پەنجەمۆر

له‌لایه‌ن: - بڕوا سەڵاح بڕوا سەڵاح - به‌روار: 2022-08-09-23:05:00 - کۆدی بابەت: 9773
پەنجەمۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەنجەمۆر (بە ئینگلیزی: Fingerprint بە عەرەبی: بصمة الإسبع) بریتییە لە نەخشی لۆچییەکانی سەر پەنجەی مرۆڤ کە خوای گەورە بەشێوەیەک دروستی کردووە نەخشی هیچ کەسێک لە نەخشی پەنجەی هیچ کەسێکی تر ناچێت تەنانەت لە دووانەی لێکچوشدا هەرکەس نەخشی تایبەت بە خۆی هەیە، یەکێکە لە وردترین ڕێگاکان بۆناسینەوەی کەسێک، ئێمە دەتوانین پەنجەمۆر لەسەر زۆربەی ڕووەکان بەجێبهێڵین، زۆربەی کات بەئاسانی هەستی پێدەکرێت، هەندێکات بەبەکارهێنانی هەندێک پاودەری تایبەت و تیشکی سەروو بنەوشەیی Ultraviolet دەتوانرێت ئاسانتر دەربخرێت کە ئەمە لەکاتی پێویستدا بەکاردەهێنرێت.

مێژووەکەی

مێژووی بەکارهێنانی پەنجەمۆر بۆ زۆر کۆن دەگەڕێتەوە (دیار نییە کەی بۆ یەکەمجار بەکارهاتووە) ئەوەندەی زانراوە لە سەدەی چواردەهەمدا بۆیەکەمجار قسەوباسی لەسەر کراوە، بەڵام ئیمپڕاتۆریەتی بابل و چینییەکان بە شێوازێکی بەربڵاو بەکاریان هێناوە لە کاروباری بازرگانیدا و لە ماڵەکانیاندا پشتیان پێی بەستووە. لەساڵی ١٦٨٦ زانای فیسیۆلۆجی مارسێلۆ مالپیگی Marcello Malpighi شیکاری بۆ پەنجەمۆر کرد لەژێر مایکرۆسکۆبدا و بۆیدەرکەوت کە وردەکاری و نەخشێکی زۆر ورد و جیاواز هەیە لە پەنجەی مرۆڤەکاندا و لەیەکتری ناچن، دوابەدوای ئەوە بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٨٢٣ زانایەکی تری فیسیۆلۆجی بەناوی جان پورکێنی Jan Purkinje شیکارییەکی تری بۆ پەنجەمۆر ئەنجامدا، لەئەنجامدا ٩ خاڵی بنەڕەتی لەسەر جیاوازی پەنجەمۆرەکان دانا. بەڵام ڕابەری دۆزینەوەی پەنجەمۆر بریتیبوو لە سێر گالتۆن Sir Francis Galton زانای مرۆڤناس(Anthropologist) کە یەکەم کەس بوو بە شێوازێکی زانستی سەلماندی کە چۆن دەتوانین هەر تاکێکی مرۆڤ لەڕێی پەنجەمۆرەکەیەوە لە کەسێکی دیکە جیابکەینەوە. لە سەرەتادا لەساڵی ١٨٨٠ گاڵتۆن (کە دەکاتە ئامۆزای Charles Darwin) دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لەسەر پەنجەمۆر بۆ بابەتی گواستنەوەی سیفاتەکان لەباوانەوە، بەڵام بۆیدەرکەوت کە نەک هەر ئەم نەخشە تایبەتە ناگوازرێتەوە، بەڵکوو نەخشی تایبەت بە کەسەکە بە درێژایی ژیانی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە، گاڵتۆن کتێبێکی لەسەر دۆزینەوەکەی لە ساڵی ١٨٩٢دا بڵاو کردەوە کە پەنجەمۆری دابەشکردبوو بۆ سێ بەش: لوول، چەرخی(لوولپێچ) و کەوان، دۆزینەوەکانی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش کاری پێدەکرێت، دوابەدوای ئەمەش و لەگەڵ پێشکەوتنی زانستدا چەندان زانای تر لە چەندان کاتی جیاوازی مێژوودا کاریان لەسەری کردووە.

بەکارهێنانەکانی

لەگەڵ هەبوونی کۆدی گلێنەی چاو و پشکنینی DNA لەم ڕۆژەدا، پەنجەمۆر یەکێکە لەو شتانەی کە وەک بەڵگە بەکاردەهێنرێت. لەکۆندا بۆ مامەڵە و کڕین و فرۆشتن و بەڵگەنامە بەکارهێنراوە و پشتیان پێی بەستووە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا لەبەر وردی و دروستی کردارەکە لەسەر ناسنامەو کاری گرنگ و کاری کەسی بەکاردەهێنرێت و پشتی پێدەبەسترێت. یەکێکی تر لە بەکارهێنانەکانی بریتییە لە دۆزینەوەی کەسی تاوانبار و لە شوێنی ڕوودانی تاوان بەکاردەهێنرێت و گرووپی تایبەت و ڕاهێنراو کاری لەسەر دەکەن. یەکێک لەو دەزگایانەی کە ئەمە بەکاردەهێنێت بریتییە لە (FBI Federal Bureau of Investigations) کە لەساڵی ١٩٢٤ـەوە تا ئەمڕۆ بەکاریدەهێنێت و زیاتر لە ٢٠٠ملیۆن کاردی تایبەت بە پەنجەمۆریان بەدەست خستووە.


سەرچاوەکان

564 بینین