خەوتن لە کاتژمێرە زێڕینەکان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-07-13-15:33:00 - کۆدی بابەت: 9384
خەوتن لە کاتژمێرە زێڕینەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاتژمێرە زێڕێنەکان (بە ئینگلیزی: Sleeping in the Golden Hours) بریتین لە چەند کاتژمێرێک لە شەودا کە بەباشترین کاتژمێر دادەنرێن بۆ خەوتن، بە شێوەیەکی گشتی ئەو کاتژمێرانەش کاتژمێر ١٠ بۆ ١١ـی شەو دەگرێتەوە، خەوتن لەم کاتەدا پێی دەگوترێت خەوتن لە کاتژمێری زێڕێن چونکە چەندین سوودی تەندروستی گرنگ بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

چەندین توێژینەوە باسی سوودە گرنگەکانی خەوتن لە کاتژمێرە زێڕینەکاندا دەکەن و لە نوێترین توێژینەوەدا کە ماوەی (٥) ساڵی خایاند و نزیکەی (٨٨) هەزار کەس بەشداربوون بۆیان دەرکەوت کە پەیوەندییەکی زۆر بەهێز هەیە لە نێوان دڵ و ئەو چەند کاتژمێرەی کە بە کاتژمێرە زێڕینەکان ناو دەبرێن، چونکە خەوتن لە شەواندا لە کاتژمێر ١٠ بۆ ١١ یان پێش کاتژمێر ١٢ بە بەراورد بە خەوتن لە کاتژمێرە درەنگەکانی شەودا یارمەتی کەمبوونەوەی مەترسی و نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکانی خوێن دەدات هەروەها توێژینەوەکان چەندین سوودی تری خەوتنیان لە کاتژمێرە زووەکانی شەواندا ئاشکرا کردووە. 

سوودەکانی خەوتن لە کاتژمێرە زووەکانی شەواندا

١- خەوی تەندروست، دڵێکی تەندروست: وەرگرتنی پشوو و خەوتن لە تەواوی کاتە باشەکانی شەودا هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ مانەوەی دڵ بەشێوەیەکی تەندروست، خەوتن لە کاتژمێرە زووەکاندا یارمەتی کەمبوونەوەی پەستانی خوێن دەدات و دەتوانێت لە مەترسی گەشەسەندنی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی تر بە دڵەوە بتپارێزێت، چونکە هەڵبژاردنی شێوازی خەوێکی تەندروست یارمەتی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی توشبوون بە جەڵتەی دڵ و نۆبەی دڵ دەدات، بۆیە هەوڵبدە شێوازی خەوێکی گونجاو هەڵبژێرە تاکوو دڵێکی تەندروستت هەبێت. 

٢- بەرزبوونەوەی ئاستی وزە: هەمیشە تێبینی ئەوە بکە کە جەستەت پاش خەوێکی ناتەندروست چۆن تێکشکاوە بەسەر یەکدا، چونکە لە کاتی خەوتندا چەندین چالاکی نوێ لە جەستەدا ڕوودەدات، ماسولکە و ئۆرگان و شانەکان لە کاتی خەوتندا دووبارە ڕێکدەخرێنەوە و ئەم چالاکییانە دەبنە هۆی بەخشینی هەستی ئاسوودەیی لە بەیانیاندا و باشترکردنی تەندروستی گشتی.

بەڵام ئەگەر شێوازی خەوت ناڕێک بێت و شەوان درەنگ بخەویت ئەوا ئەو گۆڕانکاری و چالاکییانە بە تەواوی لە جەستەدا ڕوونادات و ئەمەش وا دەکات بە درێژایی ڕۆژەکە هەست بە ماندوویەتی و شەکەتی و بێزاری بکەیت.

٣- یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی کێشی جەستە دەدات: زۆرینەی خەڵک ئەوە دەزانن کە خەوی تەندروست بۆ تەندروستی باشە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرینەی خەڵک ئەوە نازانن کە خەوی تەندروست لە ڕاستیدا یارمەتی مانەوە و کۆنتڕۆڵکردنی کێشی جەستە دەدات بە شێوەیەکی تەندروست. ڕاستە کە وەرزش و شێوازی خواردن یارمەتی هەبوونی کێشێکی گونجاو دەدات، بەڵام خەوی ڕێک و تەواو بنچینەی سەرەکی هەبوونی کێشێکی گونجاوە.

خەوی تەندروست یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی کێشی جەستە دەدات چونکە خەوتن دەبێتە هۆی ڕێکخستنی کرداری زیندەچالاکی و شەکری خوێن لە جەستەدا، هەروها خەوی تەواو نەک تەنها دەتپارێزێت لە مەترسی قەڵەوی بەڵکوو لە مەترسیەکانی نەخۆشی شەکرەش دەتپارێزێت.

