سوود و زیانەکانی دارچین

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-17-22:37:00 - کۆدی بابەت: 9439
سوود و زیانەکانی دارچین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دارچین (بە ئینگلیزی: Cinnamon، بە عەرەبی: القرفة)، جۆرێک بەهاراتی بۆن خۆشە، کە دەخرێتە ناو هەندێک خۆراکەوە، هەروەها بە دەرمانێکی گیایی بۆن خۆش دادەنرێت، درەختی دارچینی کە زیاتر لە هیندستان و چین دەڕوێت، هەمیشە سەوزە، دارچین دارێکی بچووکە بەرزییەکەی پێنج بۆ حەوت مەترە، هەموو بەشەکانی بۆنێکی خۆشیان هەیە، گوڵەکانی ئەم بەهاراتە لە نێوان مانگی شوبات تا سەرەتای مانگی نیسان دەردەکەون، گەڵاکانی ئەم دارە سەوزن و گوڵی سپییان هەیە.

سوودەکانی دارچین

چارەسەری چرچ و لۆچی پێست

دارچین یەکێکە لەو بەهاراتانەی کە چەندین سوودی بۆ پێست هەیە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دارچین بۆ پێست بریتییە لە لابردنی چرچ و لۆچی سەر پێست، دارچین زۆر گونجاوە بۆ کەمکردنەوە و لابردنی چرچ و لۆچی پێست چونکە ڕۆیشتنی خوێن لە ژێر پێست باشتر دەکات و ئۆکسجین بۆ پێست زیاد دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ماسکی زەیتی دارچین بەکاربهێنیت، تەنیا بە چەند دڵۆپێک زەیتی دارچین مەساج بە پێستت بکە، با بۆ ماوەی ٢٠ خولەک لەسەر پێستت بمێنێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری باشتری هەبێت، دواتر پێستەکە بە ئاوی گەرم بشۆ.

سوودەکانی دارچین بۆ پیاوان

دارچین چەندین تایبەتمەندی هەیە بۆ توانای دروستکردنی منداڵ لە پیاواندا، بۆیە پێشنیار دەکرێت ئەوانەی کێشەی وەکوو ناڕێکی لە کۆئەندامی زاوزێ و کەمی ئارەزووی سێکسیان هەیە، دارچینی زیاتر لە خۆراکەکانیاندا بەکاربهێنن، جگە لەوەش توێژینەوەکان دەریانخستووە کە دارچین دەتوانێت لە چارەسەرکردنی نەزۆکی پیاوان یارمەتیدەر بێت.

دابەزاندنی کێش بە دارچین

تایبەتمەندییەکی تری دارچین ئەوەیە کە ئەم بەهاراتە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابەزاندنی کێش، دارچین یەکێکە لەو بەهاراتانەی کە دەتوانێت ئارەزووی خواردن کەم بکاتەوە و بەمەش یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات. 
بەڵام بۆ لاوازکردن و دابەزاندنی کێش، پێویستە پلانی خۆراکی گونجاو بەکاربهێنیت لە ژێر چاودێری پزیشکی خۆراکدا بۆ ئەوەی ئەنجامی دڵخواز بەدەست بهێنیت.

دابەزاندنی پەستانی خوێن

یەکێکی تر لەتایبەتمەندییە گرنگەکانی بەهاراتی دارچین ئەوەیە کە دەتوانێت یارمەتی چارەسەرکردنی بەرزی پەستانی خوێن بدات، کۆنتڕۆڵی فشاری خوێنی ئەو کەسانە بکات کە بەدەست بەرزی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن، جگە لەوەش خواردنی دارچین لە رێجیمێکی تەندروستدا هەڵبژاردنێکی گونجاوە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ.

سەلامەتی کۆئەندامی هەرس

هەروەها دەتوانیت بۆ باشترکردنی کارکردنی کۆئەندامی هەرس، ئەم بەهاراتە بەنرخە بەکاربهێنیت، دارچین پرۆسەی هەرس باشتر دەکات، جگە لەوەش خواردنی دارچینی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی غازاتی ناو ڕیخۆڵەکان، هەروەها دەتوانیت دارچین بەکاربهێنیت بۆ چارەسەرکردنی برینی گەدە.

چارەسەری چەوری جگەر

لە ئەنجامی توێژینەوەوە، زاناکان دەریانخستووە کە دارچینی زۆر بەسوودە بۆ پاککردنەوەی جگەر لە ژەهری زیانبەخش، جگە لەوەش دەتوانیت بەهاراتی دارچین بەکاربهێنیت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە باوەکانی جگەر وەکوو جگەری چەور.

سپیکردنەوەی ددان

ئەگەر دەتەوێت ددانی سپی و جوانت هەبێت ئەوا دارچین بەکاربهێنە، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ندێك هاڕاوەی دارچین بخه‌ سه‌ر په‌نجه‌ت و بیهێنە بە ددانه‌كانتدا، ئه‌مه‌ش بۆنێكی خۆش لە ده‌مدا دروست ده‌كات و ددانه‌كانت سپی ده‌كاته‌وه‌، جگە لەوەش دارچین بەسوودە بۆ خۆپاراستن لە خراپبوونی ددان.

چارەسەری نەخۆشی ئەکزیما و سەدەف

نەخۆشییەکانی پێست بە زۆری بەهۆی بەکتریاوە دروست دەبن، لەبەر ئەوەی دارچین تایبەتمەندی دژە بەکتریای بەهێزی هەیە، دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست وەک ئەکزیما و سەدەف. بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشیانەی پێست پێویستە ماسکی دارچین و هەنگوین بەکاربهێنرێت، بۆ ئامادەکردنی ئەم ماسکە، یەک کەوچک هەنگوین و یەک کەوچک دارچین تێکەڵ بکە و بیخەرە سەر بەشە تووشبووەکانی پێستت وەکوو ماسکێک.

زیانەکانی دارچین

هەستیاری

ڕەنگە پێستی هەندێک کەس هەستیاری بە دارچین هەبێت، ئەم هەستیارییە دەبێتە هۆی دروستبوونی کاردانەوەی وەکوو سووربوونەوە یان ئاوسانی پێست، لەبەر ئەم هۆکارە باشتر وایە پێش بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە دارچینییان تێدایە، پشکنینی هەستیاری پێست ئەنجام بدەیت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەکی تر نەبیتەوە.
بۆ ئەنجامدانی پشکنینی هەستیاری، تەنیا بڕێکی کەم لە ماسکەکە یان زەیتی دارچین بخەرە سەر پێستت، دوای ٣٠ خولەک بیشۆ، ئەگەر هەستت بە هیچ هەستیارییەک نەکرد وەکوو سووتانەوە یان سووربوونەوەی پێست، ئەوا پێستت هەستیاری بە دارچین نییە.

کێشەی دڵ

خواردنی دارچینی لێدانی دڵ زیاد دەکات، بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی کێشەی دڵ و خوێنبەرەکانیان هەیە خۆیان بەدوور بگرن لە خواردنی.

زیانبەخشە بۆ ئافرەتی دووگیان

دارچین دەبێتە هۆی ئازاری لەدایکبوونی پێشوەختە و کردنەوەی ملی منداڵدان، بۆیە پێویستە ژنانی دووگیان خۆیان لە خواردنی ئەم بەهاراتە بەدوور بگرن، جگە لەوەش لە سێ مانگی سەرەتایی دووگیانیدا دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ.


سەرچاوەکان



1531 بینین