مایەسیری

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-12-22:55:00 - کۆدی بابەت: 9374
مایەسیری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مایەسیری (بە ئینگلیزی: hemorrhoids, piles, بە عەرەبی: البواسير)، یەکێکە لە نەخۆشییەکانی کۆم. بریتییە لە هەڵئاوسان یان گەورەبوونی ئەو خوێنهێنەرانەی لەناو کۆم یان کۆتا بەشی ڕیخۆڵە ئەستوورەدان. مایەسیری دەکرێت لە شێوەی پارچە پێستێک لە ناوەوەی کۆم یان کۆتا بەشی خوارەوەی ڕیخۆڵە ئەستوورە دروست بێت و پێی دەوترێت مایەسیریی ناوەکی، یان لە دەرەوەی کۆم کە بە مایەسیریی دەرەکی ناودەبرێت. مایەسیریی دەرەکی باوترە، زیاتر گرفت بۆ کەسەکە دروست دەکات و بەهۆی هەڵئاوسانی خوێنهێنەرەکانەوە نیشانەکانی وەک خوێنبەربوون، خورانی کۆم، ناڕەحەتی لەکاتی دانیشتن و ئازاری لەگەڵدایە. لە مایەسیریی ناوەکی، کەسی تووشبوو هیچ نیشانەیەکی تێدا دەرناکەوێت. لە (٪٥٠)ـی کەسانی پێگەشتوو لە تەمەنی ٥٠ ساڵییەوە و بەدواوە توشی مایەسیری دەبن. لەناو ڕێڕەوی کۆم یان بەشی خوارەوەی ڕیخۆڵە ئەستوورە ناوچەیەک هەیە پێی دەوترێت هێمڕۆیدز ڤینەس کوشن (hemorrhoids venous cushion)، کە بەرپرسە لە داخرانەوەی کۆم. بەهۆی شوێنە هەستیارەکەی، زۆری جووڵە و چەند هۆکارێکی تر ئەم کوشنە لەگەڵ زۆربوونی تەمەن گەورە دەبێت و دەبێتە هۆی مایەسیری، لەبەر ئەم هۆکارەشە زیاتر لەدوای تەمەنی ٥٠ ساڵییەوە دەردەکەوێت.

کێن ئەو کەسانەی ئەگەری تووشبوونیان زیاترە؟

هەموو کەسێک ئەگەری تووشبوونی بە مایەسیری هەیە، بەڵام ئەم حاڵەتە لە منداڵاندا باو نییە و نابینرێت، لەبەرئەوەی پێویستی بە کاتێکی زۆرە بۆ سەرهەڵدانی. ئەگەری تووشبوون بە مایەسیری زیاترە لە ئەو کەسانەی:

  • کێشی لەشیان زۆرە
  • دووگیانن
  • گرنگی بە خواردنی ئەو خۆراکانە نادەن کە ڕیشاڵیان زۆرە وەک سەوزە و میوەکان
  • بە بەردەوامی کێشەی قەبزبوون یان سکچوونیان هەیە
  • کێشی قورس بەرز دەکەنەوە واتە ئەوانەی یاری ئاسن دەکەن
  • بۆ ماوەیەکی زۆر لە تەوالێتدا دەمێننەوە
  • پێویستە پەستانێکی زۆر لە کاتی کردنی پیساییدا بەکاربهێنن.
  • تەمەنیان ٥٠ ساڵی و بەرەو سەرەوەیە
  • جووتبوون لەڕێگەی کۆمەوە ئەنجام دەدەن

هەبوونی کێشی زیادەی لەش بەتایبەتی لە دەوروبەری سک، پەستان لەسەر خوێنهێنەرەکانی کۆم دروست دەکات و دەبێتە هۆی هەوکردن و گەورەبوونیان. هەر هۆکارێک ببێتە هۆی دروستبوونی پەستانێکی زۆر لەسەر خوێنهێنەرەکان ئەوا ئەگەری تووشبوون بە مایەسیری زیاد دەکات. ئەو کەسانەی کێشی لەشیان زۆرە و تووشی مایەسیری بوون ئەگەر پلانێکی خواردنی تەندروست جێبەجێ نەکەن تووشی ناڕەحەتی زۆر دەبن، لەبەرئەوەی پەیڕەوکردنی سیستمێکی خواردن کە پێکهاتووە لە بڕێکی کەم لە ڕیشاڵەکان و بڕێکی زۆر لە چەورییە زیان بەخشەکان قەبزی زیاد دەکات. ڕیشاڵەکان کرداری هەرس ئاسان دەکەن و ڕێگری لە قەبزبوون دەگرن. نەخواردنی بڕی پێویست لە ڕیشاڵەکان و کەم خواردنەوەی ئاو دەبێتە هۆی قەبزی. ئەو کەسانەی قەبزن واتە ناتوانن بە ئاسانی پیسایی بکەن، بەڵکوو دەبێت فشار (هێز)ـێکی زۆر بەکاربهێنن بەمەش پەستان لە دەوریی کۆم زۆر دەبێت و دەبێتە هۆی هەڵئاوسان و گەورەبوونی خۆێنهێنەرەکانی کۆم، لە ئەنجامدا ئەگەری تووشبوون بە مایەسیری زیاد دەکات.