٤- کۆنتڕۆڵکردنی بەرزی فشار: خەوی تەواو بە تایبەت لە کاتە زووەکانی شەودا، نەک تەنها گرنگی بۆ تەندروستی جەستەیی هەیە بەڵکوو یارمەتی پاراستنی تەندروستی دەروونیش دەدات، چونکە کەمخەوی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشار و لە هەندێک بارودۆخدا دەبێتە هۆی توشبوون بە خەمۆکی و نیگەرانی، بۆیە ئەگەر بەردەوام هەستت بە هەبوونی فشار، پەستان، نیگەرانی و خەمۆکییەکی زۆر کرد ئەوا هەوڵبدە چەند کاتژمێرێک زووتر بخەویت چونکە دەبێتە هۆی باشترکردنی لایەنی تەندروستی دەروونی.

٥- بەهێزکردنی یادەوەری: خەوی تەندروست یارمەتی باشتر هەڵگرتنی زانیارییەکان و مانەوەیان لە مێشکدا دەدات بە بەراورد بەو کەسانەی کە شەوان درەنگ دەخەون، ئەمەش یارمەتی باشترکردنی توانای فێربوونی شتە نوێیەکان و باشترکردنی یادەوەری دەدات، کاتێک دەخەوین، ئەوە ئەو کاتەیە کە مێشکمان هەموو شتێک ڕێکدەخات و دەیانپارێزێت لە کاتی بەئاگا هاتنەوە، لە ئەنجامدا خەوێکی تەندروست لە شەودا یارمەتی مانەوەی زانیارییەکان دەدات و هەموو ئەو شتانەشی کە فێری دەبین دەیپارێزێت لە لەبیرچوونەوە.

٦- مەترسی تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی کەم دەکاتەوە: شێوازێکی خەوی تەندروست و بەردەوام یارمەتی کەمبوونەوەی پەرەسەندنی مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی وەک شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و هەندێک جۆری شێرپەنجە دەدات، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەریخستووە کە ئەوانەی بە بەردەوامی درەنگ دەخەون و خەوێکی ناڕێکیان هەیە و کەمتر خەویان لێ دەکەوێت، ئەگەری زیاتریان هەیە کە تووشی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنە مەترسیدارەکانی تری وەک ئەلزەهایمەر ببن، هەر بۆیە شێواز و کاتی خەوتنت باشتر بکە، تاکوو ئەگەری پەرەسەندنی نەخۆشییە درێژخایەنەکانت کەم ببێتەوە.

٧- خەوی باش یارمەتی هەبوونی میزاجێکی باش دەدات: هەمیشە دوای پشوویەکی باش و خەوێکی تەندروست خەڵکی هەست بەدڵخۆشی و ئاسوودەییەکی زۆر دەکەن، بەچوونە سەر جێگا زووتر، دەتوانیت زۆربەی ڕۆژەکانت بە ئاسوودەییەوە بەسەربەریت و چێژ وەربگریت لە بینینی خۆر، چونکە زوو هەستان لە خەو و بینینی خۆر پەیوەندی هەیە بەزیادبوونی هەستی دڵخۆشی و ئاسوودەیی، ئەمەش بەهۆی بەرهەمهێنانی (سیرۆتۆنین) لەلایەن مێشکەوە کە یارمەتیدەرە لەهەستکردن بە ئارامی و ئاسوودەیی.

هەروەها خەوی تەندروست دەبێتە هۆی باشترکردنی متمانە و هەستی سەرنجڕاکێشی زیاد دەکات، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە نەک تەنها میزاجت باشتر دەبێت، بەڵکوو بە بەدەستهێنانی پشووی شەوێکی تەواو، لە خاڵ و پەڵە ڕەشەکانی ژێر چاو ڕزگارت دەبێت و وزەی تەواوت هەیە تاکوو چالاکییەکانی ڕۆژەکەت بەتەواوی ئەنجامبدەیت، ئەمەش وا لە تۆ دەکات هەست بە باشتر بکەیت.

٨- سوود بە کۆئەندامی بەرگری دەگەیەنێت: لە کاتێکدا کە مرۆڤ دەخەوێت ئەوا بەرهەمهێنانی شانە پڕ لە خانەکان و ڕێکخستنیان لە جەستەدا ڕوودەدات، کە یارمەتیدەری کۆئەندامی بەرگرین و یارمەتیت دەدات دژ بە نەخۆشییەکان بجەنگیت، هەر بۆیە توێژینەوەکان دەڵێن کە ٧ بۆ ٨ کاتژمێر خەوتن لە شەودا زۆر گرنگە بۆ بە بەهێز هێشتنەوەی کۆئەندامی بەرگری.


سەرچاوەکان



502 بینین