ئامێری سەنتەرفیوج

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-07-12-23:32:00 - کۆدی بابەت: 9379
ئامێری سەنتەرفیوج

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەنتەرفیوج (بە عەرەبی: جهاز الطرد المرکزي، بە ئینگلیزی: Centrifuge) ئامێرێکی تاقیگەییە بۆ جیاکردنەوەی شلەمەنی، گاز و شل بەکاردەهێنرێت لەسەر بنەمای چڕییەکەیان. ئامێرەکە هێزێکی سەنتەرفیوجی بەکاردەهێنێت بۆ جیاکردنەوەی پێکهاتەکانی ماددە شلەکە، ماددە شلەکە لەناو تیوبێکدایە و ئامێرەکە بە خێراییەکی زۆر دەیخولێنێتەوە، هێزە سەنتەرفیوجییەکە پاڵ بە پێکهاتە چڕی بەرزەکانەوە دەنێت بەرەو خوارەوە و پێکهاتە چڕی نزمەکانیش دەکەونە بەشی سەرەوەی تیوبەکە. ئەم ئامێرە لە زۆربەی تاقیگەکاندا هەیە و بۆ مەبەستی پشکنین و توێژینەوە بەکاردەهێنرێت. 

مێژووی ئەم ئامێرە

سەنتەرفیوج یەکێکە لە باوترین ئامێرەکان لە تاقیگەدا و زۆرترین بەکارهێنانی هەیە. ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگی هەیە لە ئامادەکردن و جیاکردنەوەی نموونەکان (سامپڵەکان) لەسەر ئاستی جیاوازی چڕییەکەیان بۆ مەبەستی زانستی و پزیشکی. ئەم جۆرە ئامێرەی کە لەسەر ئاستی جیاوازی چڕی کاردەکات لە ساڵانی ١٤٠٠ـەکانەوە بوونی هەبووە و لەو کاتەدا ئامێرێکی سادەی دەستی بووە بۆ جیاکردنەوەی شیر و کرێم بەکارهاتووە، بەڵام شێوازە فەرمییە بازرگانییەکەی هەتا ساڵی ١٨٠٠ـەکان بەتەواوی بەردەست نەبوو. لە ساڵی ١٨٦٤، ئانتنین پرانتڵ یەکەمین ئامێری هاوشێوەی سەنتەرفیوجی داهێنا، کە لە بواری پیشەسازی شیرەمەنیدا بۆ جیاکردنەوەی کرێم و شیر بەکاردەهات.

دوای داهێنانەکەی پرانتڵ، زانای بایۆلۆجی و پزیشکی سویسری فریدریک میشەر یەکەم کەس بوو سەنتەرفیوجی لە تاقیگەدا دابین کرد. سیستمی سەنتەرفیوجی میشەر لە ڕووی کارکردنەوە زۆر خاو بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش سوودێکی زۆری هەبوو لە ڕووی دۆزینەوەکان لە بواری بۆماوەیی DNA و توانی بەسەرکەوتوویی ناوکە ترشەکان لە ناوکی خانەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن جیابکاتەوە و دەریان بهێنێت. کارەکەی میشەر سەرنجی شارەزایانی تری ئەو بوارەی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بوو بەهۆی گەشەسەندنێکی خێرای یەکەم سەنتەرفیوج لە ساڵی ١٨٧٩ لەلایەن (گوستاڤ دیلڤاڵ)ەوە. سەنتەرفیوجەکەی گوستاڤ یەکەمجار بە تۆربینی هەڵمی پاڵنەر ناسێندرا، چەمکە بەکارهێنراوەکانی گوستاڤ بووە هۆی بەبازرگانیکردنی سەنتەرفیوج و بەکارهێنانی لە بواری بزوێنەری موشەک و کەرەستەکانی پیشەسازی شیرەمەنی. لە دوای ئەمەشەوە گەشەسەندنەکانی ئامێرەکە بەردەوام بووە لە بوارەکانی پزیشکی و تەکنەلۆجیای زیندەیی، بە تایبەتی ئەو توێژینەوانەی پەیوەندییان بە پڕۆتین و پێکهاتەکانی خانەوە هەیە. بەبێ گومان ئامێری سەنتەرفیوج تا ئێستاش بەردەوامە لە پەرەسەندن و ئامێرێکی گرنگ و پێویستە لە تاقیگەکاندا.