مایەسیری لەماوەی دووگیانیدا

خانمانی دووگیان ئەگەری تووشبوونیان هەیە، لەبەرئەوەی لەکاتی دووگیانیدا گەورەبوونی منداڵدان، پەستانی گەورەبوونی کۆرپەلە بە بەردەوامی و زیادبوونی ئۆکسجین و خۆراک لەڕێگەی خوێنەوە بۆ ناوچەی کۆم دەبێتە هۆی گەورەبوونی خوێنهێنەرەکان و دروستبوونی مایەسیری. مایەسیری لە سێ مانگی دووەمی دووگیانی واتە ناوەڕاستی ماوەی دووگیانی و کۆتا سێ مانگی دووگیانی ڕوودەدات، چونکە لە قۆناغەکانی کۆتایی دووگیانی پەستان لەو ناوچەیە زیاد دەکات. هەبوونی مایەسیری لەکاتی دووگیانی هیچ کێشەیەک بۆ کۆرپەلەکە دروست ناکات.

نیشانەکانی مایەسیری

مایەسیریی ناوەکی هیچ نیشانەیەکی نییە تا ئەو کاتەی دەگاتە قۆناغی کۆتایی (قۆناغی مەترسیدار)، بەڵام نیشانەکان لە مایەسیریی دەرەکیدا زۆر بەڕوونی دیارە. نیشانەکان بریتیین لە:

  • خورانی کۆم
  • هەبوونی گرێ لە دەوروبەری کۆم
  • هەستکردن بە ئازار لە دەوروبەری کۆم بەتایبەتی لەکاتی دانیشتن یان پیسایی کردندا
  • هەبوونی خوێن

لەکاتی هەبوونی ئەم نیشانانەدا سەردانی پزیشکی پسپۆر بکە بۆ وەرگرتنی کرێم بەمەبەستی ڕێگریکردن و نەهێشتنی خوران، هەڵئاوسان و ئازار. هەروەها چارەسەرکردنی قەبزی لەڕێگەی وەرگرتنی دەرمانەوە.

چەند ڕێنماییەک لەکاتی هەبوونی مایەسیریدا

  1. خواردنەوە و خواردنی بڕی پێویست لە ئاو و ڕیشاڵەکان، سەوزە و میوەکان سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵەکان. بەپێچەوانەوە هەندێک کەس لەکاتی بەکارهێنانی ڕیشاڵ بە ڕێژەیەکی زۆر تووشی قەبزی دەبێت، لەبەرئەوە پێویستە ئاگاداربن و شارەزای لەشی خۆیان بن و لەو شتانە دووربکەونەوە کە دەبێتە هۆی قەبزی.
  2. ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی کرداری هەرس خێرا دەکەن وەک پیادەڕەوی، ڕاکردن، پاسکیلسواری و یۆگا، بەڵام دەبێت لە بەرزکردنەوە و هەڵگرتنی کێشی زۆر بەدوور بن لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی دروست بوونی پەستانێکی زۆر و هەستکردن بە ئازار.
  3. نەهێشتنەوە و ڕانەگرتنی پیسایی و کردنی لەکاتی خۆیدا. هێشتنەوەی پیسایی بۆ ماوەیەکی زۆر، قەبزی زیاد دەکات و دەبێتە هۆی ناڕەحەتی زیاتر لەکاتی پیسایی کردندا.
  4. کەمکردنەوە یان بەکارنەهێنانی کحوول و ماددەی کافایین وەک چا و قاوە بۆ ڕێگریکردن لە قەبزی.

گرفتەکانی مایەسیری

  • مەیینبوونی خوێن لە خوێنهێنەرەکانی کۆمدا
  • خوێن بەربوون
  • کەمخوێنی، لەکاتی لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە خوێن
  • هەوکردن لەکاتی هەبوونی مایەسیریی دەرەکی
  • هەبوونی گرێ لەدەرەوەی کۆم

لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە خوێن لەکاتی هەبوونی مایەسیریدا دەبێتە هۆی کەم خوێنی، لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی سەرسوڕان و دابەزینی پەستانی خوێن دەبێت. هەبوونی خوێن بەتەنها نیشانەی مایەسیری نییە، واباشترە لەکاتی هەبوونی خوێن سەردانی پزیشکی تایبەت بکەیت و لە بارودۆخەکە دڵنیا ببیتەوە.


سەرچاوەکان



2177 بینین