 2001 نزیکەی 6.0 پلەی سەدی بوو.

لە مانگی ئابی 1960 زۆرترین ڕێژەی دابارین تۆمارکرا و لە ڕۆژێکدا 39.7 مللیمەتر باری.

شوێنە گەشتیارییەکان

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی وڵاتەکە بریتین لە:

  • یاوندی
  • ماروا
  • لیمبی
  • دوالا
  • پارکی نەتەوەیی وازا
  • بامێندا
  • فومبان
  • بافوسام
  • کریبی
  • پارکی نەتەوەیی کۆروپ
  • پارکی نەتەوەیی مێفو
  • دشانگ
  • گارۆوا
  • پارکی نەتەوەیی کامپۆ مەعان


سەرچاوەکان



990 بینین