بنەمای کارکردنی ئەم ئامێرە

لە گیراوەیەکدا ئەو پێکهاتانەی کە چڕییان لە توێنەر بەرزترە دەنیشن، و ئەو پێکهاتانەشی کە چڕییان نزمترە دەکەونە بەشی سەرەوە. هەتا جیاوازی چڕی زیاتر بێت پێکهاتەکان خێراتر دەجووڵێن، بەڵام ئەگەر هیچ جیاوازییەک نەبوو ئەوا پێکهاتەکان لە شوێنی خۆیان دەبن و هیچ جووڵەیەک ڕوونادات. بەسوود وەرگرتن لە کەمترین جیاوازی نێوان چڕی پێکهاتەکان بۆ ئەوەی پێکهاتە جیاوازەکان لە گیراوەیەکدا لە یەکتر جیابکرێنەوە، دەتوانرێت هێزی کێشکردن بە هێزێکی کاریگەرتر جێگەی بگیرێتەوە کە پێی دەڵێن هێزی سەنتەرفیوجی و لەلایەن ئامێری سەنتەرفیوجەوە ئەم هێزە دابین دەکرێت.

بنەمای کارکردنی سەنتەرفیوج بە شێوەیەکە تەنێک دەسوڕێنێتەوە بە دەوری تەوەرەیەکی جێگیردا و هێزێکی زۆر دەخاتە سەری کە هێزەکە ئەستوونە لەسەر تەوەرەی خولانەوەکە. سەنتەرفیوج بە بنەمای نیشاندن کاردەکات، بە شێوەک چەقە تاودان دەبێتە هۆی ئەوەی پێکهاتە و ئەو  ماددانەی کە چڕییان بەرزە بە ئاڕاستەی دەرەوەی نیوەتیرەیی بڕۆن. لە هەمان کاتیشدا ئەو ماددانەی چڕییان کەمترە بەرەو ناوەند و سەرەوە دەجوڵێن. لە سەنتەرفیوجی تاقیگەییدا نموونە (سامپڵ)ـەکان لەناو تیوبدان، تاودانی نیوەتیرەیی دەبێتە هۆی ئەوەی پێکهاتە چڕی بەرزەکان لەبنی تیوبەکەدا بنیشێن و پێکهاتە چڕی نزمەکانی تر بەرز ببنەوە بۆ بەشی سەرەوەی تیوبەکە.

جۆرەکانی ئەم ئامێرە

  1. Benchtop centrifuge
  2. continues flow centrifuge
  3. Gas centrifuge
  4. Hematocrit centrifuge
  5. High-speed centrifuge 
  6. Low-speed centrifuge 
  7. Micro-centrifuge
  8. Refrigerated centrifuge
  9. Ultracentrifuge 
  10. Vacuum centrifuge 

بەکارهێنانەکانی ئەم ئامێرە

  1. سەنتەرفیوج بەکاردەهێنرێت بۆ جیاکردنەوەی ئەو تێکەڵانەی کە دوو شلەی تواوەی تێدایە و هەردووکیان جیاوازن لە یەکتر.
  2. ئەم تەکنیکە دەتوانرێت لە بواری توێژینەوەی پێکهاتە بەچاو بینراوەکان و تایبەتمەندییە شلهێزەکانیان بەکاربهێنرێت.
  3. بە بەکارهێنانی جۆری تایبەتی سەنتەرفیوج خانەی شیردەرەکان لە پێکهاتە ناپێویستەکان جیادەکرێنەوە بەمەبەستی توێژینەوە.
  4. شیری بێ چەوری جۆرێکی بێ هاوتای شیرە کە تایبەتمەندی کەم چەوری هەیە. سەنتەرفیوج بەکاردەهێنرێت بۆ جیاکردنەوەی چەوری لە شیری بێ چەوری.
  5. لە پاککردنەوە و پوختەکردنی شەرابدا بەکاردەهێنرێت.
  6. ئەم تەکنیکە لەپاڵ تەکنیکەکانی تری پوختەکردن و پاککردنەوەدا، لە جیاکردنەوەی پڕۆتیندا بەکاردەهێنرێت. 
  7. بەکارهێنانێکی گرنگی هەیە لە بواری کیمیای پزیشکی دادوەریدا. کاتێک نموونە (سامپڵ)ێکی خوێن لە شوێنێکی تاواندا دەدۆزرێتەوە، ئەم تەکنیکە بەکاردەهێنرێت بۆ جیاکردنەوەی پێکهاتە گرنگەکانی ناو خوێنەکە لە خوێنەکە خۆی، بۆ نموونە DNAیەکە، بێگومان لە پاڵ کۆمەڵێک تەکنیکی تریشدا. لە تاقیگە جۆراوجۆرەکانیشدا بەکاردەهێنرێت بۆ جیاکردنەوەی میز لە نموونە (سامپڵ)ی میز.


سەرچاوەکان



867 بینین