ئێمنێم

له‌لایه‌ن: - ئیبراهیم عومەر ئیبراهیم عومەر - به‌روار: 2022-07-27-23:14:00 - کۆدی بابەت: 9581
ئێمنێم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مارشڵ بڕوس مازەرزی سێییەم (بە ئینگلیزی: Marshall Bruce Mathers III) کە لە ڕووی پیشەییەوە بە ئێمنێم ناسراوە (بە ئینگلیزی: Eminem)، لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٢ لەدایک بووە. ڕاپەر، گۆرانینووس، نمایشکار و بەرهەمهێنەری تۆماری ئەمریکییە. ئێمنێم شانازی بەناوبانگکردنی هیپ هۆپی لە ئەمریکای ناوەڕاست پێدراوە و ڕەخنەگران وەک یەکێک لە گەورەترین ڕاپەرەکانی هەموو سەردەمەکان ستایشی دەکەن. سەرکەوتنی جیهانی و کارە ستایشکراوەکانی ئێمنێم وەک شکاندنی بەربەستە ڕەگەزییەکانی ڕاپەرە سپی پێستەکان سەیر دەکرێت بۆ قبوڵ کردنیان لە مۆسیقای باودا. لە کاتێکدا زۆربەی کارە یاسا شکێنەکانی لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای ٢٠٠٠دا وای لێکرد کە مشتومڕی بەرفراوانی لەسەر بێت، ئەو هات بۆ نوێنەرایەتی نادڵخۆشییە بەربڵاوەکەى چینی ژێردەستەى ئەمریکا و وەک کاریگەرییەک بۆ زۆرێک لە هونەرمەندان لە ژانەرە جۆراوجۆرەکاندا ئاماژەى پێکراوە.

سەرەتای ژیانی

مارشڵ بڕوس مازەرسی سێییەم لە شاری سانت جۆزێف لە ویلایەتی میزۆری لەدایکبووە و تاکە منداڵی مارشڵ بڕوس مازەرزی جونیۆر و دیبۆرا ڕەى بووە. دایکی لەماوەى ٧٣ کاتژمێری لەدایکبوون لەگەڵیدا نزیک بوو لەوەى بمرێت. دوای ئەوەی باوکی ئێمنێم خێزانەکەى جێهێشت و ڕووی لە کالیفۆڕنیا کرد ئێمنێم و دایکی لە نێوان شاری دیترۆیت و ویلایەتی میزۆریدا بەردەوام شوێنی ژیانیان دەگۆڕی و زۆر بە دەگمەن زیاتر لە ساڵێک یان دوو ساڵ لە ماڵێکدا دەمانەوە. ئێمنێم لە تەمەنی هەرزەکاریدا نامەى بۆ باوکی دەنووسی بەڵام هەموویان بە نیشانەی (گەڕانەوە بۆ نێرەر) هاتنەوە. چەوسێنەرێک بە ناوی دی ئەنجێڵۆ بەیڵی لە هێرشێکدا سەری ئێمنێمی بە توندی بریندار کرد، ڕووداوێک کە دواتر ئێمنێم (بە زیادەڕەویەکی کۆمیدی) لە گۆرانی زیانی مێشکدا (Brain Damage) باسیکرد. ئێمنێم زۆربەى تەمەنی گەنجێتییەکەى لەگەڵ دایکی لە گەڕەکێکی چینی کرێکاردا ژیاون کە بە پلەى یەکەم ڕەشپێست بوون. ئەوان یەکێک بوون بە سێ ماڵە سپی پێستەکەى ناوچەکەیان و ئێمنێم چەندین جار لەلایەن گەنجە ڕەشپێستەکانەوە لێیدراوە. ئێمنێم لە منداڵیدا حەزی لە چیرۆکگێڕانەوە بووە پێش ئەوە هیپ هۆپ بدۆزێتەوە، بە هیوا بوو ببێتە هونەرمەندی کتێبی کۆمیک. دوای ئەوەى سێ ساڵ لە پۆلی نۆیەمدا بەسەر دەبات بەهۆی نەچوون و خراپی نمرەکانییەوە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ئێمنێم لە قوتابخانەی ئامادەیى لینکۆڵن دەرکرا. ئێمنێم لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لەگەڵ هاوڕێی ئامادەیی مایک ڕوبی دەستی بە ڕاپ کرد ناوی ئەوان ناوەکانی "مانیکس" و "M&M"یان هەڵبژارد کە ئەوەى دووەمیان پەرەی سەند بۆ Eminem. ئێمنێم لەگەڵ هاوڕێ ڕاپەرەکەى پڕووف لە ڕۆژانی شەممەدا بەشداریان لە پێشبڕکێی مایک کراوەدا دەکرد لە فرۆشگەى هیپ هۆپ لە ڕێگەی ٧ میلی ڕۆژئاوا، کە بە (زەوی سفر) دانراوە بۆ دیمەنی ڕاپی دیترۆیت. خەباتکردنی ئێمنێم بۆ سەرکەوتن لە پیشەسازییەکدا کە زۆربەیان ڕەشپێست بوون لەلایەن بینەرانی ژێرزەمینی هیپ هۆپەوە بەرز نرخێندرا.

