خەیاڵکردن لای منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-24-14:28:00 - کۆدی بابەت: 9521
خەیاڵکردن لای منداڵان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەیاڵکردن لای منداڵان (بە عەرەبی: خيال الأطفال، بە ئینگلیزی: Children's Imaginationبەگشتی منداڵان زۆر خەیاڵ دەکەن، ئەم خەیاڵکردنەش ڕۆڵێکی گرنگی لەسەر گەشەکردنی ژیانیان هەیە، بەڵام زۆرجار دایکان و باوکان و مامۆستایان، خەیاڵکردن بە کەم سەرنجی و تەمەڵی ناو دەبەن، توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات بەپێچەوانەی بیر و باوەڕی ڕابردوو، خەیاڵکردنی ئەرێنی و داهێنەرانەیە، ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆریش بێت، پەیوەندی بە تێکچوونی دەروونییەوە نییە، بەڵکوو چالاکییەکی سروشتییە.

هۆکاری خەیاڵکردنی منداڵ

ڕەنگە منداڵ لە ڕۆژدا چەندین کەسایەتی ڕاستەقینە و ناڕاستەقینە ببینێت، منداڵ لە جیهانی ڕاستەقینەدا چاودێری مامۆستاکان و کەسە نزیکەکانی دەکات، هەڵبەت کەسە ڕاستەقینەکان لە خەیاڵی منداڵدا کەمتر کاریگەرن، سەیرکردنی پاڵەوانێکی وەکوو باتمان و سوپەرمان لە کارتۆنێکدا، یان کەسایەتی پاڵەوانی ناو یارییەکی ئەلیکترۆنی ڕەنگە منداڵ هانبدات و بیوروژێنێت، لەم حاڵەتانەدا منداڵ وابیر دەکاتەوە کە دەتوانێت ڕەفتارەکانی ئەو کەسایەتییانە دووبارە بکاتەوە، دواتر بۆئەوەی خۆی ڕووبەڕووی ئەم کەسایەتییانە بکاتەوە، دونیایەکی خەیاڵی بۆ خۆی دروست دەکات.
هەندێک جاریش لەبەر ئەوەی منداڵ بۆشایی لە پەیوەندییەکانیدا هەیە، هەوڵ دەدات لەگەڵ کەسێکی خەیاڵیدا قسە بکات و لەگەڵی بژی بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو بۆشاییە بکاتەوە، بۆ نموونە ئەگەر منداڵ هاوڕێیەکی نەبێت لەکاتی بێتاقەتییدا دڵنەوایی بکات، لە خەیاڵی خۆیدا هاوڕێیەک دروست دەکات کە لە کاتە ناخۆشەکانیدا لەگەڵی بێت و قسەی لەگەڵ بکات.

سوودەکانی خەیاڵکردنی منداڵ

منداڵ لە تەمەنێکی کەمەوە دەست بە خەیاڵکردن دەکات و خۆی بەم کارەوە سەرقاڵ دەکات، ئەم کارەش سوودی زۆری هەیە کە لێرەدا دەخرێنە ڕوو:

ئاستی زیرەکی بەرز

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی منداڵی بەهرەمەند خەیاڵکردنە، بەپێی تیۆرێکی باوەڕپێکراو، باس لەوە کراوە ئەو منداڵانەی خەیاڵ دەکەن ئاستی زیرەکییان بەرزترە، هۆکاری ئەوەش دەگەرێتەوە بۆئەوەی کە ئەم منداڵانە بەردەوام جیهانێکی جیاواز و کەسایەتی جۆراوجۆر لە خەیاڵی خۆیاندا وێنا دەکەن، ئەمەش بیرکردنەوەیان فراوان دەکات.

چارەسەرکردنی کێشە بە خەیاڵکردن

یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی خەیاڵکردنی منداڵ ئەوەیە کە منداڵ توانای چارەسەکردنی کێشە و گرفتەکانی دەبێت.
بەپێی ئەوەی منداڵ لەکاتی خەیاڵکردندا لە بارودۆخێکی جیاوازدا بووە، لەکاتی بڕیاردان لە کێشەکاندا توانای بیرکردنەوە و بڕیاردانی باشتر دەبێت.

بەهێزکردنی یادەوەری منداڵ

خەیاڵکردن لای منداڵ زۆر یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی یادەوەری، بەپێی تیۆری داروین، هەر ئەندامێک زیاتر بەکاربهێنین، ئەو ئەندامە توانای زیاتری دەبێت و باشتر کار دەکات، هەمان تیۆر بۆ منداڵانیش گونجاوە، بەجۆرێک منداڵ لەکاتی خەیاڵکردن، بەردەوام مێشکی بەکاردەهێنێت بۆ وێناکردنی شتەکان، ئەم جووڵەیە سیستمی بیرکردنەوەی بەهێز دەکات، توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی توانای خەیاڵکردنیان بەکاردەهێنن، بەڕێژەی ٧٠٪ کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی بیرچوونەوە و بێئاگایی دەبن.

