کینیا

له‌لایه‌ن: - ئیبراهیم عومەر ئیبراهیم عومەر - به‌روار: 2022-07-13-22:52:00 - کۆدی بابەت: 9391
کینیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کینیا، بە فەرمی کۆماری کینیا (بە ئینگلیزی: Kenya، بە عەرەبی: کینیا) وڵاتێکە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، بەناوبانگە بە دیمەنە سروشتییە جوانەکان و ئاژەڵە کێویە پارێزراوەکان. گەورەترین شار و پایتەختی کینیا شاری نایرۆبییە. کینیا لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ سوودان، لە باکوورەوە ئەسیوبیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سۆماڵ، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ئۆگەندا، لە باشوورەوە لەگەڵ تانزانیا و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای هیندی هاوسنوورە. کەنارەکانی زەریای هیندی بەندەری مێژوویی گرنگیان دابین کردووە کە بەهۆیانەوە بازرگانە عەرەب و ئاسیاییەکان شتومەکیان هێناوەتە کیشوەرەکە و زۆرێک لە وڵاتەکان. کینیا یەکێکە لە ئەندامانی هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی جیهانی، بازاڕی گشتی ڕۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

مێژوو

بەپێی دۆزینەوەکانی شوێنەوارناسەکان لە ناوچە جیا جیاکانی وڵاتەکە، مێژووى ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین، ئەمەش کینیا دەکاتە یەکێک لەو وڵاتانەى کە خاوەنی گەورەترین و تەواوترین تۆماری گەشەى کولتووری مرۆڤایەتییە. لە ماوەى سەدەى هەشتەمی زایینی کۆچبەرە موسڵمانەکان دەستیانکرد بە نیشتەجێبوون لە کەناراوەکان. پرتوگالییەکان دوای ئەوان هاتن و بە یەکەمین ئەوروپییەکان ناسراون کە بە درێژایی کەناراوەکان نیشتەجێبووبن. تا سەدەى نۆزدەیەم زۆر کەم لەبارەى زەوییە دوور لە ڕووبار و بەندەرەکانی کینیا زانرابوو تا گەیشتنی بەریتانییەکان کە هاتن و کینیایان داگیرکرد. لەوکاتەوە زۆربەى مێژووى کینیا بە یاخیبوونەکانی دژی بەریتانیا دیاری کراوە کە یەکەم دانەیان لە ساڵی ١٨٩٠ بوو و کۆتا دانەشیان کە بە یاخیبوونی ماو ماو ناسراوە لە ساڵی ١٩٥٢ بوو. لە ساڵی ١٩٦٣ کینیا خۆبەڕێوەبردنی ناوخۆیی بەدەست هێنا هەروەها لە ١٢ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا توانی سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت.

جوگرافیا

ڕووبەری کینیا ٥٨٠٫٣٦٧ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە ئەمەش ئەیکاتە چل و هەشتەمین وڵات لە ڕووی گەورەیی ڕووبەرەوە. لە ڕووى کەشوهەواشەوە کەشوهەوای کینیا جۆراوجۆرە بەپێی شوێنەکان. کینیا سێ جۆر کەشوهەوای هەیە: گەرم و شێدار بە درێژایی کەناراوەکان، مامناوەند لە ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژئاوا کە چیاکان و تەختاییەکانی لێیە، هەروەها کۆتا جۆر گەرم و وشکە لە باکوور و ڕۆژهەڵات. بە گشتی، گەرمترین کاتەکان لە کینیا لە مانگی شوبات بۆ مانگی ئازارە، فێنکترین کاتەکانیش ئەکەوێتە مانگی تەممووز بۆ مانگی ئاب.

دمۆگرافیای دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٩ ژمارەى دانیشتووانی کینیا ٤٧.٦ ملیۆن کەسە، هەروەها بیست و نۆیەمین وڵاتی جیهانە لە ڕووی زۆری دانیشتووانەوە. کینیا وڵاتێکی فرە نەتەوەیی و فرە زمانە کە دانیشتووانەکەى بەسەر سێ گرووپی زمانەوانیدا دابەش دەبن: بانتو و نیلۆ سەحرا و ئەفرۆ ئاسیا.

نەتەوەکانی کینیا

کیکویو

١٧%

لوهیا

١٤.٣%

کالێنجین

١٣.٤%

لوۆ

١٠.٧%

کامبا

٩.٨%

کینییە سۆماڵییەکان

٥.٨%

گوسی

٥.٧%

میجیکێندا

٥.٢%

ئەوانی تر

١٨%

ئایین

لە کینیا ئازادی ئایین بە یاسای بنچینەیی مسۆگەر کراوە. زیاتر لە چوار لەسەر پێنجی دانیشتووان مەسیحین، زۆرینەیان پەیڕەوی کڵێسای پڕۆتستانت و کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی دەکەن. ئایینی مەسیحی بۆ یەکەمجار لە سەدەی پازدەیەمدا لەلایەن پرتوگالییەکانەوە هێنرایە کینیا، بەڵام ئەم پەیوەندییە لە سەدەى حەڤدەیەم کۆتایی هات. ئایینی مەسیحی لە کۆتایی سەدەى نۆزدەیەمدا زیندوو بوویەوە و زۆر بە خێرایی فراوانبوو. موسڵمانەکان کەمینەیەکی بەرچاو پێکدەهێنن و هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعە لەخۆدەگرن. هەروەها ژمارەیەکی کەمی جولەکەکان، یانییەکان، سیخەکان و بەهاییەکان هەن.

ئابووری

لەوەتەى سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٦٣ بەدەست هاتووە، ئابووری کینیا هەم پڕۆژەى ئابووری تایبەت و هەم پڕۆژەى ئابووری حکوومی لەخۆگرتووە. پیشەسازییە سەرەکییەکان بریتین لە کشتوکاڵ، دارستانزانی، ماسیگرتن، کانزاکاری، بەرهەمهێنان، وزە، گەشتیاری و خزمەتگوزارییە داراییەکان. حکوومەتی کینیا بە گشتی دۆستی وەبەرهێنانە و چەندین یاسای ڕێکخستنی چاکسازی دەرکردووە بۆ ئاسانکردنی سەرمایەگوزاری ناوخۆیی و دەرەکی. بەشێکی گرنگی داهاتی دەرەکی کینیا کە بەردەوام لە زیادبووندایە، ناردنی پارەیە لەلایەن ئەو کینییانەی کە نیشتەجێی وڵاتەکە نین و لە ئەمریکا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەورووپا و ئاسیا کاردەکەن.


سەرچاوەکان



457 بینین