بێخەویی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-15-22:10:00 - کۆدی بابەت: 9853
بێخەویی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بێخەوی منداڵ یان کەمخەوی (بە ئینگلیزی: Children's insomnia، بە عەرەبی: قلة النوم عند أطفال)، یەکێکە لە کێشەکانی خەو، کە منداڵان تێیدا خەویان لێ ناکەوێت یان کێشەیان لەوەدا هەیە کە شەوانە لە خەودا بمێننەوە، لە دەرئەنجامەکانی سەرەکی بێخەوی، بەگشتی خەواڵوویی لە ڕۆژدا، هەستکردن بە ماندوویی، کەمی وزە و کێشە لە ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانەیە. دەتوانرێت بێخەوی منداڵ بەپێی ماوە، چڕی و بڕەکەی پۆلێن بکرێت.

بێخەوی کورتخایەن بەگشتی لە چەند ڕۆژێکەوە تا چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، بەهۆی هۆکارەکانی وەکوو نەخۆشی و بەکارهێنانی دەرمانی تایبەتەوە دروست دەبێت. بێخەوی درێژخایەن لە هەفتەیەکدا سێ جار و بەلایەنی کەمەوە لە مانگێک یان زیاتر دەخایەنێت، دەکرێت بەهۆی هەندێک هۆکاری وەکوو خەمۆکی منداڵ، فشار، ئازار یان کێشەی پزیشکییەوە بێت، هەندێک جاریش هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی نییە، منداڵ بەهۆی لاساییکردنەوەی دایک و باوکی دووچاری ئەم کێشەیە دەبێت.

هۆکارەکانی بێخەوی منداڵ

  1. کاتی پێویست نییە: ڕەنگە هەندێک جار کاتی پێویست نەبێت لەنێوان چالاکییەکان و کاتی خەوتن، ئەگەر منداڵ لەبەر سەیرکردنی فیلم، یاریکردن یان ئەنجامدانی ئەرکەکانی چالاک بووبێت، لەپڕ گواستنەوەی بۆ ناو جێگا و خەوتن بۆی سەخت دەبێت. ئەگەر پێش ڕۆشتنە ناو جێگای، کەمێک ئارام بێتەوە و چالاکی نەبێت، لە خەواندنیدا سەرکەوتوو تر دەبیت.
  2. ماندوویی زۆر: ئەو منداڵانەی لە قوتابخانەن، ڕەنگە لەدوای ئەرکەکانی ماڵەوەیان و یاریکردن و چالاکییەکانیان درەنگ بخەون، لەڕاستیدا ماندوویی زۆر دەبێتە هۆی ئەوەی خەوتن قورس بێت.
  3. منداڵ بەپێی پێویست ماندوو نەبووە: ئەگەر منداڵ لە دوای قوتابخانە تاکوو دوای نیوەڕۆ و درەنگانێک دەخەوێت، ڕەنگە کاتی خەوتنی تێکبچێت، ڕێگا مەدە خەوی دوای نیوەڕۆیان بکات، وای لێبکە زووتر ئەرکەکانی قوتابخانەی ئەنجام بدات، هەوڵ بدە نانی ئێوارە زووتر دابنێیت، دواتر زوو منداڵەکە ئامادە بکەیت بۆ خەوتن.
  4. گەشەکردنی هەستی سەربەخۆیی: منداڵانی تەمەنی قوتابخانە، هەمیشە هەوڵ دەدەن سەربەخۆیی خۆیان لە بوارە جیاوازەکاندا نیشان بدەن. کاتی خەوتنیش یەکێکە لەو شتانە کە منداڵ دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بکات.
  5. فشار یان دڵەڕاوکێ: ڕەنگە منداڵ نیگەرانی شتێک بێت سەبارەت بە قوتابخانە وەکوو ئەرکێکی ماڵەوەی، تاقیکردنەوە یان تەنانەت قسەیان پێ وتبێت، ڕەنگە نیگەرانی گۆڕانکارییەک بێت لە ژیانیدا، وەکوو چوون بۆ قوتابخانەیەکی نوێ، هاوڕێی نوێ یان بەسەرنەبردنی کاتی پێویست لەگەڵ دایک و باوکیدا ئەمانە و زۆر هۆکاری تر دەکرێت ببنە هۆی دڵەڕاوکێ و فشار بۆسەر منداڵەکە، کێشە لە خەوتنیدا دروست بکات.
  6. ماددەی خۆراکی ناتەندروست: ساردی، شوکلاتە، خواردنەوە وزەبەخشەکان و شەکر دەبێت لە ژەمی ئێوارەی منداڵدا لاببرێت، تەنانەت هەندێک منداڵ هەستیارییان بە هەندێک خۆراک هەیە و ڕەنگە کێشە لە خەویاندا دروست بکات. هەوڵ بدەن بۆ نانی ئێوارە ماددەی خۆراکی تەندروست بەکاربهێنن وەکوو بەرهەمە شیرەمەنییەکان و میوە و سەوزە، هەروەها دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی کالۆریان زۆر تێدایە.  
  7. هەستی پشتگوێخراوی: ئەگەر بە منداڵ بڵێن کاتی خەوە، بەڵام ئەندامانی تری خێزانەکە، بەتایبەت خوشک و برا گەورەترەکانی هێشتا بەئاگا بن، بە سەیرکردنی فیلم یان قسەکردن و کات بەسەر بردن ڕەنگە منداڵ وا هەست بکات کە پشتگوێ خراوە و تەنیا کراوە و نایەوێت بخەوێت.
  8. نەخۆشییەکی جەستەیی یان دەروونی: نەخۆشی جەستەیی وەکوو ڕەبۆ یان نەخۆشی دەروونی وەکوو خەمۆکی، دەتوانن ببنە هۆی بێخەوی منداڵ.
  9. بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپاد: ئەو تیشکانەی کە لە مۆبایل، ئایپاد و هەر جۆرە کۆمپیوتەرێکەوە دەردەچن، خەوی منداڵ تێک دەدەن.
  10. بەکارهێنانی کافایین: ئەگەر منداڵ زۆر حەزی لە ساردی یان قاوە و کاکاو بێت، ڕەنگە ببنە هۆی بێخەوی منداڵەکە.