بەهێزکردنی توانای داهێنان لای منداڵ

لە سوودەکانی تری خەیاڵکردنی منداڵ، پەرەپێدان و بەهێزکردنی توانای داهێنانە لای منداڵ، ئەو منداڵانەی کە توانای خەیاڵکردن بەکاردەهێنن، دەبنە خاوەنی بیرۆکە و داهێنان.

بەهێزکردنی ئارەزووی زانین لای منداڵ

منداڵ دوای وێناکردنی کەسایەتی و شوێنی جیاواز لە خەیاڵی خۆیدا، لە جیهانی ڕاستەقینەشدا بەدوای خەیاڵەکانیدا دەگەڕێت، ئەمەش وادەکات منداڵ ئارەزووی زانین و تێگەشتن لە ڕووداو و شتەکانی دەورووبەری هەبێت.

زیانەکانی خەیاڵکردنی منداڵ

زۆرێک لە دایکان و باوکان دەربارەی خەیاڵکردنی منداڵەکانیان نیگەرانن، گومان دەکەن ئەم کارەی منداڵەکەیان وڕێنەکردن بێت، دەبێت ئەوە بزانین خەیاڵکردن جیاوازە لە وەهم (خەیاڵی پڕوپوچ و بێ بنەما).

پچڕانی پەیوەندی منداڵ بە جیهانی دەرەوە

هەندێک لە خەیاڵەکان زۆر مەترسیدارن و کێشە دروست دەکەن، چونکە دەبنە هۆی ئەوەی منداڵەکە ڕیتمی ژیانی ئاسایی جێبهێڵێت، هەندێک منداڵ کە گیرۆدەی خەیاڵی ناڕاست و بێ بنەما دەبن، بەتەواوی پەیوەندیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەیان دەپچڕێنن، زۆرجار ئەم منداڵانە نایانەوێت لە ژوورەکانیان بێنە دەرەوە و بەشداری ئاهەنگ و کۆبوونەوەکان بکەن.

کەمبوونەوەی سەرنجدان بەهۆی خەیاڵکردنەوە

ڕەنگە خەیاڵکردن کاریگەری لەسەر سەرنجدانی منداڵ هەبێت، منداڵێک کە وەهم و خەیاڵی ناڕاست بکات، بێگومان سەرنجی تەواوی لەسەر وانەکانی نابێت.

فێرنەبوونی منداڵ بەهۆی خەیاڵکردنەوە

زۆر گیرۆدەبوونی منداڵ بە جیهانی خەیاڵەوە دەبێتە هۆی ئەوەی گرنگی بەو شتانە نەدات کە لە جیهانی ڕاستەقینەدا فێریان بووە، لەئەنجامدا پەروەردەکردنی ئەم منداڵە قورس دەبێت. 

چۆنیەتی مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ خەیاڵکردنی منداڵ

  1. یەکێک لە ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵەی کە خەیاڵ دەکات، ئەوەیە کە بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو لەگەڵی بڕۆن، بۆ نموونە بە لەبەرچاوگرتنی خەیاڵەکانی چیرۆک و گۆڤاری بۆ بخوێننەوە، بەم شێوەیە خەیاڵی منداڵ ئاڕاستە دەکرێت بۆ ئەوەی بە ئاڕاستەیەکی دروستدا بڕوات. لە لایەکی ترەوە منداڵ ئاگاداری سنوورەکان بێت و خەونەکانی زیاتر لە ڕاستی نزیکبن.
  2. یەکێکی تر لەشێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ خەیاڵی منداڵ، سەرنجدانی شێوازی هەناسەدانییەتی، هەناسەدانی بچڕ پچڕی منداڵ یان بەخێرایی، دەبێتە هۆی زیاتر خەیاڵکردنی منداڵ، لەبەر ئەوە دەبێت گرنگی بە هەناسەدانی منداڵ بدرێت بە ڕاهێنانی کورتی ڕۆژانە.
  3. ئەگەر بینیتان خەیاڵکردنی منداڵ زۆر بووە لە سنوور لایداوە، باشترە گۆڕانکاری لە ڕیتمی ژیانیدا دروست بکەن، بۆ نموونە ئامڕازەکانی یاری بۆ بگۆڕن.
  4. یەکێک لەو شتانەی کە کاریگەری لەسەر خەیاڵکردنی منداڵ هەیە، چەندێتی و چۆنیەتی خەوی منداڵە، ئەگەر منداڵ بەپێی پێویست نەخەوێت یان کاتی خەوی ناڕێک بێت زیاتر دەڕواتە ناو جیهانی خەیاڵی ناڕاست، کەواتە بێ خەوی منداڵ یەکێکە لە هۆکارەکانی خەیاڵی بێ بنەما.
  5. هەوڵ مەدەن خەیاڵکردنی منداڵ بوەستێنن، تەنیا ئاگاداری بن و هەوڵ بدەن خەیاڵەکانی ئاڕاستە بکەن بۆ ئەوەی داهێنەرانە و بەسوود بێت.


سەرچاوەکان

312 بینین