ژیانی پیشەیی

ئێمنێم یەکسەر لەلایەن خەڵکەوە قبوڵ نەکرا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات خۆی وەک ڕاپەرێکی شارەزا سەلماند و دەستی کرد بە قبوڵکردنی چەند پێشنیازێک بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاپەرەکانی تر گرووپ دروست بکات. سەرەتا لەگەڵ گرووپێک بە ناوی (نیو جاکس) دەستی بە ڕاپ کرد بەڵام دواتر ڕووی لە (مەبەستی ڕۆح) کرد، ئەو گرووپەى کە لە ساڵی ١٩٩٥ گۆرانیەکیان دروست کرد کە ئێمنێم و پڕووفیان تێدا بوو. دواتر ئەو دوو هاوڕێیە لە (مەبەستی ڕۆح) جیابوونەوە و گروپێکی تایبەت بە خۆیان پێکهێنا بە ناوی D12. لە ساڵی ١١٩٦ ئێمنێم یەکەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی (بێ پایان) دەرکرد، ئەو گۆرانیانەى تێدابوو کە باسی ئەو کێشمەکێشمانەى دەکرد کە لە دوای لەدایکبوونی کچەکەى ڕووبەڕووی بووەوە لە کاتێکدا کە لە ڕووی داراییەوە ناجێگیر بوو. لە ساڵی ١٩٩٧ لە ئۆڵۆمپیادی ڕاپ بەشداری کرد و پلەى دووەمی بەدەست هێنا. دکتۆر درێی زۆر سەرسام بوو بە ئێمنێم و ئارەزووى زۆری پیشاندا بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو ڕاپەرە بەتوانایە. لە شوباتی ١٩٩٩ دکتۆر درێی یارمەتی ئێمنێمی دا ئەلبوومێکی بە ناوی The Slim Shady LP بڵاو بکاتەوە کە یەکسەر بووە هۆی ناوبانگ و یەکێک بوو لە سەرکەوتووترین ئەلبوومەکانی ساڵ. هەر لەم ساڵەدا لەگەڵ هاوڕێکەى پۆڵ ڕۆزنبێرگ کۆمپانیایەکی تۆمارکردنی گۆرانیان دامەزراند بە ناوی Shady Records. پاشان لە مانگی ئایاری ٢٠٠٠ ئێمنێم ئەلبوومێکی تری بە ناوی The Marshal Mathers LP بڵاو کردەوە کە تەنها لە هەفتەى کرانەوەیدا نزیکەى دوو ملیۆن دانەى لێ فرۆشرا. لە ماوەى ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٤ ئەلبوومە بەناوبانگەکانی وەک  The Eminem Showو Encore بڵاوکرانەوە. هەروەها ئێمنێم یەکەم دەرکەوتنی لە پیشەسازی سینەمادا لە فیلمی درامای مۆسیقی ٨ میل (٢٠٠٢) ئەنجانمدا کە ڕۆڵی وەشانێکی خەیاڵی خۆی دەگێڕا. هەروەها تراکەکەى (Lose Yourself) خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین گۆرانی ڕەسەن بەدەستهێنا و بووە یەکەم هونەرمەندی هیپ هۆپ کە خەڵاتەکەى بردبێتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٦ ئێمنێم ئەلبوومێکی تری بە ناوی The Re-Up بەرهەمهێنا کە ئەلبوومێکی گۆرانییە کۆکراوەکان بوو. هەروەها لە ساڵانی ٢٠٠٩ – ٢٠١٠ هەریەک لە ئەلبوومەکانی دووبارە نەخۆشکەوتنەوە و چارەسەری بڵاو کردەوە. دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ ئەلبوومێکی تری بە ناوی SHADYXV بڵاو کردەوە. هەروەها ئێمنێم لە چەندین فیلمی تر بەشداری کردووە لەوانە  The Wash و  Funny People و  The Interview.

ژیانی تایبەتی

ئێمنێم دووجار هاوسەرگیری لەگەڵ کیمبەرلی ئان سکۆت کردووە کە لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی سکۆتی ناسیوە. ئەوان سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٩ هاوسەرگیریان کردووە و لە ساڵی ٢٠٠١ جیابوونەتەوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ماوەیەکی کورت دیسان هاوسەرگیریان کردەوە. هەروەها کچێکیان هەیە بە ناوی هێیڵی کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٥ لەدایک بووە، ئێمنێم و سکۆت هەردووکیان ڕەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر سەرپەرشتی کردنی هێیڵی بە هاوبەشی. هەروەها دوو کچی هەڵگیراوەی هەیە کە ژیانی ئێمنێمیان گۆڕی بە ناوەکانی ئەڵینا و ویتنی.


سەرچاوەکان



1374 بینین