کاریگەرییەکانی بێخەوی لەسەر منداڵ

  • خەواڵوویی لە ڕۆژدا
  • کاریگەری هەیە لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە قوتابخانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
  • زوو زویر بوون و بێ میزاجی
  • ماوەی سەرنجدانی کورتتر
  • نەبوونی سەرنجدان 
  • زیادبوونی کێشەی لەبیرچوونەوە
  • کەمبوونەوەی ئاستی خوێندن
  • نەبوونی ورە و هێز
  • کێشە لە فێربوونی شتی تازە
  • کێشە لە ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکان
  • زیادبوونی کێشەی سۆزداری
  • لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش
  • زیادبوونی فشار
  • ئەگەری قەڵەوبوون زیاد دەکات

چارەسەرکردنی بێخەوی منداڵ

  1. منداڵەکەت بە تێری یان بە برێستی مەنێرە ناو جێگا: ئەگەر تا دوو کاتژمێر پێش خەوتن ژەمی قورس بخورێت، بە ئەگەری زۆر وادەکات منداڵەکە بەئاگا بمێنێتەوە.
  2. سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان.
  3. کات لەگەڵ منداڵەکەتان بەسەر بەرن: هەندێک منداڵ پێویستیان بە گرنگیپێدانی زیاتری دایک و باوکیان هەیە، هەروەها ئەگەر دایک و باوک لە ڕۆژدا کار بکەن، تەنیا شەوان دەتوانن کاتیان لەگەڵ بەسەر بەرن.
  4. کاتژمێرەکان لە ژووری نووستنی منداڵەکان لابەرن: ڕەنگە واباش بێت هەموو کاتژمێرەکان لە ژووری منداڵ لابەرن، یان لانیکەم لە شوێنێک دایبنێن کە منداڵ لەکاتی خەودا نەیبینێت، سەیرکردنی کاتژمێر لەکاتێکدا منداڵەکە هەوڵی خەوتن دەدات، دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و خەوتنی قورستر دەکات.
  5. کەمکردنەوەی فشار پێش خەوتن: یەکێک لەو هۆڕمۆنانەی کە ڕۆڵی هەیە لە خەوتندا، هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵە، کاتێک ئاستی کۆرتیزۆڵ بەرز دەبێتەوە جەستەی منداڵ ناتوانێت ئارام بێت و بخەوێ.
  6. دروستکردنی ژینگەی گونجاو بۆ خەوتن: بەتانی نەرم، تاریککردنی ژووری نووستن و بێدەنگییەکی ڕێژەیی، دەتوانێت یارمەتی منداڵ بدات تاکوو جیاوازی لە نێوان شەو و ڕۆژدا بکات، ئاسانتر خەوی لێبکەوێت.
  7. ژووری نووستن بە فێنکی ڕابگرن: پێویستە پلەی گەرمی ژوورەکە بە هاوسەنگی ڕابگرن نە زۆر سارد بێت و نە زۆر گەرم بێت.
  8. شێوازی ڕەفتاری دایک و باوک: لەزۆر حاڵەتدا هۆکارەکانی بێخەوی منداڵان شێوازی هەڵسوکەوتی هەڵەی دایک و باوکە، منداڵ چاو لە دایک و باوکی دەکات، تا درەنگ سەیرکردنی تەلەڤزیۆن، درەنگ نانخواردن، بەکارهێنانی مۆبایل لە جێگادا و درەنگ خەوتن، دەتوانێت زیان بە خەوی منداڵ بگەیەنێت.
  9. کاتێک خەواڵووە بڕواتە ناو جێگا: کاتێک هەستتان کرد منداڵ خەوی دێت و خەواڵووە، یەکسەر بیبەنە سەر جێگاکەی، دوور بن لە لەباوەشکردن و سەرقاڵکردنی منداڵ لەو کاتەدا بەهەر هۆکارێک بێت.
  10. جووڵەی پێویست: پێویستە منداڵ لە ڕۆژدا چالاک بێت و بەشی پێویست جووڵە و یاری بکات، بۆئەوەی شەوانە بەئاسوودەیی بخەوێت.


سەرچاوەکان



1298 بینین